ئازادکردنی ١٢ زیندانیکراوی گرتووخانەی بۆلوی ڕادەگیرێت
ئازادکردنی کۆمەڵێک زیندانیکراوی گرتووخانەی بۆلوی لە تیپی T ڕادەگیرێت کە نزیکەی ٣٠ ساڵە بەندکراون، چونکە «پەشیمانی» قبووڵ ناکەن.
ئازادکردنی کۆمەڵێک زیندانیکراوی گرتووخانەی بۆلوی لە تیپی T ڕادەگیرێت کە نزیکەی ٣٠ ساڵە بەندکراون، چونکە «پەشیمانی» قبووڵ ناکەن.
ساڵی ١٩٩٣ سوپای تورکیا هەڵیکوتایە سەر گوندی خەرابی شەرەفی شارۆچکەی هەزەخ لە هەرێمی شەرناخ، هەریەک لە ئەحمەد زەنگەر و عوسمان کاپان و سلێمان سونگور و ڕەمەزان ئۆزالپ و نوری ئاری و عەبدوڵا ئۆفلاس و ڕەمەزان ئۆزیاگیت دەستگیرکران، هەموویان حوکمی زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنرا.
یەکێک لە زیندانیکراوەکان بەناوی سلێمان سونگور گیانی لەدەستدا، هەروەها زیندانیکراوی نەخۆش ڕەمەزان ئۆزالپ پاش سێ مانگ لە ئازادکردنی لە ساڵی ٢٠١٤ گیانی لەدەستدا، لە ١٢ ی شوباتی ٢٠٢٣ هەریەک لە نوری ئاری و عەبدوڵا ئۆفلاس لە گرتووخانەی شاکرانی تیپی T لە ئەزمیر ئازادکران، هەروەها لە ٦ ی شوبات ڕەمەزان ئۆزیاگیت لە گرتووخانەی توندی وان ئازاد کرا.
بەڵام لیژنەی بەڕێوەبردن و چاودێری سزادان، بۆ ماوەی شەش مانگ سزای سەر ئەحمەدی زینگەری (تەمەن ٦٣ ساڵ) درێژکردەوە لە زیندانی ئەسپیا تیپی L، ئەوەش بەهۆی قبووڵ نەکردنی «پەشیمانی».
هەروەها ئازادکردنی عوسمان کاپان لە زیندانی بۆلوی تیپی T دواخرا، هەرچەن وا بڕیار بوو لە مانگی نیسان ئازاد بکرێت، بەڵام بە پاساوی قبووڵ نەکردنی «پەشیمانی»، سزاکەی سێ مانگی تر درێژکرایەوە.
لە نامەیەکدا بۆ خێزانەکەی، کاپان باسی ئەم پێشێلکارییانەی کردووە، بەو پێیەی گشتاندنەکەی وەزارەتی داد بۆ ئازادکردنی زیندانیکراوە نەخۆشەکان پاڵپشتی ئەوانە، گوتی: «زیندانیکراوە کوردە وڵاتپارێز و شۆڕشگێڕەکان ئازاد ناکرێن کە ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵە بەندکراون و ماوەی حوکمەکەیان تەواو بووە، زیندانیکراوە شۆڕشگێڕەکانی گرتووخانەی بۆلوی تیپی T دوا دەخرێت، ئەوەتا ئازادکردنی ئەرداڵ تونجەر پێنج جار دواخراوە، هەروەها ئازادکردنی عەدنان کاراماش و سەیفەدین بەهار و عوسمان ئەسڵان سێ جار دواخراوە، ئازادکردنی نیزام ئەلگونەرهان و فواد گولەر و فەرید ئۆراک و عەبدولحەمید بابات و محەمەد زاهار و یەحیا ئانیک و موسا شاناک و محەمەد ئەینا: دووجار دواخراوە».
لە نامەکەی کاپانەوە دەزانرێت، ئەو کەسانەی ئازادکردنیان دوا دەخرێت، ٣٠ ساڵە بەندکراون، لەگەڵ ئەوەشدا، نیزام ئەلگونەرهان و فەرید ئۆراک ناویان لە لیستی زیندانیکراوە نەخۆشەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ÎHD) هاتووە.
ف.ق