دەوڵەتی تورکی داگیرکەر رۆژی ٢٣ی ئاب لە ناوچەی سەیدسادقی سەر بە سلێمانی بە درۆنی هێرشبەر ئۆتۆمبێلێکی رۆژنامەوانانی کردە ئامانج و بەهۆیەوە گوڵستان تارا و هێرۆ ئیبراهیم شەهیدبوون.
سەبارەت بە بابەتەکە و شەرمەزارکردنی ئەو هێرشانەی ئەمدواییە بۆ سەر رۆژنامەوانان، دانیشتوانی کەمپی پەنابەرانی مەخمور قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
'بۆ ئەوەی راستیەکان بڵاونەکرێنەوە، هێرش دەکرێتە سەر راگەیاندنی ئازاد'
کەریمە قەوالی وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشی سەر رۆژنامەوانانی کورد وتی، "دەوڵەتی تورک ئیتر بێ دوو دڵی و بێ سڵکردنەوە هەموو کەس دەکاتە ئامانج. بۆ ئەوەی راگەیاندنی ئازاد راستیەکان نەگوازێتەوە ئەو هێرشانە دەکاتە سەر ئەندامانی راگەیاندنی ئازاد. وەک گورگێکی خوێنمژ هێرش دەکاتە سەر ئەوانەی بۆنی کوردایەتیان لێدێت.. گەر دەوڵەتی عێراق و پەدەکە هاوکاری نەبوونایە دەوڵەتی تورک نەیدەتوانی بە ئاسانی هێرشبکاتە سەر راگەیاندنی ئێمە. ئەمە یەکەم هێرش نییە، بە دەیان جار دەوڵەتی تورک هێرشی کردووەتەسەر شەنگال، مەخمور، سلێمانی، کەرکوک و رۆژئاوای کوردستان. وەک گەل تا سەر لەگەڵ گەنجان، بزوتنەوە، گەریلا و راگەیاندنی خۆمانین و لەو هێرشانەی دەڵەت ناترسین. داکۆکی لە دۆزی گەلەکەمان و هەبوونی خۆمان دەکەین. باش بزانن ئێمە سەردەکەوین. ئەوەی دەوڵەتی تورک ئێستا دەیکات بەو هێرشانە رقی بەزینی خۆی لە چیاکان دەڕێژێت.
'لە دژی هێرشەکان، هێزی گەلی کورد تادێت زیاتر دەبێت'
لای خۆیەوە ئیسماعیل هیلالی لە قسەکانیدا باسی لەوەکرد دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە هەموو هێزی خۆی کە پشتی بە ناتۆ بەستووە هێرش دەکاتە پەلاماری کورد دەدات و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "لە کەسایەتی شەهید گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادیندا هەموو شەهیدانی ئازادی کوردستان یاددەکەمەوە. لەبەر ئەوەی راگەیاندنی ئازاد راستی و دڕندەیی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئاشکرا دەکات و دەیخاتەڕوو، دەوڵەتی تورک کپ کردن وبێدەنگکردنی راگەیاندنی ئازادی کردووەتە ئامانجی سەرەکی خۆی. لەماوەکانی رابردوودا دەووڵەتی عێراق لەگەڵ دەولەتی تورک رێککەوتنی واژۆ کردووە، بەڵام رۆژێک دێت دەوڵەتی عێراق لەو رێکەوتنە پەشیمان دەبێتەوە. لەبەر ئەوەی فاشیزمی تورک کار بۆ داگیرکەری دەکات. ئامانجی دەووڵەتی تورک لە لۆزانەوە تائێستا رەتکردنەوەی کورد، نکۆڵیلێکردن، لەناوبردن و کوشتنیەتی. بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا رۆژ لە دوای رۆژ هێزی گەلی کورد گەورەتر دەبێت".
ئیسماعیل هیلالی لە کۆتاییدا داوای کرد گەلی کورد بە یەکدەنگی کاردانەوەی گەورەتر بەرامبەر داگیرکەری و فاشیزم نیشان بدات و لە بەرامبەر هێرشەکاندا زیاتر دەنگهەڵبڕێت".