یەنەکە: پەدەکە بۆ پەردەپۆشکردنی خیانەتی ٣١ی ئاب لە کەرکوک ئاڵۆزی دەنێتەوە

مەڵبەندی دووی یەنەکە رایگەیاند، "لە سەروبەندی خیانەتی ٣١ی ئاب، پەدەکە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو خیانەتە گەورەیە، ئاڵۆزی لە شاری کەرکوک سازکردووە".

لە راگەیەندراوێکدا مەڵبەندی دووی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) ئاماژەی بەوەکردووە: " لەگەڵ نزیكبوونەوەی خیانەتی گەورەی ٣١ی ئاب و تای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، پارتی (پەدەکە) بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو خیانەتە گەورەی دەرحەق بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كردی، چەند ڕۆژێكە لە كەركوك، بەبیانوی وەرگرتنەوەی بارەگاكەیان، جەنجاڵیەكی زۆریان بۆ كار و كەسابەتی هاوڵاتیانی كەركوك دروستكردووە".

باسی لەوەشکردووە: " لێرەوە دەمانەوێت، ئەو ڕاستیانەی بۆ هەموولایەك بخەینەڕوو، ئەو لایەنانەی ئێستا ڕێگای سەرەكی كەركوك - هەولێر، داخستووە، دۆستەكانی پارتین، هەندێكیان لە هەولێر دانیشتوون و هەندێكیشیان لە بەغدا هاوپەیمانی پرۆسەی سیاسیی ئەون".

مەڵبەندی دووی یەنەکە راشیگەیاندووە:  پەدەکە "لە حكومەتی عێراق جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی هەیە، لە ئەنجومەنی نوێنەران، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و بەرپرسیارێتی لیژنەكانی پەرلەمانی هەیە، بەڵام لەم دۆسێیە، خۆیان حەشارداوە و بێدەنگییان هەڵبژاردووە، كەچی لەسەر وەرگرتنی پشك و پۆست، شەڕیانە. بێ ئەوەی باسكی سیاسیی خۆیان بۆ گەڕانەوەی دەستووری و دیموكراتیانەی بارەگاكانیان بخەنەگەڕ، كە ئەوە مافێكی فرە حزبی و دیموكراتیی و دەستوورییە و هێچ پێویستی بە هاندانی نەتەوەیی و گرژی نێوان پێكهاتەكان نییە".

یەنەکە بە بیریشی هێناوەتەوە، "ئەم هەنگاوەی پەدەکە بۆ کەرکوکییەکان نامۆ نییە و لە رابردووشدا گرفتی زۆری هەمە چەشنیان دروست کردووە".

هەروەک جەختی لەوەشکردووەتەوە: " بۆیە ئەم ڕووداوانەی ئێستا ڕوودەدەن، كە هاوكاتە لەگەڵ خیانەتی ٣١ـی ئاب، بۆ لە بیر بردنەوەی ئەو مێژووە تاڵەیە بەسەر میللتەكەمان هاتووە، كەشفكردنی دەستیانە، كە تا دوێنێ بانگەوازی ئەوەیان دەكرد بە شكۆ و بە ئاڵای كوردستانەوە دەگەڕێنەوە، كەچی ئێستا ناتوانن بەرگری لە بینایەكەی خۆشیان بكەن".

لە کۆتاییشدا مەڵبەندی دووی یەنەکە لە کەرکوک رایگەیاندووە: "لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و هەستیاری دۆخی كەركوك، هەوڵی ئاساییكردنەوەی دۆخەكە دەدەین و داوا لە حكومەتی لۆكاڵی كەركوك و هێزەكانی سوپا و داوا لە پارتیش دەكەین ئەم بابەتە  بە یاسا و دەستوور نەك بە جەمسەرگیری گرژی، چارەسەر بكەن تاكو چیترهاوڵاتیانمان نەبنە قوربانی موزایەدە پێشوەختەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردن و هەموو لایەكیش كەشی پێویست بۆ دیموكراسیی و خەباتی مەدەنی مەیسەر بكەن".

ژ. ن