ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە خەبات ئاندۆک سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک، مۆدێلی رێکخستنییەکەی، بەڕێوەچوونەکەی و رێگەی چارەسەریەکەی لە دیدارێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فرات (ANF) هەڵسەنگاند. بەشی یەکەمی دیدارەکە بەم جۆرەیە:
کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک چییە؟
کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک سیستمی رێکخستنی کۆمەڵگای دیموکراتیکە. بەم جۆرە بزوتنەوە و پارتیەک نییە، بەڵکو سیستمی کۆمەڵایەتیە. ئەوەندەی پەیوەندی بە کوردستانەوە هەیە، بۆ تورکیا، عێراق، ئێران و سوریاش دەتوانێت پەیوەندیدار بێت. ئەگەر بەرفراوانتری بکەین رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا، ئەمریکا، ئەفریقاش دەتوانێت بگرێتەوە. کەجەکە کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکی کوردستانە. هەمان شت بۆ ئێران، عێراق، سوریا یاخود دەوڵەتێکی دیکەش دەبێت. گەل، ئیتنیک، رێکخراوە کولتوریی، ئایینی و بە کورتی هەموو کۆمەڵگا و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەر بیانەوێت سیستمێکی بەو جۆرە بۆخۆیان بە بنەما بگرن، ئەو کاتە کۆنفدڕاڵیزمی دیموکراتیکی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یاخود بە ناوێکی دیکەوە کۆنفیدڕاڵیزمێک بەو جۆرە دەتوانرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابمەزرێت. هەروەها ئەگەر لە تەواوی جیهان دابمەزرێت ئەوە دەبێتە کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکی گەلانی جیهان. سیستمێکی بەو جۆرەیە کە لە هەرێمییەوە دەبێتە گەردونی، لە بچووکەوە بەرەو گەورە کۆمەڵگا لەگەڵ خۆیدا رێکدەخات، بەڕێوەبەرایەتی خۆی دادەمەزرێنێت.
کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک بەم جۆرەش پێناسە بکرێت ناوەرۆکەکەی چییە؟
لەبەر ئەوەی سیستمێکی جێگرەوە و ئاڵترناتیڤی سیستمی دەوڵەت پەرستی دەسەڵاتپارێزە، رێکخستنی کۆمەڵگا و گەل بە تەواوەتی بۆ خۆی بە بنەما دەگرێت، دەیپارێزێت. ئەگەر سەرنج بدەین، لە دوو وشەی سەرەکی پێکدێت. یەکیان دیموکراتیک/دیموکراسی و ئەوەی دیکەش کۆنفیدڕاڵیزمە. کۆنفیدڕاڵیزمی سیستمێکی پەیوەندی زۆر نەرمە کە پشت بە ئارەزوومەندانەبوون دەبەستێت. لەناویدا دەستوورێکی هەمیشەیی نوسراو بوونی نییە. تیایدا زۆرەملێبوون بوونی نییە. لە سەر بنەمای یەکگرتوویی و ئارەزومەندانەبوونە، جیاوازییەکانی خۆیشی بەم جۆرەیە.
کێن ئەوانەی لەسەر بنەمای ئەو ئارەزوومەندانەبوونە یەکدەگرن؟
دێمۆس یانی گەل. کۆمەڵگا، هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا؛ کۆمەڵە ئیتنیکیی، ئایینی، باوەڕی، پێکهاتە کولتوری، ژن-پیاو، هەموو ئەو رێکخراوانەی ئەرکی چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگایان گرتووەتە ئەستۆ. بە کورتی هەموو بەشەکان لەسەر ئەو بنەمایە لەناو دێمۆس یان گەلدا خۆی خۆی بەڕێوەدەبات. خۆبەڕێوەبەرییە. لە رووی بیانیەکان، باڵادەستانەوە بەڕێوەنابرێت. سیستمێکە کە هەموو بەشە کۆمەڵایەتییەکان لە سەر بنەمای خۆبەڕێوەبەری لە چوارچێوەی پەیوەندییە کۆنفیدڕالیزمەکاندا لەگەڵ یەک کۆدەبنەوە. لێرەدا دوو بنەما هەن؛
*بەر لە هەموو شتێک دەبێت سەرجەم بەشەکانی کۆمەڵگا رێکبخرێن
*کۆمەڵگای بەرێکخستنکراو دەبێت لەناو خۆیدا خاوەنی پەیوەندی بێت.
شێوەی پەیوەندییەکەش کۆنفیدڕالیزمە. شێوەیەکی پەیوەندی گوشار، زۆرداری و هەژموونی ئایدۆلۆژیک نییە. یەکێتییەکە کەلەسەر بنەمای یەکسانی و ئازادی دامەزراوە. ئەوەش لایەنی کۆنفیدڕاڵەکەیەتی.
ئەوەی دیکەش ئەوەیە کە دەبێت کۆمەڵگا رێکخستنکراو بێت. هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا، ئەوە دەبێتە بچوکترین پێکهاتە و هەموو ناسنامە، ئیتنیک، هەموو ناسنامەکان دەبێت. ئەمانە هەموو لە رێگەی خۆبەڕێوەبەری لەسەر بناغەی هۆشمەندی دیموکراسی خۆجێیی خۆی بە رێکخستن دەکات و بۆ ئەوەی بتوانن لە ناو ئەو رێکخستنەدا یەکێتی بەهێزتر دابمەزرێنن، لەسەر بنەمای پەیوەندی کۆنفیدڕال بەدەوری یەکەوە کۆدەبنەوە. هەربۆیە کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک سیستمێکی رێکخستنکردنی کۆمەڵگایە کە لە دەرەوەی دەوڵەتە، لە کوردستان، ناوچەکە و تەواوی جیهان هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا بەرێکخستن دەکات. ئەو سیستمە ئەوەندەی خۆجێییە، لە هەمان کاتدا سیستمێکی رێکخستنی کۆمەڵایەتی جیهانییە. هێندەی پەیوەندی بە کوردستانەوە هەیە، بۆ ناوچەکە و هەروەها بۆ تەواوی جیهان، بۆ گەلان، چەوساوەکانیش پەیوەندیدارە و دەیانگرێتەوە. سیستمێکی بەم جۆرەی رێکخستنی کۆمەڵایەتییە.
ئەم شێوازەی لە رێکخستنی دیموکراتیک بە چ شێوەیەک دەستەبەر دەبێت، کۆمەڵگای دیموکراتیکی رێکخراو چۆن دێتە ئاراوە؟
ئەوە سیستمی رێکخستنی نییە کە سیستمی پەرلەمانی یا خود لە ناوەندەوە بۆ خۆی بە بنەما بگرێت. لە سەرەتاوە تا کۆتایی لە شێوازی هەموو دەوڵەتان جیاوازە. لە بچوکترین رێکخستنەوە؛ وەک گوند، شەقامەکان رێکخستنی شەقامەکان دەستپێدەکات، لە رێکخستنی گوندەکان دەستپێدەکات، لەناویدا رێکخستنی کارگە، رێکخستنی ماڵ، بە کورتی هەموو گردبوونەوە مرۆییەکان تیایدا بە رێکخستن دەکرێن.
لە کۆمۆنەوە بەرەو کۆنگرەی گەلان
بچوکترین یەکەی رێکخستن کۆمۆنە. کۆمۆن لە هەمان کاتدا بە واتای ژیانی ئەو شوێنە دێت بە هەموو لایەنەکانی خۆیەوە بە شێوەی کۆمۆنە. لە لایەکی دیکەوە بچوکترین یەکەی دیموکراسی راستەوخۆیە کە مرۆڤ راستەوخۆ خۆی لەناویدا بەڕێوەدەبات. کۆمۆن بچوکترین ئەنجومەنە. هەربۆیە لە پەیمانی کەجەکەدا یاخود لە تیۆری ئێستای کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیکدا کۆمۆن بە واتای رێکخستن لە شەقام و گوندەکانە، ئەنجومەنی گوندەکانە. لەسەرویی ئەوانەوە چەندین گوند کۆدەبنەوە، لە سەرووی ئەوانیشەوە بۆ نمونە، ئەنجومەنی شارۆچکە دادەمەزرێت. بۆ ئافراندنی چارەسەری هاوبەش بۆ کێشەکانی کۆمەڵگا لە سەروو رێکخستنی گوند و شارۆچکەکان رێکخستنی ناوچە، لەسەرووی ئەوەشەوە رێکخستنی شار، لە سەرووی ئەوەشەوە رێکخستنی هەرێم پێکدێت. لەسەرووی ئەوەشە ئەنجومەنی گەلی وڵاتێک دادەمەزرێت. لە نێوان وڵاتانیش دەبێت. هەربۆیە دەبێتە ئەنجومەن لە ئاستی هەرێمایەتیدا. لە ئاستی گەلیشدا دەبێتە کۆنگرەی گەل ئەویش دەبێتە ئۆرگانی بریاردانی ئەو گەلە. بە کۆبوونەوەی گەلانی جیاجیا دەبێتە کۆنگرەی گەلان. ئەگەر بۆ جیهان پێناسەی بکەین ئەو کاتە دەبێتە کۆنگرەی گەلانی جیهان.
سیستمی دیموکراسی راستەوخۆ و رادیکاڵە
بە کورتی سیستمی ئەنجومەنەکانە. یەک ئەنجومەن نییە. بۆ نمونە لە تورکیا تەنیا ئەنجومەنێک هەیە. هەموو شت بە دامەزراندن ئەنجام دەدرێن. لێرەدا زۆر جیاوازە. بۆ نمونە ئەگەر لەبارەی تورکیاوە بڵێین، یاخود لەبارەی باکوری کوردستانەوە، ئەنجومەنێک یاخود ٢-٣-٥ ئەنجومەن نین. بۆ نمونە لە ئەڵمانیا فیدڕاڵیزم هەیە، لەوێش زیاتر لە یەک ئەنجومەن هەیە. هەروەها لە ئەمریکاش بەم جۆرە نییە. سیستمێکی بەو جۆرەیە کە رەنگە هەزار تەنانەت دەیان هەزار کۆمۆن و ئەنجومەن لەناویدایە، هەمووشیان گفتوگۆ لە بارەی کێشەکان لە ناوچەکانی خۆیان دەکەن، هەوڵ دەدەن چارەسەریان بکەن و هەمووشیان پێوەی پەیوەستن. هەربۆیە لە لایەکی دیکەوە دەڵێین، کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک لە هەمان کاتدا سیستمێکی ئەنجومەنەکانە. سیستمی دیموکراسی راستەوخۆیە. سیستمێکە کە کەس کەس بەڕێوەنابات. هەر کەس خۆی و ئەوانیتر بەڕێوەدەبات. سیستمێکی بەو جۆرە نییە کە یەکێک ئەرکدارە، یەک بەڕێوەدەبرێت، یەک بەڕێوە دەبات. هەر کەس بە گوێرەی پێناسەی مرۆیی ئەخلاقی و سیاسی لەسەر چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگا مشتومڕ دەکات، قسەی خۆی دەکات، بڕیار دەدات، بۆ جێبەجێکردنی بریارەکانیش ئەرکدار دەکرێت. سیستمێکی بەو جۆرەیە. سیستمێکی بەو جۆرەیە کە ئەرک و هێز بە تەواوەتی لەلای گەلە. سیستمێکە کە دیموکراسی راستەوخۆ تیایدا دەستەبەر بووە. لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی دەوڵەتە، دەتوانرێت وەک دیموکراسی رادیکاڵیش پێناسە بکرێت.
یەکێتی ئازاد و یەکسانی جیاوازییەکانە
هەروەها بەهۆی ئەوەی خاوەنی ژیان و مێشکێکی هەرەوەزی و کۆمۆناڵە،وەک دیموکراسی کۆمۆناڵیش دەتوانرێت پێناسە بکرێت. لێرەدا تێگەیشتن لە دیموکراسی تەنیا بەرزکردنەوەی پەنجە نییە، یاخود لە کاتی بڕیارداندا هێنانەسەرزمانی بیرکردنەوەی کەسەکەیە. رۆح و ژیانیشی جیاوازە. مانەوەی لەسەر پەیوەندی ئازاد و یەکسانە. ئەگەر مرۆڤ بە وتەیەک پێناسەی بکات دەتوانێت بڵێت، سیستمێکە کە تیایدا فرەرەنگی بە شێوەیەکی یەکسان یەکیان گرتووە و بوونە یەک. یەکێتیەکی لەناودایە. لەبەر ئەوەی کۆمەڵگا دەبێت پێکەوە بێت. یەکێتی کێ و چی؟ یەکێتی فرەرەنگییەکان. تایبەتمەندیی و جیاوازییەکان تایبەتمەندی خۆیان دەپارێزن. نەک وەک ئەوەی لە ناو رێکخستنی نەتەوە دەوڵەتدا یەکێک گرینگتر و ئەویتر بێ بەهایە. یەکیان بەڕێوەبەر و ئەویتر بندەست نییە. لێرەدا هەموو کەس بە جیاوازی خۆیەوە بە تایبەتمەندی خۆیەوە درێژە بە هەبوونی خۆی دەدات. لەلایەکی دیکەوە شیوەی پەیوەندی یەکسانە. کەس بە سەر کەسەوە باڵادەست نییە. وەک یەکێتی یەکسانی جیاوازییەکان دەتوانرێت پێناسە بکرێت.
بۆچی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک؟
ئەوەی کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیک بەم جۆرە فۆرمولە دەکات رێبەر ئاپۆیە. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەبوون و ئازادی گەلی کورد تێکۆشاوە و تێدەکۆشێت. ئێمە ئەو مرۆڤانەین کە بڕوامان بەو پرۆژەیە هێناوە، پەسەندی دەکەین کە پرسی هەبوون و ئازادی کوردان دەتوانن بەم جۆرە چارەسەر بکرێن و بۆ ئەوەش تێدەکۆشین. ئێمە دەزانین کە لە رەوتی مێژوودا زۆر مرۆڤ وەک ئێمە تێکۆشانی یەکسانی، ئازادی و دیموکراسیی و هەبوونیان بەڕێوەبردووە. ئەو تێکۆشانە بەردەوام هەبووە. بە هەموو جۆرێک ئەو تێکۆشانە بەڕێوەدەچێت، بە گوێرەی هەڵسەنگادنمان لە سەر مێژوو ئەگەر ئێمە ئاستی هیرارشیش تیایدا جێبکەینەوە، ئاستی دوای نیۆلیتیک هیرارشی و لە کاتی دەستپێکردنی دەوڵەتەوە و تائێستا قۆناغێکی نزیکەی ٧ هەزار ساڵ هەیە. یەک، دوو هەزار ساڵی سەرەتا ماوەی دروستبوونی کێشە هەنووکەییەکانی کۆمەڵگابوو. هۆکاری بنچینەیی بوو. وەها سەردەمێکە کە هێشتا هەندێک دەوڵەت دروست نەببوون، بەڵام دەسەڵاتداری پەرستی، تاکپەرستی بەرەو پێش دەچوو، مێشکی پیاوسالاری، ئایدۆلۆژیاکەی دروستبوو. ماوەیەک ئەو چینایەتیبوونە، دەوڵەتبوونەی بخوڵقاندایە ئەو سەردەمەیە، بەڵام دەزانرێت کە کۆیلەبوون هێشتا بوونی نییە. خۆی ماوەیەکی دوای ئەوە بیرکردنەوەیە، نزیکەی ٥ هەزار و ٥٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا دەوڵەت دروستبوو.
سیستمی دەوڵەتپاڕێز سەرچاوەی کێشەکانە
ئوروک لەو خاکەی ئێستا وەک عێراق دەناسرێت دامەزرا، دەوڵەت دروستبوو. دەمانەوێت ئەوە بڵێین؛ سەرچاوەی هەموو کێشە کۆمەڵایەتییەکان کە مرۆڤایەتی ئێستا پێوەی سەرقاڵ و گیرۆدەیە و ناتوانن وەک پێویست چارەسەری بکەن ئەو سیستمەیە. بۆ نمونە دەسەڵاتداری پەرستی، نەتەوەپەرستی، ناکۆکی سەردەست و بندەستان و هتد.. کێشە هەنووکەییەکان زۆر گەورەن و بە مێشکی ئێستا چارەسەر ناکرێن. لە رۆژی دەستپێکردنی کێشە کۆمەڵایەتیەکان بە دواوە، ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ مێژوو دەکەین. ئێمە دەڵێین کێشە هەبوون و لەلایەن باڵادەستانەوە ئافرێنراون. رۆحی ئەوان کۆمۆناڵ نییە. ئەوان دەیانەوێت ببنە باڵادەست. دەیانەوێت بیکەن بە خۆیان. لە جەوهەری کۆمۆناڵ، لە مرۆڤبوون و کۆمەڵگابوون دایانببڕن. ئەوان تاکپەرستن، بەردەوام دەیانەوێت بەڕێوەبەربن، دەیانەوێت باڵادەست بن. لەبەر ئەوەی سروشتی مرۆڤەکان ئازادی پارێزییە، یەکسانی پارێزییە، لەبەرامبەر ئەوە دەوستنەوە. لەبەرامبەر ئەوانەی لە مرۆڤبوون دابڕاون بەردەوام تێکۆشانی ئازادی و یەکسانی بەڕیوەچووە. مێژوویی باڵادەستی لەهەمان کاتدا مێژوویی تێکۆشانی ئازادییە لە بەرامبەر ئەو مامەڵەکردنانە. بەر لەوە لە هەلومەرجی کۆمەڵگای سروشتیدا مرۆڤەکان ئازادبوون، بەڵام دوای ئەوەی ئازادی زەوت کرا، لە دژی ئەوانە تێکۆشان دەستی پێکرد، بەرخودان دەستیپێکرد.
ئێمە درێژەپێدەری ئەو تێکۆشانەین
لەو کاتەوە بە دواوە ئەم تێکۆشانی دیموکراسی، ئازادی و یەکسانی بەردەوامە. ئێستا ئێمە درێژەپێدەری ئەوەین، هەر بۆیە ئێمە یەکەم نین، دواهەمینش نابین. لەسەر زەوی تا ئەو کاتەی هاوکێشەی پشتبەستوو بە مێشکی باڵادەست و بندەست بوونی هەبێت کە کۆمەڵگا دابەش دەکات، تا رەگەزپەرستی، دەسەڵاتپەرستی، باڵادەستی هەبێت، لەبەرامبەر ئەوانەش تێکۆشانی ئازادی بوونی دەبێت. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە شرۆڤە بۆ مێژوو دەکەین ئێمە دەڵێین لەو رۆژە بەدواوە تێکۆشانی دیموکراسی، ئازادی و یەکسانی بەڕێوەچوو، بەڵام لە ئاستی هەنوکەییدا لە جیهان هێشتاش کێشەکانی نایەکسانی، نادادپەروەری و دیموکراسی بوونی هەیە. هێشتاش کێشەکانی هەبوون و ئازادی بوونی هەیە. نمونەی هەرە بەرچاویشی لەلای کوردان، ژنان، گەنجان و هەموو بندەستان هەیە. جیهانێکی بەو جۆرەیە کە ژمارەیەکی زۆر گەل تیایدا لەناوچوون. ناچار بە کۆچبەری کران. هەربۆیە راستییەکی بەم جۆرە بوونی هەیە، بەڵام لەو لاشەوە تێکۆشانیش بوونی هەبوو. کەس ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە بۆ سەرکەوتنی بندەستان و چەوساوەکان باج و قوربانی کەم دراوە. بە ملیۆنان مرۆڤ تەنیا لە قۆناغی یەک شەڕدا مردوون. بەسەدان ساڵە کوردان جینۆساید دەکرێن. ئەگەر قڕکردن و جینۆسایدی ئەم سەدەیەش هەژمار بکەین، دەبینین بە دەیان ملیۆن کورد لەناوبراون. ئەرمەنییەکان لەناوبراون. بەڵام لەپێناو مانەوەدا تێکۆشان ئەنجامدراوە. هەربۆیەشە کێشەکە بابەتی کەمی تێکۆشان نییە. بابەتەکە ئەوەیە کە تێکۆشان بە چ مێشکێکەوە ئەنجامدراوە. کاتێک مرۆڤ لەم رووەوە هەڵیبسەنگێنێت، ئەوکاتە دەبینێت کە باڵادەستەکان خۆیان بە شێوەی دەوڵەت زۆر بەرێکخستن کردووە؛ لە رووی ئایدۆلۆژیا، سیاسی و سەربازییشەوە لە هەموو بوارەکانی ژیان خۆیان یەکدەست کردووە، هەموو بوارێکیان خستووەتە ژێر هەژموونی خۆیانەوە، هەربۆیە رێگە بە هزر و مێشکی جیاواز نادات. کاتێکیش تۆ لە دژی سیستم تێبکۆشیت وەک ئەوەی بەرامبەر بە بەڵگاندنەکانی سیستم تێکۆشان بکەین. لە روانگەی ئەوەوە، لە مێشکی ئەوەوە لە رووداوەکان دەڕوانیت. بە ئامرازەکانی ئەو دەیەوێت بگاتە ئامانجەکانی. کاتێک دۆخەکە بەم جۆرە بێت ئیتر ئەمە ئەستەم دەبێت و دەستەبەر نابێت.
دەوڵەتی باڵادەستانیان بۆخۆیان بە ئامانج گرتووە
چەوساوە و بندەستان لە هەموو شوێنێکی جیهان و لەسەرتاسەری مێژوودا دەیانەوێت بە شێوەیەکی یەکسان، بە دادپەروەری، بە ئازادی و مرۆیی بژین. هیچ باڵادەستێک ئەمەی ناوێت، لەبەر ئەوەی ئەوانەی هەموو ئەم کێشانەیان خوڵقاندووە خودی ئەو باڵادەستانەن. هەردووکیان جیاواز لە یەک بیردەکەنەوە. لەبەر ئەوەی جیاواز بیردەکەنەوە، ئامانجی هەردووکیان، پرۆژەی کۆمەڵایەتی ئەوان جیاوازە. بەگوێرەی ئەوەش ئامراز بۆ خۆیان دەخوڵقێنن. رۆح و هزری تاکەکەسی و بەرژەوەندیپەرستیی باڵادەستان، دەوڵەت خوڵقاندی. دەوڵەت رێکخراوترین دامەزراوەی چینی باڵادەستان و سەردەستانە. لەناو مێژوودا رەنگە هەندێک ریزپەڕ و هەڵاوێرد روویاندابێت، بەڵام دەتوانین بڵێین تاڕادەیەک هەموو ئەوانەی بۆ ئازادی، یەکسانی، دیموکراسی، ژیانێکی دادپەروەرانە و مرۆیی تێکۆشاون، دەوڵەتی باڵادەستانیان بۆ خۆیان بە بنەما و ئامانج گرتووە. لە نەریتی ئیتنیکی و پێغەمبەراندا، لە تێکۆشانی رزگاری نەتەوەیی سەدەی ٢٠دا ئێمە ئەوەمان بە بەرجستەی و بەڕوونی بینی. مارکسیزم کە هەڵمەتێکی چیانەتی بوو هەوڵی دەدا جیهانی بندەست و چەوساوەکان بونیادبنێت. لە هەر سێ ڤێرژنەکانیشیدا ئەوەمان بینی. تۆ سەیری بکە بندەستە، داوای دادپەروەری، یەکسانی و دیموکراسی دەکات، بەڵام ئەو ئامرازانەی بەکاریان دەهێنێت لەگەڵ ئامانج، رۆح، هزر و داواکارییەکانیان یەکناگرێتەوە. ئامرازی کەسانی ترە. ئامرازی دەوڵەتە. دەوڵەت بە شێوەی ئاسایی موڵکی باڵادەستانە. دەبێت تۆ بۆ خۆت شتێکت هەبێت، لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی جیاواز بیرناکاتەوە، لە ئایدۆلۆژیای هەژموونی باڵادەستاندا، دەرفەتی بیرکردنەوەیەکی جیاواز بۆ خۆی بە بنەما ناگرێت، ئەوەی لێدەبینیت کە وەک باڵادەستەکان بیردەکاتەوە.
لە هیچ دەوڵەتێکدا یەکسانی نایاتەدی
ئەو ئامارازەی کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بۆ خۆتی بە بنەما دەگریت، ئامرازی تۆ نییە، هی کەسی دیکەیە. دەبێت هی تۆ وەک تۆ بێت. کاتێک لەو رووەوە هەڵدەسەنگێنرێت، رێبەرمان وتی، 'هێندەی ئامانجەکانی ئازادی، دەبێت ئامرازەکانیشی پاک و بێگەرد بن'. دەوڵەت چەپەڵییە، زۆردارە، دەستدرێژیکارە، ستەمکارە، یەکدەستکارە. کاتێک بە دەسەڵاتدارییەوە هەڵدەسەنگێندرێت، ئەو کاتە دەبینرێت کە خوڵقێنەری هەموو کێشەکانی کۆمەڵگایە. لەبەر ئەوەش لە هیچ دەوڵەتێکەوە یەکسانی بەدی نایات. لەسەر رووی زەوی ژمارەیەکی زۆر دەوڵەت بوونیان هەیە کە بەخۆیان دەڵێن 'دیموکراتم، ئازادیپارێزم'. کام دەوڵەت لەناو خۆیدا کێشەکانی دادپەروەری، ئازادی، یەکسانی و دیموکراسی چارەسەرکردووە؟ هیچیان. ناتوانێت چارەسەری بکات، لەبەر ئەوەی جەوهەری خراپە. ئەو لە رووی هەبوونەوە خراپەکارییە. بەدەست هەندێکانەوە باش نابێت. مێژوو بە پێی پێویست پێی نیشانداین کە بەدەستی باشترین کەسەکانیشەوە باش نەبووە. ریاڵ سۆسیالیزم و بزوتنەوەکانی رزگاری نەتوەیی نمونەی ئەوەن.
نەبوونە خاوەنی ئامرازێک بە گوێرەی ئامانج و تێکۆشان
کاتێک بەم جۆرە مێژوو هەڵدەسەنگێنین ئەو کاتە دەبینرێت کە بندەست و چەوساوەکان، هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا، ئەوانەی بۆ یەکسانی و ئازادی تێدەکۆشن، ئەوانەی داوای ژیانێکی ئازاد و یەکسان دەکەن، لە سەرتاسەری مێژوودا تێکۆشاون. بەڵام نەبوونە خاوەنی رێکخستنێکی کۆمەڵایەتی و ئامرازێک بە گوێرەی ئامانجەکانیان. بانگەشەی ئێمە ئەوەیە؛ کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک گونجاوترین مۆدیلە بە گوێرەی داواکاری چەوساوەکان و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا. لە دەرەوەی دەوڵەتە، لەبەر ئەوەی بەرهەمی بندەستانە، بە گوێرەی داواکارییەکانیانە. ئەو تێکۆشانەی لە مێژوودا لەلایەن چەوساوەکانەوە ئەنجامدراوە بۆ بەرەوپێش بردنی ئەوانە. هەموو شۆڕشێک لەلایەن گەلانەوە دەکرێت، بەڵام بەردەوام هەندێک دەستی بەسەردا دەگرن، لەبەر ئەوەی ناتوانن بەرەو شوێنێک جگە لە دەوڵەت بڕۆن. تێگەیشتنی ئەوەی 'جگە لە دەوڵەت رێکخستنێکی دیکە بوونی نابێت' ئەوەندە زاڵ کراوە کە ئەویش خۆی داوای دەوڵەت دەکات. هەربۆیە بە بێ ئەوەی بکەوێتە سەر رێگەیەکی چەوتی لەو شێوەیە، دەبێت لەدەرەوەی مێشکی باڵادەستەکان ئامرازێک بە گوێرەی ئامانج، رۆحی ئازادیپارێز و یەکسانی بەدەستبهێنرێت. ئەو ئامرازەش ئامرازی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکە، سیستمی ئەوەیە. سیستمی بەو جۆرەیە کە کۆمەڵگا خۆی لەدەرەوەی دەوڵەت بەرێکخستن دەکات و خۆی بەڕێوەدەبات. ئەوە لایەنێکی مێژووییە.
لێرسینەوە و حسابپرسینی مێژووییە
ئەو چوارچێوەیەی رێبەر ئاپۆ دەستنیشانی کرد، بە واتای سەرخستنی هەموو قوربانیدانەکانە کە لە مێژوودا بۆ تێکۆشانی ئازادی، یەکسانی و بەها کۆمۆناڵە دیموکراتیکەکان پێشکەش کراون. هەرکات ئەوە پێکهات ئەو کاتە بەها کۆمۆناڵە دیموکراتیکەکان، ئامانجەکانی تێکۆشانی ئازادی و یەکسانی دەستەبەر بێت، دەبێتە خاوەنی سیستم. لێپرسینەوە و حسابپرسینەوەیەکی مێژووییە. لە دژی سیستمی دەوڵەتپەرستی هیرارشی ٧ هەزار ساڵە، لە بەرامبەر سیستمی باڵادەستان، دامەزراندنی سیستمێکە بەناوی گەلان. واتایەکی مێژوویی بەم جۆرەی هەیە.
ئێمە لەو بڕوایەداین کە چارەسەری لە دەرەوەی دەوڵەتدایە
ئێمە کوردین. کێشەی هەبوون و ئازادیمان هەیە. ئێمە گەلێکین کە لەناوبردنمان بەسەردا سەپێندراوە. کورد بەرامبەر بەوە لانیکەم سەد ساڵە تێدەکۆشن. هەروەها ئەو تێکۆشانە درێژدەبێتەوە تا سەدەی ١٩. کوردان لەو تێکۆشانەی هەبوون و ئازادییەدا دەیان هەزار شەهیدایان بەخشیوە. ئەگەر ئەو کێشانەی هەبوون و ئازادی چارەسەر نەکرێن ئەگەری هەیە جینۆساید بکرێن. جینۆساید یاخود خۆدانە دەست جینۆساید بەوەوە بەستراوەتەوە کە کورد چەندە دەتوانن خۆیان بەرێکخستن بکەن. ئەگینا هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و داگیرکەران خۆی لە خۆیدا بڕیاری جینۆسایدیان دژی کورد دەرکردووە. خۆی لە خۆیدا پراتیک و کردەوەی هەنووکەیی ئەوانیش لەسەر ئەو بنەمایەیە.
پەکەکە کە هێزی پێشەنگی گەلێکە کە لەبەردەم پرسی هەبوون و ئازادییە، تێکۆشانێک بەڕێوەدەبات. لەو تێکۆشانەدا بە دەیان هەزار شەهید پێشکەش کراون. بەهای تایبەتی زۆر بەهێزی هەیە کە جەوهەری کۆمەڵگایان ئافراندووە. پەکەکە وەک هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا کە پێشتر تێکۆشاون. نایەوێت تێکۆشانەکەی بەفیڕۆ بچێت. پەکەکە لە دۆخی هەنووکەییدا بۆ ئەوەی تێکۆشانی ٥٠ ساڵەی خۆی بگەیەنێتە سەرکەوتن، قورسایی دەخاتە سەر چارەسەرکردنی پرسی کورد لە دەرەوەی دەوڵەت. لەو چوارچێوەدا ئەو فۆرمول و هاوکێشەیەی دۆزیویەتیەوە کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکە. سیستمێکە کە پشتی بە سیستمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک دەبەستێت، لە چوار پارچەی کوردستان کورد بە شێوەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک درێژە بە هەبوونی خۆیان دەدەن. دەبنە خاوەنی ئازادی و رێکخستنبوون. دەوڵەت تۆ بەرەو کوێ دەبات؟ ئێمە ئەوە تەنیا لە نمونەی کورداندا نابینین. لە نمونەی ریال سۆسیالیزم و ڤێتنامدا دەیبینین. لەناو هەموو کەسدا دەیبینین کە لە پێناو رزگاری نەتەوەییدا تێکۆشاون. لەلای هەموو ئەوانەدا دەیبینین کە روویان کردووەتە دەسەڵاتداری. بە بێ ئەوەی لە نەرمەوزە و توانای خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت بڕوانێت، ئێمە لەو بڕوایەداین کە چارەسەری کێشەکان، چارەسەری پرسی کورد لەناو دەوڵەتدا نییە، بەڵکوو لە دەرەوەی دەوڵەتدایە. بەو تێگەیشتن و بڕوایەوە ئێمە دەجوڵێینەوە.
ئەنجامیش بە گوێرەی تێکۆشان بێت
باشە ئێمە لە بری ئەوە چی دادەنێین؟ وەک باسمان کرد، ئێمە سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک کە پشتی بە خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک بەستووە بە بنەما دەگرین. ئەوە بەو واتایە دێت؛ لە ناو سیستمدا نەتوێیتەوە، با لە ناو کوردانیشدا دەسەڵاتپەرست، ئاغا، ستەمکار نەبن. کوردان بۆ ئازادی و یەکسانی تێکۆشان، داوای دادپەروەریان کرد، بۆ ئەوەی هەبوونی ئەوان قەبوڵ بکرێت، وەک خودبوون دەرفەتی ژیان بدۆزنەوە، تێکۆشان. ئەو کاتە دەبێت ئەنجامەکەشی بە گوێرەی ئەوە بێت. ئەگینا خۆی بابەتێکی وەک باشوری کوردستان هەیە. لەوێش کورد هەن، بەڵام پرسی هەبوونیش بوونی هەیە. لەوێ ئەو هەمووە تێکۆشان بەڕێوەچوو، ئێستا هەموو شت دەبینرێت. سیستمێکی پشتاوپشتی دامەزرا، بە تەکنیکێک کە ناوی هەڵبژاردنیان لەسەر داناوە هەندێک/ بنەماڵەیەک دەستی بەسەر تەواوی بەهاکانی کوردستاندا گرتووە؛هەوڵ دەدات هەموو کورد بکاتە هاوکاری مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، کۆلۆنیالیستەکان، پاکتاوکەرەکان. بۆ ئەوەی لە ناو کورداندا خانەی شێرپەنجەی بەم جۆرە سەرهەڵنەدەن، بۆ ئەوەی تێکۆشانی کوردان بە گوێرەی ئامانجەکانیان بگاتە ئەنجام بە ئازادی بگاتە ئاکام، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان یەکسان و ئازاد بن، بەرەو بێچینایەتی بچین. با چین بوونی نەبێت. دادپەروەری بچەسپێت. مرۆڤەکان هەموو چالاک بن. مرۆڤەکانی هەموویان یەکتر بەڕێوەببەن. مرۆڤ بەرامبەر بە یەکتر خۆیان بە بەرپرسیار دابنێن. بۆ ئەو ئەنجامە، بۆ کوردان کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک دەستەبەر بێت، ئێمە سیستمی رێکخستنی کۆنفیدڕاڵی دیموکراتیک، ئەو سیستمە کۆمەڵایەتی وەک رێگەی چارەسەری دەبینین.
هـ . ب
درێژەی هەیە..