ئەرەل: با لە دژی گۆشەگیری دەنگ هەڵبڕین

هاوسەرۆکی لقی ئامەدی کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان (TUAY-DER)، یەتەر ئەرەل باسی لەوەکرد، سیاسەتەکانی گۆشەگیری کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە و زیندانیان کردووە و وتی: "پێویستە لە دژی گۆشەگیری و ستەم دەنگ هەڵبڕین."

هاوسەرۆکی لقی ئامەدی کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان (TUAY-DER)، یەتەر ئەرەل  بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا گۆشەگیری ئیمراڵی تەنها وابەستەی کەسێک نیە، بەڵکو هەموو گەلی کوردی خستۆتەژێر کاریگەی خۆیەوە. دەوڵەتی تورک دەیەوێت لە ڕێگەی سیاسەتی گۆشەگیرییەوە ئیرادەی گەلی کورد بشکێنێت و هەوڵەکانی دیموکراتیکبوون لەباربەرێت و وتی: "گۆشەگیری سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بووەتە هۆکاری توڕەیی و نیگەرانی بەشێکی زۆری گەلی کورد. ئەم دۆخە نەک بەتەنها لەسەر گەلی کورد بەڵکو کاریگەری نەرێنی لەسەر بەشە کۆمەڵایەتییەکان کردووە، بەتایبەت لەو لایەنانەی کە ئامانجییان بونیاتنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە."

'زیندانەکان گۆڕدراون بۆ ناوەندێکی ئەشکەنجەدان'

ئەرەل ئاماژەی بەوەدا گۆشەگیری لە ئیمراڵی و زیندانەکانی دیکەی تورکیادا بووە بە هۆکاری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و وتی: "بارودۆخی زیندانیان ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتردەبێت. بە تایبەت لەسەر گیراوانی سیاسی کورد کە هەموو مافەکانیان پێشێل دەکرێت و سزای دیسپلینیان بەسەردا دەسەپێنرێت. لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە ١٦٠٠ زنیدانی نەخۆش لە زیندانەکاندا هەن، کە ڕەوشی ٦٠٠ کەسیان لە نەخۆشی زۆر قورسدان. ئەم دۆخەش پیشاندەری ئەوەیەی زیندانەکان گۆڕدراون بۆ ناوەندێکی ئەشکەنجەدان."

لە بەردەوامی قسەکانیدا ئەرەل ئاماژەی بەوەدا لەمساڵدا وەک کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیانی (TUAY-DER)ی ئامەد، هەموو هەفتەیەک لە پێش زیندانەکاندا چالاکی زیاتر ئەنجام دەدن و وتی: "ئەم چالاکیانەمان بۆ شکاندی گۆشەگیرییە لەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو زیندانیانی سیاسیە. لەم ڕووەیشەوە پشتیوانی گەلەکەمان کاریگەری زۆر ئەرێنی دەبێت."

ستەمێکە کە کاریگەری لەسەر هەمووان هەیە

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەرەل داوای خاوەندەرایکردنی لە تێکۆشانی دادپەرەوەری، ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ کرد و وتی: "سیاسەتەکانی گۆشەگیری ئامرازی ستەمکردنە، کاریگەری لەسەر هەمووان دروستکردووە. پێویستە لە دژی ئەم ستەمە بوەستینەوە. بۆ فەراهەمکردنی ئاشتی و دادپەوەری دەنگمان هەڵبڕین. ئەوەشمان بیرنەچێت بێدەنگی نواندن بە مانای هاوکاریکردنی ستەمە. گەر پێکەوە تێبکۆشین ئەوا ڕێگەی ئازادی و دیموکراسی دەکەینەوە. بانگەوازی لە گەلەکەمان و ڕای گشتی نێونەتەوەیی دەکەین لە دژی  گۆشەگیری و ستەم پێکەوە تێبکۆشین و بۆ دادپەروەری و ئاشتی دەنگمان هەڵبڕین."