ئەرەن: زیندانەکان بوونە ناوەندی ئەشکەنجەدان

پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز سەرحەد ئەرەن رایگەیاند، کە زیندانەکان بوونە ناوەندی ئەشکەنجە و مامەڵەی نەشیاو و خراپ.

پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز لە بازنەی ئامەد سەرحەد ئەرەن و عەدالەت کایا سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانەکان، لە بینای رێخستنی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە ئامەد کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانییان ساز کرد.

پەرلەمانتار سەرحەد ئەرەن لە کۆنفڕانسەکەدا قسەی کرد و ئەوەی خستەڕوو کە بە گوێرەی زانیارییەکان و بە پێی ئامارەکانی ئۆهەدە، سەندیکای پارێزەران، ئیهەدە لە زیندانەکاندا زیندانیانی ئاسایی و سیاسی لە یەک هۆڵدا رادەگیرێن و سەرباری ئەوەی چەندین جار لەوبارەوە هۆشداریش دراوە دۆخەکە وەک خۆیەوە و وتی، "لەم کاتە بەدواوە ئۆباڵ و بەرپرسیارێتی هەر مردنێک و هەر جۆرە ئەشکەنجەدانێک لە زیندانەکان لە ئەستۆ وەزارەتی دادە".

ئەرەن سەرنجی راکێشا بۆ سەر هەڵپەساردنی ئازادکردنی ئەو زیندانیانەی ماوەی سزاکەیان تەواو بووە و وتی، "لە ساڵانی رابردوودا ئەو زیندانیانەی ماوەی سزاکەیان تەواوکردووە، بەڵام لەلایەن کارگێڕی و چاودێری زیندانەوە ئازادناکرێن و ئازادکردنیان دوادەخرێت. داواکاری گشتیی و کارگێڕی و چاودێری زیندان دەیانەوێت هەڵوێستی زیندانیانی سیاسی بشکێنن و سەریان پێ نەوی بکەن. بە گوێرەی بەدواداچوونەکانمان نزیکەی ٣٠٠ زیندانیی سیاسی لەلایەن دەستەی کارگێڕی و چاودێری زیندانەکانەوە رێگری لە ئازادکردنیان دەکرێت. ژمارەیەکی زۆر لەو زیندانیانەی ئازادکردنیان هەڵپەسێردراوە، ماوەی ٣٠ ساڵە لە زینداندان. سزا لە سزا بۆ زیندانیان دەبڕدرێتەوە و یاسای دوژمنکارانەیان بەسەردا دەسەپێندرێت".

ئەرەن سەرنجی راکێشا بۆ سەر دۆخی زیندانیانی نەخۆش و داوای کرد کۆتایی بە جیاکاری بەرامبەر بە زیندانیان بهێندرێت و دەستبەجێ ئازاد بکرێن. ئەرەن ئەوەشی خستەڕوو کە زیندانیان لەو شارانەی کە بنەماڵەکانیانی تێدایە دووردەخرێنەوە و تی، "ناردنی زیندانیان بۆ شارێکی دوور شێوازێکی ئەشکەنجەدانە".

ئەرەن باسی لەوەشکرد کە هێشتاش لە زیندانەکان زمانی کوردی قەدەغەیە و بەم جۆرە دووا: "لە زیندانەکاندا چیتر بەرامبەر بە زمانی کوردی خۆیان پێناگیرێت. کتێب، گۆڤار، رۆژنامە و نامەی کوردی نادرێنە زیندانیان. لە هەموو شوێنێک دەیانەوێت ناسنامە و زمانی کوردی قەدەغە بکەن. جارێکی دیکە داوا لە وەزارەتی داد دەکەین، زیندانەکان بگێڕنەوە بۆ دادگاکان. زیندانەکان بوونە ناوەندی ئەشکەنجە، خراپەکاری و مامەلەکردنی نەشیاو، ئازاردانی زیندانی نەخۆش و زەوت کردنی ئازادییەکانی زیندانیان. هەر زیندانێک لەناو خۆیدا دادگایەکی دروست کردووە. جارێکیتر بە وەزارەتی داد و کاربەدەستان دەڵێین هۆشدارییەکانی ئێمە بە هەند وەربگرن و دەبێت ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن. تا یەک زیندانی بمێنێت و بگاتە ئازادی خۆی ئێمە درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین".

هـ . ب