یەبەشە و یەژەشە شەھیدانی مانگی ئابیان بەبیر ھێنایەوە

یەبەشە و یەژەشە لە کەسایەتی مام زەکی شەنگالی و سەعید حەسەندا بۆ بەرزڕاگرتنی شەهیدانی سکینێ و شەهیدانی مانگی ئاب مەراسیمێکیان سازکرد.

یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) و یەکینەکانی ژنانی شەنگال (یەژەشە) بە مەراسیمێکی سەربازی شکۆدار لە کەسایەتی مام زەکی شەنگالی، سەعید حەسەن سەعید، یادی شەهیدانی سکینێ وسەرجەم شەهیدانی مانگی ئابیان بەرزڕاگرت و داوایان لە هەموو لایەک کرد بۆ پاراستنی رەنج و ماندووبوونی شەهیدان، لە پێناو شەنگالیکی ئازاد و عێراقێکی دیموکراتیک تێبکۆشن.

لە مەراسیمەکەدا خەلیل عەرەب لەسەر ناوی فەرماندەیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) و یەکینەکانی ژنانی شەنگال (یەژەشە) قسەی کرد. خەلیل لە کەسایەتی مام زەکی و سەعید حەسەن سەعید و شەهیدانی نەخۆشخانەی سکینێ هەموو شەهیدانی مانگی ئابی بەبیر ھێنایەوە. هەروەها باسی لەو ڕۆژە سەخت و دڵتەزێنانە کرد کە گەلی ئێزیدی و عەرەب پێیدا تێپەڕیون و وتی: " ئێمە رووبەڕووی زۆر کۆمەڵکوژی دژوار و زۆر حاڵەتی شەهیدبوون بووینەتەوە. لە مانگی ئابدا چەتەکانی داعش لە شەنگال هێرشیان کردە سەر گەلەکەمان. بە تایبەتی گەلی ئێزدییان کردە ئامانج.  ئەم گەلە لە مێژوودا ٧٣جار کۆمەڵکوژکراوە  و٧٤ مین کۆمەڵکوژیی لەلایەن چەتە فاشیستەکانی داعشەوە بووە".

'مام زەکی پردێکی بەهێز بوو لە نێوان گەلی ئێزدی وعەرەب'

 هەروەها سەرنجی بۆ ئەرک و ڕوڵی مام زەکی لە نێو کۆمەڵگەی ئێزیدی و عەرەبدا ڕاکێشا و وتی: "لە ١٥ی ئابی ٢٠١٨ دەستی خیانەت گەیشتە مام زەکی شەنگالی.  لە کەسایەتی مام زەکیدا هێمای ئەم شۆڕشە کرایە ئامانج و شەهید کرا. ئەم هێمایە کە لە دژی ئەو ئاژاوە و ناکۆکیانەی داعش لە نێوان کۆمەڵگادا سازیکردبوو، تێکۆشا و لەپێناو سەرلەنوێ بونیادنانەوەی شیرازەی کۆمەڵایەتی کە داعش و هاوکارەکانی هەڵیانوەشاندبووەوە زۆر هەوڵ و ماندووبوونی کێشا.  مام زێکی ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی خەڵکی شنگاڵ، چ گەلی ئێزدی وچ گەلی عەرەب. بووە پردێکی پتەو لە نێوان پێکهاتەکانی ئێزیدی و عەرەب.  هەربۆیەش پێویستە لەپێناو رەنجی هەڤاڵ زەکی و شەهیدانی دیکەمان ئەو پردە پتەوتر و بەهێزتر بکەین".

' نرخ و تێچووەکەی چی دەبێت باب ببێت، هەنگاو بۆ دوواوە نانێین'

 خەلیل عەرەب ڕایگەیاند، کە بە خەم و پەژارەی زۆرەوە فەرماندە سەعید حەسەن سەعید بە بیردێنینەوە وبەم شێوەیە بەردەوام بوو؛ "ئەو فەرماندەیەکی ئازابوو، کە ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە ڕێگریکردن لە فەرمان و کۆچنەکردنی خەڵکی شەنگال. ئەویش وەک مام زەکی لەلایان دەوڵەتی تورک کرایە ئامانج. ئێمە لەمرۆشدا شوێن هەنگاوەکانی ئەو دەکەوین. گرنگ نییە تێچووەکەی جی دەبێت، هەرگیز لەم رێگەیە هەنگاوێک بۆ دواوە هەڵناگرین، بە پێچەوانەوە هەموو ڕۆژێک بەرەو پێشەوە دەڕۆین".

لە درێژەی قسەکانیدا وتی : "ئێمە وەک یەبەشە و یەژەشە بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانج و ئاواتەکانی شەهیدانی وەک مام زەکی، سەعید، دژوار، زەردەشت، ماهیر تەیاوی و ئەو شەهیدانەی کە ساڵی 2019 لە نەخۆشخانەی سکینێ بە فڕۆکەی دەوڵەتی تورک شەهید بوون، لەسەر ئەم خاکە پیرۆزە تێدەکۆشین.  ئەوان ڕووناکی رێگەمانن و مەشخەڵی ئازادین. ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ هەین، لە سایەی ناوی ئەو قارەمانانە، تێکۆشان و رۆحی گیانبازی ئەوانەوەیە. بۆ ئەوەی تۆڵەی ئەوان لە دوژمن بکەیەنەوە، چ لە هەواڵدەر و سیخوڕەکانیان لە سەر زەوی چ لە دەوڵەتی فاشیست بێت، ئێمە تۆڵەیان دەکەینەوە و درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین".

خەلیل ئەوەشی خستەڕوو، کە دوژمنانی گەلی کورد و بەتایبەتی دوژمنانی کۆمەڵگای ئێزدی دەیانەوێت دەسەڵاتی خۆیان وەک ساڵانی پێشوو بەسەر گەلدا بسەپێننەوە و بەم شێوەیە درێژە بە قسەکانی دا؛ "هەڤاڵانی ھێژا، لەم ڕۆژانەدا بەردەوام دوژمن دەمانکاتە ئامانج. ١٥ی ئاب، ڕوژی ژیانەوە، رۆژی هەڵمەتی ١٥ی ئاب کە مەعسوم کۆرکماز لە دژی سیستەمی فاشیستی تورک دەستی پێکرد، بەم بۆنەوە یادی ئەم ڕۆژە مەزنە وسەرجەم شەهیدەکانمان بەرزڕادەگرین. هەروەها سوپاس و سڵاوی خۆمان ئاراستەی گەریلاکانی ئازادی دەکەین، لەچیا ئازادەکانی کوردستانەوە بە هانای گەلەکەمانەوە هاتن و لە کۆمەڵکوژی چەتەکانی داعش ڕزگاریان کردین. ئەو  جەنگاوەرانەی ئازادی کە ئێمەیان لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار کرد خاک و شکۆی ئێمەیان پاراست، لە سایەی گیانبازی ئەوانەوە، ئەمڕۆ خۆمان بەڕێوەدەبەین، بەبێ ئەوەی چاومان لە دەستی کەس بێت  وهانا بۆ کەسی تر ببەین. سەرەڕای هێرش و فڕوکە سیخوڕییەکانی دەوڵەتی تورکیش، خۆڕاگریمان کردووە و ئەمڕۆش لەو هەلومەرجەدا ئەو شەهیدانەمان بەبیردەهێنەوە و بەڵێنی تۆڵەسەندنەوە دەدەین. ئێمە خەبات و تێکوشانی خۆمان لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی شەنگال پەرە پێدەدەین. هیچ جیاوازییەک لە نێوان شوێنکەوتوانی ئایین و مەزهەبەکاندا نییە، لە رێگەی ئەندێشە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ هەموو پێکهاتەکان دەپارێزین. دوژمنانمان دەیانەوێت لەسەر خوێنی گەلەکەمان بژین و حوکمڕانی ساڵانی پێشووی خۆی دووبارە بکەنەوە. بەڵام ئێمە وەک هێزەکانی خۆپاراستن هەرگیز ڕێگە نادەین شتێکی وا ڕووبدات".

"پێویستە هەمووان لە پێناو شەنگالێکی ئازاد و عێراقێکی دیموکراتیکدا تێبکۆشن"

 لە کۆتایی مەراسیمە سەربازییەکەدا، خەلیل عەرەب بەناوی فەرماندەیی یەبەشە و یەژەشە وتی؛ "پێش هەموو شتێک ئێمە وەک یەبەشە و یەژەشە و هەموو گەلەکەمان، لەپێناو پاراستنی رەنجی شەهیدان، پێویستە هەموومان لە پێناو شەنگاڵێکی ئازاد و عێراقێکی دیموکراتیکدا تێبکۆشین. جارێکی تر دەڵێین سوپاسی ئەو دەوڵەتانە دەکەین کە دەیانەوێت پاڵپشتی و هاوکاری شەنگال بکەن، بەڵام بەو کەسانەی کە هێرش دەکەنە سەر شەنگال دەڵین کەس ناتوانێت بەر بە رووناکی خۆری ئازادی بگرێت. لە پێناو بەدیهێنانی ئامانج وخواستی شەهیدانمان، بەردەوام دەبین لە ڕێگا و ڕێبازیان و هەرگیز هەنگاو بۆ دواوە هەڵناگرین. جارێکی تر یادی هەموو شەهیدانی جینۆساید، بەتایبەتی شەهید مام زەکی و شەهید سەعید و شەهیدانی نەخۆشخانەی سکێنێ بەڕێزەوە یاد دەکەینەوە. لە کۆتاییدا دەڵێین شەهیدانمان نەمرن، شەهیدانمان لە دڵماندان".

 مەراسیمەکە بە وتنەوەی دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "بێ سەرۆک ژیان نابێت" کۆتاییهات.

هـ . ب