ئێشکگریی بنەماڵەی شەنیاشار یەک ساڵی تێپەڕاند

بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ لە یەکەم ساڵەی ئێشکگریی دادپەروەری بنەماڵەی شەنیاشار خاوەنداریان لە بەرخودانی بنەمالەی شەنیاشار کرد.

لە پرسوسی رحا لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا پاسەوانانی پەرلەمانتاری ئاکەپە ئیبراهیم خەلیل یەڵدز هێرشیان کردەسەر بنەماڵەی شەنیاشار. لەو هێرشەدا لە بنەماڵەی شەنیاشارەوە باوکێک و دوو کوڕی کوژرابوون. فەرید شەنیاشار کە لە هێرشەکەدا بریندار ببوو، لەگەڵ دایکی خۆی ئەمینە شەنیاشار لەبەردەم دادگای رحا لە ٩ی ئاداری ٢٠٢١ەوە دەستیان بە ئێشکگری دادپەروەری کردبوو.

بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ئێشکگریی دادپەروەری دامەزراوە مەدەنیەکان، رێکخراوە دیموکراتیکە جەماوەرییەکان و نوێنەر پارتە سیاسیەکانیش لە نێویاندا، ژمارەیەکی زۆر لە بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ سەردانی بنەماڵەی شەنیاشاریان کرد.

هاوسەرۆکی کەجەدە بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە ساڵیحە ئایدەنیز، وتەبێژی هەدەپە ئەبرو گونای، پەرلەمانتارانی هەدەپە عومەر ئۆجالان، فەلەکناس ئوجا، ئایشە سوروجو، دایکانی ئاشتی، لقەکانی ئیهەدەی ئامەد، رحا، مەلەتی، شڕنەخ، ئێلیح، مێرسین و سەمسور، لقەکانی ئۆهەدەی ئامەد، دیلۆک، مێرسین و رحا و نوێنەرانی سەندیکاکانی پارێزەرانی ناوچەکە لە نێویاندا سەدان کەس بەمەبەستی خاوەنداری لە بەرخودانی بنەماڵەکە چوونە بەردەم دادگا.

لەچالاکییەکەدا کورسی دادپەروەری سازکرا. وتەبێژی هەدەپە ئەبرو گونای لە کورسەکەدا قسەی کرد و رایگەیاند"ئەو ئێشکگرییە ئیتر ئێشکگریی ملیۆنان کەسە. لەسەر دایکەکە بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەشکەنجە پەیڕەو دەکرێت. کاتێک دادپەروەری لەبارەی بنەماڵەی شەنیاشارەوە بچەسپێت ئەو کاتە لە تورکیاش دادپەروەری راستەقینە دەچەسپێت. دادوەر و داواکاریی گشتی بەداخەوە لایەنگری دادپەروەری نین، ئەوان بکوژان دەپارێزن".

هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە ساڵیحە ئایدەنیزیش وتی، ئەمینە شەنیاشار لە پێناو هەموواندا لە ئێشکگریی دادپەروەریدایە و وتی، "هێشتا لەبارەی دۆزەکەوە دۆسیەیەک نەکراوەتەوە، بەڵام هەموو رۆژێک دۆسیەیەک لە دژی ئەم دایکە دەکرێتەوە. ئەوە نادادپەروەریمان پێ نیشان دەدات. ئێمە سڵاو لە هەڵوێستی دایکە ئەمینە شەنیاشار و فەرید شەنیاشاری کوڕی دەکەین. ئێمە تاکۆتایی لەگەڵ ئەو بنەماڵەیە دەبین".

پارێزەری بنەماڵەکە بوڵەنت تورانیش رایگەیاند، کە لە نەخۆشخانەی دەوڵەت و بە بەرچاوی کاربەدەستانی دەوڵەت کۆمەڵکوژییەک روویداوە و وتی، "بەڵام دادوەر فازیل شەنیاشاری گرت. لەم وڵاتە ئەو کەسانەی نزیکن لە دەسەڵاتەوە، دەزگای داد دەیانپارێزێت.هاواری ئێمە لەپێناو دادگاییەکی دادپەروەرانە و بێلایەنانەیە.سەندیکای پارێزەران دەتوانن بێنە ناو ئەم دۆسیەوە. هاواری دایکە ئەمینە هاواری دادپەروەرییە. پێویستە هەمووان گوێ بۆ ئەو هاوارە رادێرن".

لەسەردانەکەدا ئەندامی ئۆهەدە سەردار توم قسەی کرد و رایگەیاند، کە چوار ساڵ بەسەر کۆمەڵکووژییەکەدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام تائێستا لێپرسینەوەیەکی بەهێز دەستیپێنەکراوە و وتی،" دیمەنەکانی کۆمەڵکوژیەکە لە نەخۆشخانەی دەوڵەت دزراون و سەرباری ئەوەش ١٢ جار لێپرسینەوە لە دژی ئەمینە شەنیاشار ئەنجام دراوە. پێویستە کەمتەرخەمی و پشتگوێ خستن لە دۆسیەی نەخۆشخانەکەدا کۆتایی پێبهێنرێت و لەبارەی دزینی دیمەنە ڤیدیۆییەکان لە نەخۆشخانە پێویستە لێپێچینەوە دەست پێبکات. بڕیارە شاراوەکان لەبارەی دۆسیەکەوە پێویستە هەڵبگیرێن. ئێمە هەمووکات دەبینە دەنگی دایکە ئەمینە. بۆ ئەوەی ئەم کردەوە نایاساییە رابگیرێت و کۆتایی بەو ستەمە بهێنرێت ئێمە لێرەین".

لە کورسەکەدا نوێنەرانی ئەهەدە، توهاڤ،هەدەپە،تیپ، جەهەپە، دەڤا، سەندیکاکانی پارێزەرانی رحا، ئامەد، مێرسین و مێردین قسەیان کرد و جەختیان کردەوە کە پشتیوانی لە بنەماڵەی شەنیاشار دەکەن.

هـ .ب