لە راگەیەندراوێکدا فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) باسی لە زیاتر بوونی هێرشی فڕۆکە بێفرۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر ناوچەکانی ئاسۆس و پێنجوێن کردووە و ئەوەی خستووەتەڕوو کە بە هۆی ئەو هێرشانەوە زیانی زۆر بەر رەز و باخی دانیشتوانی ئەو ناوچانە کەوتووە.
یەرەکە داوای لەسەرجەم چین و توێژەکان کردووە کە ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو هێرشانە دەرببڕن و رایگەیاند: ". بێگومان هەڵوێست و دژایەتی گەلەکەمان بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان تەنیا ڕێگەی ڕاوەستاندن و تێکشکاندنی داگیرکەرانە".
دەقی راگەیەندراوەکە
بۆ ڕای گشتی و گەلەکەمان!
هێرش و پەلامارە ئاسمانیەکانی ئەڕتەش و دەوڵەتی فاشیستی تورکیە بۆ ناوچەکانی ئاسۆس و پێنجوێن زیاتربووە و خەسارێکی زۆری مادی بە گوندنشینانی ئەو هەرێمانە گەیاندووە. وەکو ناوەندی فەرمانداری یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(ی.ر.ک) ئەو هێرشانە بە توندی شەرمەزار دەکەین.
کاتژمێر یەک بۆ یەک و نیوی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٢٤ی ئاگوست(تەباخ)، داوێنی چیای پشت گوندی ساڵیاوای پێنجوێن لە هەرێمی کوردستان لەلایەن فرۆکەیەکی بێ فرۆکەوانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە بۆمباردوومان کرا. لە ئەنجامی ئەو بۆمباردوومانە مەرتەع و باخ و ڕەزی گوندنشینان و دارستانی گوندەکانی ساڵیاوا، کانی میرانی مەلیک و بناویان ئاگریان تێبەربوو و بەداخەوە خەسارێکی گەورە بەر هاووڵاتیانی ئەو گوندانە کەوتووە. بەداخەوە ئاگری دارستانەکە ئەوە ماوەی سێ ڕۆژە بەردەوامە و بەرەو گوندی ڕەنگینە لەو ناوچەیە بەڕێوەیە و هاوکات خولانەوەی فرۆکە سیخوڕییە بێ فرۆکەوانەکانی ئەڕتەشی فاشیستی تورکیە لە ئاسمانی پێنجوێن بەردەوامە و ئەگەری هێرشی دووبارە، هەڕەشەیە لەسەر گیان و ماڵی گوندنشینان.
وەکو ناوەندی فەرمانداری یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ی.ر.ک) ئەو هێرشە ئاسمانیانەی ئەڕتەشی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە بە تووندی شەرمەزار دەکەین و جەخت دەکەینەوە کە ئامانجی دەوڵەتی فاشیستی ترکیە لەو هێرشانە، بەردەوامیدانە بە شەڕی هەمەلایەنە دژی گەلی کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان. بێگومان هەڵوێست و دژایەتی گەلەکەمان بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان تەنیا ڕێگەی ڕاوەستاندن و تێکشکاندنی داگیرکەرانە. بەو بۆنەیە داوا لە هەموو چین و توێژەکانی گەلەکەمان دەکەین بە ناڕەزایەتی دەربڕین لە مەیدانەکاندا، پیلانگێڕی داگیرکەران پوچەڵ بکەنەوە. دڵنیاین تێکۆشانی گەلەکەمان و هێزەکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بەرامبەر داگیرکەران دەگاتە سەرکەوتن.
ناوەندی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ی.ر.ک)
هـ . ب