دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەسەر ڕێگەی خەلەکان-کانی وەتمان لە سنووری ناوچەی دوکان سەر بە پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبیلێکی کردە ئامانج، بەهۆیەوە موزەفەر حوسێن خدر و دوو کوڕی بە ناوەکانی محەمەد موزەفەر و موبین موزەفەر شەهیدبوون. موزەفەر و دوو کوڕەکەی بە مەراسمێکی جەماوەری لە گۆڕستانی ماکۆک لە شارۆچکەی حاجی ئاوا لە ئیدارەی ڕاپەڕین بەخاکسپێردران.
"چاویان لەئاست کوشتنی ڕۆڵەکانمان دادەخەن"
یەک لە کەسێتییە دیارەکانی ناوچەکە، مەلا عومەر شارستانی گوتی: "شتیمانمان سەروەری لێسەندراوەتەوە و ڕۆژانە دەیبیستین کە درۆن هاوڵاتینمان دەکاتە ئامانج، ئەو کەسانە هەرکێ و هەر لایەنێکبن پێویستە بەرپرسانمان لە سەروەری و سنووری خۆیان بپرسنەوە. هەتا کەی دەبێت ئاوا داگیرکەران، خوێنڕێژان و کاسەلێسەکانیان بەم جۆرە تەسفیەی حساب و هەڵسوکەوتمان لەگەڵدا بکەن، زۆر گلەییمان لە دەسەڵاتدارانی خۆمان هەیە چۆن دەبێت ئاوا ئێمە ڕادەست بکەن بۆ ئەوەی ڕەشەکوژمان بکەن، بمان سووتێنن و کۆمەڵکووژمان بکەن و هیچ کەسێکیش لێپرسیەنەوەیان لەگەڵدا نەکات".
مەلا عومەر ڕایگەیاند گرنگ نییە چەند کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن، گرنگ پاراستنی سەروەریی وڵات و ئاسایشی نەتەوەییە، گوتی: "داوا دەکەین کە نەهێڵێن خوێنمان بڕێژرێت، سنوورمان ببەزێندرێت و ڕۆڵەکانمان بکەونە ژێر غەزەبی درۆنەوە".