ئاگر تێبەردانی دارستانەکانی پیران لەلایەن سەبازانی تورکەوە گەیشتە گوندەکانی خارپێت

سەربازانی سوپای تورک دارستانەکانی ناوچەى پیرانی ئامەدیان ئاگرتێبەردا و ماوەى ٨ رۆژە رێگا نادەن هیچ کەسێک ئاگرەکە بکوژێتەوە و لە ئێستادا ئاگرەکە تەشەنەى سەندووە بۆ گوندەکانی پارێزگای خارپێت.

سوپای تورکی داگیرکەر لە ناوچە شاخاوییەکانی ناوچەى ئامەددا لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازییاندا لە ١ی حوزەیران  ئاگریان لە دارستانەکانی سنووری دامێنی چیای گۆرەسەس بەردا و ماوەى ٨ رۆژە ئەو ئاگرە بەردەوامە و رێگاش بە کەس نادەن  ئاگرەکە بکوژێنێتەوە.

ئاگرەکە بە رادەیەک تەشەنەى سەندووە، کە لە ئێستادا گەیشتووەتە گوندەکانی باخچە کاپ و چەڤرەکجیک لە ناوچەى قەرەباخانی پارێزگای خارپێت.

دانیشتوانی ناوچەکە هەوڵ دەدەن ئاگرەکە لە ماڵ و زەوییەکانی خۆیان دوور بخەنەوە، بەڵام بەهۆی ئەو ئاگرەوە هەموو دارستانی چیای گۆرەسەس بە تەواوەتی سوتاوە.

ژ.ت