بە دیمەن

ئاری عزەدین: هەڵمەتی ١٥ی تەباخ هەنگاوێکی مەزنە لە مێژووی گەلەکەمان

چالاکوانی سیاسیی، ئاری عزەدین تیشکی خستەسەر گرنگی هەڵمەتی ١٥ ی تەباخ (ئاب) لە مێژووی گەلی کورد، وتی: "هەڵمەتی ١٥ ی ئاب هەنگاوێکی کاریگەر بوو دژی چەوساندنەوەی گەلی کورد".

١٥ی تەباخ، بە پێشەنگایەتی فەرماندە عەگید (مەعسوم کۆرکماز) ڕۆژی ١٥ی تەباخ (ئاب)ی ١٩٨٤ لە ناوچەی شەمزینان، یەکەم فیشەکی پەکەکە بەڕووی دووژمنان و داگیرکەرانی کوردستان تەقێنرا. لەو بارەییەوە چالاکوانی سیاسی ئاری عزەدین بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

'١٥ی تەباخ هەنگاوێکی مەزنە لە مێژووی گەلەکەمان'

ئاری عزەدین ئاماژەی بەوە کرد ئەو پارت و ڕێکخراوە کوردییانەی کە لە مێژووی گەلەکەماندا هەبوون مەدەنی و ئاشتیخوازبوون. دەیانویست لە ڕێگەی دیموکراسییەوە کێشەکانی کورد و کوردستان چارەسەر بکەن بەڵام وڵاتانی داگیرکەر بە جینۆساید، ئەنفال کردن و زیندانی کردن وەڵامیان داوەتەوە بەمجۆرە دوا: "لە دوای ٥٠ ساڵ لە بێدەنگکردن و توانەوەی کورد لە باکووری کوردستان، لە ساڵانی ٧٠ کان بەدواوە کۆمەڵێک گەنج بزووتنەوەی پەکەکە لە باکووری کوردستان دروست دەکەن، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد، لە سەرەتادا بە شێوەیەکی مەدەنی و دیموکراسی خەبات بە بنەما دەگرن بەڵام ڕووبەڕووی ئەشکەنجدان و زیندانکردن دەبنەوە.

 هەربۆیە لە ١٥ی ئاب پەکەکە بڕیاری خەباتی چەکداری دەدات. هەنگاوێکی زۆر کاریگەر بوو چونکە لەو سەردەمەدا گەلی باکووری کوردستان ڕووبەڕووی چەوساندنەوەیەکی زۆر دەبوویەوە. پەکەکە بووە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ کورد و کوردستان. لە سەرەتادا پەکەکەش خەباتی مەدەنی و دیموکراسی و کۆمەڵایەتی دەکرد بەڵام زۆرێک لە کادر و ئەندامەکانی ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و زیندانکردن و شەهیدبوون دەبوونەوە. بۆیە بڕیاڕی خەباتی چەکداری هاوشان بە خەباتی دیموکراسی بۆ بەرگریکردن لە گەلی کورد و کوردستان بووە، ئەمە لە بنەڕەتدا خواستی گەلی کورد نیە بۆیە ناچاربوونە لە بەرامبەر داگیرکەرانی کوردستان خەباتی چەکداری بکەن."

'پەکەکە هیوای هەر چوار پارچەی کوردستانە'

ئاری عزەدین ڕاشیگەیاند، خەباتی چەکداری پەکەکە گەلی کورد دەباتە قۆناغێکی تر بۆ پاراستنی گەلی کورد و کوردستان لە ئێستاشدا ئەنجامەکانی دیارن و وتی: "گەر ئێمە هەڵسەنگاندن بکەین بۆ ئەو پارتانەی کە لە ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان دروستبوون، خەباتی چەکدارییان کردووە بەڵام تەنها لە ناوچەیەک و سنورێک بووە. بەڵام پەکەکە گەلی کورد دەباتە قۆناغێکی تر و دەبنە هەوێنێک بۆ ئەوەی لە هەر چوار پارچەی کوردستان پشتی پێ ببەستن. لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستەکانی داعش هێزەکانی پاراستنی گەل، لە هەر شوێنک گەلی کورد لە مەترسی بوایە لەوێدا ئامادە دەبوون.

ئەمەش جیاوازی نێوان پەکەکە و پارتەکانی ترە هەڵبەت خەبات و ماندووبوونی ئەوان بەکەم ناگرین بەڵام خەباتی ئەوان ناوچەیی بووە. خەباتی پەکەکە هەموو سنوورەکان دەشکێنێت و کچ و کوڕانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە یەک سەنگەر کۆدەکاتەوە کە ئەمە لە مێژوودا بێ وێنەیە. لە ئێستاشدا پەکەکە بووە بە هیوای هەر چوار پارچەی کوردستان."

لە درێژەی قسەکانیدا ئاری عزەدین باسی لەوەکرد شۆڕشی پەکەکە لە ڕێگەی ئایدۆلۆژییەوە گەلی ئاشنا کردووە بە کێشەکانی کە لە ڕێگەی سیستەمی سەرمایەداری و دەوڵەت نەتەوەکانەوە تووشی بووە، و گوتی: "یەکێکی تر لە دەرکەوتنەکانی ئەم شۆڕشە، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییە. کە بووە بە وێردی سەر زمانی هەر چوار پارچەی کوردستان کە ئەم بزووتنەوەیە خاوەندارێتی لێ دەکات."

لە کۆتایی قسەکانیدا ئاری عزەدین وتی: "پیرۆزبایی لە ڕێبەرئاپۆ دەکەین، ڕێبەرئاپۆ تەنها ڕێبەری گەلی کورد نیە بەڵکو ڕێبەری گەلانە. نمونەی ئەم ڕاستییەش ئەوەیە هەزاران خەڵک لە نەتەوەی جیاواز خەبات و تێکۆشان لەم ڕێبازە دەکات. ڕێبەرئاپۆ ڕاستە بەجەستە زیندانیکراوە بەڵام فکری ئەو زیندانی نەکراوە. ئازادی جەستەی گرنگە تاوەکو زیاتر برەو بەم ڕێبازە بدات. وەک چۆن لە پێشتردا داوای ئازادی ڕێبەر ئاپۆمان کردووە لە ئێستاشدا بانگەواز لە گەلی کورد و ئازادیخوازن دەکەین لە هەموو وڵاتانی جیهان داوای ئازادی ڕێبەرئاپۆ بکەن. کاری ئێمە بۆ ئازاد کردنی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام دەبێت و ڕێبازەکەی بەردەوام دەکەین."