یەرەکە ناسنامەى گەریلایەکی شەهیدی بڵاوکردەوە

یەرەکە رایگەیاند، لە ٩ی حوزەیراندا گەریلایەکیان بە ناوی رێڤان زاگرۆس کاتێک لە گوندی بنەخوێی بانە بەرەو راپەڕاندنی ئەرکەکانی دەڕۆیشت کەوتووەتە بۆسەی هێزەکانی رژێمی ئێران و شەهید بووە.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی یەکینەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان (یەرەکە - YRK) بە بڵاوکردنەوەى راگەیاندراوێک ناسنامەى گەریلایەکی خۆی بە ناوی رێڤان زاگرۆس بڵاوکردەوە، کە لە ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢١دا لە بۆسەی هێزەکانی رژێمی ئێراندا لە نزیک بانە شەهید بووە.

راگەیاندراوی یەرەکە لەو بارەیەوە:

"وەک دەزانرێت ماوەیەکی زۆرە دەوڵەتى فاشیست و داگیرکەری ئێران لە بەرامبەر گەلەکەمان و گەریلادا هێرشیکی هەمەلایەنەی دەستپێکردووە. بە تایبەتی دەیەوێت بە دەستگیرکردن، زیندانیکردن، ماددەی هۆشبەر و لەشفرۆشی لە دژی گەلەکەمان، کۆمەڵگە پەرتەوازە بکات. هەروەها هاوکات بەرامبەر بە گەریلا و سەرباری هەوڵی هەڤاڵانمان بۆ ئەوەى شەڕ روونەدات، بەڵام دەیەوێت لە رێگەى بۆسە دانان و ئۆپراسیۆنەوە زیانمان لێ بدات.

لە ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢١دا لە نزیک شاری بانە و لە گوندی بنەخوێ و کاتێک هەڤاڵانمان سەرقاڵی راپەڕاندنی ئەرکەکانیان بوون، لەلایەن جاشەکانی رژێمەوە بۆسە دادەنرێت و لەو بۆسەیەدا هەڤاڵمان رێڤان زاگرۆس شەهید دەبێت.

ئێمە سەرەتا سەرەخۆشی لە بنەماڵەى شەهید رێڤان و گەلی کورد دەکەین و بەڵێن دەدەین، کە تێکۆشانی شەهیدانمان درێژە پێ دەدەین.

شەهید رێڤان زاگرۆس

هەڤاڵمان رێڤان زاگرۆس لە ساڵی ١٩٩٥ لە گەورە شاری ئیستەنبول دا لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزی خەڵکی کەربۆران و لە عەشیرەتی خەلیلییە لە دایکبووە. هەڤاڵ رێڤان ساڵی ٢٠١١ سەرەتا لە ناو خەباتی گەنجاندا بەشداری کاروباری تێکۆشان بوو. ئەو بۆ خۆی گەنجێکی پڕ لە وزە و لێهاتوو و کۆمەڵایەتی بوو. لێهاتووبوونی لە موزیک و شانۆدا زۆر گەشەی کردبوو و بوو بووە جێگای سەرنج.

هەڤأڵمان رێڤان زاگرۆس تاوەکو دەهات زیاتر هەستی بەوە دەکرد، کە لە وڵاتەکەیدا شەڕێکی زۆر قورس هەیە و پاکتاوکارییەکی زۆر دژوار لە دژی گەلەکەى بەڕێوەدەچێت. ئەویش وەکو هەر گەنجێکی کورد بۆچوون و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆی ناسی. تاوەکو دەهات پیلانگێڕیی قورسی سەر رێبەر ئاپۆ کاریگەرییەکی قوڵی لەسەر دروست دەکرد. ئەویش رێگای شەهیدان و پاکڕەوانەکان دەگرێتەبەر. ساڵی ٢٠١٤ روو لە چیا ئازادەکان دەکات. ئەو ئیدی بووە گەریلای چیاکانی زاگرۆس.

هەڤاڵ رێڤان بە تایبەتی بە جۆش و خرۆشانەکەیەوە دەناسرا. رۆحی منداڵیی جارێکیتر لە چیاکاندا لە دایکبوویەوە و گەشەی کرد. وەک ئەوە وابوو، جارێکیتر چیاکانی زاگرۆس هێنابێتیانە دونیا. هەموو کات بە خۆشەویستییەوە بەشداری کاروبارەکانی ژیان دەبوو. لەگەڵ هەموو کەسدا لەسەر بنەمای هەڤاڵێتی پەیوەندییەکانی دروست دەکرد. زوو لە دڵی هەڤاڵەکانیدا جێگای خۆی دەکردەوە. خوێن شیرین و رۆح سوک بوو. لە پێش هەموو شتێکەوە بیری لە هەڤاڵەکانی دەکردەوە و دوای ئەوە هەنگاوی دەنا. فەلسەفەی گەریلایەتی لە کەسایەتیی ئەودا زۆر بە شێوەیەکی سروشتی گەشەى کرد و چەسپا. کەسایەتییەکی سادە و پاک بوو.

هەڤاڵمان رێڤان لە ناوچەکانی گەریلادا و لە سەخترین شوێنی چیای شاهۆ و جوانڕۆدا گەریلایەتیی کردبوو. بەو جۆش و خرۆشان و حەماسەتەکەی خۆی لە پێش هەڤاڵەکانی خۆییەوە رێیدەکرد. بە شێواز و پێکهێنانەکانی خۆی کاریگەریی لەسەر کار و خەبات دەکرد. لەلایەن گەلی رۆژهەڵاتمانەوە زۆر خۆشەویست بوو. هەڤاڵ رێڤان خاوەنی بەرپرسیاری بوو. لە ئاستی فەرماندەیدا بە بەردەوامی بەرپرسیارانە دەجوڵایەوە و ئەرکەکانی لە ئەستۆ دەگرت. بە لێهاتوویی خۆییەوە خاوەن هەڵوێستێکی پێشەنگانە بوو. بە تایبەتی وەک ژنێک هەوڵەکانی فەرماندەبوونی زۆر بە بانگەشە بوو. بە بەردەوامی دەیخواست وەک فەرماندەیەکی ژن ببێت بە ویژدانی گەلەکەى و فەلسەفەی رێبەرایەتی بە ناو گەلەکەیدا بڵاوبکاتەوە و گەلەکەى پێ ئاشنا بکات. هەموو کات بەو دڵسۆزییەوە بە ئازایەتییەکی زۆرەوە هەنگاوەکانی دەنا و ئەرکەکانی رادەپەڕاند. توڕەییەکی تایبەتی بەرامبەر بە زوڵم و چەوسانەوەکانی رژێمی ئێران هەبوو. بۆ ئەوەى گەلی کورد ئازاد بژی کاری کرد و تێکۆشا و هەموو فیداکارییەکی لە ئەستۆ دەگرت.

هەڤاڵمان رێڤان زاگرۆس بووە وەڵامدەری ژنێکی ئاپویی، کە دەبێت چۆن بژی. ئێمەش لەسەر ئەوە وەڵامدەربوونەی رێدەکەین تاوەکو کوردستان ئازاد ببێت و تێکۆشانی خۆمان بە بێ راوەستان درێژە پێدەدەین. ئێمە بەڵێن دەدەین، کە خەون و خواستەکانی هەڤاڵ رێڤان پێکبهێنن و ئاڵای شەهیدان هەموو کات بە بەرزی  و شەکاوەیی رابگرین".

ناسنامەى گەریلای شەهیدمان رێڤان زاگرۆس:

نازناو: رێڤان زاگرۆس

ناو و پاشناو: هێزل ئاجون

شوێن و کاتی لە دایکبوون: ئیستەنبول / ١٩٩٥

ناوی دایک و باوک: زەینەب – م. شەریف

شوێن و کاتی شەهیدبوون: ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢١ / بانە

ژ.ت