ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی كوردستان بانگەوازی بۆ گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دەكات
رۆژی یەكشەممەی داهاتوو؛ بۆ ئازادی مامۆستایانی زیندانی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەرێوە دەبەین.
رۆژی یەكشەممەی داهاتوو؛ بۆ ئازادی مامۆستایانی زیندانی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەرێوە دەبەین.
ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی كوردستان ـ لقی سەقز و زێویە، بانگەوازیەكی بۆ گردبوونەوەی ناڕەزایەتی كردوە كە لەرۆژی یەكشەممەی داهاتوو؛ ٢٦ حۆزەیران بەمەبەستی ئازادی مامۆستایانی زیندانی بڵاوكردەوە. ئەمە لەكاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ مامۆستا و چالاكی پیشەیی مامۆستایان لەشاری سنە دەستبەسەركرا.
ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی كوردستان لقی سەقز و زێویە لەبانگەوازیەكدا سەرەڕای شەرمەزاركردنی دەستگیركراوە بەرەوامەكانی مامۆستایان و زیندانیكردنیان رایگەیاندوە؛ سەرەرای هەوڵدان و بەدواداچوونە بەردەوامەكانمان، بەڵام بەڵێنەكانی بەرپرسانی داد بۆ ئازادی زیندانیان پێكنەهاتوە.
لەبانگەوازیەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە دەستگیركردنی مامۆستایان نیشانەی ئەوەیە كە دەوڵەت خواستی ئەوەی نییە كە رەوشی پەروەردە باش بكات و ئاماژەیان بەدەستگیركردنی بیست مامۆستای شاری سەقز كردوە كە تەنیا لەرۆژی ١٧ی حۆزەیران كردوە و دەڵێت؛ ژمارەیەكیان بەدانانی بارمتە ئازاد كراون و ژمارەیەكی تریان تا ئێستاكە لەزینداندا ماونەتەوە.
ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی كوردستان لقی سەقز و زێویە، داوای لەكۆمەڵگەی كەلتوری و بنەماڵەكانیان دەكا، ئەگەر بەڵێنەكانی ئازاد كردنی مامۆستایان پێكنەهات، ئەوا رۆژی یەكشەممە، ٢٦ی حۆزەیران لەبەرامبەر بەوەزارەتی پەروەردەوە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەرێوە دەبەین.
لەلایەكی ترەوە، كەناڵی تەلەگەرامی ئەنجوومەنی هەماهەنگی یەكێتیە پیشەییەكانی ئێران لەراگەیەندراوێكدا رایانگەیاندوە؛ ئارام ئیبراهیمی یەكێك لەچالاكانی پیشەیی سنە رۆژی چوارشەممە، ٢٢ی حۆزەیران لەماڵی باوكیدا لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستگیركراوە و تا ئێستا هۆكاری دەستگیركردنەكە و چارەنووسی نادیارە.
هـ . ب