ئەنجامنامەی کۆنفڕانسی لۆزان: لەپێناو ئازادیدا دەبێت ستراتیژێکی نەتەوەیی هەبێت

لە ئەنجامنامەی کۆنفڕانسی لۆزاندا هاتووە: "ئەرکی سەرەکی دەکەوێتە سەر شانی کەسایەتیە سیاسیەکانی کورد. دەبێت بزانرێت کە ئازادی نادرێت، بۆ ئازادی پێویستیمان بە تێکۆشانێکی سەردەمیانە و ستراتیژێکی نەتەوەیی هەیە".

پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە)، پارتی کۆمۆنیستی کوردستان (کەکەپە)، پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە)، پارتی ئینسان و ئازادی (پیا) و پارتی چەپی سەوز لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە کۆمەڵەی رۆژنامەوانانی باکوررۆژهەڵاتی ناوچەی یەنیشەهیری ئامەد ئەنجامنامەی کۆنفڕانسەکەیان ئاشکرا کرد، کە لە ژێر ناوی "کورد و کوردستان، لە سەد ساڵەی پەیمانی لۆزاندا" بەڕێوەچووبوو.

لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا هاوسەرۆکی کەجەدە بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە ساڵیحە ئایدەنیز، سەرۆکی گشتیی پیا محەمەد کاماچ، سەرۆکی گشتی کەکەپە سینان چیفیورەک، سەرۆکی گشتی پەسەکە بایرام بۆزیەل و نوێنەرانی پارتە سیاسیەکان و رێکخراوە مەدەنیەکان بەشداربوون.

دەقی ئەنجامنامەکە بە کوردی لە لایەن وتەبێژی کەکەپە نەسرەدین ماچین و دەقی تورکیەکەسی لەلایەن سەرۆکی گشتی پیا محەمەد کاماچەوە خوێندرایەوە.

دەقی ئەنجامنامەکە بەم جۆرەیە:

"پەیمانی لۆزان کۆتاییهاتووە و کاری بەپەلە و لەپێشینە ئەوەیە کە دەستورێکی هەمیشەیی نوێ کە هەبوونی گەلی کورد بە فەرمی بناسرێت، ئامادەبکرێت. سەد ساڵ بەسەر شەڕی دەوڵەتە ئیمپریالیست و کۆلۆنیالیستەکاندا تێپەڕبوو و دوای شەڕی دابەشکردن، پێکەوە رێککەوتن. کەمالیستەکانیشیان لەو پرۆسەدا بەشدار کرد. ئیرادەی گەلی کورد پشتگوێ خرا و کوردستان دابەشکرا. ناوی پەیمانی ٢٤ی لۆزانی ١٩٢٣ بۆ گەلەکەمان بە واتای تاریکی، کۆمەڵکوژی و ستەمی بێکۆتایی. ئێمە پەیمانی لۆزان کە نوێنەرایەتی گەلەکەمانی تێدا نییە و ئیرادەکەی تێدا پشتگوێ خراوە و بەفەرمی نەناسراوە و ئەو کەسانەی ئەو پەیمانەیان واژۆ کردووە و جێبەجێیان کردووە بە توندی شەرمەزار دەکەین. پەیمانی لۆزان، تەنیا گەلی کوردی لە مافە رەوا نەتەوەییە دیموکراتیکەکان و هەلی بەدەوڵەتبوون بێبەش نەکرد. هەروەها لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆوی دوژمنایەتی و نەفرەتی چاند و بووە هۆکاری ئەوەی سەدەیەکی پڕ لەناسەقامگیری، شەڕ و پێکدادان بێتە ئاراوە.

کەمالیستەکان کە لە سەردەمی هەڵوەشانەوەی ئیمپراتیریەتی عوسمانیدا بە ناوی برایەتی ئایینیەوە داوای پشتیوانیان لە کوردەکان دەکرد، رایانگەیاند کە ئەو دەوڵەتەی دادەمەزرێت دەبێتە دەوڵەتی هاوبەشی تورک و کوردەکان. رایانگەیاند ئەوان لە لۆزان نوێنەرایەتی تورک و کوردەکان دەکەن، دوای واژۆکردنی پەیمانی لۆزان راستەوخۆ هەموو قسەکانی خۆیان لەبیر کرد و مافەکانی زمانیش کە لە خاڵەکانی ٣٨-٣٩ی پەیمانی لۆزاندا دیاریکرابوون، جێبەجێ نەکران و دوای سێ مانگ لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣دا کۆمار راگەیەندرا. کۆماری تورکیا لە سەر بنەمایەکی مۆنیستی و نەژادپەرستی، لە سەر بناغەی تورکبوون دامەزرا و گوێی بە پێکهاتەی فرەنەتەوەیی، فرەکولتوری، فرە ئایینی ئەو جوگرافیایە نەدا کە لە سەری دامەزرابوو.

لە دەستووری بنچینەیی ١٩٢٤دا چەمکێکی هاووڵاتیبوون کە نکۆڵی لە هەبوون، زمان و کولتوری گەلی کورد دەکات و هەموو ئەوانەی لە تورکیا دەژین بە تورک دادەنێت، جێگیر کرا. "تورک-ی سوکون" کە لە ساڵی ١٩٢٥ سەریهەڵدا و 'پلانی چاکسازی رۆژهەڵاتی' کە دواتر بە نهێنی ئامادەکرا و کەوتەبواری جێبەجێکردنەوە، بوونە بنەمای رژێمی سەربازی، لێکۆڵەرە گشتییەکان و سیستمی باری نائاسایی کە ماوەی سەدەیەکە لە کوردستان بەردەوامە. زمانی کوردی بە فەرمی قەدەغەکرا، بۆ خۆی کردە ئامانج کە کورد و کوردستان لە ناوببات، بۆ ئەوەی ئەو ئامانجانە بپێکێت کۆمەڵکوژی گەورەی ئەنجامدا.

رژێمی کەمالیست لە ساڵی ١٩٢١ لە کۆچگری، لە ساڵی ١٩٢٥ لە هەرێمەکە شەڕی شێخ سەعید، لە ساڵی ١٩٢٨-١٩٣٠ لە ئاگری، لە زیلان و لە ساڵی ١٩٣٨ لە دێرسیم بەهەموو جۆرە رێ و رێبازەکان و بە کۆمەڵکوژی سەرهەڵدان و بەرخودانی گەلی کوردی لە پێناو ئازادی نەتەوەیی سەرکوت کرد. سیاسەتی جینۆسایدی کولتوری کە سەد ساڵە بەردەوامە، لە دژی زمان و کولتوری کورد بەڕێوەدەچێت. ئەو سیاسەتەی ستانداردکردنی نەژادپەرستی سەد ساڵە کە وەک ستراتیژی دەوڵەت بە شێوە و ئامێری جیاجیا درێژەی پێدەدرێت، بەڵام لە جەوهەر و ناوەرۆکدا نەگۆڕدراوە.

ئەمڕۆش هێرشەکانیان بۆ سەر دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە هەرێمی فیدراڵی کوردستان و خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا بەردەوامە. لە باکووری کوردستان ئیرادەی گەلەکەمان زەوت دەکرێت و بۆ بەڕێوەبەری خۆجێیی قەیوم دیاری دەکرێن، پارتە کوردستانیەکان لە ژێر هەڕەشەی داخستندان، لە دژی کادرە سیاسیەکان بە بەردەوامی ئۆپراسیۆن بەڕێوەدەچێت، سیاسەتی گۆشەگیری توند کە هەموو یاساکان پێشێل دەکات بەڕێوەدەچێت. سەرباری ئەوەش تێکۆشانی گەلەکەمان بۆ ئازادیی نەتەوەیی بێ وچان بەردەوامە و لەئێستا بەدواوەش بە هەمان پێداگرییەوە بەردەوام دەبێت.

گەلەکەمان و'ێڕای هەموو هێرش و کۆمەڵکوژیەکان لە چوارپارچە تێکۆشانی ئازادیی نەتەوەیی خۆی درێژەپێدا و درێژەی پێدەدات. گەلەکەمان لە باشووری کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە بووەتە خاوەنی ستاتۆیەکی فیدڕال. لە باشووری رۆژئاوای کوردستان گەلی کورد لە رێگەی ئازادیدا دەرفەتی گرنگی لەبەردەمدایە. پاراستن و بەرەوپێشبردنی دەستکەوتەکانی هەردوو بەشەکان و دوورکەوتنەوە لە پێکدادانی ناوخۆیی زۆر گرنگە. گەلەکەمان لە تێکۆشانی رزگاری نەتەوەیی رۆژهەڵات و باکووری کوردستان سەنگەری گەورەی بەدەستهێناوە. بۆ ئەوەی تێکۆشانەکانی ئەو دوو پارچەیە بگاتە سەرکەوتن، دامەزراندن و بەرفراوانکرنی هاوپەیمانی نەتەوەیی ئەرک و بەرپرسیارێتیەکی گرنگە.

لە لایەکی تر مامەڵەی نکۆڵیکارانە و تواندنەوەی کولتوری دژ بە کورد نەک تەنها زیانێکی گەورەی بە گەلی کورد گەیاندووە، بەلکو کاریگەری نەرێنی لەسەرپرۆسەی دیموکراتیکبوونی تورکیاش دروست کردووە. هەر جارێک کە دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە کورد توندوتیژی ئەنجامداوە، کاریگەری مەکینەی سوپا لەسەر سیاسەت زیاتر بووە و شەپۆلی شۆڤێنیزم بەرز بووە. ئەم دۆخە ڕێگر بوو لە بەرەوپێشچوونی تورکیا بەرەو کۆمەڵگایەکی سەردەمیانە. هەر لەبەر ئەم هۆکارانە هەر دە ساڵ جارێک  سوپای تورک بە کودەتایەکی سەربازی دەستی بەسەر دەسەڵاتدا دەگرت. دەوڵەتی تورک هەموو سەرهەڵدانی کوردەکان بۆ شکاندنی بەرهەڵستکارانی دژ بە خۆی بەکارهێنا. لە تورکیا ڕێگری کرد  لە پێشکەوتنی بزوتنەوەی دیموکراتیک و بە ڕێکخستن بوونی کۆمەڵگا. هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە دەسەڵاتی سیاسی لە تورکیا  تاکڕەو بێت و بوو بە هۆکاری سەرهەڵدان و زیادبوونی ڕەگەزپەرستی و ململانێی کۆمەڵایەتی.

لەم خاڵەدا تورکیا بە هۆی سیاسەتی توندوتیژی و ململانێی دژ بە کورد کەوتۆتە ناو قەیرانێکی فرەلایەن و قووڵەوە. بناغەی ئابووری داڕووخاوە، بەربەست بۆ سیستەمی سیاسی دانراوە، لە بها ئەخلاقیەکاندا خراپەکاری و گەندەڵییەکی گەورە هەیە. تەنها لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بە هۆی شەڕ و ململانێکانەوە ٤ ترلیۆن دۆلار خەرج کراوە. سەرچاوەیەکی گەورە بۆ بابەتی شەڕ و چەک و توندوتیژی خەرج کراوە. سەرچاوەی ئاماژەپێکراو پێنج هێندەی داهاتی ساڵانەی نیشتمانی تورکیا زیاترە. چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد، چ لە تورکیا و چ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیری سیاسی قووڵتر دەکات. ئەزمونی سەد ساڵە ئەوە دەردەخات کە تا کێشەی کورد بە شێوەیەکی ئاشتیانە و لەسەر بنەمای یەکسانی چارەسەر نەکرێت، ئارامی و ئاشتی و دەوڵەمەندی لە ناوچەکەدا دروست نابێت. چارەسەری کێشەی کورد بۆتە کلیلی ئاشتی و ئارامی لە  تورکیا و ناوچەکە.

داواکارییەکان لە کۆنفڕانسەکەدا

دەبێت نادادپەروەری مێژووی سەد ساڵە لەسەر گەلی کورد کۆتایی پێبێت. گەلی کورد وەک هەر گەلێکی دیکە مافی خۆیەتی لە وڵاتی خۆیدا بە ئازادی و بە شکۆمەندیەوە بژی. ئەم مافە لەگەڵ حقوقی گوردوونی ناونەتەوەیی یەکدەگرێتەوە و مەرجێکی پێویستە بۆ ئاشتی هەمیشەیی. لەم ئاستەدا رژێمی مۆنیستی دژە کورد کە لەسەر بنەمای نکۆڵی لە کورد دامەزراوە، ئیتر ناتوانێت بەردەوام بێت. بونیادنانی سیستەمێکی فرەلایەن، ناناوەندی و دیموکراتیک لەسەر بنەمای فرە نەتەوەیی، فرە کولتوری و فرە ئایینی لە تورکیا پێویستییەکی گەورەیە. ئەمەش پێش هەموو شتێک بە داڕشتنی دەستوورێک کە بە مانای گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی دێت، مسۆگەر دەبێت. پێویستە بە تەواوەتی مافە دیموکراتیکە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەستەبەر بکرێت. لەو دەستوورە نوێیەی کە دادەڕێژرێت؛ 

* دەبێت بوون و ناسنامەی گەلی کورد بە فەرمی بناسرێت. 

دەبێت زمانی کوردی وەک زمانی پەروەردە لە باخچەی ساوایانەوە تا زانکۆ وەک زمانی فەرمی لەگەڵ زمانی تورکی بە فەرمی بناسرێت.

* دەبێت زەمینەیەکی دیموکراتیک ساز بکرێت بۆ ئەوەی ڕێگا بۆ کورد بکاتەوە کە بتوانێت بەناوی کورد و کوردستان بە ئازادی خۆی ڕێخستن بکات و گوزارشت لە خۆی بکات.

* دەبێت قەوارەیەک بدرێت بە گەلی کورد تا بتوانێت لە کوردستان خۆی بەڕێوەببات.

*دەبێت ناوی کوردی گوندەکان، شارەکان، شوێنە مێژووییەکان کە لە کوردستان گۆڕاون بگەڕێندرێتەوە؛

* دەبێت شوێنی ناشتنی ئەو کەسایەتییە کوردانەی کە دەوڵەت دەیشارێتەوە، ئاشکرا بکرێن.

* بەم شێوەیە دەبێت ژیانی گەلی کورد لەگەڵ گەلانی تر بە شێوەیەکی یەکسان و ئازاد و شکۆمەندانە بە شێوەیەکی یاسایی و کۆمەڵایەتی بپارێزرێت.

دەبێت ئەقڵیەتی نکۆڵی و ستەم کە لە بەرانبەر گەلانی کورد، ئەرمەنی، ئاشووری-سریانی، کلدانی، عەرەب، ئازەری، تورکمان و ئایینەکانی وەک عەلەوی-سوننە، مەسیحی، جوو، ئەو ئێزیدیانەی کە لە  کوردستاندا دەژین، بەڕێوەدەبرێت، کۆتایی پێبێت. دەبێت جیاوازی نەتەوەیی و مەزهەبی و فەرهەنگیی پێکهاتەکانی کوردستان وەک دەوڵەمەندییەک بخرێتە ناو دەستوورەوە، ئەنجامدانی ئەم ئەرکە یەکەم ئەرکی کەسایەتیە سیاسییەکانی کوردە. پێویستە بزانرێت کە ئازادی نادرێت، بۆ ئەمەش پێویستمان بە ستراتیژی تێکۆشانی سەردەمیانە هەیە.

کلیلی ئازادی نەتەوەیی بۆ گەلی کورد هاوپەیمانییەکی بەرفراوان، دیالۆگ و هاوکارییە. نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت کە گەلی کورد سەد ساڵ لەمەوبەر بە هۆی نەبوونی یەکێتیی نەتەوەیی لە لۆزان مافی نەتەوەیی خۆی لە دەست دا. ئیمە بە سیاسەتی بونیادنانی هاوپەیمانی نەتەوەیی، زیادکردنی دۆستەکانمان و کەمکردنی دۆژمنانمان دەتوانین لە سەدەی بیست و یەکدا کاربکەین. کورد بەم سیاسەتانە دەتوانێت ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادیی نەتەوەیی نەهێڵێت و کەڵک لە دەرفەتەکان وەربگرێت و ڕێککەوتنی لۆزان بێ کاریگەر بکات. ئێمە داوا لە وڵاتانی وەک بەریتانیا و فەرەنسا دەکەین کە لەسەد سالی تێپەر بوو دا لە ساڵی ١٩٢٣ بە پەیمانی لۆزان کوردستانیان دابەش کرد و کوردیان بێ قەوارە کرد، کۆتایی بەم ستەم و نادادپەروەرییە مێژووییە بهێنن.

ئێمە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئەوروپا، یەکێتی ئەوروپا و دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی دیکە دەکەین، پشتیوانی لە تێکۆشانی گەلەکەمان بکەن بۆ دیاریکردنی چارەسەری خۆیان و کۆتاییهێنان بە نادادپەروەریی لۆزان. گەلی کورد دەیەوێت بۆ سەد ساڵی داهاتوو بە شێوەیەکی یەکسان لەگەڵ گەلی تورک، فارس و عەرەبی هەرێمەکە بژین، لە بەرانبەر ڕەتکردنەوە و نکۆڵیکردن دەڵێت نەخێر، بۆ هێنانەکایەی هەلومەرجی ژیان لە ڕێگەی دانپێدانانی وڵات و ناسنامەی نەتەوەیی و زەمینەیەک بۆ یەکسانی سیاسی، ستاتۆیەکی جوگرافی تێدەکۆشێت.

بانگەوازی ئێمە بۆ دەوڵەتی تورک ئەمەیە؛ سیستەمێک کە لەسەر نکۆڵی لە کورد دامەزراوە تا سەر بەردەوام نابێت. سیستەمی ئێستا نەک تەنها نادادپەروەرییەکی گەورەی بەسەر کورددا هێناوە، بەڵکو ژیانی بۆ گەلی تورکیا کردووە بە دۆزەخ. ئەمە سەلمێنراوە  کە تا گەلی کورد ئازاد نەبێت گەلی تورکیش ئازاد نابێت. وەرن لە جیاتی سیاسەتی شەڕ و نکۆڵی، با دەست بە سەرەتایەکی نوێ بکەین بۆ چارەسەرییەکی ئاشتیانە و دیموکراتیک بۆ پرسی کورد. با هێز و سەرچاوەکانمان کۆبکەینەوە نەک بۆ شەڕ و ململانێ، بەڵکو بۆ دەستوورێکی نوێ کە ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند و یەکسان بە  گەلیکورد و تورک و گەلانی تر دە بەخشێت. ئێمە هەموومان پێکەوە سەردەکەوین".

هـ . ب