ئامەد شاهۆ: شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بووەتە فەرهەنگ و بە ئاسانی ناسڕدرێتەوە

ئامەد شاهۆ:شۆڕش فەرهەنگە و فەرهەنگ بەئاسانی كۆتایی پێ نایەت و ئەو دەنگۆیانەی کە لەسەر دامرکانەوەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەوترێنەوە، كاری دەزگاكانی شەڕی تایبەت بەرژێمی داگیركەری ئێرانن.

ئەندام ئەنجوومەنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان"پەژاك"،"ئامەد شاهۆ" لەدیداری ئەم هەفتەیەی بەرنامەی هێڵی سێ تەلەفزیۆنی ئاریەن تیڤی دا؛ سیاسەتی قڕكردنی ژینگەی كوردستان لەلایەن داگیركەران و دابڕاندنی رێبەر ئاپۆ لەدنیای دەرەوەی زیندانی ئیمڕاڵی و سەپاندنی سزای نوێ بەسەریدا و پەلاماردانی گەریلاكانی ئازادی كوردستان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورك و پەدەكە و سیاسەتی گۆشەگیركردن و گۆشارخستنەسەر زیندانیان بۆ دانپێدانانی زۆرە ملێ و لێبوردن و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هەڵدەسەنگێنێت.

ئامەد شاهۆ لەبارەی ئاگرتێبەردانی سروشت و ژینگەی كوردستان لەهەرچوارلای كوردستان سیاسەتێكی هاوبەشی دەوڵەتە داگیركەرەكانی سەركوردستانە كە لەیەك ناوەنددا پیلانی بۆ دادەڕێژرێت و ئەوەشی بە سیاسەتی قڕكردن لەقەڵەم داوە. واتا جەخت لەسەر بەردەوامی قڕكردنی ئابووری، سیاسی، سەربازی و چاندی لەسەر گەلی كورد دەکاتەوە و قڕكردنی ژینگە بە مەترسیدارترین فۆڕمی نوێ قڕكردن پێناسە دەکات.

ئەندام ئەنجوومەنی پەژاك، ئامەد شاهۆ سەبارەت بە هاوكاری بنەماڵەی بارزانی بۆ دەوڵەتی توركی فاشیست و لەهێرش كردنە سەر گەریلاكانی ئازادی كوردستان دەڵێت؛ پەدەكە لەرۆژی كۆنفرانسی لۆزان و سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان كە لەلایەن داگیركەرانەوە بەسەر كوردستان سەپێندرا پەلاماری گەریلاكانی كوردستان دەدات، ئەمە رەوایەتیدانە بەپەیماننامەی لۆزان و خەیانەتێكی چەپەڵ و قێزەونێکی دیکەی ئەم بنەماڵەیە کە مێژوو و گەلی کورد لەم خیانەتە خۆش نابێت.

خاڵێكی تری گرنگ كە شاهۆ لەهەڵسەنگاندنەكانی دا تیشكی خستەسەر دابڕانی یەكجارەكی رێبەر ئاپۆ لەدنیای دەرەوە و بەردەوامی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بوو. ئامەد شاهۆ دەڵێت؛ مۆدیرنیتەی سەرمایەداری لەهزر و بیری رێبەر ئاپۆ و ئەو پارادایم و فەلسەفەیەی كە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هەڵقوڵاوی ئەو هزرەیە دەترسن و دەیانەوێت بەدابڕاندنی رێبەرئاپۆ و تەسفیەكردنی گەریلاكانی ئازادی كوردستان هەم كۆتایی بەشۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بهێنن و هەم مرۆڤایەتی و ئازادیخوازان لەكەسایەتی گەلی كورددا قڕ بكەن، بۆیە ئەركێکی مێژوویی دەکەوێتە سەرشانی هەموو تاکێکی ئازادیخواز کە لەبەرامبەر هێرشی دڕندانەی سەر گەریلاكانی ئازادی كوردستان و گۆشەگیری توند و دابڕاندنی رێبەر ئاپۆ لەکۆمەڵگاکەی خاوەن هەڵوێستی تۆکمەتر بن.

دەقی چاوپێكەوتنەكە:

ئەندام ئەنجوومەنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان"پەژاك" لەبەرنامەی هێڵی سێهەم، تایبەت"ئارین تیڤی"لەسەر كۆمەڵێك بابەتی رۆژ؛ لەوانە بارودۆخی رێبەر ئاپۆ لەزیندانی ئیمرالی، خاوەنداریەتی گەل و پێكهاتەكان لەشۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و سیاسەتی دژە مرۆڤی، ژن و ئیكۆلۆژی لەلایەن رژێمی داگیركەری ئێرانەوە هەڵسەنگاندن دەكات.

* مانگی ئاب"تەباخ"، مانگی كۆمەڵكۆژی سەر گەلەكەمان بە تایبەت "ئیزیدیان" و مانگێكە كە پۆلێك لەهەڤاڵانی تێكۆشەری پەژاك لەپەلاماری هێزە داگیركەرەكانی سەر كوردستان شەهید بوون، دەمانەوێت سەرەتا رای ئێوە لەسەر ئەم تەوەرانە بزانین؟

ـ سەرەتا مانگی تەباخ"ئاب" بۆ گەلەكەمان هەم گەلێک رۆژی تراتژیدی و رۆژی قورس و ناخ هەژێنی تێدایە كە پڕە لەئێش و ئازار و هاوكات گەلێك رۆژی بە نرخ و پیرۆز و واتادار و بەهای گەلی كوردی لەنێودا تۆمار كراوە. لەم مانگەدا گەلێك شەهید لەپێناو ئازادی كورد و كوردستان دراوە و تایبەت رۆژی سێ لەمانگی ئابی ٢٠١٤و لەسەدەی بیست و یەكەمیندا؛ جارێكی تر فەرمانێكی دیكە بەسەر گەلەكەمان"ئیزیدیەكان"دا پێكهات كە وەكو پەژاك بكەرانی ئەو كۆمەڵكۆژییە مێژوویی و هاوكارەكانیان لەم ساڵیادەدا ریسوا و شەرمەزار دەكەین و لەو باوەڕەداین كە ئەمە تاوانێكی مرۆڤی و مێژووییە، لەبەرامبەر بەكۆمەڵگەیەك بەرێوە چووە. ئەوەش سەلمێنرا كە دوای نۆ ساڵ و بەبەرخۆدانێكی مێژوویی، هەم گەریلاكانی ئازادی كوردستان و شەرڤانانی یەبەشە و یەژەشە و ئاسایشی ئیزیدخان لەشەنگاڵدا بەرێوەیان برد، و رێگەیان بەكۆمەڵكۆژیەكە گرت و سەرلەنوێ مێژوویەكی نوێ بۆ گەلەكەمان نووسرایەوە. واتا سەلمێنەرا كە هیچ فەرمانێك و هیچ كۆمەڵكۆژیەكی دیكە ئێدی ناتوانێت، گەلی كورد لەگەیشتن بەماف و ئازادییەکانی دوور بخات و گەلی كورد رووبەرووی قڕكردن بهێڵێتەوە. جارێكی تر لەكەسایەتی هەموو ئەو شەهیدانەی لەو رۆژەدا كۆمەڵكۆژ كراون، ئەوانەی كە لەلایەن چەتەكانی داعش بەهاوكاری پەدەكە و دەوڵەتی توركی داگیركەر رفێنردراون و تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە، یادی هەموو ئەو شەهیدانە بەرز رادەگرین. چ ئەوانەی شەڕڤانن و چە ئەوانەی گەریلان و چە ئەوانەی لەو بەرخۆدانە مێژووییەدا گیانی خۆیان بەختكردووە، ئێمە هەموویان لەكەسایەتی هەڤاڵ دڵگەش بۆكاندا بەبیردەهێنینەوە.

 هاوكات لە 6ی ئاب دا جارێكی تر رۆژێكی دڵتەزێن تر کە رۆژێكی بە ئازارە بۆ گەلی كورد كە لەو رۆژەدا لە شاری قامیشلۆ هەڤاڵمان یوسف رەبانی ناسراو بە رێزان جاوید بۆ سەردانێک چووبوویە ئەو شارە لەلایەن فڕۆكە بێ فرۆكەوانەكانی دەوڵەتی فاشیستی تورك بەهاوكاری چەتەكانیەوە كرایە ئامانج و لەو رۆژەدا شەهید بوو كە ساڵێك بەسەر شەهادەتی دا تێپەڕ دەبێت، ئێمە لەیەكەمین ساڵیادی شەهیدبوونی هەڤاڵ رێزاندا جارێكی تر یادی هەڤاڵی پێشەنگمان بەرز رادەگرین، و لەم ساڵیادەدا جارێکی دیکە بەڵێنی درێژەدان بەتێكۆشانمان دووپات دەكەینەوە. هاوكات دەستخۆشی و سڵاو و رێزیشمان ئاراستەی گەلی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەرمان دەکەین كە لەم ساڵیادە بەگوڕ و تینەوە یادی هەڤاڵ رێزانیان بەرز راگرتوو و تێکڕا بەڵێنی درێژەدان بەتێكۆشانیان دووپات كردەوە. ئێمەش وەكو هاوسەنگەرانی هەڤاڵ رێزان، بۆ بەدیهێنانی خەونەكانی شەهید رێزان لەپێناو ئازادی كوردستان تێكۆشانمان بەرفراوانتر و چڕتر و پتەوتر دەكەین. هاوكات لەهەمان رۆژدا هەڤاڵمان پەیمان جەعفەری ناسراو بە "لەشكەر دڵبرین" كە لە ساڵی ٢٠١٩ لەمەریواندا شەهید بوو یادی بەرز رادەگرین. هەروەها لەكەسایەتی هەڤاڵ"مەنزۆر دێرسیم"دا، كە لەتیلەكۆی كامیاران لە٧ی ئابی ساڵی ٢٠٠٦ دا گەیشتە پلەی شەهادەت، یادی بەرز رادەگرین.

 جارێكی تر لە ٨ی ئابی ٢٠٢٠ لە چیای ئاسۆس حەوت گەریلای یەكینەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەرئەنجامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بە هاوکاری ئێران گیانیان بەختكرد، بۆیە لەكەسایەتی هەڤاڵانمان "بریڤان تاقەدار، رێزان كوردستان، ئەیلەم جوودی، رۆژبین گوڵناز، شۆڕش شاهۆز، ئۆزگۆر کوردستان و وەژین دۆغان"یادی هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی بەرز رادەگرین. دیسان لە ٩ی ئابی ٢٠١٤ لەکەسایەتی هەڤاڵی راگەیاندنی ئازاد "دەنیز فۆرات" یادی هەموو شەهیدانی راگەیاندنی ئازاد كە تایبەت لەگواستنەوەی هەواڵی حەقیقەت لەبەرخۆدانی شەنگاڵ تێكۆشانی بێوچانیان لەبواری میدیایی بەرێوە برد، یادیان بەرز رادەگرین. لەهەمانكاتدا یادی ئەو هەڤاڵانەی کە لەگرتووخانەكانی رژێمی داگیركەری ئێراندا لەسێدارە دراون لەکەسایەتی هەڤاڵمان "سیروان نژاوی" سەری رێز و نەوازش لەبەرامبەریان دادەنوێنین. هاوکات لەکەسایەتی هەڤاڵ زەینەب جەلالیان ستایشی بەرخودانی سەرجەم هەڤاڵان و گەلی وڵاتپارێزمان دەکەین کە  لەگرتووخانەكانی داگیرکەرانی کوردستان لەناو بەرخۆدانێکی مێژوویدان. وەكو پەژاكیش بێگۆمان بەڵێنمان بۆ شەهیدان، درێژە پێدانی رێگای ئەوانە و چەكەکەیان بێگۆمان بێ خاوەن نامێنێ، و بۆ بەدیهێنانی ئاواتەكانیان، بەگوڕ و تینێكی فراوان، تێكۆشانی خۆمان بەرفراوانتر دەكەین. بێگۆمان ئەو حەماسانەیە كە توانی پێش بەو كۆمەڵكۆژیانەی سەر گەلەكەمان و فەرمانێكی هاوشێوەی فەرمانی شەنگاڵ بگرێت و وەكو ئەوەی كە دەوڵەتی فاشیستی تورك ئەمڕۆكە بەڕێوەی دەبات پووچەڵیان بكات، وەكو ئەوەی كە ئێران لەبەرامبەر بەگەلەكەمان و ئازادیخوازان بەرێوەی دەبات، توانیان پووچەڵیان بكەنەوە و هیوایەكی نوێ لەكوردستان زیندوو و گەشاوە بکاتەوە.

هاوکات لەم مانگەدا قەڵەمبازی ١٥ی ئاب كە بە حەماسەی بەرخودان و تێکۆشانی هەڤاڵ عەگید "مەعسووم قورقماز" دەناسرێت، ئەم رۆژە وەرچەرخانێكی مێژووییە بۆ گەلەكەمان کە وەكو رۆژی ژیانەوەی گەلی كورد بەناو كراوە، بۆیە ئەم رۆژەش لەسەرجەم گەریلا و شەڕڤانانی کوردستان و گەلەکەمان کە لەناو بەرخودانێکی بێ وێنەدان پیرۆز دەکەم.

بە قڕکردن دەیانەوێت ئیرادەی گەل، گەریلا و رێبەرمان تەسلیم وەربگرن

* بابەتێكی هەستیار و گرنگ كە ئەمڕۆكە لەرۆژڤی هەموو تاكێكی كوردە، بارودۆخی رێبەر ئاپۆیە كە ماوەی بیست و نۆمانگە هیچ زانیاریەك و ئاگاداریەك لەسەر رێبەرمان نییە و بەتەواوەتی لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری توركەوە لەهەموو دنیای دەرەوە دابڕێندراوە و دەوڵەتی تورك بەبڕوبیانۆی بێ بنەما هەرجارە سزایەكی نوێ بەسەر رێبەر ئاپۆ دەسەپێنن، ئاخۆ دەوڵەتی تورك چییان لەرێبەر ئاپۆ و گەلەكەمان دەوێت و دەبێت لەبەرامبەر بەسیاسەتێكی وەها چی بكرێت؟

ـ ئیمرالی لەلایەن رێبەر ئاپۆوە پێناسە كراوە کە بەچاڵی مەرگی بەناو كردووە. واتا نەیاران ویستیان لەكەسایەتی رێبەر ئاپۆ گەلی كورد لەگۆڕ بنێنەوە. واتا هەبونی گەلی كورد بەیەكجارەكی لەناو و پاكتاو بكەن، گەلی كورد كە ئەمڕۆكە بۆتە خاوەن ئیرادە، بێ ئیرادەی بكەن و كوێلەی بكەنەوە. واتا ئەو سیستەمەی كە گەلی كورد بونیادی ناوە، ئەو سیستەم و دەستكەوتانەی لەلایەن رێبەر ئاپۆ بەدەستهێنراون، ویستیان لەكەسایەتی رێبەر ئاپۆدا تێكیبشكێنن و چۆک بە گەلی کورددا بهێنن. بەڵام رێبەر ئاپۆ هەموو ئەو پیلانانەی بە بەرخودانێکی سەردەمیانە پووچەڵ كردوەتەوە. ئەمڕۆكە رێبەر ئاپۆ وەرچەرخانێكی مێژوویی لەكوردستاندا بەتایبەت لەپێناو بۆنیادنانی كەسایەتیەكی ئازاد و كۆمەڵگەیەكی ئازاد و ژنێكی ئازاد و پێكەوەژیانی گەلان ئەنجام داوە. لەوچوارچێوەیەدا ئەمڕۆ لەناو پێكهاتەکانی كۆمەڵگەی كوردستاندا گۆڕانكاریەكی بنەڕەتی درووست کرد، بێگۆمان ئەمە بەگشتی لەزەرەر و زیانی هێزە هەژەمۆنپارێزە هەرێمی و جیهانیەكانە. لەبەر ئەوەیە كە رێبەر ئاپۆ دەڵێت؛ ئەمڕۆ لەلایەن مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری تۆڵە لەمن دەكرێتەوە و لەخاج دەدرێم و رۆژانە لەلایەن پرۆمەتۆسەوە پارچەیەك لەجەستەم دەخورێت. ئەمڕۆ ئەو پارچە گۆشتە ئەو دەستكەوت و نرخ و پیرۆزیەكانی گەلی كوردستانە كە هەر رۆژ لەلایەن داگیركەرێكەوە دەستدرێژی و هێرشی دەكرێتە سەر. لەبەر ئەوەشە كە رێبەر ئاپۆ توانی سیستەمی قڕكردن و تێكشاندن و پارچەكردنی گەلی كورد و ئەو پلانەی كە بەلۆزانەوە دەستی پێ كرد توانی بەبەرخۆدانی خۆی تێكیبشكێنێت. بۆ ئەوەیە لەكەسایەتی رێبەر ئاپۆ دەبینین سیستەمی ئەشكەنجە لەدژی كۆمەڵگەی كوردی و گەریلاكانی كوردستان بەڕێوە دەچێت. واتا دەیانەوێت ئیرادەی گەل و كۆمەڵگە، گەریلا و رێبەر ئاپۆ تەسلیم وەربگرن. رێبەر ئاپۆش ئەمڕۆ سوێند و بەڵێنێكی بەگەلەكەی و مرۆڤایەتی و تاكی كورد داوە كە ئیمراڵی چاڵی مەرگە، كردوویەتە شوێنی ژیانەوە، هەستانەوە و بووژاندنەوە. واتا هەستانەوەیەكە بۆ گەلی كورد، بۆ ژن و بەتایبەتی بۆ مرۆڤایەتی. لەبەر ئەوەی باوەڕ دەكەم كە هیچ گۆشەگیریەك ناتوانێت بەو عەقڵیەتەی ئێستاوە بگاتە ئامانج و ناتوانێت رێبەر ئاپۆ لەكۆمەڵگەی كورد و مرۆڤایەتی بەدوور بخات. چونكە رێبەر ئاپۆ بۆ خۆشی دەڵێت كە هەرچەندە لەبواری جەستەیی لە كۆمەڵگە دابڕاوم، بەڵام فكرم ئازادە و فكرم گەیشتووەتە هەموو قوژبنێكی كوردستان و دەرەوەی كوردستان و بەفكر و بیروبۆچوونەكانی خۆی، خۆی گەیاندۆتە هەموو جێگەیەك و خۆشی دەڵێت؛ بەپەرتووكەكانم خۆم گەیاندۆتە هەموو شوێنێك.

 بۆیە هیوادارین كە ئەمڕۆ گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان ئەو سیاسەتەی كە لەئیمرالی لەسەر رێبەر ئاپۆ بەرێوە دەچێت لەدژی خۆی و كۆمەڵگەكەیان لەقەڵەمی بدەن. واتا ئەمڕۆ قڕكردنێكی چاندی، سیاسی، ژینگەیی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لەسەر گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و لەسەر تەواوەتی گەلانی ئێران بەڕیوە دەچێت، بۆ تێكشاندنی ئەو سیاسەتە پێویستە هەموو لایەك بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی خۆیان هەستن و رۆڵ بگێڕن. واتا خاوەنداریەتی لەهزر و رامانی رێبەر ئاپۆ بكەن و بەبڵاوكردنەوەی بیروهزرەكانی رێبەر ئاپۆ ئەو گۆشەگیریەی لەئیمڕاڵی بەرێوە دەچێت، پارچە و تێکیبشکێنن. چون ئەو چاڵە مەرگەی لەلایەن رژێمە دیكتاتۆر و فاشیستەكانی تورك و ئێرانەوە لەناوچەكە و ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لەبەرامبەر بەگەلەكەمان هەڵیانكەندووە و بەڕێوەی دەبەن، بۆ ئەوەی جاڕێكی تر وەریبگەڕیننە شوێنی ژیانەوە و بووژاندنەوە، پێویستی بە بونیادنانی سیستەمی نەتەوەی دیموكراتیك هەیە كە دەتوانێت ببێتە چاڵی ژیانەوە یا خۆد سیستەمێكی دیموكراتیك كە هیواكانی مرۆڤایەتی لەنێوخۆدا دەدرەوشێنێتەوە. بۆیەش ئێمە جارێكی تر بەهیواین، گەلەكەمان بەتێكڕا لەبەرامبەر بە سیستەمی ئەشكەنجەی ئیمڕاڵی و زیندانی كردن و سزای نادادپەروەرانە كە لەسەر رێبەر ئاپۆ بەڕێوە دەچێت، هەستنە سەر پێ و گوشار بخەنە سەر رێكخراوە نیودەوڵەتی و دەوڵەتە هەژمۆنگەراکان، تا بەو رەنگە مافی ژیان کردنی ئازاد بۆ رێبەر ئاپۆ و گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز بگەڕێندرێتەوە.

رێبەر ئاپۆ رێگای گەیشتن بە ئازادی و دیموكراسی نیشانی گەلانی ئێران داوە

* ئێوە ئاماژەتان بە هەڵوێست و خاوەنداریەتی لەلایەن گەلەوە كرد، بەتایبەتی بەساڵانە لەبەرامبەر بەرێكخراوی بەرگرتن لەئەشكەنجەی سەر بەكۆنسەی ئەوروپا و سی پی تی سەر بەنەتەوەیەكگرتوووەكان، كەچی ئەو رێكخراوانە هیچ ئەركەكانی خۆیان بەجێ ناهێنن، ئەو هەڵوێستانە بۆچی دەگەڕێننەوە و بۆچی ئەوەندە سانسۆر لەسەر رێبەر ئاپۆ بەرێوە دەبەن؟ ئەوە لەكاتێكدایە كە هەموو كەس و لایەنێك لەو باوەڕەدان كە رێبەر ئاپۆ خاوەن هزری"ژن، ژیان، ئازادی"یە و بەساڵانە بۆ ئەو فەلسەفە تێكۆشاوە، سەرەڕای ئەوەش سانسۆرێكی ئیجگار مەزن لەبەرامبەر بەڕێبەر ئاپۆ بەرێوە دەبەن؟ ئێوە هۆكارەكان بۆ چی دەگەڕێننەوە؟

ـ ئێمە دەبێت ئەو راستیەی لەئارادایە بەباشی شی بكەینەوە. کێ پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لەسەر رێبەر ئاپۆ بەڕێوە برد؟ كێ بەشداری پیلانگێڕیەكە بوو؟ بەرژەوەندی ئەو هێزانەی کە لەو پیلانگێڕیەدا بەشداربوون چی بوو؟ لەپێناو چی رێبەر ئاپۆیان كردە ئامانج؟ ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارانە باش وەربگرین، ئەو كات ئەمڕۆ ئەو دام و دەزگایانەی كە گوایە دەیانەوێت بەرگری لەرەوشی رێبەر ئاپۆ بكەن، یا ئەو گوشارانەی لەسەری بەرێوە دەچێت هەڵگرن، یان ئەگەر ئێمە بەپاڕانەوە و دەست بەداوێنی ئەو هێزانە ببین کە دۆخی رێبەر ئاپۆ چارەسەر بکەن. ئەوا بێگۆمان ئەنجامێكی ئەوتۆی لێنابێتەوە؛ چونكە هەموو ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتیانەی كە ئەمڕۆ جل و بەرگی مافی مرۆڤ، دیموكراسی و ئازادییان لەبەر كردووە، بەبڕوای من ئەوانە بۆ خۆ ناوەندی بڕیاری شەڕی تایبەتن، لەبەر ئەو ناوەندانەیە كە تا ئێستا كۆنسپتی قڕكردن بەردەوامە و نوێ دادەڕێژرێتەوە و ئەو كۆنسێپتە بەرێوە دەچێت. بۆیە سانسۆرێش ئامێرازێكی شەڕی تایبەتی ئەو ناوەندانەیە. بەتایبەت ئەگەر فكر و رامانێكی ئازادیخوازانە لەشوێنێكدا هەبێ بۆ ئەوەی رەنگدانەوەی بەسەر كۆمەڵگە و تاكەوە نەبێ، سانسۆرکردن کارا دەبێت و گۆشەگیری توند دەبێت. ئێستا كێ ئەوە دەكات؟ بێگومان ئەوە لەلایەن هێزە نێودەوڵەتیەکان، نەتەوە یەكگرتووەكان، یەكێتی ئەوروپا و سی پی تی كە خۆی وەكو كۆمیتەی دژ بەئەشكەنجە دامەزراندووە، هەریەکەیان لەگۆڕەپانی کرداری کوردستاندا ناوەندی سانسۆڕ و گۆشەگیریینە. رێبەر ئاپۆ بۆ خۆشی دەڵێت؛ كە پاش رفاندن و رادەستكردنی بەدەوڵەتی تورك، یەكەمین كەسێك لەزیندانی ئیمرالی هاتووەتە لای، ژنێكی حەفتا ساڵەی سەر بە ئەو رێكخراوەیە و پێ راگەیاندوە؛ ئێمە لەدوورەوە چاودێری بارودۆخی تۆ دەكەین، بەلام ئەمڕۆ وەكو گەلی كورد پرسیار دەکەین، سی پی تی چۆن چاودێری رەوشی رێبەر ئاپۆ دەكات؟ ماوەی بیست و نۆ مانگە هیچ زانیاری و ئاگاداریەك لەسەر رێبەرمان نازانین؛ ئاخۆ سی پی تی لەم بارەیەوە چی كردوەو هەڵوێستی لەمبارەیەوە چییە؟ مادام رێگە بەپارێزەران نادرێت چاویان بەرێبەر ئاپۆ بكەوێت، سی پی تی چۆن چاودێری دەكات؟ ئەو كاتە دەبینین كە رێبەر ئاپۆ لەهەر شتی سروشتی بێ بەش كراوە، تەنانەت ئەو یاسایانەی كە دەوڵەتی تورك وەكو ماف بۆ هەر زیندانیەكی دایناوە، ئەمڕۆ بەپێچەوانە لەبەرامبەر بە رێبەر ئاپۆ ئەو یاسایانە كاری پێ ناكرێت و لەو مافانەش بێ بەش كراوە. داخۆ سی پی تی لەكوێی ئەو بابەتانە دایە؟ ئێدی ئەو هەڵوێستانە ئەوە نیشان دەدات كە ئەو هێزانە خۆیان داڕێژەری ئەو پیلانانەن و چاودێری ئەو پیلانانە دەكەن. بۆیە پێویستە گەلی كورد، تەنیا پشتی بەهێز و باوەڕی خۆ گەرم بێت تا بتوانین ئەو گۆشەگیریە تێکبشكێنین.

 تایبەت ئەو چالاكیانەی لەپێناو هەڵگرتنی ئەشكەنجە لەبەرامبەر بەرێبەر ئاپۆ لەئەورووپا، کوردستان و ناوچەکە بەرێوە دەچن، سەرجەمیان زۆر هێژا و بەنرخن. بەهیواین كە ئەو چالاكیانە لەهەرچوار بەشی كوردستاندا بەرفراوان تر ببن. بەتایبەت ئەمڕۆ گەلانی ئێران و گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان، خاوەنداریەتیەكی فراوانتر لەهزر و بۆچوونی رێبەر ئاپۆ بكەن، چونكە ئەمڕۆ ئەو پارادایمەی لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەرز كراوەتەوە، هەڵگیرساندنی گلۆپێكی رووناك و رۆشنكەرەوەی ئازادی و دیموكراسییە كە ئەوەش بەهزر و رامانی رێبەر ئاپۆ بەرز كراوەتەوە، كە واتا رێبەر ئاپۆ رێگای گەیشتن بە ئازادی و دیموكراسی نیشانی گەلانی ئێران داوە. بۆیە خاوەنداریەتی لەرێبەر ئاپۆ ئەرکێکی ئازادیخوازانەی هەر تاكێكی ئازادیخواز، كەسایەتیەكی هونەرمەند، وەرزشكار، سیاسەتمەدار، چالاكوانێكی ژن و ژینگەییە. چۆنكە ئەمڕۆ پارادایمی ژن، ژیان، ئازادی لەئێرانە دەدرەوشێتەوە، پارادایمی ژینگەپارێزی دەدرەوشێتەوە، ئەو كاتە خاوەن ئەو پارادایمە كە ئەمڕۆ ناحەقی و بێ مافییەكی وەهای لەبەرامبەردا پەیڕەو دەكرێت، دەبێت هیچ تاكێكی كورد ئۆقرەی نەبێت كە ئەو بێ مافیە لەبەرامبەر بە رێبەر ئاپۆ بەڕێوە دەچێت و بۆ تێكشكاندنی ئەوە چی لەدەستیان دێت پێویستە بیكەن. چون داگیركەران بڕیاری ئەوەیان داوە كە پەیوەندی رێبەر ئاپۆ لەگەڵ كۆمەڵگەی كوردی و كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بپچڕێنن. بۆیە بەتێكۆشانی خۆمان دەبێ، ئەو مافە سروشتیەی كە خۆمان هەمانە وەك گەلی كورد، خاوەن رێبەر، پارادایم، رێکخستن، کۆمەڵگا و جەماوەری خۆمان ببین، ئەوا بەتێكۆشان دەتوانین ئەوە دەستەبەر بكەین و ئەو پیلانە نێونەتەوەیەش كە لەپێناو قڕكردنی گەلی كورد بەڕێوە دەچێت، بەو شێوازە پووچەڵی بکەینەوە.

هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانە و ژینگەدۆستانەی گەلەكەمان لەرۆژهەڵات سڵاو دەكەین

* لەهەرچوار بەشی كوردستان هێرش لەسەر گەلەكەمان بەڕێوە دەچێت و گەل سەركۆت دەكرێن، ئێستاكە لەبەرامبەر بەژینگەی كوردستان پەیڕەو دەكرێت، بەتایبەتی لەرۆژهەڵاتی كوردستان تیشكیان بخەینە سەر، بەتایبەتی تر، دارستانەكانی مەریوان ماوەی دە رۆژە شەپۆلێكی تری ئاگرتێبەردان دەستی پێ كردوە، رژێمی داگیركەریش بۆ ئەوەی گەل ئاگرەكە نەكۆژێننەوە، ئەو كەسانەی هەوڵی كۆژانەوەی ئاگرەكە دەدەن، دەستبەسەر دەكات، ئەو هەڵوێست و نزیكبوونانەی دەوڵەت و رژێم بۆ چی دەگەڕێننەوە؟

ـ ئەوەی گرنگە بزانین، ئەمڕۆ بازنەیەكی نێونەتەوەیی لەدژی گەلی كورد پێكهاتووە، كە لەنێو ئەو بازنەیە فرمۆڵێك بەنێو قڕكردنی كوردان داڕێژراوە، هەم هێزی نێونەتەوەیی، هەم هێزی هەرێمی و هەندێک هێز و لایەنی كورد لەنێو ئەو بازنەدا لەدژی كۆمەڵگەی كورد و كوردستان لەنێو هەوڵداندان. ئەو سیاسەتەی کە لەنێو ئەو بازنەیەدا رووبەڕووی دەبین سیاسەتی قڕكردنە. واتا هەم قڕكردنی كەلتووری، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمڕۆش بە چڕی قڕكردنی ژینگە لەسەر رێ و رێبازەکانی دیکەی قڕکردن زێدە كراوە. واتا ئاگرتێبەردانی ژینگە و دارستانەكان و جۆگرافیای كوردستان وەك قڕكردنێكی ژینگەییە كە لەلایەن هێزە نێودەوڵەتی و هێزە هەرێمەیەكان بەڕێوە دەچێت. ئەوە هاكەزایی نییە كە ئەمڕۆكە و لەیەك كاتدا لەهەرچوارلای كوردستان ئاگر لەسرووشت و ژینگەی كوردستان و دارستانەكان بەردەدرێت. بێگۆمان ئەوانە گرێدراوی یەكدین، لەیەك ناوەندەوە بڕیاریان لەسەر دراوە و هەر دەوڵەتێک بەئەركی خۆی کە قڕكردنی كوردانە هەڵدەستێ. بۆ ئەوەی كۆمەڵگەیەك قڕبكرێت دەبێت، سەرەتا ژینگەی ئەو مرۆڤە لەناو ببەی. واتا لەژینگەی خۆی دایببڕێنی. دەرفەتەكانی ژیانی لێ زەوت و تاڵ بكەی و شوێنی حەوانەوەی بۆ نەهێڵیتەوە. دەرفەتەكانی بەخێوكردن و بژێوی ژیانی سەراوژێر بكەی. بۆیە ئەمڕۆ لەرۆژهەڵاتی كوردستان و بەتایبەتی لە 2ی ئابەوە سریاڵێكی "حەڵقەیەكی" ئاگربەردان، لەناوچە شاخاوییەكانی مەریوان دەستی پێكردووە. پێش تریش و هەر ساڵە ئەمە دووبارە دەكرێتەوە. جێگەی پرسیارە کێ ئەو کارە دەکات و لەپشت ئەو پیلانەوەیە؟ بێگۆمان راستەوخۆ ئەو ئاگرتێبەردانانە لەلایەن مافیاکانی سوپای پاسداران، دام و دەزگاكانی بەسیج و چڵكاوخۆرەكانی رژێمەوە بەڕێوە دەچێت. بەڵام هۆكارەكانی ئەو پیلانانە چین؟ بەشێكی ئاسایشی، بەشێكی تر سیاسی و بەشێکیش بەمەبەستی گۆڕینی دیمۆكرافیای كوردستان پێكدێن. بۆیە رێكخراوە ژینگەیەکانی کوردستان بەفیداكاریەكی گەورەوە بە هانای سرووشتەوە دەچن كە ئەمڕۆ ئەو گۆڕەپانە وەرگەڕاوەتە گۆڕەپانی شەڕ و ژینگەپارێزان راستەوخۆ گیرۆدەی شەڕێک کراون کە پێش لە قڕكردنی ژینگە دەگرن. واتا پێش بەقڕكردنی كوردان دەگرن، پاراستنی لەژینگەی خۆیان دەكەن و پاراستنی هەبوون و پارادایمی شۆڕش كە فۆرمۆڵەی ژن و ژینگە پارێزییە دەکەن.

بۆیە ئێمە لێرەوە، سڵاو ئاراستەی هەموو ئەوانە دەكەین كە لەم قۆناخەدا بەشەونەخۆنی، لەپێناو كۆژاندنەوەی ئەو ئاگرە ماندوو و بریندار بوون و رەنجیان داوە، دەستی ماندوونەبوونیان دەگووشین و كارەكانیان جێگای رێز و پێزانینە و ئەو هەڵوێستە نەتەوەییەش كە تایبەت جێکەوت، بێگۆمان جێگای دڵخۆشییە بۆ گەلی كورد و پەیامێكە بۆ داگیركەرانی كوردستان كە ئەگەر تاكێك لەپاوە، سنە و كرمانشانەوە هەستێت و بێ بەهانای گەلەكەی خۆیەوەو ئاگری قڕكردنی سرووشت و ژینگەی كوردستان بكوژێنێتەوە، هەڵوێستێكی نەتەوەیی و ژینگەپارێزییە. کە ئەمەش بەواتای رێگری كردنە لەو قڕكردنە كولتووری، چاندی و ژینگەییەی كوردستانە کە بەڕێوە دەچێت.

ئێمەش وەكو پەژاك، ئەو كردەوانەی كە لەلایەن دام و دەزگاكانی رژێمی داگیركەری ئێران بەرێوە دەچێت بەتوندی شەرمەزار دەكەین و ئەو هەڵوێستە مرۆڤدۆستانە و ژینگەدۆستانەی كە لەلایەن گەلەكەمانەوە بەرێوە دەچێت، بەنرخ و بەپیرۆزی دەبینین و هیوادارین كە بۆ رێگرتن لەو سیاسەتە چەپەڵانەی رژێم بەوریاییەوە مامەڵە بكەن و زیاتر هەوڵی پاراستنی ژینگە و سروشت و نرخ و بەها نەتەوەیەكانی خۆیان بدەن. بۆیە بەروانینی من لەم قۆناخەدا پێویستە گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان لەبواری بەرزكردنەوەی ئاستی تێگەشتن لەپارادایمی ژینگەپارێزی کار و خەباتی پچڕتر دەست پێ بكەن. چونكە داگیركەرانی كوردستان، ژینگەی كوردستان تاڵان و لەناوی دەبات. بۆیە گەلی كورد بڕیاری ئەوە بدات كە ژینگەی خۆی بە هێز و گەوهەری ئازادیخوازی خۆی دەپارێزێت. هەڵبەت ئەوەش بە پارادایمێك كە رێبەر ئاپۆ پێناسەی بۆی كردووە، مسۆگەرە. چون تاكە رێگایەك كە دەتوانێت رێگری لەو قڕكردنە ژینگەییە بگرێت، بڕەودان بە زیهنیەت و هزری ژێنگەپارێزی لەلایەن خۆدی ژینگەپارێزان و رێكخراوەكانی ئەو بوارەیە کە ئەرکێکی سەردەمیانەیە، لەلایەن هەر تاكێكی ئازادیخواز و وڵاتپارێزەوە فەرهەنگی ژینگەپارێزی و وڵاتپارێزی گەشاوەتر بكەن.

رێبەر ئاپۆ لەدژی عەقڵیەت و لۆژیكی رەگەزگەرایی وەستاوەتەوە

* لەگەڵ قڕكردنی ژینگە، سیاسەتی قڕكردن لەسەر ژنان و گەنجیانیش لەئارادایە و دام و دەزگاكانی رژێمی داگیركەری ئێران بەگەڵاڵە بڕیاریەكی سیاسی بەناوی حیجاب و عەفاف"سەرپۆش و پاكداوێنی" كە بەرگی یاساییان بەبەردا كردووە، دەیانەوێت سنووری ئازادییە كۆمەڵایەتی و كەسێتیەكان لەوەی كە هەیە بەرتەسكتر بكەنەوە، بەرای ئێوە ئەم هەوڵدانانەی رژێم دەتوانێت پێش بەویست و داواكاریە رەواكانی تاك و كۆمەڵگە و پێكهاتەی گەلانی ئێران بگرێت، چە عەقڵیەتێك لەپێش هێرشكردنە سەر ژنانەوە شاراوەیە؟

ـ بابەتێك كە ئەمڕۆكە لەلایەن رژێمی داگیركەری ئێران بەشاراوەیی كاری لەسەر دەكەن، بابەتی رەگەزگەرایی كۆمەڵایەتیە. وێنەی ئەوە ئەمڕۆ لەنێو ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران و دام و دەزگاکانی دیکەی رژێمدا بەدی دەكرێت. پێكهاتەی ئەو ئەنجوومەن و دەسەڵات بەگشتی لەپیاوان پێكدێت، بەتەواوەتی لەسەر زیهنیەتی پیاوسالاری و جیاوازی زەق و بەرچاوی رەگەزی ئەم ئەنجوومەنە و ناوەندەکانی دیکەی دەسەڵات دارێژراوە. بۆیە ئەو زیهنیەتەیە کە ئەمڕۆ كۆمەڵگە پارچە دەكات، رەگەزێك بەسەر رەگەزێكی ترەوە سەروەر دەكات و نكۆڵی لەبوونی رەگەزی بەرامبەر دەكات و دەبینین لۆژیكێكی كە لەسەر کۆمەڵگا سەروەرە، لۆژیكی میلتارییستی و دەسەڵاتخوازی و هێزە کە پشت بەنكۆڵی كردنی نەتەوەكانی دیكە دەبەستێت، ئاسیملیەكردن و توانەوە و دابڕان لەژینگە و كۆمەڵگە بە بنەما دەگرێت و چاوگەی پشتخستنی نەخۆشیە كۆمەڵایەتیەكانە. ئەوەش سەرچاوەی خۆی لەزیهنیەتی رەگەزگەراییەوە دەگرێت کە لەلایەن رژێمەوە پەرەی پێدراوە. ئەو لۆژیک و زیهنیەتە ئەمڕۆ هەوێنێكە كە رژێمی راگرتووە و زیهنیەت و چەمكێكی مەترسیداری پێشخستووە. بۆیەش ئەمڕۆ بەو عەقڵیەتەی كە پێناسەی بۆ دەكات، پرسی ژنان وەكو پرسێكی بیۆلۆژیك دەگرێتە دەست. هەڵبەت، پێچەوانەی ئەوەیە كە رێبەر ئاپۆ دەڵێت؛ پرسی ژنان، پرسێكی كۆمەڵایەتی و سۆسیۆلۆژییە و واتا پرسەكانی ژنان، پرسێكی بیۆلۆژیكی نییە و كێشەكان دەبێت وەها بگیردرێنە دەست و هەوڵی چارەسەری بۆ بدرێت. بەڵام زیهنیەتێک كە رەگەزگەرا بێت، كێشەكان قووڵ دەكاتەوە و دوور لەچارەسەرییە و واتا عەقڵیەتیەكی دەوڵەت ـ نەتەوەیە كە بەشێوەیەكی تەكتیكیانە نزیكی هەموو كێشە و مەشاكیلەكان دەبێتەوە. لەحاڵێكدا دەبینین كە كۆمەڵایەتی بوون كێ بۆنیادی ناوە، لەلایەن ژنەوە بۆنیاد نراوە، بەڵام ئەم كۆمەڵگەیەی كە ئێمە رووبەرووی بووینەتەوە و بەهۆی باڵادەستی پیاوە، دوور لەراستینەی خۆیەتی. بۆیە رژێم بەو پینە و پەڕۆیانە و كۆمەڵێك پرۆژەیاسای ناڕەوا راستیەكان چەواشە دەكات. بەبڕوای من شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، رەتكردنەوەی زیهنیەتی رەگەزگەرایی پیاوە کە لەلایەن رژێمی داگیركەری ئێرانەوە پەرەی پێ دەدرێت، بەرەنگاربوونەوە لەبەرامبەر بەو زیهنیەتەیە. چۆن ئەو عەقڵیەتەی كە ژن، ژیان، ئازادی لەپشتە زۆر لەوە جیاوازترە. واتا خاوەن هەیكەل و جەستەیەكە کە ئەوەش خۆبەرێوەبەری یا نەتەوەی دیموكراتیكە كە پێكەوەژیانی گەلان بەبنەما دەگرێت. رۆڵی پێشەنگایەتی كردن بەژنان و گەنجان دەبەخشێت. مافی ژن و هەموو پێكهاتەكان لەنێو ئەو سیستەمە دەستەبەر دەكات. هەڵبەت رێبەر ئاپۆ دارێژەری ئەو شۆڕشەیە.

خاڵێكی دیكە كە رێبەر ئاپۆ ئامانجیەتییە، لەدژی عەقڵیەتی رەگەزگەرایی تێكۆشاوە. واتا دەستپێ كردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد لەدژی ئەو عەقڵیەتە وەستاوەتەوە. ئەمڕۆ رێبەر ئاپۆ باجی ئەوە دەدات، لەبەر ئەوەیە كە ئەمڕۆ لەخاج دەدرێت و سزای قورسی بەسەردا دەسەپێنرێت. بۆیە ئەمڕۆ لەرۆژهەڵات و ئێراندا، سەیر بكەن، ئەو هزرەی رێبەر ئاپۆ داڕێژەریەتی بەو فكر و فەلسەفە و پارادایمە شۆڕش هەڵگیرساوە. لەدژی رەگەزگەراییە. بۆچی گەل دەڵێت، رژێم شەرعیەتی نەماوە، چونكە رژێمێكی رەگەزگەرایە. ئەو رژێمە ئەمڕۆ چالاكی كە زمانی دیموكراسییە، لەلایەن ژنەوە پێشدەخرێت بەناڕەوا دەبینێت. ئەو ژنەی دەیەوێت بەئازادی بژیت و جل و بەرگەكانی بەویست و داب و نەریتی خۆی لەبەر بكات، بەزۆری بەسەریدا دەسەپێندرێت و دەیانەوێت بەزۆری كۆمەڵگە و ژن لەناوەرۆكی خۆی دەربخەن و بەعەقڵیەتێكی دژە دیمۆكراسی نزیكی ژن و پێكهاتە كۆمەڵایەتیەكان و ویست و داوا رەواکانی كۆمەڵگە دەبنەوە. بۆیەش ئەمڕۆ لەلایەن ژنانەوە كاردانەوەی توند دەردەكەوێت و ئەو شۆڕشە لەبەر ئەوەی خاوەن ئەو فكر و پارادایم و عەقڵیەتەیە. لەو باوەڕەدام كە شۆڕش سەردەكەوێت و دەگاتە ئامانجەكانی خۆی. تایبەت ئەوەی كە رێبەر ئاپۆ دایڕشتووە، هەمان عەقڵیەت لەكوێدا شێوە دەگرێت، لەنێو بنەماڵەكاندا شوێنی خۆی گرتووەتەوە. دەوڵەت بەشوێنی كای بابردۆوەیە و هاوشێوەی كۆن دەیەوێت بنەماڵە و خانەوادەكان بەشێوەیەكی كلاسیكی بژین، لەسەر زیهنیەتی پیاوسالاری بەرێوە بچن، بەڵام ئەمڕۆ ئێدی ئەو بنەماڵە كلاسیكە رەتدەكرێتەوە و بنەماڵەی دیموكراتیك بەبنەما دەگیردرێت. واتا بە بۆنیادنانی تاكێكی ئازاد، و ژنێكی ئازاد، كۆمەڵگەیەكی ئازاد و پیاوێكی ئازاد دەخۆڵقێنێت. بۆیە ئەمڕۆ لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی چەكەرەی كردووە و گەشەیان بەلایەنە پارادایگمایەكانی هزری رێبەر ئاپۆ هێنا. ئێدی بنەماڵەكان لێگەڕێنیان بەدوای بنەماڵەیەكی ئازاد و دیموكراتیكە، بەدوای ژیانی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەكانە. ئەمانە پایەكانی رژێمی لەرزاندووە و ئیدی لەو بڕوایەداین كە ئەو شۆڕشە لەبەر ئەوەی كە بەم عەقڵیەتە بەڕێوە دەچێت، سەردەکەوێت. بۆیە ئیدی عەقڵیەتی رەگەزگەرایی ببێتە چی، ناتوانێ لەبەرامبەر بەو فكر و فەلسەفە و پارادایگمایە بوەستێتەوە و لەوە زیاتر خۆی رابگرێت. چون عەقڵیەتی دیموكراسیخوازیخوازی و ئازادیخوازی كە ئەمڕۆكە ژن شەماڵەكەی هەڵكردووە، وەكوو ئاڵایەكی دەیشەكێنێتەوە کە لەمپەر و ئاستەنگی لەبەدەمدا درووست دەکات.

پەدەكە شەنگاڵی تەسلیم بەداعش و دەوڵەتی تورك كرد

* لەم ماوەیەدا لەئەوروپا رەوەندی كوردی و حیزب و لایەنە سیاسیەكان لەسەدەمین ساڵەی رێككەوتننامەی لۆزاندا كۆنفرانسێكیان بەرێوە برد و تەنیا لایەنێك كە لەكۆنفرانسەكەدا بەشداری نەكرد، پەدەكە بوو و لەهەمان رۆژدا بەهاوكاری دەوڵەتی داگیركەری تورك پەلاماری سەر گەریلاكانی ئازادی كوردستانیاندا، مرۆڤ دەتوانێت ئەمە چۆن لێكبداتەوە؟

ـ ئەو ئاڵۆگۆڕانەی ئەمڕۆكە لەكوردستاندا بەڕێوە دەچن، بەدەر لە رەنجی رێبەر ئاپۆ ناتوانین شتێكی لەسەر بڵێین، لەئەنجامی هەوڵ و تەقالای رێبەر ئاپۆ، شەهیدان، شەڕڤانان و ئەو گەریلایانەی كە لەنێو سەنگەرەكانی تێكۆشان لەبەرخۆداندان دەستەبەر دەبێت. واتا بوونی گەلی كورد پابەندی ئەو بەرخۆدانانەیە. چون ئیدی گەریلا و گەلی كورد وەكو گۆشت و نینۆك بەیەكەوە بەستراونەتەوە. ئێش لەهەر بەشێكدا درووست ببێت، دەبێتە ئێش و ئازاری ئەوەی دیكە. بەرخۆدان لەكوێ بێت هەموو وزە لەو شوێنە كۆدەبێتەوە. دیارە ئەوە بەهێز و باوەڕی رێبەر ئاپۆ بونیاد نراوە. فەلسەفەیەك كە رێبەر ئاپۆ لەكوردستان بۆنیادی ناوە، فەلسەفەی بەرخۆدانە كە بە پێشەنگایەتی عەلی چیچەكان بەرخۆدان گەشەی سەند و بووە چاندێك لەكوردستان و گەریلا لەنێو كۆمەڵگە بەدامەزراوەیی دەكات و ئەمڕۆكە هەر تاكێك لەم دۆخەدا كە خاوەن زیهنیەت و لۆژێكی بەرخۆدان نەبێت ناتوانێت لەبەرامبەر بە لێڤیاتانی هاوچەرخ خۆی پێ رابگرێت و بژێت؛ چونكە گیاندارێكی ئەوەندە دڕندەیە كە هێز لەجەستەی مرۆڤ دا ناهێڵێت، تەنیا بەبەرخۆدان دەتوانی شەڕ بكە. ئەمڕۆ رێبەر ئاپۆ تەنیا بەبەرخۆدانە كە لەئیمڕاڵی لەنێو چاڵی مردندا شوینی ژیانەوەی ئافراند. زیاتر لە 24 ساڵە لەهەر شتێكی دنیای دەرەوە دایانبڕیوە. لەكۆمەڵگە و كولتوور و زمانی خۆی دایانبڕیوە، بەڵام بەرخۆدانڤانی هەرە راستەقینە لەنەتەوە و لە ئازادییە. گەلی كوردیش بەهەمانشێوە دەیانەوێت گۆشەگیر بكەن، دەیانەوێت لەراستینەی خۆی و كولتوورەكەی خۆیان دایانببڕن و بێ پاراستن و هێزی بەرخۆدان بیهڵێنەوە. دەیانەوێت بەرێگەی تەكنەلۆجیا و ئەو هێرشانەی دەكرێتە سەر كوردان و گەریلاكانی ئازادی كوردستان هێزی بەرخۆدانیان لەناو ببەن. دەیانەوێت ترس و دڵەڕاوكێ و تۆقاندن لەنێوكورداندا بچێنن. لەولاشەوە دەرگایەك و خوانێكی رەنگاوڕەنگیان بۆ چڵكاوخۆر، بەكرێگیراو و خۆفرۆشەكان راخستووە. ئەمڕۆ بنەماڵەی بارزانی ئاڵاهەڵگری ئەو هێڵە بەكرێگیراویەتیەن و بوونەتە كەوا سوری بەر لەشكەری دەوڵەتی داگیركەری تورکیا. بەس ئاڵاهەڵگری ئازادی و دیموكراسی كێن؟ ئەمڕۆ رێبەر ئاپۆ نوێنەرایەتی ئەو هێڵە دەكات. ئەو گەریلا و شەرڤانانەیە. ئەو گەریلایە كە لەزاپ لەبەرامبەر بەزەبەلاحترین تەكنەلۆجیای شەڕ و پێشكەوتووترین چەكەكانی ناتۆ بەرخۆدان دەكات و رووبەرووی سیاسەتە دژە مرۆڤیەكانیان دەبێتەوە، كەچی ئەوانەش دەیانەوێت بەچەكی كیمیایی و بایۆلۆژی و بۆمبی ئەتۆمی تاكتیكی مرۆڤایەتی لەكەسایەتی گەریلاكاندا بسڕنەوە و ئەو چڵكاوخۆرانەش بوونەتە داردەست و هاوكار و چاوساخیان. ئەمە ریسواییەك و شەرمەزاریەكی مەزنە بۆ بنەماڵەی بارزانی، گەورەترین خیانەتە کە كارێكی قێزەون لەبەرامبەر بە گەلی كورد دەكات. گەلی كورد لەو كاتەی كە دەیەوێت كۆتایی بەسیاسەتێكی سەدساڵەی قڕكردن لەبەرامبەر خۆی كۆتایی پێ بهێنێت، كەچی لەولاوە بەهاوكاری دەوڵەتێكی داگیركەر پەلاماری گەریلاكانی كوردستان دەدات و رەوایەتی بەپەیماننامەی لۆزان لەبەرامبەر كوردان دەداتەوە و جارێكی تر لاپەڕەیتری رەش لەسەر مێژووی پڕ لەخیانەتی بۆ خۆی تۆمار دەكات. ئەمەش بابەتێك نییە كە مێژوو و گەلی كورد بەئاسانی لێ ببوورێت. گەلی كورد چەندە لەسەر ئەو هێڵە هۆشیار بن و پشت بەهێڵی بەرخۆدان ببەستن و تێكۆشانی خۆیان لەسەر هێڵی بەرخۆدان پەرە پێ بدەن و بەرفراوانی بكەنەوە، لەو قەناعەت و باوەڕشدام كە هێڵی خیانەت رۆژبەرۆژ لەكوردستان بچووك و بچووكتر دەبێتەوە و دەبێت لەوەی كە هەیە رەشتر و ریسواتر بكرێت. ئێستا بەهۆی بوونی سەرمایەیەكی گەورە لەدەست ناوەندەكانی شەڕی تایبەت و بەكارهێنانی دەزگاكانی راگەیاندن وەكو ناوەندێكی ئەو شەڕە تایبەتە، بنەماڵەی بارزانی و دەستەو تاقمەکەی لەكوردستان خۆیان كردۆتە ناوەندی كوردایەتی و لەسەر خوێنی كوردان و گەلی كورد مشەخۆری و بازرگانی دەكەن و شۆڕشگێڕانیش دەبنە كەسێكی نامۆ لەكوردستان. ئەوەی كە شەنگاڵی فرۆشت و تەسلیمی داعش و دەوڵەتی توركی كرد و ئەوەی ئەمڕۆ دەرگاكانی باشوری كوردستانی بۆ دەوڵەتی توركی داگیركەر خستووەتە سەر پشت و هێرشی سەر گەریلاكان دەكات و سیخۆری لەسەر گەریلاکان و كوردستان دەكات پەدەكەیە. بەڵام ئەمڕۆ ئەو دەبێتە كوردپەروەرو و بە پێچەوانەوە گەریلاكانی كوردستانیش دەبنە داگیركەر!. ئەمە چەواشەكردنی مێژووە كە لەلایەن ئەو بنەماڵەیەوە، بەپشتیوانی ناتۆ و هێزە نێودەوڵەتیەكان بەڕێوە دەچێت، بۆیە گەلی كورد دەبێت دیرۆكی خۆی راست بخوێنێتەوە و بینووسێتەوە؛ چونكە مێژووی راستەقینە بەخوێن ئاو دراوە و دەنوسرێتەوە. لەبەر ئەوە نابێت لەسەر ئەو خاكەی لێیەتی خیانەتكار و داگیركەر بژین. بەوزە و وەریەكی كە ئەمڕۆ لەشەهیدان، رێبەر ئاپۆ، گەریلا، شەڕڤان و گەلەكەمان وەریدەگرن، دەبێت ببێتە وزەیەك كە چالاكی لێ بەرهەم بێت و ئەو چالاكیانەش رێكخستن كردنی گەل بەرفراوانتر بكات.

پەژاك لەكەسایەتی زەینەب جەلالیان سڵاو لەبەرخۆدانی هەموو زیندانیان دژ بەداگیركەران دەكات

* دەوڵەتانی داگیركەری سەر كوردستان و لەنێوانیاندا رژێمی داگیركەری ئێران بەرێگەی ئەشكەنجەدان و زیندان سیاسەتێكی تایبەت لەبەرامبەر بەزیندانیان بەڕێوە دەبات، تەنانەت هەوڵی وەرگرتنی لێبوردن و دانپێدانانی زۆرە مڵی بكەن، ئاخۆ ئامانجی رژێم لەم گۆشارخستنەی سەر زیندانیان دەیەوێت چی بسەلمێنێت؟

ـ وەكو هەڵبەستڤانی گەورەی گەلەكەمان، مامۆستا قانع فەرموویەتی؛ قۆڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بەبەندیخانەیە، كونجی زیندانم قۆتابیخانەیە. بێگۆمان لەكوردستان پێناسەی وەهاش كراوە كە بەندیخانە ناتوانێت هیواكانی كورد بۆ ئازادی كپ بكات و لەئازادی دایببڕێت. رێبەر ئاپۆ و گیراوانی بەندیخانەكانی ئامەد و كوردستان ئەوەیان پشتڕاست كردەوە. گیراوانی زیندانی ئەوین لەتاران لەكەسایەتی شیرین عەلەمهۆلی و فەرزاد كەمانگەر ئەوەیان پشتڕاست كردەوە. زیندان بۆ گەلی كورد شوێنی تێكۆشان و بەرخۆدانەو شوێنی تێكشكاندنی ئایدئۆلۆژیای چەقبەستوو و پاشڤەڕۆی رژێمە كۆنەپارێزەكانە. لەبەر ئەوەیە كە ئەمڕۆ لەهەر بەشێكی كوردستاندا بەهزر و رامانێكی سەردەمیانە لەدژی عەقڵیەتێكی تاریكپەرست، بەرخۆدانێكی پتەودەكرێت. تەنیا ئەمڕۆ لەباكوری كوردستان بەدەیان هەزار كەس لەنێو بەندیخانەكانی دەوڵەتی فاشیستی توركدا بەرخۆدان دەكەن. لەباشوری كوردستان دوو وڵاتپاڕێزی كورد عەبدولرحمن ئەر و مەزلووم داغ لەپێناو وڵاتپارێزیدا لەلایەن پەدەكەوە بەند دەكرێن و ئەشكەنجەی نامرۆڤانەیان دەکەن، كەسایەتیەكی رۆژنامەوان وەكو شێروان شێروانی و هەڤاڵانی كە ئەمڕۆ رووبەرووی بێ دادی بوونەتەوە. واتا كۆمەڵگە سەركۆت دەكەن و رێگە نادەن بیری ئازاد گەشە بكات، ئەم سیاسەتە لەباكوور، باشوور و رۆژهەڵاتیش لەیەك كاتدا و بەیەك عەقڵیەت لەلایەن نەیارانی گەلەوە پیادە دەكرێت و لەكەسایەتی زەینەب جەلالیان و بەدەیان شەهیدی تر كە بەرخۆدانیان لەزیندانەكاندا كرد هەێمەنەی رژێمیان تێكشكاند. رۆڵەكانی گەلەكەمان لەزیندانەكانی دوژمندا لاپەڕەیەكی نوێیان نەخشاند. بەتایبەتی لەكەسایەتی هەڤاڵ زەینەب جەلالیان ئەو لاپەڕەیە زێرین تر و بەهێزتر دەبێت.

 پارادایمی ژن، ژیان، ئازادی لەسەر ئەو لاپەڕانە دەنوسرێنەوە. كەسانێكی وەكو خاتوو ئیلاهە و خاتوو نیلوفەر كە دوو ژنە رۆژنامەنووسن، دۆسیەی كۆشتنی ژینا ئەمینیان بڵاوكردەوە، بەڵام ئەمڕۆ بەتاوانی ئازادی بیرورا لەكۆنجی زیندانەكاندا بەند كراون. بەسەدان ژینگەپارێز و چالاكوانی بواری ژنان و مافی مرۆڤ و راگەیاندنكار، كۆڵبەر و سیاسەتمەدار لەبەندیخانەكاندا لەپێناو ماف و ئازادییە كۆمەڵایەتی و كەسێتیەكاندا بەند كراون و رووبەرووی بێ مافی و نادادپەوەری دەبنەوە. لەپێناو ئازادی و دادپەوەری و بیری ئازاد ئەو كەسانە بەند كراون. ئەوانەی زیندانەكانیان بۆنیاد ناوە، دیكتاتۆرن و رەوایەتیان نییە. هەر بۆیەش ئەو بەرخۆدانانەی لەزیندانەكان لەبەرامبەر بە رژێمی داگیركەرەكان دەكرێت، سڵاویان لێدەكەین و بەرخۆدانەكەیان جیگای رێز و پێزانین و شانازییە. وەكو پەژاك پشتیوانی ئەو بەرخۆدانانەین و لەگەڵ ئەوان داین. تا سەركەوتنی ئەوان و ئامانجەكانیان لەگەڵ دۆزی ئەواندا درێژە بەكاروخەباتی خۆمان دەدەین و هیوادارین كە لەوبوارانەدا رژێمی داگیركەر بەهەستیاریەوە مامەڵە لەگەڵ گەلی كوردو گیراوانیدا بكات. چۆنكە گەلی كورد ئێدی ئەو شەڕە تایبەتەی لەبەرامبەر بەبەندكراوان لەزیندانەكاندا بەرێوە دەچێت قەبووڵ ناكات و بەرپەرچی توندی دەدەن و لێپرسینەوە لەو جۆرە سیاسەتانەش دەكەن كە بیانەوێت بەدان پێدانانی زۆرە ملێ، ئەشكەنجە و دوورخستنەوە و گۆشەگیری هەژەمۆنی خۆی بەسەر كۆمەڵگەی كوردەواری و گەلانی ئێراندا بسەپێنێت. بێگۆمان ئەوە خەیاڵێكی خاوە کە لەم قۆناخەدا كە سەدەی ئازادی ژنە، ئەو بیروهزرانەی كە وەكو مامۆستا قانع وتوویەتی؛ ئێدی ماوەی بەسەرچووەو کات کاتی دەسپێکردنی سەردەمێکی نوێیە.

دەبێت بەشكۆوە یادی شەهید رێزان جاوید و بەو شێوەیەش خاوەنداریەتی لەشۆڕشی ئازادی ژن بكەین

* لەمەوبەدوا ژنان و گەنجان لەبەرامبەر بە سیاسەتەكانی رژێم دەبێت چۆن خاوەنداریەتی لەشۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بكەن؟

ـ لەیەكەمین ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی نزیك دەبینەوە، هەرچەندە بەباوەڕی من برووسكەی شۆڕشەكە لەمەراسیمی شەهیدبوونی؛ شەهید رێزان جاوید لەمەهاباد لێدرا، بەتایبەت ئەو دایك و ژنانەی بەهەڵبەست و وتنەوەی درووشم و گۆرانی شۆڕشگێڕییان لەمەراسیمی پرسەو سەرەخۆشی چڕی و خوێندەوە و ژنان تێكڕا دەنگی ئازادیخوازی و وڵاتپارێزیان بەرز كردەوە و دەنگی ئازادیان دا بەگوێ هەر كەسێکدا دەربڕی. پەیمان و بەڵێنێكیان لەگەڵ یادی شەهید رێزان جاوید بەست كە سەردەمێکی نوێ تێكۆشان دەست پێ بكەن و چەخماخەی ئەوەش لەلایەن ژنانەوە لێدرا. دواتر برووسكەی ئەو دەنگە ئازادیخوازیە گەیشتە شاری مەریوان و بەشەهید بوونی شلێر رەسوولی بروسكە و شەپوول و دەنگی ئازادیخوازیەكە بڵندتر و بەهێزتر بوو و دواتر پەڵیهاوێشتە شاری سەقز كە بەشەهیدبوونی ژینا ئەمینی بووە راپەڕینێكی سەرتاسەری و بووە هزر و پارادایمێك كە لەسەرانسەری ئێراندا بڵاو بوویە. بۆیە دەبێت شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لەچوارچێوەی ئەو سێ گۆشەدا خوێندنەوەیەكی باش و ئانالیزێكی باشی بۆ بكەین. لەساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەبێت ئێمە وەكو هەست، توانا و کینی شەهید رێزان و كەسایەتی و رۆڵی لەشۆڕشدا و هەوڵدانی بۆ پێشخستنی ئەو هزر و رامانەوە، یادی شۆڕش و شەهیدان بەرز رابگرین. دەبێت ئێمە ئەركەكانمان لەم ساڵیادەدا لەبەرامبەر شەهیدبوونی شەهید رێزان جاوید بە گەشانەوەی ئاگری شۆڕش بڵێسەدارتر بكەین و خاوەنداریەتی لەنرخ و بەهاكانی گەلەکەمان كە شەهیدانن بكەین. دەبێت ئەو خاوەنداریەتیەی کە بنەماڵەكانی شەهیدان لەیەكتر دەیکەین و لەلایەن گەلەوە بەرفراوانتر ببن و بكرێتە فەرهەنگێك لەكوردستاندا. بەتایبەتی ژنان و گەنجان و كرێكاران و مامۆستایان و خوێندكاران و پیشەكاران بەچالاكی نوێتر و بەهێزتر ئەركی خۆیان راپەڕێنن و چییان لەدەست دێت بۆ ئەوەی قڕكردنی كوردان پووچەڵ بكەنەوە و سیاسەتی گۆشەگیری بەسەر ئیمراڵی دا مایەپووچ بكەن و كۆتایی بەسیاسەتی رەگەزگەرایی كۆمەڵایەتی لەبەرامبەر بەژنان بهێنین، بیکەن. بێگومان ئەوانەش کە باس لەبێدەنگی شۆڕش یا خود تەواو بوونی شۆڕش و دامركاندنەوەی شۆڕش دەكەن، ئەوە لەخزمەتی سەكۆ و بڵندگۆكانی رژێمی داگیركەری ئێراندایە كە بڵاو دەكرێنەوە. بەبڕوای من شۆڕش فەرهەنگە و فەرهەنگیش كۆتایی پێ نایەت. بە پێچەوانەوە ئەو شۆڕشەی کۆتایی پێ هاتووە کە لەناوەندەکانی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و هێزە رەگەزگەرا و دەسەڵاتخوازەکان تەپڵی پێ لێدەدرێت.

هـ . ب