یەبەشە: بە ڕۆحی ١٥ ی ئاب دوژمن تێکدەشکێنین
یەبەشە شەهیدانی مانگی ئابی بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند، بە ڕۆحی ١٥ ی ئاب بە تێکۆشان و بەرخۆدان دوژمن تێکدەشکێنین.
یەبەشە شەهیدانی مانگی ئابی بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند، بە ڕۆحی ١٥ ی ئاب بە تێکۆشان و بەرخۆدان دوژمن تێکدەشکێنین.
فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) بەبۆنەی ٣٩ هەمین ساڵیادی جەژنی ژیانەوەی هەڵمەتی ١٥ ی ئاب، ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە.
فەرماندەیی گشتی یەبەشە دەڵێت: "وەک دەزانن، هەموو گەل و تەڤگەرەکان خاوەنی ڕۆژی پیرۆز و واتادارن. بۆ هەموو گەلی کوردستان و گەلانی هەرێمەکەش ١٥ ی ئاب ڕۆژێکی پیرۆز و لەدایکبوونەوەیە. ١٥ ی ئاب بۆ هەموو گەلان هیوای ئازادییە لە بەرامبەر دوژمنانی ژیان خۆڕێکخستنەوەیە. لەسەر ئەم بناغەیە، ئێمە جەژنی ژیانەوە لە سەراپای گەلەکەمان و گەلانی هەرێمەکە و هەموو گەلانی ژێردەست پیرۆز دەکەین و هەموو شەهیدانی کوردستان بە ڕێزەوە بیردەهێنینەوە".
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێت:
"دەوڵەتی فاشیست و قڕکەری تورک هەردەم هێرش دەکاتە سەر پیرۆزییەکانی گەلانی کوردستان و هەرێمەکە. ١٥ ی ئاب وەک چۆن ڕۆژی ژیانەوەیە، بەهەمان شێوە ڕۆژی فەرمان و شەهید بوونیشە. دوژمن ئەم ڕۆژە پیرۆزەی بۆ گەلی ئێزدیمان گۆڕی بۆ ڕۆژێکی تاریک. ١٤ ی ئاب لە گوندی تەل عەزێر و سیبا شێخ خدر، ١٥ ی ئاب لە گوندی کۆچۆ کۆمەڵکوژی ڕوویدا. دیسان لە ١٥ ی ئابی ٢٠١٨، دەوڵەتی فاشیستی بە هێرشێکی نامەردانە مام زەکی شەهید کرد. هەروەها فەرماندەی تەڤگەرەکەمان، هاوڕێ و پێشەنگی گەلەکەمان، شەهید حوسێن بە هەمان شێواز شەهید کرا. دیسان لە ڕۆژی ١٧ ی ئاب لە گوندی سیکانی بە هێرشێکی ئاسمانی کۆمەڵکوژی لە نەخۆشخانەیەک ئەنجامدا. لەسەر ئەم بناغەیە، یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی دەکەینەوە و بەڵێنی سەرکەوتنی تێکۆشان دەدەین.
دەوڵەتی فاشیستی تورک بە دەستی چەتەکانی داعش لە ٣ ی ئابی ٢٠١٤، هێرشی کردە سەر چاند و باوەڕ و ئیرادەی ئازادیمان. لەبەرامبەر ئەم دوژمنانەی مرۆڤایەتی، بە پێشەنگایەتی مام زەکی و شەهید حوسێن، گەلەکەمان خۆی ڕێکخست و تێکۆشانی ئازادی و ڕزگاری دەستپێکرد. لەم چوارچێوەیەدا، وەک وەڵامێک بۆ فەرمانەکان و لەپێناو ژیانێکی ئازاد، بە پێشەنگایەتی مام زەکی و شەهید حوسێن، یەبەشە دامەزرا. لەم مانگەدا، لەپێناو شەنگالێکی ئازاد و دیموکراتیک، سەدان شەهید بەخشرا.
دەوڵەتی فاشیستی تورک و پەدەکەی هاوکاری، بە هێرشکردنە سەر تەڤگەرەکەمان و گەلەکەمان دەخوازێت تۆڵەی شکستی داعش بکاتەوە و دووبارە فەرمانی ٣ ی ئابی ٢٠١٤ ئەنجام بداتەوە. بەم ئامانجە، ڕۆژانە هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر خاکەکەمان و شەڕی تایبەت و سایکۆلۆژی بەڕێوەدەبات. دەوڵەتی فاشیست، تاوەکو بگاتە ئامانجی میساقی-میللی، شەنگال وەک دەرگایەک دەبینێت. لە مێژوودا، دەیان کۆمەڵکوژی و فەرمان بە دەستی دەوڵەتی تورک پێکهاتووە. بە فەرمانی ٢٠١٤ و شەهیدکردنی پێشەنگەکانمان مام زەکی و شەهید حوسێن، ویستیان ئیرادە و ڕێکخستن و پاراستنی جەوهەری گەلەکەمان تەسفیە بکەن. لە بەرامبەردا، گەلەکەمان دەگەڕێتەوە شەنگال و لەنێو ئارامی و ئاسایشدا تێکۆشانی ژیانی ئازاد و ڕێکخستن و خۆپاراستن مەزنتر دەکات.
مام زەکی و شەهید حوسێن هەموو ژیانی خۆیان بە تێکۆشانی نەپساوە بردەسەر، تا گەلەکەیان ژیانێکی ئازاد بژی. لەم تێکۆشانەدا هەرگیز پاشەکشەیان نەکرد. ئێمەش وەک شەڕڤانی فەرماندە و پێشەنگەکانمان مام زەکی و شەهید حوسێن، هەرگیز هەنگاو بۆ پاشەوە نانێین، تاوەک خەونەکەیان بۆ شەنگالێکی ئازاد نەیەتە دی دەست لە تێکۆشان هەڵناگرین. دۆست و دوژمن، با هەمووان بزانن هەموو شەهیدبوونێک هێزی تۆڵە و بەرخۆدان و سەرکەوتنمان مەزنتر دەکات. بە ڕۆحی ١٥ ی ئاب و تێکۆشان و بەرخۆدان، دوژمن تێکدەشکێت. ئەم ڕۆحە، ڕۆحی سەرکەوتنە. تەڤگەرەکەمان لەدەوری ئەم ڕۆحە خۆی ڕێکخستووە و ئەم ڕۆحە دەمانگەیەنێت بە سەرکەوتن. ئێمە بە قوربانییەکانمان و بە ڕۆحی ١٥ ی ئاب لە بەهێزترین کاتەکانی خۆمانداین.
دەبێت هەموو گەلەکەمان و پێشەنگ و شەهیدەکانمان سەرفراز بن. دەبێت بە ڕێگەی شەهید و پێشەنگەکانماندا بڕۆین و بۆ یادکردنەوەی ئەوان تێکۆشان مەزنتر بکەین. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە گەلەکەمان بگەڕێتەوە شەنگال و بەشداربن لە بونیادنانی ژیانێکی ئازاد و ڕێکخستن و خۆپاراستن. بەم ڕێبازەش لێپرسینەوە لە دوژمن بکەن. بەبۆنەی ئەم ڕۆژە پیرۆزەوە، بانگەواز لە گەلەکەمان دەکەین، بگەڕێنەوە خاکی پیرۆزی شەنگال و لەگەڵ هێزی یەبەشەی خۆیاندا تێکۆشان مەزنتر بکەن.
جارێکی تر، بەڕێزەوە یادی پێشەنگانمان مام زەکی و شەهید حوسێن و هەموو شەهیدانی فەرمان و تێکۆشانی ئازادی شەنگال بەرزڕادەگرین، بەڵێن دەدەین، بە ڕۆحی ١٥ ی ئاب، تێکۆشان بەگوڕتر بکەین".