ئیرادەی وەرخەلێ مانیفێستی تێکۆشانی گەریلایە

تێکۆشانی وەرخەلێ ئەو تێکۆشانەیە کە هێڵی تاکتیکی شەڕی تونێلەکانی دیاری کرد و شەڕی تونێلەکان بە هەموو دەستکەوتەکانیەوە درێژەی هەیە. هێشتا هەڵوێستی شەڕڤانانی وەرخەلێ زیندووترین یادەوەری ئەو تێکۆشان و مانیفێستەیە.

سێ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی دڕندانەی ١٧گەریلای ئازادی بە گازی کیمیایی و تەقەمەنی قەدەغەکراو تێدەپەڕێت کە لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیادا داستانی سەردەمی تێکۆشانی تونێلەکانی شەڕیان نووسیەوە.

لە تێکۆشەرانی بەرخۆدانی وەرخەلێ، جەلال فەداکار، ژیندا ڕۆناهی، ئامارا چیا، ئۆزگور بەدران، مەزڵوم باتمان، ئازاد گەریلا و عادل قشوری لە ٢٣ی ئەیلولی٢٠٢١ ، لە فەرماندەکانی تێکۆشان جومالی چوروم، چاورێ کاموران، ماهر کۆپ، ئامارا زاگرۆس و دڵڤین داڵاهۆ لە ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ و تێکۆشەر زاگرۆس، هێڤیدار تربەسپی، یەریڤان کاتۆ، بنەڤش چیا و عادل گابار لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، لە تونێلەکانی شەڕی وەرخەلێ، دژی دڕندانەترین هێرشەکانی سەردەم، هەڵوێستی مرۆڤانەی سەردەمیان نیشان دا و چوونە کاروانی شەهیدانەوە. هەرچەند سێ ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام تێکۆشانی وەرخەلێ ئەو تێکۆشانەیەکە تاکتیکی شەڕی تونێلەکانی دیاریکرد و شەڕی تونێلەکان ئەمڕۆش بە هەموو دەستکەوتەکانیەوە بەردەوامە. شەهیدکردنی ئەو ١٧گەریلایە کە تا ئێستاش هەست بە ئازارەکانیان دەکرێت، گەورەترین بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی گەریلا و شوێنکەوتووانی گەریلایە. نەک هەر بە مانای ڕوانگەی ڕوونی تاکتیکی شەڕەکانی تونێلەکان، بەڵکوو لە هەمان کاتدا هەڵوێستی شەڕڤانانی وەرخەلێ تا ئێستاش زیندووترین یادەوەری و مانیفێستی تێکۆشانە.

بۆ تێکشکاندنی هێرشە پاکتاوکارییەکانی دوژمن

گەریلاکان لە بەرامبەر پلانی داگیرکردنی هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا بەمەبەستی پەرەپێدان و پاراستنی پرەنسیپە تاکتیکییەکانی ستراتیژی بەرەو پێش ببەن. لە هەموو شوێنێک تونێلی شەڕیان دروست کرد. لە بەرامبەر تەکنۆلۆژیای شەڕی سەردەمەدا، کاریگەرترین ڕێبازی بەرگریی چالاک، هەروەها دروستکردنی سیستەمی ژێرزەمینی و جێبەجێکردنی شوێنی ژیان و پێگەی شەڕ و لەناوبردنی سیاسەتەکانی پاکتاوکردنی دوژمن بوو. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا گەریلا تەنانەت بۆ ساتێکیش وەستانی نەبوو. هەندێک جار تەنیا بە قوڵنگ و بێڵەکانی دەستیانەوە لە بن بەردی شاخەکانی کوردستان تونێلیان بە درێژایی سەد مەتر هەڵدەکەند و پێگەی خۆیان لەو تونێلانەدا دروست دەکرد و هەموو ژیان و ژێرخانی شەڕیان لەو تونێلانەدا جێگیر دەکرد. ئەمانە ئامادەکارییەکان بوون بۆ شەڕێکی مەزن. هێرشەکانی دوژمن جۆرێک نەبوو کە گەریلا ئاگاداری نەبێت. وەک ڕێبەر ئاپۆ وتی: "نە ژیان و نە شەڕ وەکوو جاران نابێت." ئەوانەی لێکدانەوەیان هەڵە بوو، بە تاکتیک و ئامادەکارییەکانی گەریلا سەریان سوڕما، سەربازانی سوپای تورکیا بوون کە لە پێش دەرگای تونێلەکان لە خوێنی خۆیاندا خنکان.

وەرخەلێ ئاستێکی گرنگ بوو                   

وەرخەلێ یەکێک بوو لەو شوێنانەی کە شەڕی تونێلەکانی ساڵی ٢٠٢١ تێدا زۆر بە شکۆمەندییەوە بەڕێوەچوو. سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ساڵ، تونێلەکانی شەڕی وەرخەلێ هێشتا وێردی سەر زمانەکانە و دیدگای ڕاستەقینەی شەڕی تونێلەکان بەو ئەزموونانەی کە دروستی کردووە نیشان دەدات. هەڵوێستی جۆماڵی، چاڤڕێ، ئامارا، ماهێرەکان. تونێلی جەنگی وەرخەلێ هەڵوێستێکی گرنگ بوو بۆ ڕاگرتنی پێشڕەوییەکانی سوپای تورکی فاشیست لە هەرێمەکەدا. لە ڕاستیدا وەرخەلێ بەربەستێکی گرنگ بوو بۆ سوپای تورک لە هەرێمەکانی دیکە بە تایبەت لە زاپ. هەموو گەریلاکانی ئەو کاتە لە سەنگەرەکان، بەتایبەتی فەرماندە جۆمالی و چاڤڕێ، ئاگاداری ئەو ڕاستییە بوون. پێش ئەوەی سوپای تورکی داگیرکەر لە وەرخەلێ نزیک بێتەوە، بەرخۆدانەکانی مام رەشۆ، ئارس فارس، مەرڤانۆس، دۆڵی کۆنفرانس و دۆڵی ماران ئەزموونێکی گرنگی بۆ بەرخۆدانی وەرخەلێ خوڵقاندبوو. هۆشیارییەکی جددی لە هێرشەکانی دوژمن، کەموکوڕی لە پێگەی شەڕ، هەڵەی دەرکەوتوو، چۆنیەتی بەرخۆدان لە هەرێمەکە و خۆپارێزی لە گازە کیمیاییەکان هەموو دەست نیشان کران. ئەمانە یەکێک بوون لەو دەرفەتە گەورانەی کە پێگەیەکی باڵای بە شەڕی تونێلەکانی وەرخەلێ بەخشی.

١٢٠ ڕۆژ بەرخۆدانی وەرخەلێ

بێجگە لە ئامادەکارییەکانی شوێن کە لە وەرخەلێ ئەنجامدرا، ئەوەی ئەو قەڵا و پێگەیەی گۆڕی بۆ شوێنی بەرگری ڕاستەقینە، کەسایەتی بەرخۆدێرانی ئەو شوێنە بوو. ئەوان بەبەرخۆدێرانی ١٤ی تەمموز بەرخۆدانیان کرد. ئەو بناغەیەی کە بۆ تێکۆشانی وەرخەلێ دروستکرا، بناغەیەکی ئاسایی نەبوو. ئەو کۆمەڵە گەریلایە بە ڕێکەوت نەهاتنە ئەوێ. هەموو کەسێک بە ئامانجەوە لەدەور یەکتر کۆبوونەوە. هەریەکەیان کەموکوڕییەکیان چارەسەر کرد، هەریەکەیان تەواوکەری ئەویتریان بوو. ئەوان ١٧دڵی پۆڵا بوون کە بە دەوری بیرۆکەیەکدا کۆبوونەوە. ئەوان بۆ ماوەی ١٢٠ڕۆژ بەرەنگاری سوپای داگیرکەری تورک بوونەوە و تەسلیمیەتیان قبووڵ نەکرد. لە بەرامبەر هەموو بانگەوازییەکانی تەسلیمبووندا، وەک سەکینە جانسز تفیان لە ڕووخساری داگیرکەران کرد، وەک کەمال پیر گیانی خۆیان بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە بەخت کرد، وەک ئیبراهیم کایپاک کایا گیانیان بەخت کرد بەڵام نهێنیەکانیان ئاشکرا نەکرد بۆیە بوونە نموونەی تێکۆشانی لە دژی ئەم سیستەمی فاشیست و قڕکەر.

نەیانگوت ڕێگا تا ئێرەیە و چاوەڕێی مردنیان نەکرد

لە ڕۆژانی شەڕدا دەیان سەربازی تورکیا لەبەردەم تونێلی شەڕی وەرخەڵێدا کوژران و گەریلاکان لە هەر ئۆپەراسیۆنێکدا دەستیان بەسەر سەدان کیلۆ تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازیدا گرت. ئەو بەرخۆدانەی کە گەریلاکان لە وەرخەلێ ئەنجامیاندا، هەموو لێکدانەوەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی سەروژێرکرد. ئەوان ئامانجیان ئەوە بوو کە بەر لە کۆتایی هاوین، وەرخەلێ بگرن و بچنە هەرێمەکانی دیکەی پاراستنی میدیاوە، بەڵام بەراوەردەکانیان پووچەڵ کرایەوە. مانگی تشرینی یەکەم دەستی پێکردبوو و گەریلاکان هێشتا بەرخۆدانیان دەکرد. لەو پەڕی نائومێدیدا سوپای تورکیا گازی کیمیایی بەکار هێنا و بەو شێوەیە شەڕەکەیان تووندتر کردەوە، بەتایبەتی دوای ٩٠ڕۆژ بەرخۆدان هێشتا دوژمن نەیتوانی سەربکەوێت. ئەوەش لەبەر پەروەردە و ڕاهێنانەکان بوو لە بواری کردارییەوە. لەم ڕوانگەیەوە بەرخۆدانی وەرخەلێ لە مێژووی شەڕی تونێلەکاندا پێگەیەکی گرنگی هەیە.

ئێمە بۆ مەبەستێکی پیرۆز ژیانی خۆمان بەخت دەکەین

ئەو گەریلایانەی کە لە بەرخۆدانی وەرخەلێدا چوونە کاروانی شەهیدانەوە، سەرەڕای هەوڵدانێکی زۆر لە ڕزگار بوون لە گازی کیمیایی بەڵام یەک لە دوای یەک شەهید بوون. ئەوەی لە وەرخەلێ ڕوویدا، نە تەنیا شەڕێکی ئاسایی نەبوو، لەبەر ئەوە نە شەڕی سەنگەر بە سەنگەر و نە چالاکی دژ بە دوژمن بوو. لە ژێر ئەو گەمارۆدانە دڕندانەیەدا و لەو تونێلەدا ئەوان بە ڕۆحی گەورەیانەوە مەعنەویاتیان خوڵقاند. ژیان چییە؟ مردن چییە؟ مرۆڤ بۆ چ بەهایەک دەبێت گیانی خۆی بەخت بکات؟ نوێنەرایەتی کەرامەتی گەلێک چییە؟ وەرخەلێ دەروازەی دەروێشەکانی ئەو سەردەمە بوو کە ڕۆژانە لە خەمی ئەم پرسیارانەدا بوون. بەر لەوەی بچنە کاروانی شەهیدانەوە، دەیانگوت؛ "ئەگەر لێرە شەهید ببین، با کەس نیگەرانی ئێمە نەبێت، ئێمە ژیانی خۆمان بەخت دەکەین لە پێناو ئارمانجێکی پیرۆز، ئەمە ڕێبازی ئێمەیە". ١٧گەریلای خوڵقێنەری داستانی ١٢٠ڕۆژ بەرخۆدان، بەم شێوەیە بەرەو پیری مەرگ چوون.

بەرخۆدانی وەرخەلێ ڕوومەتی هەموو کوردی پاراست، لە سەدەی ٢١دا سەری گەلی کوردیان بەرز کردەوە. بۆیە بەرخۆدانی وەرخەلێ بەرخۆدانی هەموو کوردستانە؛ نابێت قەت لەبیر بکرێت و دەبێت بەردەوام بەبیر بهێنرێتەوە.