ئازبای: دەوڵەتی تورک دەست لە سیاسەتی شەڕ هەڵناگرێت
لە ئەنجومەنی گەنجانی پارتی چەپی سەوز، ئۆغوزهان ئازبای سەرنجی بۆ سیاسەتی شەری تایبەتی دەوڵەتی تورک لە کوردستان ڕاکێشا و ڕایگەیاند، کە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە هەموو گەڕەکێکدا زیادی کردووە.
لە ئەنجومەنی گەنجانی پارتی چەپی سەوز، ئۆغوزهان ئازبای سەرنجی بۆ سیاسەتی شەری تایبەتی دەوڵەتی تورک لە کوردستان ڕاکێشا و ڕایگەیاند، کە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە هەموو گەڕەکێکدا زیادی کردووە.
لە ئەنجومەنی گەنجانی پارتی چەپی سەوز، ئۆغوزهان ئازبای سەبارەت بە سیاسەتی شەری تایبەتی دەوڵەتی تورک، کە لە دژی گەنجان بە تایبەت لە کوردستان بەڕێوەدەچێت، قسەی بۆ ئاژنسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
ئازبای ڕایگەیاند، کە دەوڵەتی تورک هەرگیز دەستی لە سیاسەتەکانی تواندنەوەی کولتوری و کۆمەڵکوژی هەڵنەگرتووە و وتی، "بەتایبەت لەم دواییانەدا سیاسەتەکانی شەڕی تایبەتی چڕتر کردووەتەوە. لە هەموو گەڕەکێکی کوردستاندا بەکارهێنانی مادەی هۆشبەری زیاتر کردووە. گەنجان لە لایەکەوە ڕووبەڕووی هەژاری دەبنەوە، لەلایەکی دیکەوەشەوە رووبەڕووی ماددەی هۆشبەر دەبنەوە. دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات وا لە گەنجان بکات نەتوانن بیربکەنەوە و پێشەنگایەتی کۆمەڵگاکەیان بکەن. بۆ ئەوەی گەنج نەتوانێت بیربکاتەوە و ئاگای لە توانەوەی کولتوری نەبێت، بەرامبەر بە سیستم نەوەستێتەوە.هەر گەنجێک کە بزانێت سەرچاوەی هەژاری چییە، هەر گەنجێک کە هۆشیاری نەتەوەیی هەبێت، بەرامبەر سیستەم دەوەستێتەوە. دەیانەوێت لە ڕێگەی ماددەی هۆشبەرەوە مێشکی گەنجان کۆنترۆڵ بکەن.
ئەوان دەیانەوێت وا لە گەنجان بکەن کە نەتوانن قسە بکەن و نەتوانن دەنگ هەڵبڕن و نەتوانن ناڕەزایەتی دەرببڕن. لەبەر ئەوەیە دەوڵەتی تورک بەو ڕادەیە قورسایی خستووەتە سەر بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، تەمەنی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ١١ ساڵ دابەزیوە. ئەمە تابلۆیێکی مەترسیدارە .
جگە لەوەش لە کوردستان لەژێر ناوی شوێنە کۆمەڵایەتییەکان، لە کافێ و پارکەکاندا لەشفرۆشی پەرەی پێدەدرێت. ژیانێک دوور لە بەها کولتورییەکان، دوور لە بەهاکانی کۆمەڵگای کورد بەسەر ژنانی گەنجدا دەسەپێندرێت. لەم دواییانەدا بینیمان مامەڵەی سەرباز و پۆلیس و ئاسایش لە ژنانی گەنج لە کوردستان، نزیک بونەوەیەکی لەشفرۆشی و فشارە بۆ خۆکوشتن. ئەو سەربازانەی لەم هەرێمانەدا ئەرکدارکراون، لە فرۆشتنی ماددەی هۆشبەرەوە تا حاڵەتەکانی دەستدرێژی و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان لە ڕای گشتیدا وەک بەرپرس لە زۆر ڕووداو سەیر دەکرێن. ژنان لەلایەن سەرباز و پۆلیسەوە دەستدرێژییان دەکرێتەسەر، تاوانبارانی وەک موسا ئۆرهان کە دەستدرێژی کردە سەر ئیپەک ئەر و دواتر خۆی کوشت، دڵنیان لەوەی کە ئەو کەسانەی ئەم تاوانانە ئەنجام دەدەن دادگایی ناکرێن. دەستدرێژی پاسەوانەکان بۆ سەر فیردەوس بابات، بێسەروشوێنبوونی گوڵستان دۆکو بە هاوکاری دەوڵەت-هێزەئەمنییەکان نموونەی هێرشی جەستەیی و شەڕی تایبەتن. ئەمە بارودۆخی کوردستانە. لە دۆخێکی وادا پێویستە تێکۆشانی شۆڕشگێڕانە کەم نەبێتەوە”.
'پێویستە رێگە لە شێواندن و پیسکردنی مێشک بگیرێت'
ئازبای ئاماژەی بەوەشکرد، سیاسەتەکانی شەڕی تایبەت زیاتر رووبەروی گەنجان دەبێتەوە، بەڵام ئەمە نابێت بەتەنها وەک کێشەی گەنجان سەیر بکرێت و وتی، "گەنجان ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان رادەپەڕێنن، ئەرکی خۆیان بەجێدەهێنن، بەڵام کۆمەڵگا دەبێت ئاگاداری ئەم سیاسەتانە و شەڕی تایبەت بن، دەبێت هەموو شتێکی دەوڵەتی تورک باش هەڵبسەنگێنن و ڕێگری لە پیسکردنی مێشک بکەن، ئێمەش لەم چوارچێوەیەدا کاردەکەین، لەگەڵ خێزان و گەنجان و ژنان کۆدەبینەوە و هەوڵدەدەین کۆمەڵگا وشیار بکەینەوە، هێڵی بەرخۆدان لە چوارچێوەی ڕێکخستندا هەڵدەسەنگێنن".
ئازبای ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەلمەتێکیان بەناوی 'بەرخۆدانی شکۆمەندانە لە دژی شەڕی تایبەت' تا کۆتایی مانگی ئایار بەردەوام دەبێت و وتی: لەو ڕۆژەوە کە هەڵمەتەکەمان دەستیپێکردووە، ئاهەنگ و گەشت و وۆرک شۆپ ئەنجامدراوە. لە هەموو چالاکییەکاندا کاری سەرەکیمان هەڵسەنگاندنی شێوازەکانی شەڕی تایبەت وبەرەنگاربوونەوەی ئەم شەڕە بووە و گفتوگۆ ناوخۆییەکانیشمان بەم شێوەیەن. کارەکانمان بەبێ پچڕان بەردەوام دەبن. گەڕەک بە گەڕەک، شەقام بە شەقام، ماڵ بە ماڵ لە دژی شەری تایبەت تێدەکۆشین.
'پێویستە تێکۆشانی رێکخراو بەهێز بکرێت'
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئازبای داوای لە هەموو گەنجان کرد خۆیان لە ئەنجومەنی گەنجانی پارتی چەپی سەوزدا ڕێکبخەن و ڕایگەیاند "هەموو لایەک دەزانن کە ئەم دەسەڵات لە پێناو پاراستنی حوکمی خۆیدا هەمیشە هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد، بانگەوازی ئەوە دەکەین" هەموو ئەو گەنجانەی کە دژی ئەم هێرشانە دەوەستنەوە خۆیان لە ناو ئەنجومەنی گەنجانی پارتی چەپی سەوزدا ڕێکبخەن و داواکارییە ڕەواکانتان سەربخەن و بۆ ئەمەش خەباتی رێکخستنی بەگوڕتر بکەن".
هـ . ب