ئاکەپە کە لە ساڵانی رابردوودا بە تۆمارکردنی نایاسایی ئەندام بۆ خۆی کەوتە رۆژەڤەوە، بەر لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار دەستی بەهەمان فرت و فێڵ کردووەتەوە. زۆر مرۆڤ بە بێ ئەوەی خۆیان ئاگادار بن، دەیانکاتە ئەندامی خۆی. لە وان ژمارەیەکی زۆر سکاڵایان لەسەر ئاکەپە تۆمار کردووە و باسیان لەوەکردووە کە بەبێ ئەوەی خۆیان ئاگاداربن کراونەتە ئەندامی ئەو حزبە.
مافناس جەمال دەمیر باسی لەوەکرد کە ژمارەیەکی زۆر لەسەر ئەو بابەتە لە وان سکاڵایان تۆمار کردووە و بابەتەکەیان خستووەتە بەردەم دادگا و وتی: "لەبەر ئەوە لە ناو رای گشتیدا باس لەوەدەکرێت کە ئاکەپە مرۆڤەکان بە بێ خواست و ویستی خۆیان وەک ئەندامی خۆی تۆمار دەکات. بە تایبەتی دوای کەوتنەکاری بەرنامەی ئی-دەوڵەت کە لە رێگەیەوە مرۆڤ دەتوانێت پرسیار لە ئەندامێتی خۆی لە پارتە سیاسیەکان بکات، بە سەدان هەزار کەس زانیویانە بە بێ ئاگاداری خۆیان راستەوخۆ وەک ئەندامی ئاکەپە تۆمار کراون".
'با هەموو کەس لە رێگەی ئی-دەوڵەتەوە پرسیار لە ئەندامبوونی خۆی لە حزبەکان بکات'
دەمیر ئەوەشیخستەڕوو کە ئەمە وادەکات راستی و دروستی ئەندامێتی ئاکەپە ببێتە جێی مشتومڕ و گفتوگۆ و لەو بارەوە وتی: "موەکیلێکم کە لە سەندیکایەکدا ئەندامە کاتێک لە رێگەی سیستمی ئەلکترۆنی ئی دەوڵەتەوە بەدوای ئەندامێتی خۆی لە پارتە سیاسیەکاندا گەڕاوە تووشی سەرسوڕمان بووە کاتێک بینیویەتی هەم خۆی و هەم هاوژینەکەی کە فەرمانبەرە وەک ئەندامی ئاکەپە تۆمار کراون. بەم جۆرە بۆ دەستنیشان کردنی ئەو کەسانەی ئەو ئەندامێتییە ساختەیان ئەنجام داوە سکاڵایان تۆمار کردووە. ئێمە دەزانین کە هاوشێوەی ئەوان بە هەزاران و بە سەدان هەزار کەس بە شێوەی ساختە وەک ئەندام تۆمار کراون. دەبێتهەموو کەسێک لە رێگەی ئی-دەوڵەتەوە بەدواداچوون بۆ تۆماری ئەندامێتی خۆی لە پارتە سیاسیەکان بکات. ئەگەر ببینێت کە بە شێوەی ساختە کراوەتە ئەندامی پارتێک، دەبێت سکاڵا تۆمار بکات".
هـ . ب