ئاڤێستا جودی گەریلای هێزەکانی پاراستنی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان (هەپەژە / HPJ) بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی رایگەیاند، دەوڵەتە داگیرکەرەکانی سەر کوردستان هەوڵ دەدەن لەرێگەى سیاسەتی شەڕی تایبەتەوە، بە تایبەتی بەو سیاسەتەیان لە دژی ژنان ئەنجامێک بۆ خۆیان بە دەست بهێنن، بۆیە بە بەردەوامی هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد.
ئاڤێستا جودی گەریلای هەپەژە لە بانگەوازەکەیدا بۆ هەموو ژنان و بە تایبەتی بۆ ژنانی مەریوان، سنە، ورمێ و کرماشان وتی، لە دژی دەسەڵاتداران و داگیرکەریی دەوڵەتە خۆسەپێنەکان راپەڕن و لە دژی ئەو شەڕە چەپەڵە، کە ئامانجی لەناوبردنی کوردانە هەستیار و هۆشیار بن.
ئاڤێستا جودی لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی، "ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان شەڕێکی گەرم هەیە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، کە رژێمی ئێران سیاسەتە تایبەتە پاکتاوکارییەکانی درێژە پێ نادات. دەبێت ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوە باش بزانن، کە رژێمی ئێران زۆر بە وردی سیاسەتەکانی پاکتاوکردن بەڕێوەدەبات، بۆیە وەک ژنێکی شۆڕشگێڕ داوا لە هەموو ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم، وەرن پێکەوە لە دژی ئەو سیاسەتە پاکتاوکارییانە بوەستینەوە".
ئاڤێستا جودی سەرنجی خستەسەر جیاوازیی نێوان ژنانی گەریلا و ژنانی کۆمەڵگە و وتی، "ژنان لە کۆمەڵگەى ئەمڕۆماندا لە ژێر گوشار و زۆرداریی پیاودا دەچەوسێنرێنەوە. سروشتیترین مافەکانیش لە دەستی ژنان دەرهێنراون. بزووتنەوەى ئازادیی ژنان لە دژی ئەو عەقڵییەت و تێگەیشتنە، ژیانێک دەئافرێنێت، کە ئازادی دەبەخشێت. من بۆ خۆم عەقڵییەتی باڵادەستی پیاوسالاریم قبوڵ نەکرد و بەشداری ریزەکانی بزووتنەوەى ئازادی بووم. لەبەر ئەوەش لە بریی ئەوەی تەمەنێکی درێژت لە ناو ژیانێکی چەوساندنەوەدا بیت، مرۆڤ ١٠ ساڵ بە شێوەی ئازاد و شکۆمەندانە بژی زۆر باشترە. هەر رۆژێکی ئێمە لەم چیایانەدا بەرامبەر چەند ساڵ ژیانی ئاساییە".
ئاڤێستا جودی گەریلای هێزەکانی پاراستنی ژن (هەپەژە / HPJ) لە رۆژهەڵاتی کوردستان داوای لەو ژنانە کرد، کە لە ناو دیوارەکانی کۆمەڵگەی زایەندپارێزدا زیندانیکراون و وتی، "هەموو ژنێک هێزی گۆڕینی ئەو چارەنووسەی هەیە، کە بۆی دیاریکراوە".
ژ.ت