وتەی 'ئێمە سەرکەوتین'ی خەیری لە ١٥ی تەباخدا لە چیا دەنگی دایەوە

رێبەر ئاپۆ ئاپۆ کاتێک دەبیستێت کە چالاکییەکە سەرکەوتوو بووە، هەناسەیەکی بە بەردا دێتەوە و دەڵێت 'ئێمە سەرکەوتین'. وتەی 'ئێمە سەرکەوتین'ی هەڤاڵ خەیری لە زیندانی ئامەد کە لەکاتی بڕیاری رۆژووی مردندا وتبووی، ئەمجارەیان بە هەڵمەتی ١٥ی تەباخەوە گەیستبووە چیا.

وەک هەموو شۆڕشەکانی جیهان لە مێژووی شۆڕشی کوردستانیشدا بابەتی سەرەکی و لەپێشینە هەن. سەرەتای یەکلاکەرەوە کە چارەنووسی هەنوکەیی گۆڕیوە، بوونی هەیە. ئەو سەرەتایە مۆرکی خۆی لە مێژوو داوە و چارەنووسی شووم و نەهاتی گەلانی لەناوبردووە. ئەگەر ئەو هەنگاوانە نەگیرانایەبەر و ئەو سەرەتایانەی کە دەخوازران پێکنەهاتنایە، رەوتی مێژوو بە شێوەیەکی دیکە دەبوو. پەکەکە بۆ راگرتنی ئەو بیر و بۆچوون و رەوتە خراپەی مێژوو، گۆڕینی چارەنووسی هەنووکەیی و سەرلەنوێ نوسینەوەی مێژوو، هاتووەتە ئاراوە.پەکەکە بە هەڵمەتی ١٥ی تەباخ (ئاب) بۆ کورد و کوردستان بووەتە سەرەتایەکی نوێ، لە دژی سیاسەتی لەناوبردن و سڕینەوەی دەوڵەتی تورکی قڕکەر-کۆلۆنیالیست بووەتە سەرەتای کۆتایی.

رێبەر ئاپۆ وتوویەتی کە سەرباری گوشار و ستەمکاری لە کوردستان لە تۆقی سەرەوە تا بنی پێ، وایکردووە کە شەپۆلێکی نوێی بەرخودان دروست بێت. ئەمە دیالیکتیکی بەرەوپێشچوونی مێژووی گەلەکەمان و پارتەکەمانە. لە مێژووی تێکۆشانماندا هەر بەو جۆرە بووە. بەرخودان و تێکۆشان تا گەشتربوون، گوشار و ستەمیش زیادیان کردووە، لە دژی گوشار و ستەمی کۆلۆنیالیستی کە زیادی کردووە، بەرخودان بەهێزتر و بەرێکخستنبوون باشتر بووە. پاشخان و بەستێنێک بۆ هەڵمەتی ١٥ ی تەباخ لە کوردستاندا بوونی هەیە. هەر کەس کەم تا زۆر ئاگاداری مێژووی پارتەکەمان بێت، تێدەگات کە هەڵمەتی ١٥ی تەباخ لە خۆڕا و بە بێهۆ دروست نەبووە، بە بێ ئامادەکاری نەهاتووەتە ئاراوە، بە پێچەوانەوە، پرۆسەی تەواوکردنی ئامادەکارییەکان و سەرلەنوێ رێکخستنەوە، لەگەڵ رۆیشتن بۆ دەرەوەی وڵات دەستیپێکرد و تا ساڵی ١٩٨٤ بە بێ وەستان بەردەوام بووە؛ هەموو خەباتی رێکخستنی، سیاسی و پراتیکی لە خزمەت ئەوەدا بووە. دیارە کە کادرەکان لەم قۆناغەدا خۆیان لە رووی ماددی و مەعنەوی، فکری، پەروەردەیی، سەربازی و جەستەییەوە بۆ ئەوە ئامادەکردووە.

لەم قۆناغەدا پراتیکی حیلوان و سێوەرەگ زۆر گرنگ بوون. لە دژی کۆلۆنیالیزم و داردەستەکانیان، تێکۆشانێکی زۆر بڕیاردارانە و پڕخواست هەبوو. ئەگەر ناشارەزاییشی تێدابێت، لایەنە ئازادیخوازی و دیموکراتیکەکەی زۆر کاریگەری کردە سەر گەل. ئەوەندەش کاریگەری کردە سەر وشیاربوونەوەی نەتەوەیی. بزوتنەوەکە کە خێرا گەورە بوو، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر- کۆلۆنیالیست بینی کە ئیدارەی نائاسایی بەس نییە، هەربۆیە روویکردە فاشیزمی ١٢ی ئەیلول. فاشیزمی ١٢ی ئەیلول نەک هەر بۆپارتەکەمان، بەڵکوو بۆ هەموو هێزە شۆڕشگێڕەکان قۆناغێکی نوێ بوو. کادرە پێشەنگەکانمان بەدیلگیران. دیاربوو کە دوژمن بە چ ستراتیژ و تاکتیکێک هێرش دەکاتە سەرمان. رێبەر ئاپۆ زوو درکی بەوە کرد و بە گوێرەی ئەوەی رێوشوێنی گرتەبەر. کاتێک کودەتای سەربازی ١٢ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٠ روویدا هەموو هێزە چەپگرەکان گورزی ستراتیژیکیان بەرکەوت، بەڵام پەکەکە دەستی بە سەردەمێکی نوێ و هیوابەخش کرد. خۆی لە خۆیدا تاکتیکی کشانەوە جێبەجێ کرا. تاکتیکی کشانەوە بۆ ئێمە گرنگ بوو. یەکەم، خۆ کشاندنەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تێکۆشان تیایدا گەشاوە بوو، بژاردەیەکی گرنگ بوو کە ئێمە ئەوەمان هەڵبژارد. ئەوە لە هەمان کاتدا ئاماژەبوو بۆ بڕیارداری و پێداگری ئێمە لەسەر تێکۆشان. پشتیوانی ئێمە بۆ بزوتنەوەی فەلەستینی، دەرخەری کاراکتەری ئینتەرناسیۆناڵیستی بزوتنەوەکەمان بوو. ئەوەی زۆر گرنگ بوو ئەوەبوو کە ئێمە لە تێکۆشانی خۆماندا لە دژی فاشیزمی ١٢ی ئەیلولدا هەڵسەنگاندنی بەرفراوانی ئایدۆلۆژیایی، سیاسی، رێکخستنی و تاکتیکیمان کرد. بە بڕیارەکان لە یەکەم و دوەم کۆنفڕانسدا، لەو کاتەوە دەستمان بە هەڵمەتی تاکتیکی کرد. هەموو ئامادەکارییەکان، تێکۆشان و پەروەردە لەسەر ئەوە بوون.

لەو قۆناغەدا لێکۆڵینەوە لە سەر مێژووی کوردستان ئەنجامدرا. بۆچی بەرخودان لە کوردستان زۆر بەرەوپێشنەچووە و زۆری نەخایاندووە. بۆ نمونە؛ دەستپێکردنی راپەرینی شێخ سەعید پێشوەختە بوو، پیلانگێری لە دژی سەید رەزا و هتد. گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، ئەنجامیش بەدەستهێنرا. شۆڕشەکانی جیهانیش بوونە سەرچاوەی ئیلهام، وانەیان لێوە بەدەستهێنرا. کاریگەری شۆڕشی ڤێتنام بەردەوام بوو. لێکۆڵینەوەمان لە سەر شۆڕشی ڤێتنام کرد، زۆر راوەستەمان لەسەر کرد. بۆ نمونە؛ بۆ هەڵسەنگاندن یاخود بۆ ئەوەی مرۆڤ هەڵمەتی ١٥ی تەباخ بەراورد بکات، دەبێت مرۆڤ دەستنیشانی بکات. هەڵمەتێکی شۆڕشگێڕی هەیە کە بە هێرشی تەت دەناسرێت. ساڵی ١٩٦٨ لە باشووری ڤێتنام ئەنجامدراوە. باکووری ڤێتنام ساڵی ١٩٥٤ رزگارکرا. لە باشووری ڤێتنام شەڕ بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بوو. هێرشی تەت کە ساڵی ١٩٦٨ ئەنجامدرا، وەک ئاڵقەیەکی وەرچەرخان و وەک سەرەتای کۆتایی پێناسە کراوە. هێرشێکی گەورەیە، بە هەزاران شۆڕشگێڕ لە شەڕەکەدا بەشداربوون. هەڵمەتێک بوو کە چەندین ساڵ ئامادەکاری بۆکرابوو. لە دژی هێزە داگیرکەرەکانی ئەمریکا ئەنجامدرا. هەڵمەتێکی گەورەیە و ئەنجامیشی بەدەستهێناوە. لەبەر ئەوەی لەرێگەیەوە گورز لە داگیرکەر وەشێنراوە، پێشتر گەشەسەندنەکان لە رێگەیەوە دیاریکراون، ئەو قۆناغەی لێیکەوتووەتەوە خێرا و دەمودەست بووە. خۆی لە خۆیدا لە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵدا هێزەکانی ئەمریکا بە تەواوەتی ڤێتنامیان جێهێشت، تێکۆشانەکە بە سەرکەوتنی شۆڕشی ڤێتنام گەیشتووەتە ئەنجام. پراتیکێک کە زۆر گرنگیمان پێدا و لە رووی یەکینەکانی پرۆپاگەندەی چەکدارەوە، بۆ ئێمە بووەتە گەورەترین وانە، ئەوەیە کە هۆشیمینە گایپی ئەرکدار کرد کە لەگەڵ گروپی پڕۆپاگەندەی ٣٤ کەسی، شەڕ و شۆڕشیان دەستپێکرد. رێپێوانی درێژمەودای مائۆ هەیە. مائۆ زیاتر بەوەوە دەناسرێتەوە. قووڵبوونەوە و شارەزایی تاکتیکی ئەویش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت. هەروەها شۆڕشی کوبا؛ فیدەل کاسترۆ و هەڤاڵانی کە پەروەردەیان بینی و دواتر ساڵی ١٩٥٦ ویستیان بچنە ناو خاکی کوبا و کەوتنە بۆسەوە، لەگەڵ هێزەکانی باتیستا تووشی پێکدادان بوون، زیانی گیانی زۆریان بەرکەوت، لە گروپێکی ١٠٠ کەسی ١٢ کەسیان مایەوە. ئەوە سەرەتایە. بە چالاکبوونەوەی ئەو هێزە جەوهەریە ١٢ کەسیە، شۆڕشی کوبا هاتە ئاراوە. لە ماوەی دوو ساڵدا واتە ساڵی ١٩٥٨ لە کوبا شۆڕش سازبوو. ئەمانە هەموویان نمونەی تێکۆشان و شۆڕشن کە ئێمە هەڵسەنگاندنمان بۆ کردن.

ئێمە لەو کاتەوە گفتوگۆمان لەسەر ستراتیژی شەڕی گەلی درێژخایەن لە پڕۆپاگەندەی چەکداریدا کرد. هەنگاوی لەو جۆرە پێویست بوو. بڕیارێکی گرنگ بوو. ئەو بڕیارە لە دووەم کۆنگرەی پارتەکەماندا درا. لە جێبەجێکردنیدا هەڤاڵان عەگید و محەمەد قەرەسۆنگور رۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەبوو. بەرلەوەی بەشداری لە کۆنگرەی دووەمدا بکەن، سەردانی وڵاتیان کردبوو. خۆیان لە باشووری کوردستان و لە زاگرۆس جێگیر کردبوو. ئەو هەڤاڵانە ئامادەکارییان دەکرد. دوای کۆنگرە دەبوایە شەڕ و بەرخودان بکرایە. دەبوایە ئامادەکارییەکان بە گوێرەی ئەوە بوونایە. بەڵام بەر لەوە ژمارەیەک لە هەڤاڵان لە رووی هەستەوە مامەڵەیان لەگەڵ قۆناغەکەدا کرد، لە قووڵایی و رۆڵەکەی بە باشی تێنەگەیشتن. رێبەر ئاپۆ لە دژی ئەوە بەردەوام بە شێوەیەکی بەرفراوانتر و ستراتیژیک هەڵسەنگاندنی بۆ کێشەکان کرد. لەبیرمە کاتێک هەڤاڵان لە زیندانی ئامەددا شەهیدبوون، زۆرینەی هەڤاڵان لە راپۆرتەکانیاندا باسیان لەوەدەکرد کە پێویستە مرۆڤ فرۆکە برفێنێت، چالاکی خۆکوشتن و گیانبازی و هتد بکەن. ئەو هەڤاڵانە هەبوو کە پێشنیازی ئەو چالاکیانەیان دەکرد. پارتەکەمان هەڵبەتە ئەوەی بە گرنگ دەبینی. بەڵام دەزانرا کە سەرهەڵدانەکانی پێشوو لە کوردستان چ ئەنجامێکیان هەبووە. هەمان پراتیک لە کەسایەتی پەکەکەدا نەدەبوو ووبارە ببوایە. یاخود دەبوایە بە شێوەیەکی رێکخراوتر، ستراتیژیک و ئامادەتر هەڵمەتێک ئەنجام بدرێت. هەموو شتێک بۆ ئەوەبوو.

گروپەکان دوای کۆنگرەی ئابی ١٩٨٢ یەک لە دوای یەک روویانکردە چیاکانی کوردستان. لەو ئامادەکارییانەدا هەڤاڵان محەمەد قەرەسونگور و هەڤاڵ عەگید رۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەبوو. گروپی یەکەم زۆرینەیان خۆیان لە لۆلان جێگیر کرد. هەندێک هەڤاڵ لەهەندێک بنکە دەمانەوە، بەڵام ئەوانەی تر لە ناوەندی لۆلان بوون. زستانی ساڵی ١٩٨٣ لە لۆلان هەموو ئامادەکاری و پەروەردە لەپێناو دەستپێکردنی هەڵمەتە شۆڕشگێڕییەکەدا بوو. هاورێ شاهین لە بارەی پرۆپاگەندەی چەکداری بروشەرێکی ئامادەکرد و هەڵسەنگاندنی خۆی خستەڕوو. ئەو هەڤاڵانەی گەیشتنە باشووری کوردستان، دەیانتوانی شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتی قۆناغەکە. بە گوێرەی ئەوە گفتوگۆ و پەروەردە بەردەوام بوون. لەبارەی پڕۆپاگەندەی چەکدارانە پەروەردە و گفتوگۆ ئەنجامدرا. یەکەم پەیڕەونامەی پڕۆپاگەندەی چەکدارانە ئەو کاتە ئامادەکرا. تاکتیکی تێکۆشانمان لە رێگەی پرپپاگەندەی چەکدارانە دەگەیشە ئەنجام. لەوانەیە پرۆپاگەندەی ئێمە و ڤێتنام دەقاودەق وەک یەک نەبوایە، بەڵکوو بە شێوەیەک بە گوێرەی هەلومەرجی کوردستان ئەنجام دەدرا. بەو ئامنجەوە ستراتیژیکترین شوێنەکانی کوردستان، ئەو شوێنانەی وڵاتپارێزی تێیاندا زۆر بەهێزە، ئەو شوێنانەی بۆ تێکۆشانی چەکداری گونجاوبوون ، بە بنەما گیران.

لە رێگەی ئەو گروپە سێ یاخود پێنج کەسیە سەرەتاییانەوە کە دیاریکرابوون، بێگومان کە دەچوونە گوندەکان، لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دەیانبینین، باسی دۆخی کوردستان، بەتایبەتی کردەوەکانی فاشیزمی ١٢ی ئەیلول، بەرخودان لە دژی ئەوە لە زیندانەکان، بەدیاریکراوی باسی مەزڵوم، کەمال، خەیری و چوارەکان دەکرا. کاتێک دەوترا کە ئێمە بە تێکۆشانی چەکداری و بە هەڵمەتی ستراتیژی لە کوردستان شۆڕش دەکەین، بتهەوێت و نەتهەوێت گەل بیری دەکردەوە کە ئەوە رێی تێدەچێت و دێتەدی یاخود نا. ئاخۆ وەک هەموو جارێک مێژوو دووبارە دەبێتەوە. ئەگەر هەیە مرۆڤ سەربکەوێت؟ گەل بە هۆی ئەوەی بڕوای نەدەکرد، بە چاوی گومانەوە لێی دەڕوانی. ئەو کاتە ئەستەم بوو کە مرۆڤ کاریگەری زۆر لەسەر ئەو کۆمەڵگایە دابنێت. بۆ نمونە؛ هەرێمی بۆتان ناوچەیەک نامۆ بە چەک نەبوو. هۆزەکان بە گروپی سێ یاخود پێنج کەسی چەکدارتر و تەیارتر بوون. بەو هۆیەوە تایبەتمەندی ئەوەی مرۆڤ بتوانێت زاڵ بێت، لاواز بوون. کۆچەرێکی وڵاتپارێز ئەو کاتە پێشنیازێکی بەم جۆرەی بۆ هەڤاڵان کردبوو: "ئێوە بەم جۆرە ناتوانن زۆر بەرەوپێش بجن. ئەو بەرەوپێشچوونەی کە ئێوەی بیری لێدەکەنەوە و بەئاواتیەوەن، ئێوە ناتوانن بیپێکن. ئەو چەکانەی بە دەست ئێوەوەیە بە دەست ئێمەشەوەیە. ئێوە سێ یان پێنج کەسن، بەڵام هۆز و عەشیرەتی ئێمە لە عەشیرەتەکانی دیکە قەرەباڵغترن. هەربۆیە ناتوانن باڵادەست و زاڵ بن. ئەگەر بتوانەوێت گەل قایل بکەن، باڵادەست بن، لە رووی دەرونیەوە کاریگەری بکەنە سەر دوژمن، بچن هەڵبکوتنە سەر پەرواریە، بچن هەڵبکوتنە سەر ناوچەیەکی دیکە. با بۆ کاتژمێرێک یاخود بۆ رۆژێک بەدەستتانەوە بمێنێتەوە. ئەو کاتە دەنگدانەوەکەی هەموو شوێنێک دەتەنێتەوە، ئێوە دەناسرێن. ئەوانەی خۆشیان دەوێن لەگەڵتان دەبن، ئەوانەی نیگەران بن لە ئێوە و لەگەڵتان نەبن، سڵتان لێدەکەنەوە و لێتان دەترسن. یاخود ئەوەی ئێوە حوکم دەکەن و باڵادەست دەبن". بێگومان ئەو ئەنجامانە راست بوون کە لە رێگەی ئەزمونی ژیانەوە هاتبوونە ئاراوە. بەم جۆرەش دەبوو. یەکینە سەرەتاییە چەکدارەکان، یەکینەی بچوک بوون کە بۆ ئامادەکاری جگە لە چاودێری ئاسان و باڵادەستی لە هەندێک شوێن، زۆر کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا دانەدەنا.

هەربۆیە ساڵی ١٩٨٤ داواکاری کۆکردنەوەی هێزەکان و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، کرا. هەڤاڵ عەباس بەو پرۆسەیەوە سەرقاڵ بوو. گروپەکانی ناوخۆی وڵاتیش هاتبوونە باشوور. لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبەریشماندا بڕیاردرا، هەڵسەنگاندن کرا. کاروچالاکییەکانی پێشتر کرابوون ئیتر بەس بوون. نەدەبوو مرۆڤ پێداگری زیاتر لەسەر ئەوانە بکردایە و جارێکی دیکە بە گروپی سێ یاخود پێنج کەسیەوە بەردەوامبووایە لەو خەباتە. دەبوو بە شێوەی بزوتنەوە و هەڵمەت کە ئێمە بیرمان لێدەکردەوە بەرەو دواوە بچونایە و کاریگەری نەرێنییان سازبکردایە. ئەو خەباتەی دەکران بۆ گەیشتن بە هەندێک ئامانجی گەورە هەندێک هەنگاوی کاریگەر بوون، بۆیە بەس بوون. بەوهۆیەوە بە گروپی رێکخراوتر و فراوانتر دەستوەردانێک لە پراتیکی باکوور کرا، یاخود دەست بە قۆناغێکی نوێ کرا.

گروپی پرۆپاگەندەی چەکدارانەی سەرەتایی لەسەر ئەو بنەمایە لەو سەردەمەدا دروستبوون. یەکینەی ١٤ی تەمووزی پرۆپاگەندەی چەکدارانە رەوانەی هەرێمی بۆتان کرا. یەکینەی ٢١ی ئاداری پڕۆپاگەندەی چەکدارانە زۆرینەیان بەرەو هەرێمی جۆلەمێرگ و شەمزینان بەڕێکران و یەکینەی ١٨ی گوڵانی پڕپپاگەندەی چەکدارانە بەرەو هەرێمی شاخی وان رۆیشتن. ئەو سێ یەکینەیەی پڕۆپاگەندەی چەکدارانە بە سوپابوونیان بۆ خۆیان کردە ئامانج و دروستبوونی هێزەکان لەو کاتەدا وەک کاکڵ و بناغەی دروستبوونی سوپایەک بوو.

بەڵام بۆ رای گشتی رانگەیەندرا. دواتریش هێزی رزگاری کوردستان (هەرەکە) لەو سەردەمەدا دروست کرا. ئەو گروپانە لەو گۆڕەپانانەی تیایدا ئەرکدارکرابوون بە گوێرەی خەباتی پرۆپاگەندەی چەکدارانە کار و چالاکییان دەکرد. دواتر بۆ رای گشتی ئاشکرا کرا کە هێزەکان یەکیان گرتووە و لە رێگەی هەڵمەتی ١٥ی تەباخەوە لە بەرگی هەرەکەدا رێکخراون. خەباتی پرۆپاگەندەی چەکدارانەی رێکخستنکراومان لە ئەنجامی خەباتی ساڵی ١٩٨٣، هەروەها مانگی نیسان و ئایاری ساڵی ١٩٨٤ دەنگدانەوەی هەبوو. رێکخستنکردنی بنەڕەتی، شێوازی بنچینەیی خەباتی پڕۆپاگەندەی چەکدارانەبوو. رێکخستنی هێزەکانی پرپپاگەندەی چەکدارانەمان لە سێ تیم پێکدەهات. هەر یەکینەیەکیش لە سێ مانگە (شوێنی مانەوە) پێکدەهات. هەر یەکێکیان فەرماندەیەک و جێگرێکی هەبوو. پڕۆپاگەندەی چەکدارانە سێ ئەرکی هەبوو؛ یەک، گواستنەوەی رێکخستنی پارتەکەمان بۆ ناوخۆی وڵات، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە سیاسی-رێکخستنیەی دوای کشانەوە هاتبووە ئاراوە. زەمینەسازی بۆ هەلومەرجی رێکخستنی پارتی لە ناوخۆی وڵات. دروستکردنی شوێن بۆ گەریلا، ئامادەکردنی هەلومەرجی پێویست بۆ دەستپێکردنی تێکۆشانی چەکداری، سازکردنی پەیوەندی لەگەڵ گەل، دروستکردنی شوێنەکانی مانەوە و جێگیربوون، کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و دابینرکردنی لۆجستی، گەڕان و پشکنین بە ناو وڵات، دەستنیشانکردنی رێگە سەرەکی و لاوەکیەکان و هتد.. سێ، سازکردنی هەلومەرجی سەربازی بۆ رێکخستنی بەرەکان، بەکردەوەکردنی خەباتی خۆگەیاندن بە جەماوەر و دروستکردنی کاریگەری سیاسی لەناو گەل. رەخساندنی هەلومەرجی کۆکردنەوە گەل و هێنانیان بۆ ناو بەرەی رزگاری نەتەوەیی، پڕۆپاگەندە و بانگەشە بۆ ئەو چالاکیانەی ئەنجام دەدرێن، ئامادەکردنی گەل بۆ ناو ریزەکانی تێکۆشان؛ بەم جۆرە هەلومەرجێک بۆ بە رێکخستنبوونی بەرەکان بێتە کایەوە کە چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا بتوانن تیایدا بەشداربن، رێکخستنی ئەو پەیوەندیانەی کە سازکراون و هتد. سەرباری ئەوەی ئەرکی سەرەکی ئەنجامدانی چالاکی چەکداری نەبوو، کاتێک دەرفەت دەڕەخسا، هێزەکانی دوژمن لەناو ببات و ئەو سیخوڕانە سزابدات کە لەبەردەم بەرەوپێشچوونی شۆڕشدا دەبوونە لەمپەر. بەڵام ئەرکی سەرەکی، خەباتی خۆجێگیرکردن و جێپێقایمکردن، رێکخستن کردن و ئامادەکاریبوو بۆ تێکۆشانی چەکداری. بۆئەوەی پارتی بەرپرسیارێتی سیاسەتی رزگاری نەتەوەیی بگەیەنێتە گەل، وابکات کە گەل لەو بوارەدا وشیار بێت و دوژمن ریسوا بکات. هۆکاری پێویستیمان بە پرۆپاگەندەی چەکدارانە، چوونە ناو وڵاتی پارتەکەمان بە پڕۆپاگەندەی چەکدارانە؛ بەهۆی نەبوونی رێکخستنبوون و هەلومەرجەکە و هێزی شەڕی گەریلا بوو کە بتوانێت هێڵی شەڕی ئێمە راستەوخۆ جێبەجێ بکات. هەربۆیە شەڕی گەریلا پێویستی بە هێزێکی جەماوەری، رێکخستنبوون، پێگە و بیناسازی هەیە. لەبەر ئەوەی بیناسازی و ژێرخانی نەبوو، پرۆپاگەندەی چەکدارانە دەکرا. ئەو کاتە زەمینەیەک بۆ شەڕی گەریلا و راپەڕین بوونی نەبوو. گەلی کوردستان هێشتا پارتەکەمانی بە باشی نەدەناسی. وشیاری گەل لە ژێر دەسەڵاتی دوژمندا لاواز بوو. ناکۆکییەکان و ئاستی بەرێکخستنبوو بە گوێرەی سەرهەڵدانێکی گشتی نەبوون. بەهۆی نەبوونی هەلومەرجی سەرهەڵدان پرۆپاگەندەی چەکدارانە بە شێوەی گەریلایی لە خزمەت بەرەوپێشبردنی شەڕی گەلی بەردەوامدابوو. خۆی لە خۆیدا چەندین ساڵ دواتر بە پرۆپاگەندەی چەکدارانە بەرەوپێشچوونی تێکۆشانی چەکدار و خۆپێگەیاندنی گەریلا، بەرەوپێشچوونی گەریلا و راپەڕینی گەل، رێگەی لەبەردەم کرایەوە. لە رووی سیاسی-رێکخستنەوە بە تەواوکردنی هەلومەرجی سەربازی سەردەمی پڕۆپاگەندەی چەکداری کۆتایی هات و جێگەی خۆی بۆ گەریلا جێهێشت.

لەبارەی گرنگی پڕۆپاگەندەی چەکدارانەوە دەبێت چەند شتێک بڵێت، لە رووسیا رۆژنامەی ئیسکرای رۆڵی هەیە؛ ئێمە دەزانین کە رۆژنامەی ئیسکرای هەم رۆڵی رێکخستنکردن، پڕۆپاگەندە و بانگەشە دەگێڕێت، هەمیش کۆڵەکەیەکی پەروەردەیە؛ لە رێکخستنبوونی بۆلشیڤیکیدا لە نێوان پارتی و جەماوەردا نێوەندگیر و پردی سەرەکیە. گرنگە مرۆڤ رۆڵی پرۆپاگەندەی چەکدارانەی ئێمە لە کوردستان لەگەڵ رۆڵی ئیسکرای لە رووسیا بەراورد بکات. ئێمە بەوەی خۆمان دەڵێین "ئیسکرای خاوەن پێ". هەم ئەرکی پەروەردە و وشیارکردنەوەی گەلی دەگێڕا. دیارە کە لە قۆناغی پراتیکدا پڕۆپاگەندەی چەکدارانەبە گوێرەی کاریگەری خۆی جوڵاوەتەوە و گەشەسەندنەکانیش لەو خەباتەوە سەرچاوەیان گرتووە. ئاستی خوێندەواری و کولتوری گەل، پەیوەندی لەگەڵ گەل رێگە نادات ئەوە بێتە ئاراوە. هەربۆیە تەنیا یەک رێگە هەیە کە مرۆڤ خۆی بگەیەنێتە جەماوەر؛ ئەویش بەکارهێنانی مرۆڤە. یاخود کارێکی بچوکیش دەبێت لەسەر دەستی مرۆڤ بەڕێوەبچێت. ئەوانەی کە کاری پرۆپاگەندەی چەکدارانەیان دەکرد، شارەزاترین کادرەکانی پارتەکەمان بوون. هەربۆیەش هەم لێپرسینەوەی جدی لە یەکتر دەهاتە ئاراوە و هەمیش کاریگەری لەسەر قۆناغی داهاتوو بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە دادەنا. یان دەبوایە ئەو جەوهەرە بە باشی بەکاربهێنرایە و ئاوێتەی گەل بوایە یاخود سەرکەوتوو نەبوایە چانسی بە زیندوویی مانەوەی نەبوایە. هەربۆیەش پرۆپاگەندەی چەکدارانە هەم بۆ وڵات و گەلەکەمان و هەمیش بۆ پارتەکەمان گرنگیەکی زۆری هەبوو.

لە رێگەی پڕۆپاگەندەی چەکدارانەوە لە باکوور، ژمارەمان زیادی کرد، لە هەر گۆڕەپانێک کەتیایدابوون، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئەیالەتیش، لە هەر ئەیالەتێک ٣٠-٤٠ هەڤاڵ هەبوون. ئیتر بە ئاشکرا کۆبوونەوە لەگەڵ گوندنشینان سازدەکرا و باس لە جۆنێتی تێکۆشان دەکرا و بەرچاوڕوونی دەدرایە گەل. کۆڵەکەی پرۆپاگەندەمان، بابەتەکانی بەرخودانمان لە زیندانی ئامەد بوو. زۆر گرۆپی شۆڕشگێڕ کە خۆڕاگرییان دەکرد، لە رێگەی فاشیزمی ١٢ی ئەیلولەوە بێکاریگەر کران، بەڵام پەکەکە زۆر زوو خۆی کۆکردەوە. هەندێک لەو رووەوە پڕۆپاگەندە دەکرا. باس لەوەدەکرا کە تۆڵەی ئەوە دەکرێتەوە، بزوتنەوەکە ئەو هێزەی هەیە کە ئەمە ئەنجام بدات، چەندین ساڵە خۆی ئامادە دەکات، خۆی پەروەردەکردووە، دەرفەت و توانای هەیە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە گەلیش لەوەدا بەشدار بێت، باس لەو ئەرک و بەرپرسیارێتیە دەکرا کە دەبوایە گەل لە ئەستۆی بگرتایە. باسی وشیاری وڵاتپارێزی و وشیاری نەتەوەیی دەکرا. جۆش و خرۆش هەبوو، کۆمەڵگا پڕ جۆش و خرۆش بوو، هێشتا زیاتری دەویست، پێی دڵخۆش بوو. بەڵام هێشتا زۆر پرسیاریشیان هەبوو. یەکەمجار بوو رووبەڕووی رێکخستن و هەڤاڵانێک دەبوونەوە کە بەو رادەیە پڕخواست و خاوەن ئیدعا بن. ئەوانەی پێشتر روویاندابوو هیوابەخش نەبوون. لەبەر ئەوەی هەموو سەرهەڵدان و بەرخودانەکان بە شێوەی ستەمکارانە لەناوبرابوون و هەموو سەرهەڵدان و بەرخودانێک چەند مانگێک خۆیان گرتبوو، درێژترینیان ساڵێک درێژەی کێشابوو. دەیانپرسی ئێوە کە ئەو پرۆپاگەندەیە بۆ ئێمە دەکەن ئایا لە ماوەیەکی کەمدا شکست ناهێنن؟ ئەگەر ئێوە شکست بهێنن و لەناو بچن چ بەڵایەکی گەورە بەسەر ئێمەدا دێت؟ هێندەی خواست و ئیدعاتان هەیە ئاخۆ دەتوانن ئەم قۆناغە بەرەوپێش ببەن و گەورەی بکەن؟ هاتنەبەرباسی پرسیاری لەو جۆرە لەگەڵ گەل، بۆ ئێمە بەرەوپێشچوونێکی گرنگ بوو. قۆناغی ئامادەکاری لەسەر ئەوبنەمایە بەرەوپێش دەچوو. مرۆڤ دەتوانێت وەک قۆناغی ئامادەکاری ١٥ی تەباخ ناودێری بکات. ئەوە بە کۆنفڕانسی یەکەمەوە دەستیپێکرد و بە کۆنفڕانسی دووەمەوە لایەنی پەروەردەییەکەی تەواو کرا و بەهەنگاوی دیکە دەست بە رێکخستنکردنی گروپی بچوکی پرۆپاگەندەی چەکدارانە کرا.

گروپەکانی دیکە تەڵقین، پێشنیاز، تۆمەتباری و نیگەرانیان سازدەکرد، بەریەککەوتن و پێکدادان دەهاتە ئاراوە. لە دژی هەموو ئەو دۆخە نەرێنیانە رێبەر ئاپۆ بە پێرسپێکتیڤی خۆی کەبەردەوام گەشەی پێدەدا، بە رێنمایی، بڕیار و پەروەردە هەوڵی دەدا کە ببێتە وەڵام و گەیاندی بە قۆناغێک. شتەکان بە گروپەکانی پرۆپاگەندەی چەکداری دووبارە دەکرانەوە. دەبوایە مرۆڤ چالاکی تاکتیکی جیاجیای ئەنجام بدایە و شۆڕشی بە هەمیشەیی بکردایە. هەڤاڵ عەگیدیش ئاگاداری ئەوەبوو. هەڤاڵان دەگێرنەوە جارێکیان لە بۆتان دەچن بۆ لای هەڤاڵ عەگید، دەبینن کە بەتەنیایە و بێتاقەت و وەڕەسە. هەڤاڵان کە پرسیار لە هۆکاری وەڕەسیەکەی دەکەن، بەم جۆرە وەڵام دەداتەوە: "بە شێوازی ئێستای بزوتنەوەکە ناتوانین هیج هەنگاوێک بەرەوپێش بنێین. بە رۆژ خۆمان نیشان کەس نادەین، شەوانەش بە دزیەوە دەجینە گوندێک یان ماڵێک، دوو یان سێ بنەماڵە دەبینین. بەو نائاسودەییەوە نە دەتوانین باسی خۆمان بکەین، نە ئەوانیش لە ئێمە تێدەگەن. بەم جۆرە و بەم تێکۆشانە هیچ بەرەوپێشچوونێک نایتە ئاراوە". لەسەر ئەوە هەڤاڵان گفتوگۆ دەکەن. هەڤاڵ عەگید دەڵێت: "پێسنیاز و بیرکردنەوەی من ئەوەیە کە ئێمە دەستبەرداری ئەم شێوازە بین، هێزەکانمان یەکبخەین، بۆ نمونە؛ لە شوێنێکی وەک قلەبان بدەین و لە رۆژێکدا و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر وابکەین کە لە ژێر کۆنتڕۆلماندا بێت و گورز لە دوژمن بوەشێنین. ئەگەر بەو جۆرە بێت هەم متمانە بۆ بزوتنەوە دروست دەبێت و هەمیش وڵاتپاڕێزی زیاتر دەبێت. کەسەکان خۆیان دەگەیەننە لای بزوتنەوەکەمان باڵادەست دەبین. تەنیا لەو کاتەدایە کە بەراستی دەتوانین قۆناغێک دەستپێبکەین". هەڤاڵ عەگید ئەو کاتە شتێکی لەم جۆرە دەڵێت. هەڵە نەبم ئەوە دەکرێتە راپۆرت و رەوانەی بزوتنەوە دەکرێت. خۆی لە خۆیدا دوو مانگ دواتر بزوتنەوە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکات و بریار دەدات هەڵمەتی ١٥ تەباخ دەستپێبکات.

رێبەر ئاپۆ بەردەوام بە ئێمەی دەوت: "مرۆڤ دەیتوانی هەڵمەتی ١٥ی تەباخ زووتر ئەنجام بدات. ئەگەر هەڵسەنگاندنی قۆناغی باشوور باش ئەنجام بدرایە، مرۆڤ دەیتوانی چەند مانگ، تەنانەت ساڵێک زووتر دەتی بە هەڵمەتی ١٥ی ئاب بکردایە. بەڵام ئەو وادەیەی دیاریمان کرد ناوەڕاستی ساڵی ١٩٨٤ یاخود ناوەڕاستی وەرزی هاوین بوو. هەڵسەنگاندن دەکرا کە بەرەوپێشچوونی پرۆپاگەندەی چەکدارانە رێگەی خۆشکردووە، دۆخی رێکخستن و پێشوازی گەل لەو قۆناغەدا چییە. هەڵسەنگاندن بۆ پەرەسەندنەکان لە تورکیا، کوردستان و ناوچەکە دەکرا. بە گوێرەی ئامادەکارییەکانی بەردەست، دەگەنە ئەو ئەنجامەی کە مرۆڤ دەست بە هەڵمەتێکی مێژوویی بکات.

کاتێک زانیاریمان پێگەیشت، من و هەڤاڵ عەگید پێکەوەبووین. پێسنیازی ئێمە بریتیبوو لەوەی دەست بەسەر قلەباندا بگرین. هەڤاڵان لە هەمانکاتدا سێ شوێنی دیکەیان دەستنیشان کرد. یەکیان دهێ بوو، یەکیان شەمزینان، ئەویتریش شاخ بوو. دهێ دوور بوو لە سنوورەوە. هۆکاری ئەوەی لەبارەی دهێوە بڕیار درا ئەوە بوو کە ئێمە توانای دەستپێکردنی هەڵمەت و بەڕێوەبردنی چالاکی لە شوێنی بەو جۆرە لە قووڵایی و لە ناوەوە نیشان بدەین. هەروەها بوێری بەخشین بە گەل، خستنەپێشەوەی هەزاران وڵاتپارێز، بۆ سازکردنی گوشارێکی دەرونی لەو چەشنە لەسەر دوژمن، گرنگ بوو. هەربۆیە مانگی ئایاری ١٩٨٣ بەرامبەر بە باشووری کوردستان دەست بە جموجۆڵی داگیرکەری کرابوو. بەڵگاندن و پاساوی ئەو کاتیش ئەوەبوو کە رێکخراوە تیرۆریستیە جیاخوازەکان لەسەر سنوور تەراتێن دەکەن و ناهێڵین بژین و هتد.

دەبێت ئەوە بخرێتە روو کە ئەو ئۆپراسیۆنەی لە ساڵی ١٩٨٣ دەستیپێکرابوو بە هەندێک گورز پوچەڵکرایەوە. مەبەستمان ئەوەیە کە ئەو هەنگاوە نەک لەسەر سنوور بەڵکو ئەگەر لە ناوخۆ و لە قووڵایی ناوچەکەدا، لە شوێنێکی وەک ئەروح بکرێت، کاریگەریی لەسەر دوژمن ساز دەکات.  دوژمن وابیر دەکاتەوە کە ئەوان لە ناوچەکانی ناوخۆ خۆیان رێکخستووە، بناغەیان هەیە، پەیوەندییان لەگەڵ گەل هەیە، شوێنیان هەیە، ئامادەکارییان هەیە. لەو ئاستەدا دەستیان بەشەڕ کردووە. ئەوە کاریگەری دەکردە سەر دوژمن. هەروەها چاتاکیش کاریگەرییەکی هاوشێوەی دروست دەکرد. شەمزینان هەندێک جیاوازتر بوو. لە شەمزینان وڵاتپاڕێزی بەهێز بوو، ئەگەرچی پێشتر هەندێک کەموکوری هەبوون، بەڵام هەندێک وڵاتپارێزی ناسراو و پەیوەندیش هەبوون. چالاکی لە شەمزینان دەیتوانی لە زاگرۆس کە ئێمە پێی دەڵێین سێ گوچکە، کاریگەری سازبکردایە. لەم واتایەدا ئەو هەرێمانە بەم جۆرە دەستنیشان کرابوون. بەم جۆرە وەک ئامانج هەڵبژێردرابوون. ئەوە لە رووی ستراتیژیشەوە راست بوو. لەبەر ئەوەی ئەگەر بەم جۆرە نەبوایە دوژمن پرۆپاگەندەی ئەوەی دەکرد و هەندێک شتی دەگوت، وەک ئەوەی لە دەرەوە هاتوون و چەند گولـلەیان تەقاندووە و رۆیشتوون، واتە لە قورسایی و گرنگی بزوتنەوەکەیان کەمدەکردەوە.

فەرماندەی یەکینەی١٤ی تەمووز پڕۆپاگەندەی چەکداری هاوکات بەرپرسیاری هەڤاڵانی ناوەوە وڵات، هەڤاڵ عەگید بوو. ئەو پلانی دهێی ئامادەدەکرد. هەڤاڵ عەگید لە بۆتان-دهێ بە چڕی سەرقاڵی ئامادەکاری بوو. رۆژانە کادرەکانی بۆ ئەو مەبەستە ئامادە دەکرد. چوارچێوە و قورسایی چالاکیەکەی بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ شەڕڤان و کادرەکان کە بەشدارییان لەو چالاکییەکەدا دەکرد، دەخستەڕوو. هەروەها قۆناغێکی ئامادەکاری رۆحی و دەرونیش بوو. لە رووی مەیدانیشەوە گەڕان و چاودێری، هەواڵگری، جوگرافیا، بارەگا، ئەو گۆڕەپانانەی دوای چالاکیەکە بۆی دەکشێنەوە و هتد، لەبارەیانەوە ئامادەکاری دەکرا. هەندێک جار لە میانی قسەکاندا گاڵتەمان دەکرد. دەمانگوت گیاپ بەناوبانگە. لە ڤێتنام بە یەکینەیەکی پرۆپاگەندەی چەکدارانی ٣٤ کەسی دەستی بە تێکۆشان کرد. لە دژی ئەمریکی، ژاپۆنی و فەرەنسیەکان بناغەی تێکۆشانیکی ٣٠-٤٠ ساڵەی دانا. گیپ کەسێکی هەندێک کورتەباڵا و خڕ بوو. هەڤاڵ عەگیدیش لە رووی جەستەییەوە هەندێک لەو دەچوو. بە هەڤاڵ عەگیدمان دەگوت ئەوەی گیاپ کردی ئێوەش بیکەن. هەڤاڵ عەگید لە جۆش و خرۆش، بەرپرسیارێتی و جدیبوونێکی قووڵدابوو. کاتێک بۆ دواجار ماڵئاواییمان لێکرد بەو جۆرە ماڵئاواییمان کرد. هێرشەکە دهێ لە ٣٤ کەس پێکنەدەهات، بەڵکوو لە ژمارەیەک نزیک لەو ژمارەیە پێکدەهات. فەرماندەی یەکینەی ٢١ی ئاداری پڕۆپاگەندەی چەکدارانە هەڤاڵ عەبدوڵا ئەکینجی لە هەمان رۆژ و هەمان کاتژمێردا هێرشی شەمزینانی بە سەرکەوتوویی ئەنجامدا. یەکینەی ١٨ی ئایاری پرۆپاگەندەی چەکداری نەیتوانی چالاکیەکەی شاخ ئەنجام بدات. فەرماندەی یەکینەکە تەرزی جەمال بوو. بە بیانووی جیاجیا وتبووی کە نەکرا، نەیانتوانی چالاکییەکە بکەن. لە ئەنجامی هێرشی یەکینەی ١٤ی تەمووزی پرۆپاگەندەی چەکدارانە بۆ سەر دهێ و هێرشی یەکینەی ٢١ی ئاداری پڕۆپاگەندەی چەکدارانە بۆ سەر شەمزینان هێزی رزگاری کوردستان (هەرەکە) راگەیەندرا. چالاکییەکان کە گورزی قورسیان لە هێزە قڕکەر-کۆلۆنیالیستەکان دا و پڕپاگەندەیان بەناو گەلدا بڵاوکردەوە، لە هەموو گۆڕەپانێکدا کاریگەری گەورەی جێهێشت. هەڤاڵان باسیان دەکرد، کە رێبەر ئاپۆ شەوی چالاکیەکە تا ئەو کاتەی زانیاری وەرگرتووە، لە ناو بیرکردنەوە و نیگەرانیدابووە و کاتێک زانیاری وەرگرتووە کە چالاکیەکە سەرکەوتووانە بووە، هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشاوە و تویەتی، ئێمە سەرکەوتین. 'ئێمە سەرکەوتین' وتەی هەڤاڵ خەیریە، کاتێک لە زیندانی ئامەد بڕیاری رۆژووی مردنیان دابوو ئەو قسەیەی کردبوو، ئەمجارەیان لە رێگەی هەڵمەتی ١٥ی تەباخەوە ئەو قسەیە پەریبووەوە بۆ چیاکان. ئاڵای بەرخودانەکەی ئیتر لە لوتکەی چیاکان دەشەکایەوە. خۆی لە خۆیدا ئامادەکارییەکانی چالاکی ١٥ی تەباخ لەسەر رۆحی بەرخودانی ١٤ی تەمووز و بەرخودانی مەزڵوم و چوارەکان پێشخرا. لەبەر ئەوە ئەو ئاڵای سەرکەوتن و بەرخودانەی زیندان کە ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیەیان لەبەردەم مێژوو و کۆمەڵگا بە شکۆ و سەرکەوتنی گەورەوە گەیاندە ئەنجام، ئیتر لە لوتکەی چیاکان دەشەکایەوە. لەم رووەوە ١٥ی ئابی ١٩٨٤ لاپەڕەیەکی نوێی لە مێژووی کوردستاندا هەڵدایەوە و سەرەتایەکی نو بوو.

رێبەر ئاپۆ سەرکەوتنی هەڵمەتی ١٥ی تەباخی تەنیا بە تێکۆشانی چەکدارییەوە سنووردار نەکرد، بەردەوام لە سەرووی ئەوەوە راوەستەی لەسەر کرد و هەڵیسەنگاند.بەردەوام گرنگیدا بە پێوانە ئایدۆلۆژی، سیاسی و ستراتیژیەکانی لە ناو پراتیک، تاکتیکەکەی، دەرفەتەکانی کە لە پەیوەندی نێونەتەوەییدا دەرکەوتن، کاریگەری لە سەر دوژمن و ئاستی کاریگەرییەکەی لە سەر کۆمەڵگای بە پێرسپێکتیڤی مێژوویی هەڵسەنگاند. دوای ١٥ی تەباخ هیچ شتێک وەک پێشوو نەبوو. دوژمن بە توڕەییەکی زۆرەوە هەڵیکوتایە سەر بزوتنەوەکەمان. ئەو کات دەیانگوت تەمەنیان تەنیا یەک رۆژە، لە ٧٢ کاتژمێردا کۆتاییان پێدەهێنین، کۆتاییان پێهاتووە و گەمارۆ دراون. بەم جۆرە گوشاری دەرونی ساز دەکرد و بەراستیش هەموو هێزی خۆی خستبووە ئامادەباشییەوە و هەندێکیش ئیلهامی لە مێژوو وەردەگرت و بەو قورسیە دەجوڵایەوە. بەڵام کاتێک بینی دۆخەکە هەرگیز بەو جۆرە نییە، ئەم جارە جدیبوون و مەترسی دۆخەکەی بینی. بە گوێرەی ئەوە دەستی بە سیاسەت و ئامادەکاری کرد.

دوای ١٥ی تەباخ دوژمن چەند هەفتە هیچ کاردانەوەیەکی نیشان نەدا. بەڵام بزوتنەوەی شۆڕشگێریش بێ ئەزمون بوو و هەڵمەتی لەسەر هەڵمەتەکە ئەنجام نەدا. هەڤاڵانمان چاوەڕوانی ئەوەبوو کە ئاخۆ دوژمن چۆن دێتە سەرمان، بە وریاییەوە دەجوڵانەوە. دوژمنیش بە نیگەرانی لەوەی کە دوای ئەو هەڵمەتە مێژووییە هێرشەکان چۆن دەبن، نەدەجوڵایەوە. ئەو دۆخە زۆری نەخایاند.

گەل باش ئو قۆناغەی هەڵدەسەنگاند. هەندێکیان بە هەڤاڵانیان دەگوت کە شۆڕش دێتەئاراوە. بەو سەربازانەی کە دەچوونە گوندەکانیان دەگوت هەڤاڵان لێرەن ئێوە بۆ هاتوون، دەستبەجێ سەربازەکان دەگەڕانەوە. گروپێکی هەڤاڵان باسی ئەوەیان دەگێڕایەوە؛ ئێوارەی ١٥ی تەباخ لە زۆزانەکان چوونە لای کۆچەریەکان و هەموانیان لەبەر رووناکی فانۆسدا کۆکردووەتەوە. ئامار و زانیاری ١٥ی تەباخیان بۆ ژن و پیاو و گەنجان خوێندبووەوە.کە بی بی سی هەواڵەکەی خوێندبووە خەڵک لە دهێ و شەمزینان بە هەلهەلە و هەڵپەڕکێ پێشوازییان لێکردبوو. کاریگەریی و جۆش وخرۆشێکی گەورە لای گەل دروستببوو. ئەوەی گرنگ بوو مرۆڤ ئەو هەڵمەتەی هەندێک بەرەوپێش ببردایە و بیکردایە بە هەمیشەیی.

هەندێک لەبارەی ١٥ی تەباخەوە دەیانگوت یەکەم فیشەکە کە تەقێنراوە. هەندێک دەیانگوت سەرەتای شۆڕش لە کوردستانە. هەندێک دەیانگوت دیواری ترس رووخاوە، هەندێک دەیانگوت داڕمانی قەرەقۆلەکانی ناو مێشکە. هەمووشیان راست بوون. دوژمنیش ئیتر زانیبووی کە چ هەڵمەتێکە، پارتیمان دەیەوێت چی بکات و ئامادەکاری خۆیان نەک کورتخایەن بەڵکوو درێژخایەن کرد. ستراتیژی ئەو کاتەمان شەڕی گەلی درێژخایەن بوو. ئەمە سەرەتابوو. هەلومەرجی کوردستان جیاواز بوو. وەک شۆڕشی کوبا نەبوو کە لە دوو ساڵدا گەیشتە ئەنجام. لەبەرامبەر وڵاتپارێزی ڤێتنا، ئەو کەسایەتیەی کە دوژمن لە کوردستان سازی کردبوو، تواندنەوەی کولتوری و تێکەڵاوکردن زۆر جیاواز بوو. هەرگیز وەک چینیش نەبوو. هەلومەرج و تایبەتمەندی شۆڕشی کوردستان جیاوازترن، تایبەتمەندی گرنگی تایبەت بەخۆی، دژواری تایبەت بە خۆی هەبوو. خۆی لە خۆیدا گرنگی گەورەشی لێرەوە سەرچاوە دەگرێت و هێشتاش بەردەوامە.

هـ . ب