ئەمڕۆ فەرماندەیی یەكینەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان-یەرەكە ڕاگەیەنراوێكی لەبارەی هێرشەكەی دوێنێ بۆ سەر ناوچەی ئاسۆس سەر بە شارۆچكەی ماوەت بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیەنراوەكەی یەرەكەدا هاتووە، “ڕۆژی ٢ی كانوونی یەكەم، فڕۆكەی سیخوڕی بەسەر ناوچەی ئاسۆس سەر بە شارباژێڕ سوڕاونەتەوە، لە كاتژمێرەكانی نێوان ١١:٣٠ بۆ ١٢:٠٠، كاتێك خەڵكی گوندەكان بۆ كۆكردنەوەی گژوگیای پاییز چوونەتە ناوچەكە، چوار جار لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دەوڵەتی داگیركەری تورك كراونەتەوە ئامانج، لە هێرشەدا هیچ زیانێك بەر هێزەكانمان نەكەوتووە، بەڵام لەئەنجامی هێرشەكەدا هاوڵاتییەك گیانی لەدەستدا و پێنج هاوڵاتی تریش برینداربوون.
لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هەمیشە باخ و باخاتی گوندنشینان دەكرێنە ئامانج و زیانیان پێدەگات، دیسانەوە لە هێرشەكەی سەر ئاسۆسدا دەركەوت، كە دەوڵەتی داگیركەری تورك چۆن بە شێوەیەكی دڕندانە خەڵكی مەدەنی دەكوژێت، ئێمەی یەكینەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان (یەرەكە) بە كوشتنی خەڵكی سڤیل لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری توركەوە دڵتەنگین و ئەو جۆرە ڕووداوانە شەرمەزار دەكەین كە بەسەر گەلەكەماندا دێت و پێویستە گەلەكەمان بزانێت ئامانجی دەوڵەتی داگیركەر لەناوبردنی گەلی كوردە.
لە كۆتایشدا یەرەكە وێڕای سەرخۆشی لە بنەماڵەی ئەو هاوڵاتیەیی دوێنێ لە ئەنجامی هێرشەكە شەهیدبوو و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان، جارێكی دیكە داوا لە گەل و خەڵكی خاوەن وێژدان دەكات هەڵوێستیان بەرامبەر بەو جۆرە هێرشانە هەبێت.
ف.ق