ئاپێ موسا لەسەر گۆڕەکەی یادی کرایەوە

ئاپێ موسا لە٣٢هەمین ساڵڕۆژی کوشتنی لە گوندی ستیلیلێ لە نسێبینی ماردین، لەسەر گۆڕەکەی یادی کرایەوە. سەردار ئاڵتان هاوسەرۆکی دەفەگە وتی: "بە کوشتنی ئاپێ موسا ویستیان ڕاستییەکان بکوژن، بەڵام ناتوانن ڕاستییەکان بکوژن".

ڕۆژنامەنووس، نووسەر و زانای کورد، موسا عەنتەر، کە لە ٢٠ی ئەیلوولی ١٩٩٢ لە ئامەد کوژرا، لە گوندی ستیلیلێ سەر بە نسێبینی مێردین، لەسەر گۆڕەکەی یادی کرایەوە. ئەندامانی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فورات(دەفەگە)، پلاتفۆرمی ڕۆژنامەنووسانی ژنانی میزۆپۆتامیا (مەکەگەپە)، هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) ساڵیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز، ڕۆژنامەی یەنی یاشام، ڕۆژنامەنووس حوسێن ئاکیۆل، نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە جڤاکی ومەدەنییەکان بەشدارییان لە یادەکردنەوەکەدا کرد.

یادەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ ئەو کەسانەی لە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسیدا گیانیان لەدەستداوە دەستی پێکرد. سەرەتا ساڵیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە قسەی کرد. ئایدەنیز باسی لەوەش کرد کە پێیان وابوو بەکوشتنی ئاپێ موسا پێنووسەکەی لەسەر زەوی دەمێنێت، بەڵام "ژەنەڕاڵە بچووکەکان"ی ئاپێ موسا پێنووسەکەیان لەسەر زەوی بەجێ نەهێشت و سەرنجیان بۆ ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو ڕاکێشا کە شوێن کەوتووی  پێنووسەکەی ئاپێ موساکان کەوتوون.

'ناتوانن ڕاستیەکان بکوژن'

 پاشان هاوسەرۆکی (دەفەگە) سەردار ئاڵتان قسەی کرد. ئاڵتان ڕایگەیاند کە ماوەی ٣٢ ساڵە شاگردانی ئاپێ موسا یادی دەکەنەوە و وتی: "بەڕاستی ویستیان بە کوشتنی ئاپێ موسا ڕاستییەکان بکوژن. بەڵام ئەمڕۆ دیارە ناتوانن ڕاستییەکان لە تاریکیدا ڕابگرن. ناتوانن ڕاستی بکوژن، کۆبوونەوەمان لێرە ئەو ڕاستییە نیشان دەدات". ئاڵتان ڕایگەیاند بە کوشتنی ئاپێ موسا قۆناغێکی نوێ بۆ چاپەمەنی کوردی دەستی پێکردووە و ڕایگەیاند بەخەباتی چاپەمەنی کوردی ڕاستی کوردان لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە.

 پاشان عەنتەر عەنتەر قسەی کرد و وتی کە ئەوان هەمیشە لەسەر ڕێچکەی ئاپێ موسا دەبن.