ئۆک: بەڕێوەبەرانی ئیمراڵی نامەی هەڕەشە دەدەنە رێبەرایەتی

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە سەبری ئۆک رایگەیاند، کە دەوڵەتی تورک و بەڕێوەبەرانی ئیمراڵی نامەی هەڕەشەئامێزی بێناو و نیشانیان داوەتە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

سەبری ئۆک لە بەرنامەی تایبەتی ستێرک تی ڤیدا قسەی کرد و رایگەیاند، کە ئەوان هیچ زانیارییەکیان لە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نییە، هەموو پەیوەندیەکانی لەگەڵ دەرەوە پچڕاون و وتی، "بەڵام ئێمە دەزانین کە ماوەیەک دەوڵەتی داگیرکەر و بەڕێوەبەرایەتی ئیمراڵی نامەی بێ ناو و نیشانیان داوەتە رێبەرایەتی. لەو نامانەدا بە رێبەر ئاپۆیان وتبوو 'ئێمە ژەهرێکی بەو جۆرەت پێبدەین کە بەو ژەهرە بمریت، ئەو مێرووانەشی تەرمەکەت بخۆن ئەوانیش بەو ژەهرە دەمرن'. هەروەها بە رێبەر ئاپۆیان وتبوو 'تۆ رۆژ لە دوای رۆژ دەمریت، بەڵام تۆ ئاگات لەوە نابێت'. بڕوانن رێبەر ئاپۆ خاوەنی بەرپرسیارێتیەکی مێژوییە، بەڵام هەموو رۆژێک رووبەڕووی ئەو ئەشکەنجانە دەبێتەوە. مافی یاسایی رێبەر ئاپۆ بۆ ناردن و وەرگرتنی نامە قەدەغەیە، بەڵام نامەی بەو جۆرە رێگەپێدراون. ئەمە بە چ واتایەک دێت؟ یاری بە دۆخی دەرونی ئەو دەکەن، یاری بە تەندروستی دەرونی ئەو دەکەن، یاری بە تەندروستیی جەستەیی ئەو دەکەن تا رێبەر ئاپۆ لە راستی خۆی داببڕن و رۆڵی ئەو جێبەجێ نەکرێت. ئەوە دەوڵەتێکی بەم رادەیە دڕندەیە. ئەمە لە کۆمەڵکوژیش زیاترە. جگە لە دەوڵەتە چەتەکان، هیچ دەوڵەتێکی دیکە ئەم کارە ناکات. دەبێت ئەمە لە رۆژەڤی کوردستان و تورکیادا بێت. کاتێک دەوترێت گۆشەگیری بوونی نییە دەبێت هەموان کاردانەوە نیشان بدەن.

چاوپێکەوتنەکەی سەبری ئۆک بەم جۆرەیە:

گۆشەگیری پاکتاوکاری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە. ٢٨ مانگە هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەوەوە بەدەستناهێندرێت. فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە وتەی 'گۆشەگیری لە ئیمراڵی'یش وەک تاوان دادەنێن. هۆکاری ئەم گۆشەگیرییە دژوارە چییە؟

سەرەتا بە رێزەوە سڵاو لە رێبەر ئاپۆ دەکەم. هەموو ئەو هاوڕێیانەمان کە لە کوردستان و لە زینداندا شەهیدبوون بە بیردەهێنمەوە و بەژنی خۆم لەبەردەم یادەوەریاندا دادەنەوێنم. بە دڵنیاییەوە دەبێت دۆخی رێبەر ئاپۆ بە باشی شرۆڤە بکەین. مامەڵەی دەوڵەتی تورک لەگەڵ رێبەرایەتی مامەڵەیە لەگەڵ تەواوی گەلی کورد. گۆشەگیری و گوشار لەسەر رێبەرایەتی بەواتای ئەوە دێت کە لە کوردستان، لەسەر رێبەری گەلی کورد و تەنانەت لە دژی گەلانی تورکیا گۆشەگیری و گوشار بوونی هەیە.

ئەو سیاسەتەی بەرامبەر رێبەر ئاپۆ پەیڕەو دەکرێت درێژەی سیاسەتی کۆمەڵکوژییە. دەبێت ئێمە گۆشەگیری بە شێوەیەکی بەرتەسک هەڵنەسەنگێنین. دەیانەوێت دەنگی رێبەر ئاپۆ نەگاتە گەلی کورد و کۆمەڵگای تورکیا و گەمە بە دۆخی دەرونی رێبەر ئاپۆ و دۆخی دەرونی گەلی کورد دەکەن. تا ئەمڕۆ بە سەدان کەس بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە پیلانگێڕیی دژی رێبەر ئاپۆ نیشان بدەن خۆیان سوتاندووە و شەهیدبوون. پەیوەندی رێبەر ئاپۆ و کۆمەڵگا بەم چەشنەیە.

رۆژنامەوان مەردان یانارداغ چەند رۆژ بەر لەئێستا شتێکی وتبوو. بۆ ئەوەی ئەو قسانە بکرێن نە پێویستە شۆڕشگێر بن و نە مەرجیشە کە مرۆڤ رێبەر ئاپۆی خۆش بوێت. تەنیا راستی بڵێت ئەمە بەسە. وتی، 'لە ئیمراڵی گۆشەگیری هەیە'. ئەمە شتێکی راستە. لەبەرئەوەی مەردان یانارداغ ئەمەی وت، خستیانە زیندانەوە. هەربۆیە دەیانەوێت کەس باسی رێبەر ئاپۆ و ئیمراڵی نەکات. بەراستیش باخچەلی وتی، 'ئەوەی بڵێت لە ئیمراڵی گۆشەگیری هەیە، تاوان ئەنجام دەدات'. لەبەرامبەرمان ئەقڵییەتی بەم جۆرە بوونی هەیە. دەبێت ئێمە بەرامبەر بەم ئەقڵیەتە لەبەرزترین ئاستدا تێبکۆشین. دەبێت هەموو کوردێک لە هەرشوێنێک کە لەوێیە بڵێت کە گۆشەگیری هەیە، لەبەرامبەر ئەوەش دەنگ هەڵببڕێت و کاردانە نیشان بدات.

لە رۆژانی رابردوودا گەنجێکی ١٧ ساڵە لە ئەوروپا کوژرا؛ گەل هەڵسایە سەر پێ و فەرەنسایان هەژاند. نەک هەر لە شارێک، لە تەواوی فەرەنسا، تەنانەت بەلجیکا و وڵاتانی دیکەش خۆپیشاندان هەبوو. بەهۆی ئەوەی ماوەی سەدان ساڵ لەپێناو ئەو دیموکراسیەی ئەمڕۆ لە ئەوروپا هەیە تێکۆشان کراوە و کۆمەڵگای ئەوروپاش قوربانی بۆ ئەوە بەخشیوە. کاتێک دەبینن کە دیموکراسیەکەیان لە مەترسیدایە، کاردانەوەی گەورە نیشان دەدەن و لە کاتی خۆیدا دەڕژێنە شەقامەکان. دەبێت بەم جۆرە بێت.

دەبێت هەموو کەسێک بە شێوەیەکی شکۆمەندانە بەشداری لە قۆناغەکەدا بکەن

هەندێک شت پێویستی بە رێکخستنێکی بەهێز و سەرکەوتوو نییە. بۆ نمونە یاری بە شکۆی ئێمەوە دەکەن. لە ئیستەنبوڵ کەسێک بە کوردی گۆرانی دەڵێت، پۆلیس لێیان دەدەن و دەیانخەنە زیندانەوە. زرێپۆشەکانی دەوڵەتی تورک منداڵی کورد دەکوژن. دەستدرێژی دەکەن، گۆڕستانی شەهیدان تێکدەدەن. ناتوانین بەرامبەر هەموو ئەمانە بێدەنگ بین. لە تەلەڤزیۆندا قسە لەبارەی ئەو رووداوانەوە دەکەن، بەڵام دەبێت هەڵویستێک نیشان بدرێت، نەک هەر گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت. دەبێت گەلی کوردیش وەک ئەوروپا کاردانەوەی هەبێت. خۆی لەخۆیدا گەریلا بەرامبەر هێرشی دڕندانە خۆڕاگری دەکات و بەردەوامیش دەبێت لە بەرخودان. دەبێت گەلەکەمان بزانن کە ئێمە لە قۆناغێکی ئاساییدا نین. دەبێت کەس بە ئاسودەیی نەجوڵێتەوە. ئێمە بە سەردەمێکی مێژوویی گرنگدا تێدەپەڕین. خۆی لە خۆیدا پەکەکە و گەریلا بە رۆحێکی گیانبازییەوە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن. بەڵام دەبێت کۆمەڵگاش ناحەقی قەبوڵ نەکەن. دەبێت مافناسان، رۆشنبیران وکۆمەڵگاش کاتێک شتێکی ناڕاست لەبارەی رێبەرایەتیەوە دەوترێت کاردانەوەی راست و دروست نیشان بدەن. کاتێک باخچەلی بەم بەم جۆرە دەدوێت، دەبێت هەموان بەتایبەتی پارێزەران بڵێن، تۆ کێی ئەو قسانە دەکەیت؟ ئەگەر کاردانەوە نیشان نەدرێت، ئە کەسانە راناگیرێن.

دەبێت هەموان لەسەر دۆخی رێبەر ئاپۆ نیگەرانی خۆیان نیشان بدەن. ناتوانێت دیدار لەگەڵ پارێزەرەکانی ئەننجام بدات، ناتوانێت چاوی بە بنەماڵەی بکەوێت، رێگەی نامە ناردنیش نادرێت. بەڵام ئێمە دەزانین کە ماوەیەک دەوڵەتی داگیرکەر و بەڕێوەبەرانی ئیمراڵی نامەی بێ ناو و نیشانیان رادەستی رێبەر ئاپۆ کردووە. لەو نامانەدا بە رێبەر ئاپۆ وتراوە ' ئێمە ژەهرێکی بەو جۆرەت پێدەدەین کە تۆ بەو ژەهرە بمریت. ئەو مێروانەشی تەرمەکەت دەخۆن بەو ژەهرە دەمرن'. هەروەها بە رێبەر ئاپۆیان وتبوو 'تۆ رۆژ لە دوای رۆژ دەمریت، بێ ئەوەی خۆت ئاگاداری ئەوە بیت'. بڕوانن رێبەر ئاپۆ خاوەندی بەرپرسیارێتیەکی مێژووییە بەڵام هەموو رۆژێک رووبەڕووی ئەو ئەشکەنجانە دەبێتەوە. مافی یاسایی نامەناردن لە رێبەر ئاپۆ قەدەغە دەکرێت، بەڵام نامەی بەم جۆرە رێگەپێدراون. ئەمە بە چ واتایەک دێت؟ یاری بە دۆخی دەرونی ئەو دەکەن، یاری بە تەندروستی دەرونی ئەو دەکەن، یاری بە تەندروستیی جەستەیی ئەو دەکەن تا رێبەر ئاپۆ لە راستی خۆی دادببڕن و رۆڵی ئەو جێبەجێ نەکرێت. ئەوە دەوڵەتێکی بەم رادەیە دڕندەیە. ئەمە لە کۆمەڵکوژیش زیاترە. جگە لە دەوڵەتە چەتەکان، هیچ دەوڵەتێکی دیکە ئەم کارە ناکات. دەبێت ئەمە لە رۆژەڤی کوردستان و تورکیادا بێت. کاتێک دەوترێت گۆشەگیری بوونی نییە دەبێت هەموان کاردانەوە نیشان بدەن. ئەمە گرنگە.

ئەگەر بە هەموو جۆرێک گوڕمان بە تێکۆشان بدایە، دەوڵەت تەنگی پێهەڵدەچنرا و دەچووە بەر پێی رێبەر ئاپۆ. ئەمە مایەی رەخنەدانە بۆ ئێمە. ئێمە قەرزاری رێبەر ئاپۆین. بەڵام پێداگری و خواستمان هەیە و تێکۆشانمان بەردەوامە. دەبێت گەلەکەمان بزانێت کە ئێمە لە قۆناغێکی ئاساییدا نین. دەبێت هەموو شتێک بە گوێرەی رۆحی ئەم سەردەمە بێت. ئەگەر دەوڵەتی تورک لەم نێوەدا لاوازیەک ببینێت، زیاتر هەڵدەکوتێتە سەرمان. لەدژی گوشارەکان لەسەر رێبەر ئاپۆ و هەڤاڵانی دیکە لە ئیمراڵی، هەڵمەتی گرنگ کە دەبێت ئەنجام بددرێت، پێویستە لە رۆژانی دهاتوودا دەستیان پێبکرێت. بەم جۆرە نابێت و ناکرێت بەم جۆرەی ئێستا بێت. دەبێت هەڵوێست نیشان بدرێت. هەموو ئەوانەی لایەنگری دیموکراسی و ئازادین، لە هەر چوارپارچەی کوردستان دەبێت دۆخەکە لەبەر چاوبگرن، بیر لەوە بکەنەوە کە چییان لەدەست دێت، دەبێت خۆیان رێکبخەن و بە شێوەیەکی شکۆمەندانە بەشداری لە قۆناغەکەدا بکەن.

رۆژووی مردنی ١٤ی تەمووز لە تێکۆشانی ئازادی کوردستاندا سەرەتایەکی مێژوویی و گرنگە. بەرخودانی ئەمڕۆ لە ئیمراڵی بەرخودانی زیندانەکانی گەیاندە بەرزترین ئاست. بەرخودانی زیندانەکان لە زیندانی ئامەدەوە تا ئیمراڵی لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستاندا چ رۆڵێکی گێڕاوە؟

ساَلیادی به‌رخۆدانی ١٤ی ته‌مووز نزیك ده‌بێته‌. به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ له‌ كه‌سایه‌تی هه‌ڤاڵ خه‌یری، هه‌ڤاڵ كه‌مال، هه‌ڤاڵ عاكیف و هه‌ڤاڵ عه‌لی چیچه‌كدا، یادی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی زیندانی ئامه‌د و شه‌هیدانی شۆڕش به‌ پێزانینه‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ و له‌به‌رده‌م یادی ئه‌وان به‌ ڕێزه‌وه‌ سه‌رداده‌نوێنم. هه‌وڵ ده‌ده‌ین شایسته‌ی شه‌هیده‌ نه‌ره‌كانمان بین.

له‌ مێژووی ئێمه‌دا، ڕۆڵی به‌رخۆدانی ١٤ی ته‌مووز زۆر گرنگه‌. ئه‌وه‌ی له‌ په‌كه‌كه‌دا، په‌كه‌كه‌ و هێڵی ڕێبه‌ر ئاپۆ به‌زیندوویی ده‌هێڵێته‌وه‌، گیانی به‌رخۆدانی فه‌رهاد، مه‌زڵوم و خه‌یرییانه‌. ده‌وڵه‌تی تورك دوای كوده‌تاكه‌ی ١٢ی ئه‌یلوول، ده‌یویست بزوتنه‌وه‌كه‌مان په‌كه‌كه‌ له‌ناو ببات. خۆی له‌ خۆیدا زۆر ڕێكخراو پاكتاو بوون. زۆرێك له‌ هه‌ڤاڵانی پێشه‌نگمان ده‌ستگیركران. زۆربه‌یان له‌ زیندانی ئامه‌د بوون. ئه‌گه‌ر هێڵی ڕێبه‌رایه‌تی له‌ زیندانی ئامه‌د به‌بنه‌ما نه‌گیرایه‌، به‌رخۆدان بێكاریگه‌ر ده‌بوو و كۆتایی پێده‌هات و كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌كه‌مان داده‌نا. دوژمن به‌ ئاگاداربوون له‌وه‌ په‌ره‌ی به‌ دڕنده‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ له‌ زیندانی ئامه‌د دا. ئامانجیان له‌ناوبردنی بزوتنه‌وه‌كه‌مان له‌ زیندانی ئامه‌د بوو. به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ر و كادیرانی بزوتنه‌وه‌كه‌مان وه‌ك مه‌زڵوم، فه‌رهاد، كه‌مال و خه‌یری داهاتوویان بینی. ئه‌وان ئاگاداری ڕۆڵ و به‌رپرسیارێتی خۆیان بوون، ده‌یانزانی چۆن ئه‌ركه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش هه‌ڵسوكه‌وتیان كرد. ڕێبه‌ر ئاپۆ هه‌ندێك جار ده‌یوت: "ئه‌گه‌ر ئێستا كه‌مال پیر له‌ ژیاندا بمایه‌، دۆخی ئێمه‌ جیاواز ده‌بوو". واته‌ شوێنی ئه‌وان به‌ ئاسانی پڕ ناكرێته‌وه‌، بێگومان هێڵی ئه‌وان گیرایه‌به‌ر، به‌ هه‌زاران قاره‌مان له‌ زیندان و چیاكان شوێنپێی ئه‌وانیان گرته‌به‌ر و له‌ زیندانه‌كان خۆڕاگریان كرد و ئێستاش به‌رخۆدان ده‌كه‌ن، ڕۆڵ و ئه‌ركی كه‌ماڵ و خه‌یرییه‌كان جیاواز بوو.

هه‌ڤاڵ مه‌زڵوم پێش ئه‌وه‌ی شه‌هید ببێت، نامه‌یه‌كی بۆ ڕێبه‌ر ئاپۆ و پارته‌كه‌مان ناردبوو. كاتێك نه‌مانده‌زانی چی بكه‌ین، پێشنیازێكی هه‌ڤاڵ مه‌زڵوم له‌لایه‌ن پارته‌كه‌مانه‌وه‌ وه‌ك ڕێنماییه‌ك وه‌رگیرا و قبوڵكرا. هه‌ڤاڵ مه‌زڵوم وتبووی: "پێویسته‌ پارتی له‌ماوه‌ی ساڵ و نیوێكدا هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌ ته‌واو بكات. ده‌بێت خۆی بۆ شه‌ڕێكی نوێ ئاماده‌ بكات. پێویسته‌ به‌ هه‌نگاوێكی نوێ گوڕ به‌ شۆڕش بدات". ئه‌و پێشنیارانه‌ وه‌ك ڕێنماییه‌ك وه‌رگیرا و قبوڵكرا. له‌ كۆنفرانسی یه‌كه‌م و كۆنگره‌ی دووه‌می پارتیدا بڕیاری له‌وشێوه‌یه‌ درا و جێبه‌جێ كرا. هه‌روه‌ها هه‌ڤاڵ مه‌زڵوم وتبووی: " دوژمن هێرشه‌كانی بۆسه‌ر زیندانه‌كان زیاتر ده‌كات، تا كۆتایی له‌دژی ئه‌و هێرشانه‌ خۆڕاگری ده‌كه‌ین. ئێمه‌ هه‌م له‌ دادگاكان و هه‌میش له‌ ژیانمان لێره‌ نوێنه‌راتی پارته‌كه‌مان ده‌كه‌ین. نه‌ له‌ڕووی جه‌سته‌یی و نه‌ له‌ڕووی ڕۆحیه‌وه‌، شكست ناخۆین".

ئێمه‌ قه‌رزاری ١٤ی ته‌مووزین

بێگومان زیندان له‌ مێژووی كورددا هه‌میشه‌ بوونی هه‌بووه‌، به‌ڵام بۆ یه‌كه‌مجار پارته‌كه‌مان وه‌ك په‌كه‌كه‌ له‌ زیندانی ئامه‌د ناسرا. ئه‌گه‌ر ڕۆحی ١٤ی ته‌مووز، ڕۆحی نه‌ورۆز و ڕۆحی فه‌رهاده‌كان له‌ زیندانی ئامه‌د نه‌بوایه‌، ئه‌و هێڵی به‌رخۆدانه‌ی له‌م ٥٠ ساڵه‌دا په‌كه‌كه‌ به‌ره‌و پێش ده‌بات، بوونی نه‌ده‌بوو. به‌رخۆدانی ١٤ی ته‌مووز واتایه‌كی مێژوویی به‌مجۆره‌ی هه‌یه‌. ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌سه‌ر ڕێبازی ئه‌وان ده‌بین، ئێمه‌ قه‌رزاری ئه‌وانین. هه‌ڤاڵ خه‌یری وتبووی: "له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌م بنووسن، قه‌رزاری گه‌له‌كه‌یه‌تی". له‌ ڕاستیدا ئێمه‌ قه‌رزاری ئه‌وانین. ئه‌و هێڵه‌ به‌رخۆدانه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ خوڵقێندرا، له‌ چیا و زیندانه‌كان له‌ هه‌ر گۆڕه‌پانێك نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرێت. نزیكه‌ی ٥٠ ساڵ ده‌یان هه‌زار هه‌ڤاڵ به‌ زیندانه‌كاندا تێپه‌ڕین. ئه‌گه‌ر ڕۆحی به‌رخۆدانی زیندانی ئامه‌د نه‌بوایه‌، ده‌یان هه‌زار كه‌س نه‌یانده‌توانی ده‌یان ساڵ به‌رگری له‌و هێڵه‌ بكه‌ن، نه‌یانده‌توانی به‌رگری له‌ په‌كه‌كه‌ بكه‌ن. به‌رخۆدانی ١٤ی ته‌مووز ڕۆڵێكی له‌و شێوه‌یه‌یه‌یی هه‌یه‌.

ئه‌و به‌رخۆدانه‌ له‌ كه‌سایه‌تی ڕێبه‌ر ئاپۆ هێشتا به‌رده‌وامه‌. هه‌ندێك له‌ هاوڕێیانمان ٣٠ ساڵ له‌ زیندانه‌كاندا ماونه‌وه‌. دوژمن هێشتاش گوشاریان ده‌خاته‌سه‌ر. هه‌ڤاڵانیش خۆڕاگری ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن: ئێمه‌ ٣٠ ساڵی تریش خۆڕاگری ده‌كه‌ین. بنه‌مای ئه‌و هێڵه‌ له‌سه‌ر به‌رخۆدانی ١٤ی ته‌مووز دانرا. ده‌بێت ئێمه‌ ئه‌وه‌ به‌ زیندانه‌كان سنووردار نه‌كه‌ین. به‌رخۆدانی ١٤ی ته‌مووز بۆته‌ كلتووری پارته‌كه‌مان. ئه‌و هێڵه‌ له‌ چیا، گوند، شار و زیندانه‌كان به‌ بنه‌ما گیراوه‌. گه‌له‌كه‌مان و په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و هێڵه‌ درێژه‌ به‌ به‌رخۆدان و تێكۆشانیان ده‌ده‌ن.

ده‌وڵه‌تی تورك له‌ماوه‌ی ڕابردوودا بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ قه‌یرانی سیاسی و ئابووری رزگار بكات، هه‌نگاوی دیپلۆماتیك ده‌نێت. به‌تایبه‌تی ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی ساز بكات. له‌لایه‌كی تره‌وه‌ دادگای به‌لجیكا جارێكی دیكه‌ ڕایگه‌یاند، په‌كه‌كه‌ مه‌ترسی نییه‌ بۆ سه‌ر به‌لجیكا و وتی:"لیستی تیرۆری یه‌كێتی ئه‌وروپا یاسایی نییه‌، سیاسیه‌". ئێوه‌ جموجۆڵی دیپلۆماتیكی ده‌وڵه‌تی تورك و ڕاگه‌یه‌ندراوی دادگای به‌لجیكا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

ده‌وڵه‌تی تورك هه‌موو شتێكی خۆی له‌سه‌ر جینۆساید و له‌ناوبردنی كورد بنیاد ناوه‌. سیاسیه‌ت و دیپلۆماسیه‌تی خۆی به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ به‌ره‌وپێش ده‌بات. هه‌روه‌ها به‌وجۆره‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ر ئاپۆ كرد. تا ئه‌و كاته‌ی ده‌ستبه‌رداری سیاسه‌تی جینۆسایكردنی گه‌لی كورد نه‌بن، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ درێژه‌ به‌ سیاسه‌ت و دیپلۆماسی خۆیان ده‌ده‌ن. له‌وپێناوه‌شدا هه‌موو سازشێك ده‌كه‌ن و پاشه‌كشێ ده‌كه‌ن. ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دژی په‌كه‌كه‌ ئه‌نجامێك به‌ده‌ستبهێنن، هه‌موو شتێك ده‌كه‌ن. له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌وڵه‌تان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌ سودیان لێوه‌ربگرێت، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بتوانن كۆمه‌ڵكوژی له‌ دژی كورده‌كان ته‌واو بكه‌ن یا نا، سیاسه‌ت ده‌كه‌ن. هه‌موو كاره‌ته‌كانی به‌رده‌ستیان به‌كار ده‌هێنن. چوونكه‌ ده‌وڵه‌تی تورك ئه‌ندامی ناتۆیه‌. له‌ شوێنێكی جیۆپۆله‌تیك و ستراتیژیدان. ئه‌وان كارته‌كانیان به‌ شێوه‌یه‌كی نائه‌خلاقی و بێسنور له‌ دژی یه‌كێتی ئه‌وروپا و ناتۆ به‌كارده‌هێنن. هه‌ر بۆیه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ ئێمه‌دا چه‌كی كیمیاییان به‌كارهێناوه‌، به‌ڵام تا ئێستاش هیچ كه‌س كاردانه‌وه‌یه‌كی نه‌بووه‌.

هه‌مووان ده‌زانن، كه‌ په‌كه‌كه‌ ڕێكخراوێكی مرۆڤایه‌تییه‌، نوێنه‌رایه‌تی ڕاستی ده‌كات، نوێنه‌رایه‌تی دادپه‌روه‌ری، نرخ و به‌های ئازادی ژنان ده‌كات. چ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ تیرۆره‌وه‌ هه‌یه‌؟ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵگای كورد كه‌ ڕووبه‌ڕووی جینۆساید ده‌بێته‌وه‌، پشوویه‌ك بدات و به‌ ناسنامه‌ی ئازادی خۆیه‌وه‌ بژی، تێكۆشان ده‌كات. له‌ چ كاتێكه‌وه‌ له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا به‌م تێكۆشانه‌ ده‌ڵێن تیرۆر؟ به‌ڵام وه‌ك وتم ده‌وڵه‌تی تورك كارته‌كانی خۆی به‌كارده‌هێنێت، جیهانیش بێده‌نگ ده‌بێت. سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه‌ش، هه‌ندێك له‌ ده‌وڵه‌ت و رێكخراوه‌كان له‌سه‌ر ڕاستیه‌كان ڕاوه‌سته‌ ده‌كه‌ن. ده‌توانین بڕیاری به‌لجیكا به‌مشێوه‌یه‌ هه‌ڵسه‌نگێنین. له‌ڕاستیدا په‌كه‌كه‌ له‌ به‌لجیكا زۆر ناسراوه‌. ده‌وڵه‌تی تورك ده‌ڵێت ناوه‌نده‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ بروكسێلن، به‌ڵام بروكسێل ده‌ڵێت په‌كه‌كه‌ نه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی بۆسه‌ر ئێمه‌ هه‌یه‌ و نه‌ ڕێكخراوێكی تیرۆریستیه‌. په‌كه‌كه‌ زیانی به‌ كێ گه‌یاندووه‌؟ په‌كه‌كه‌ هیچ كێشه‌ و ئامانجێكی له‌وشێوه‌یه‌یی نییه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه‌ سته‌م له‌ په‌كه‌كه‌، ڕێبه‌رایه‌تی، گه‌لی كورد، چیا، گوند و شاره‌كانی كوردستان ده‌كرێت. په‌كه‌كه‌ له‌ دژی ئه‌و سته‌مه‌ تێده‌كۆشێت. 

له‌م رووه‌وه‌ بڕیاره‌كه‌ی به‌لجیكا گرنگه‌، ده‌بێت پێدارگری له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ بكات و ده‌ست له‌ بڕیاره‌كه‌ی به‌رنه‌دات. پێشتریش بڕیاری له‌و شێوه‌یه‌ دراوه‌. ده‌بێت یه‌كێتی ئه‌وروپا و ئه‌نجومه‌نی ئه‌وروپا ئه‌و بڕیاره‌ به‌ واتادار دابنێت و به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكات و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیه‌ یاساییه‌كانی جێبه‌جێ بكات. ده‌بێت نه‌چێته‌ ژێرباری درۆ و گوشاره‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك. ده‌بێت خاوه‌نداری له‌ به‌هاكانی دیموكراسی بكه‌ن. نابێت گه‌له‌كه‌مان هیچ كات ئه‌م تێكۆشانه‌ سست بكات. ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌تی تورك له‌ مێژووه‌وه‌ تا ئێستا له‌ دژی گه‌له‌كه‌مان و گه‌ریلا ئه‌نجامی داوه‌، ده‌بێت بۆ هه‌موو كه‌سێك باس بكرێت. ئه‌وروپاش پێویسته‌ ئه‌م ڕاستیه‌ ببینێت. ده‌بێت له‌ دژی ئه‌و هێرشه‌ كۆمه‌ڵكوژیانه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك بۆسه‌ر گه‌لی كورد ده‌یكات، یاساكانیان جێبه‌جێ بكه‌ن. ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی تورك خاوه‌ن هه‌ڵوێست بن.

ده‌وڵه‌تی تورك دیپلۆماسی خۆی به‌شێوه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات. ماوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ میسر پچڕاند. له‌ ئێستادا كۆنسوڵخانه‌ و باڵیۆزخانه‌كانیان كردووه‌ته‌وه‌. كێشه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌بوو، ئێستا جارێكی تر هه‌وڵ ده‌ده‌ن په‌یوه‌ندییه‌كانیان باش بكه‌نه‌وه‌. ئه‌گه‌ر هاتوو سبه‌ینێ له‌گه‌ڵ سووریا ڕێككه‌وتن با كه‌س تووشی سه‌رسوڕمان نه‌بێت. ته‌نیا ئامانجیان له‌ناوبردن په‌كه‌كه‌ و گه‌لی كورده‌.

ئێمە لە سەدەم ساڵەی پەیمانی لۆزانداین، بۆچی گەلی کورد نەیتوانیبوو ١٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا ئەو دەرفەتانە بقۆزێتەوە کە دوای شەڕی یەکەمی جیهان رەخسابوون؟  لە کاتێکدا کە دوای ١٠٠ ساڵ شەڕی سێهەمی جیهانی روودەدات دەرفەتی بەردەم گەلی کورد کامانەن؟ مەترسیەکان لە سەر گەلی کورد کامانەن؟

لە مێژوودا گەلی کورد زۆر دوژمنی هەبوون. هۆکارەکەشی جوگرافیای کوردستانە. جوگرافییایەک سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی زۆرە. نایانەوێت کە جگە لەوان لەسەر ئەم جوگرافیایە ئیرادەی دیکە هەبێت. بەهۆی ئەو پەیماننامانەوە گەلی کورد کەوتە دۆخێکی خراپەوە. هەموو تێکۆشانمان بۆ گۆرینی ئەوەیە.

سەردەمی لۆزانیش بەو جۆرەبوو. دوای شەڕی یەکەمی جیهانییە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە راستی دیزاین کرایەوە. بە تایبەتی فەرەنسا و بەریتانیا ٢٢ دەوڵەتی عەرەبییان دروست کرد و بەخۆیانیان بەستنەوە و ئەو دەوڵەتانەیان کردە دوژمنی یەکتر. گەلی کوردیش پارچە پارچەبوو. سەرەتا کردبوویان بە دوو پارچە و دواتر کردیانە چوارپارچە. لێرە زۆر فێڵ و گەمەیان کرد. لەو کاتەشدا گەلی کورد یەکگرتوو نەبوو. خۆی نەدەناسی. ئازاد نەبوو، بێ رێکخستن بوو، نەیتوانیبوو گیانی یەکێتی نەتەوەیی بخوڵقێنێت.بە گشتی یەکگرتوو نەبوون. دوژمن لەسەر ئەو بنەمایە فێڵ و گەمەکانی بەرەوپێش دەبرد. گەمەی بە ئایینزاکانی کورد وەک عەلەوی، سوننە، ئێزدی کرد؛ گەمەی بە عەشیرەتەکانی چوار بەشی کوردستان دەکرد. بۆ ئەوەی ئازاری یەکتر بدەن، ناکۆکی لەنێوانیاندا ساز دەکرد. تائێستاش ئەو سیاسەتە بەردەوامە. لەبەرامبەر ئەوەش لە رێگەی سەرهەڵدانی کۆچگری و شێخ سەعیدەوە بەرخودان کران.

پەیمانی سیڤەر بە راستیش شتێکی بۆ کورد تێدابوو. کورد لە رێگەی سیڤەرەوە دەیانتوانی پشوویەکیان بە بەردا بێتەوە، بەڵام تورکەکان ئەوەیان قەبوڵ نەکرد. دوای شەڕی یەکەمی جیهانی یەکیان گرت. مستەفا کەمال کەسێکی ژیر بوو. واتە ئەو ژیر، ریالیست بوو. وابیری نەدەکردەوە کە وەک عوسمانی خۆی لە هەموو شوێنێکدا بەرفراوان بکات، ئاگاداری ئەوەش بوو کە بەرامبەر ئەوروپا خاوەنی هێزێکی گەورە نییە. ئەوان میساقی ملـلییان بۆ خۆیان بە بنەما گرت، کە بۆ ئەوان پەسەندتر و قایلپێکەرتر بوو. کاتێک چوونە لۆزان وتیان 'تورکیا وڵاتی کورد و تورکە؛ ئێمە پێکەوەین'. لەسەر ناوی کورد نوێنەرانی خۆیان دیاریکرد. گەلی کورد خۆڕاگری دەکات، بەڵام هێزەکەی بەشی ئەوە ناکات. لەسەر ئاستی نێونەتەوەییدا ناتوانن خاوەنداری لە ناسنامەی خۆیان بکەن و کوردستان دەبێتە چوار پارچە.

ئەگەر گەلی کورد لە سەر بنەمای یەکێتی نەتەوەیی بجوڵێتەوە، مافەکانی خۆی بە کاربهێنێت یاخود بیانپاڕێزێت، دەتوانێت دەرفەتەکانی بەردەمی بە باشی بەکاربهێنێت. بەڵام پەیونەدییەکان لەگەڵ دوژمن لە مێژووەوە تائێستا، لەراستیدا ئەو پەیوەندییانە وەک خزمەت بە دوژمن بەردەوامە. بۆ وێنە ئەگەر پەیوەندی بەو جۆرە لەگەڵ دوژمن ساز نەکرێت، گەلی کورد ئیرادەی خۆی نیشان بدات زۆر دەستکەوت بەدەستدەهێندرێن. بەڵام تائێستاش دوژمن یاری بەو دەماری هاوکارییە دەکرێت. ئەو شەڕەی ئەمڕۆ لە دژی ئێمە بەڕێوەدەچێت بەم جۆرەیە. بۆ نمونە دەوڵەتی تورک لە باشوورەوە دێت و هێرش دەکاتە سەر ئێمە. هەڵبەت ئەو دۆخە ئازارمان دەدات و توڕەمان دەکات. دەبێت گەلی کوردیش بەمجۆرە هەستی پێبکات و کاردانەوە نیشان بدات. هەڵبەتە دەکرێت ناکۆکی لە نێوان پارتە کوردییەکاندا هەبێت، یەکتریان خۆشنەوێت، کێشە بێنە ئاراوە، بەڵام ناکرێت کە هیچ شتێک ببێتە مایەی ئەوەی کە رێکخراوێکی کوردی لە دژی رێکخراوێکی دیکەی کوردان بچێتە پاڵ داگیرکەران و لەگەڵ ئەوان هەنگاو بنێت.

ئایا دەوڵەتی تورک بە بێ پەدەکە لە باشوورەوە هێرش دەکاتە سەر ئێمە؟ بریندارەکانی پەکەکە بە دیلی دەگیرێن و رێگە نادرێت چارەسەریان بۆ بکرێت. وەک چۆن لە مێژوودا رۆحی یەکێتی نەتەوەیی نەهاتووەتە ئاراوە ئەم ئەزمونەش رێگە لەبەردەم پێکهێنانی رۆحی نەتەوەیی دەگرێت. لە رۆژانی داهاتوودا لە دژی پەیمانی لۆزان کۆنفڕانسێک ساز دەکرێت. کەنەکە پێشەنگایەتی دەکات. لەو بڕوایەداین و هیواداریشن هەموو رێکخراوە کوردستانییەکان و زۆر کەسایەتی لە چوار پارچەی کوردستانەوە لەو کۆنفڕانسەدا بەشدار بن. دیسان لەو بڕوایەداین کە لەو کۆنفڕانسەدا ئیرادەیەک بێتە ئاراوە. بانگەوازی ئێمە بۆ هەموو رێکخراوە کوردستانیەکان ئەوەیە کە دەبێت کۆنگرەی نەتەوەیی سازبکرێت و کەس لەو بابەتەدا خۆی نەکشێنێتەوە. دەبێت هەموان بە دڵ و گیان بەشداری لەو کۆنگرەیەدا بکەن. دەبێت ئەو کۆنگرەیە ببێتە کۆنگرەیەک کە وەڵامدەرەوەی خەون و ئاواتەکانی کورد بێت. پێشتریش چەند جار تاقیکراوەتەوە، گەیشتووەتە کۆتا قۆناغ، بەڵام بەهۆی پەدەکەوە ئاسێ بووە. دواتر بیستمان کە هەندێک هێزی نێونەتەوەیی نایانەوێت کۆنگرەکە سەرکەوتوو بێت و لەبەر ئەوە دەستیان بە گەمە کردووە. دەبێت ئەم جارە کۆنگرە بە ئەنجام بگات. دەبێت هەموان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و بەشداری کۆنگرەکە بکەن.

١٩ی ته‌مووز ساڵڕۆژی شۆڕشی ڕۆژئاوایه‌. شۆڕشی ڕۆژئاوا به‌ مۆدێلی چاره‌سه‌ری خۆی بووه‌ هیوای بۆ مرۆڤایه‌تی. به‌ڵام ئه‌ویش له‌ ژێر گه‌ماڕۆدایه‌. هه‌ڕه‌شه‌ و هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك له‌سه‌ر ڕۆژئاوا به‌رده‌وامه‌. ڕاگه‌یه‌ندرا كه‌ له‌چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا دادگایی كردنی چه‌ته‌كانی داعش ده‌ستپێده‌كات. ئێوه‌ دۆخی ئێستای شۆڕشی ڕۆژئاوا و پێشهاته‌كانی ئه‌م دواییه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

شۆڕشی ڕۆژئاوا له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا جێگه‌یه‌كی گرنگی گرت. ڕه‌نگه‌ له‌ ڕووی شوێن و جوگرافیاوه‌ بچووك بێت، به‌ڵام شۆڕشی ڕۆژئاوا خاوه‌نی واتایه‌كی گه‌وره‌یه‌. ده‌وترێت هه‌ر شۆڕشێك ده‌ره‌نجامی هه‌موو شۆڕشه‌كانه‌. شۆڕشی ڕۆژئاوا سه‌رجه‌م ئه‌و شۆڕشانه‌ی تائێستا ئه‌نجامدراون گرته‌خۆی و تێشیپه‌ڕاندن. بۆیه‌ ئه‌و شۆڕشه‌ زۆر گرنگ بوو. به‌ پێشه‌نگایه‌تی گه‌لی كورد، عه‌ره‌ب و مه‌سیحی، به‌تایبه‌تی ژنان له‌ دژی داعش و ده‌وڵه‌تی تورك تێكۆشانیان كرد. ئه‌گه‌ر شۆڕشی ڕۆژئاوا نه‌بوایه‌، ره‌نگه‌ ئه‌مڕۆ له‌ جوگرافیای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست په‌ره‌سه‌ندن و ڕووداوی نوێ ڕوویبدایه‌. تا داعش، ئه‌لنوسره‌ و چه‌ته‌كانی هاوشێوه‌ هه‌بن، كێ ده‌زانێت، هێرش و كۆمه‌ڵكوژی له‌سه‌ر كورد ئه‌نجام ده‌ده‌ن و كێ ده‌زانێت ده‌وڵه‌تی تورك له‌كوێوه‌ ده‌چێت؟ شۆڕشی رۆژئاوا ڕێگری له‌وه‌ كرد. به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ پیرۆزبایی له‌ شۆڕشی ڕۆژئاوا ده‌كه‌م. ده‌یان هه‌زار شه‌هید درا، به‌ ڕێزه‌وه‌ یادی هه‌موویان ده‌كه‌ینه‌وه‌ و هێرشی ده‌وڵه‌تی تورك بۆسه‌ر ڕۆژئاوا شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین.

له‌ هه‌مووان زیاتر ده‌وڵه‌تی تورك به‌رامبه‌ر به‌ شۆڕشی ڕۆژئاوا توڕه‌یه‌ و دانبه‌خۆداگرتنی به‌رامبه‌ر ئه‌و شۆڕشه‌ نییه‌. ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ كێشه‌ی كورده‌وه‌ هه‌یه‌. ده‌وڵه‌تی تورك نایه‌وێت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هیچ گۆڕانكارییه‌ك ڕوبدات، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌وه‌ندی به‌ كورده‌وه‌ هه‌بێت، پێكنه‌یه‌ت. ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر كورد له‌ پرۆسه‌ی گوڕانكارییدا هه‌بێت، له‌هه‌ر كوێیه‌ك بێت، من هێرش ده‌كه‌م. به‌داخه‌وه‌ جیهان ئه‌و دۆخه‌ قبوڵ ده‌كات. بۆ نموونه‌ له‌ عه‌فرین ڕۆژانه‌ ده‌یان كه‌س ده‌ڕفێندرێن، هه‌راسان ده‌كرێن، دزی و ده‌ستدرێژی ده‌كرێت و هه‌موو شتێك ڕووده‌دات، به‌ڵام جیهان له‌به‌رامبه‌ریدا بێده‌نگه‌. ئه‌گه‌ر له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ جێگه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌ ئه‌و كارانه‌ی بكردایه‌، ئه‌وروپا و ئه‌مریكا هه‌ڵوێستیان وه‌رده‌گرت و لێپرسینه‌وه‌یان لێده‌كرد. به‌ڵام ده‌وڵه‌تی تورك ده‌یكات، ئه‌ندامی ناتۆیه‌. سه‌رچاوه‌ی هێزه‌كه‌ی ئه‌وێیه‌. ده‌وڵه‌تی تورك نه‌ته‌نیا داگیركاری ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌و شوێنانه‌ ده‌خاته‌سه‌ر خاكی خۆی. بۆ نموونه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی له‌ باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا داگیری كردووه‌ به‌خۆیه‌وه‌ به‌ستۆته‌وه‌. هه‌موو داموده‌زگاكانی تورك له‌وێ كراونه‌ته‌وه‌. هه‌زاران بنه‌ماڵه‌ی چه‌ته‌كانی له‌ سه‌رێكانی و گرێسپی نیشته‌جێ كردون. ده‌یانه‌وێت دیمۆگرافیای كوردان به‌ته‌واوی بگۆڕن.

لە عەفرین هەموو رۆژێک کۆمەڵکوژی هەیە بەڵام هەندێک کەس لەسەر ناوی کورد و کوردستان لەوێ دامەزراوە دەکەنەوە

دەوڵەتی تورک بۆ ئەوە هەموو رێگە و شێوەیەک بەکاردەهێنێت، جیهانیش بەرامبەر بەوە بێدەنگە. تاکە خەمیان ئەوەیە، دەبێت پەنابەران روونەکەنە ئەوروپا. ئەمە پێوەری ئەوانە. خۆی لە خۆیدا دەوڵەتی تورک بۆ ئەوە پارە لە ئەوروپا دەستێنێت. دەوڵەتی تورک بە ئاشکرا دەڵێت کە رێگە بە قەوارەی کورد نادات. هۆکاری هەوڵەکانی ئەوەیە. یەک رۆژیش نییە کە تیایدا هێرش نەکاتە سەر رۆژئاوا. گەلی عەرەب و مەسیحیشمان لە دژی ئەو هێرشانە لە بەرخودانی گەورەدان. ئەوانیش دەزانن کە هەندێک دەوڵەت چەندە دووڕوون، بەرژەوەندی خۆیان لە سەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێن. ئەگەر بەم جۆرە نەبوایە دەستوەردانیان لە عەفریندا دەکرد، ئەگەر بەو جۆرە نەبوایە پشتیوانیان لە دەوڵەتی تورک نەدەکرد.

لەبەر ئەوە زۆر جێگرەوە بوونی نییە. ئەو جێگرەوانە کامانەن؟ یەکەم گەر لە دەستیان بێت دەبێت لەگەڵ دەوڵەتی سوریا دیالۆگ بکەن، لە یەکتر تێبگەن و یەکتر رازی بکەن کە چارەسەرییەک بێننە ئاراوە. کورد داوای دەوڵەت ناکەن یاخود نایانەوێت دەوڵەتی ئێستا بڕوخێنن. دەیەوێت مافەکانی بەدەستبهێنێت، بۆ رێگە و شێوازی ئەوەش سیاسەت و دیپلۆماسی دەکەن. ئەگەر ئەوە نەیاتەئاراوە، دەبێت لە هەموو روویەکەوە خۆڕاگری بکەن، خۆیان بە باشی رێکبخەن. بە تایبەتی دەبێت کۆمەڵگا بە باشی رێکبخەن و لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا ئامادەکاری سەربازی بکەن. لە رۆژئاوا سەرکەوتنی گەورە بە دەستهێنراون. ئەمە بەراستی گرنگە. ١١ ساڵ بە سەر راگەیاندنی دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەریدا تێپەڕبوون. سیستمێک کە ١١ ساڵە دامەزراوە و پارێزگاری لێدەکرێت. ئەگەر سیاسەتی دروست بگیرێتەبەر، کۆمەڵگا بە باشی رێکبخرێت، خەباتی دیپلۆماسی بە باشی ئەنجام بدرێن بەر بە هێرشەکان دەگیرێت. ئەوەی گرنگە ئەمەیە کە گیانی یەکێتی نەتەوەیی لە سەرەووی هەموو شتێکەوەیە.

بۆ نمونە لە عفرین هەموو رۆژێک گێچەڵ، دەستدرێژی و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە لایەکی دیکەوە لەسەر ناوی کورد و کوردستان هەندێک کەس دێن و لەوێ دامودەزگا و رێکخراو دەکەنەوە، رەوایەتی بە داگیرکەری دەدەن. رێگە لەبەردەم داگیرکەران دەکەنەوە. دەبێت گەلەکەمان ئەمانە ببینن.

دادگاییکردنی چەتەکانی داعش بڕیارێکی گونجاوە

چەند رۆژ بەرلەئێستا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رایگەیاندبوو کە ئەوان ئەو چەتانەی داعش کە لە زینداندان دادگایی دەکەن. لەوبارەوە مشتومڕ لە ئارادایە. ئەوانەی بە کۆمەڵکوژی داعشدا تێپەڕبوون، ئەوانەی مەترسی داعشیان لە نزیکەوە بینی و تیایدا ژیان، ئەوانەی ستەمی داعشیان بینی بە دڵخۆشییەوە پێشوازیان لەو بڕیارە کرد. چەتەکانی داعش جەلاد و خوێنڕێژ بوون؛ سەری ژن و منداڵ و بەتەمەنەکانیان دەپەڕاند. بە دڵنیاییەوە دەبێت ئەو چەتە دڕندانە دادگایی بکرێن. بەڵام ئەوەندەی بەدواداچوونی بۆدەکەین، دەوڵەتانی نێونەتەوەیی لەبەرامبەر ئەو بڕیارەدا بە کەمترخەمییەوە مامەڵە دەکەن. بەتایبەتی دەوڵەتی تورک دوای ئەو بڕیارە زۆر توڕە بووە. ئەگر چەتەکانی داعش دادگایی بکرێن و قسە بکەن زۆر خراپەکاری دەوڵەتی تورک و ئەوانەی هاوکاری داعشیان کردووە ئاشکرا دەبن. جۆن لە کۆمەڵکوژی، تاڵان، گێچەڵ و دەستدرێژیدا بەشداربوون ئەوەس ئاشکرا دەبێت. هەڵبەت دەوڵەتی تورک ئەمەی ناوێت. رەنگە دەوڵەتانی دیکەش دۆخێکی لەو جۆرەیان هەبێت. ئەگەر ئەو دادگایانە قەبوڵ بکرێن قەوارەی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریاش دانیپێدا دەنرێت. هەندێکش بە شێوەی سیاسی مامەڵە دەکەن لەبەر ئەوە بەرامبەر بەو بڕیارە کەمتەرخەمانە دەجوڵێنەوە. بەڵام ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بڕیارێکی بەم جۆرەی داوە. لە روانگەی منەوە، ئەوە بڕیارێکی بەنرخە. گەلانی کورد، عەرەب و مەسیحی و ئەوانەی ستەمی داعسیان بینیوە مافێکی لەو جۆرەیان هەیە.

هه‌زاران چه‌ته‌ی داعش له‌ زیندانه‌كان زیندانی كراون. ده‌بێت تا كه‌ی وا بن؟ ئه‌گه‌ر هێزێكی تری داعش هه‌بوویایه‌ و له‌شوێنێكی دیكه‌ی جیهان بوونایه‌ نه‌ك له‌ ڕۆژئاوا، له‌و بڕوایه‌دام كه‌ زۆر هێزی نێونه‌ته‌وه‌یی و ده‌وڵه‌ت بۆ دادگاییكردنیان هه‌نگاوێكیان ده‌نا. به‌ڵام ئێستا هه‌مووان ته‌نیا سه‌یر ده‌كه‌ن. با هه‌ر له‌ ڕۆژئاوا بن، بیانپارێزن، چی ده‌كه‌ن با بیكه‌ن، به‌ڵام كه‌س ناهێڵێت ئه‌وان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كانیان و دادگاییان بكه‌ن. ئه‌م دۆخه‌ تا كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت؟ ئه‌مه‌ ڕێبازێكی سیاسییه‌. ئێداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری مافی خۆیه‌تی به‌ پێی یاساكانی ئه‌وان دادگایی بكات. هه‌روه‌ها ده‌بێت یاساكانی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌به‌رچاو بگیرێت. پێشترش ڕاگه‌یاندنی له‌وجۆره‌یان دابوو. ئه‌وان داوای به‌شداریكردنیان له‌ زۆرێك له‌ ڕێكخراوه‌كانی نێونه‌ته‌وه‌ی و یاساناسان كردبوو.

چی له‌وه‌ دادپه‌روه‌رانه‌تر و دیموكراسیتر هه‌یه‌؟ به‌ ئاشكرا ده‌یانه‌وێت ئه‌ندامانی داعش دادگایی بكرێن. ده‌بێت ئه‌وانه‌ دادگایی بكرێن. ئه‌گه‌ر نه‌كرێن، دۆخێكی مه‌ترسیدار دێته‌ ئاراوه‌. دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ زیندانی حه‌سه‌كه‌ هه‌ڵهاتن و سه‌دان كه‌سیان كوشت. دیسان دوای ڕزگاركردنی كۆبانێ شه‌وێك هێرشیان كرده‌ سه‌ر گونده‌كان و سه‌دان كه‌سی ئێمه‌یان كوشت. ئه‌وان توانایه‌كی له‌وشێوه‌یه‌یان هه‌یه‌. بۆیه‌ پێویسته‌ دادگایی بكرێن و سزا بدرێن. ئه‌و هێزانه‌ی ده‌ڵێن ئێمه‌ دژی داعشین، ده‌بێت ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن. ده‌بێت داعش وه‌ك ئه‌قڵیه‌تێك دادگای بكرێت. هه‌ربۆیه‌ ده‌وڵه‌تی تورك له‌و دادگاییانه‌ ده‌ترسێت و نایه‌وێت چه‌ته‌كان دادگایی بكرێن. به‌ڵام ده‌بێت لێپێچینه‌وه‌ له‌ داعش بكرێت و هه‌ر كه‌سێكیش كه‌ هاوكاری كردوون، به‌ گوێره‌ی یاسا نێونەتەوەییەکان لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت.

هـ. ب/ ژ. ن