یەژاستار: ١٥ی ئاب نەخشەرێگەی هەموو کوردێکی شکۆمەند و خۆڕاگرە

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی یەژاستار بەبۆنەی هەڵمەتی ١٥ی ئابەوە پیرۆزبایی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، "١٥ی ئاب راپەڕینێکی سەردەمیانەیە، نەخشەرێگەی هەموو کوردێکی شکۆمەند و خۆڕاگرە".

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی یەژاستار راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و هەڵمەتی ١٥ی ئابی لە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گەلی کوردی وڵاتپارێز و گەریلاکان کە بەشێوەیەکی گیانبازی لە هەموو سەنگەرەکانی بەرخوداندا شەڕ دەکەن، پیرۆز کرد.

لەدایکبوونەوە و سەرەتای سەردەمی کوردی ئازاد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:

"هەڵمەتی ١٥ی ئاب لەهەمان کاتدا راپەڕینێکی سەردەمیانەیە کە لە رووی ستراتیژی و تاکتیکیەوە هێڵی سەرکەوتنی سەربازی ئێمەی دیاریکردووە، رێبازی لێدانی گەریلای ئاپۆیی گیانبازی دەستنیشان کردووە. نەخشەڕێگەی هەموو کوردێکی شکۆمەند و خۆڕاگرە.

لە کاتی جینۆسایدا کە گەلی کورد لە رووی هەبوون، کولتوری و ناسنامەوە لەلێواری لەناوچووندابوو، هەڵمەتی ژیانەوەی ١٥ ئاب هەنگاو و وشیارییەکی نەتەوەیی بێهاوتای خوڵقاند. لە ٣٩یەمین ساڵیادی هەڵمەتی ژیانەوەی ١٥ی ئابماندا لەسەرەتا فەرماندە عەگید، هەروەها هەموو شەهیدانی شۆڕشەکەمان بە رێز و پێزانینەوە بە بیر دەهێنینەوە. جەژنی گەریلا و ژیانەویە ١٥ی ئاب لە داهێنەری ئەو هەڵمەتە لە رێبەر ئاپۆ، سەرجەم گەلە وڵاتپاڕێزەکەمان و هاوڕێیانمان کە ئەمرۆ لە سەنگەرەکانی بەرخودان بە شێوەی گیانبازانە شەڕ دەکەن پیرۆز دەکەین.

بە هەڵمەتی ١٥ی ئابەوە کە بە پێشەنگایەتی فەرماندە عەگید بە ئەنجام گەیشت، فیشەکێک کە لە دژی کۆلۆنیالیزم، پیاوسالاری، لە دژی فاشیزم خوێنڕێژ کە هێرش دەکاتە سەر بەها کولتورییەکان و هەبوونی کورد، تەقێنرا، بێگومان نەک هەر چارەنوسی کوردستان، لە تەواوی جیهان چارەنوسی گەلانی خۆڕاگری لایەنگری ژیانی ئازاد و دیموکراتیکی گۆڕی. هەڵمەتی ژیانەی ١٥ی ئاب لە دژی سیستمی سەرمایەداری کۆلۆنیالیست کە خۆی لە فاشیزم، ستەم، قڕکردن و کۆمەڵکوژیدا دەبینێتەوە، دەربڕینێکی ئازادییە کە دەریدەخات ئیتر هیچ شتێک وەک پێشوو نابێت. یەکەم فیشەک کە بە چەکی فەرماندە عەگید تەقێنرا، سەرەتا خۆڵی مردووی سەر گەلی کورد و چەوساوەکانی لادا و باخچەی گەلانی ئازاد کە لە ژێر گوشاری کۆمەڵکوژیدا وشک ببوو، بناغەی سەرلەنوێ سەوزبوونەوەی بۆ دانا. هەربۆیە وەک گەلی کورد و جەنگاوەرانی ئازادی بە روناکی رێبەر ئاپۆ سەرلەنوێ سەوز بووە و بووە خاوەنی ئیرادە، هەموو ئەو شتانەی ئەمڕۆ هەمانە، هەموو دەستکەوتەکانی ئێمە لە سایەی هەڵمەتی ژیانەوەی ١٥ی ئابە. لەسەر بنەمای تێکۆشانێک کە هەنگاوی ئازادی ١٥ی ئاب دایمەزراند، ئێمە مێژووی کۆیلایەتیمان لەگەڵ زەوی تەخت کرد، لە دژی کۆلۆنیالیستەکان و ئەو هێزانەی دەیانەوێت خاکەکەمان داگیربکەن بە سوپای خۆمانەوە رێدەکەین، بە تێگەیشتنی گەورەی نەتەوەیی ئەمرۆ هەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەمیش لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی وەک کورد دەڵێین ئێمە هەین. بێگومان ئەوەی بووە هۆکاری ئەوەی بەم جۆرە سەربەرزانە و بە شکۆوە بین و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردەمی کوردی ئازادی دەستپێکرد، داستانی قارەمانێتی ١٥ی ئابە کە مرۆڤ دەتوانێت وەک لەدایکبوونەوەیەک پێناسەی بکات. هەربۆیە هەڵمەتی ١٥ی ئاب دووبارەبوونەوەی راپەڕینە کلاسیکەکان یاخود چالاکیەکی چەکداری ئاسایی نییە کە لە بەرامبەر قەرەقۆڵێک ئەنجام درابن. لە چوارچێوەی قووڵبوونەوەیەکی گەورەی رێبەر ئاپۆ، کادرە پێشەنگەکان و فەرماندەکانی پەکەکە بە هەڵسەنگاندنی مێژوویی و دووربینانەی بەهێز، هەڵمەتێکی ئازادییە. لە هەمان کاتددا لە رووی ستراتیژ و تاکتیکەوە هێڵی سەرکەوتنی سەربازی ئێمەی دیاری کرد، رێبازی لێدانی گەریلای ئاپۆیی گیانبازی دەستنیسان کرد، راپەڕینێکی سەردەمیانەیە، نەخشەرێگەی هەموو کوردێکی شکۆمەند و خۆڕاگرە.

 سەرەتای خۆپارستنە بۆ ژنان

هەڵمەتی ١٥ی ئاب لە هەمان کاتدا لە دژی مێشکی پیاوسالار و دامودەزگاکانی، گورزێکە. لەگەڵ ١٥ی ئاب ژنان روویان کردە ریزەکانی گەریلا، بناغەی بە سوپابوونی ژنانیان دا، بۆ هەموو ژنانی جیهان کە لە ژێر ستەمی سیستمی پیاوسالاردا کوژران، چەوسانەوە، ئەوانەی توندوتیژی و ئەشکەنجەیان بەرامبەر کرا، بووە هەنگاوێکی ئازادی. ١٥ی ئاب زیاتر لە هەموان بۆ ئێمەی ژنان هەنگاوی یەکەمی تێکۆشانی خۆپاراستنە. بێگومان ئەگەر ١٥ی ئاب نەبوایە ئەمڕ نەماندەتوانی باس لە گەریلایەتی ژنان و تێکۆشانی ژنان بکەین. ئێمە وەک گەریلاکانی یەژاستار، ئەگەر لە سەرحەدەوە تا زاپ دەتوانین گورز لە سوپای تورکی داگیرکەر بوەشێنین و پێشەنگایەتی لەو شەڕی شکۆمەندیە بکەین، بێگومان ئەوە لەسایەی هەڵمەتی ژیانەوە ١٥ی ئاب و داهێنەرایەتی رێبەر ئاپۆیە. لەبەر ئەوە ئێمەی ژنان ئەمڕۆ لە چیا بە شێوەی تۆڵەسەندنەوە لە سیستمی سەردەست و سەرمایەداری بە شێوەیەکی ئازاد دەژین و لە بەرامبەر سوپا داگیرکەرەکاندا جەستەی خۆمان کردووەتە سەنگەر و شەڕ دەکەین، ئێمە دەزانین کە ئەوە لە سایەی چییە و دەڵێین کە ئێمە ئەو راستیەی هۆشمەندی مێژووییمان لە تێکۆشاندا بەردەوام دەپاڕێزین.

ئێمە لە بەرزترین ئاستی تێکۆشمانداین
ھەربۆیە هەڵمەتی ژیانەوەی ١٥ی ئاب نیشانی داین، کە چۆن دەتوانین گورز لە دڵی ئەو سیستمە فاشیستە بدەین، کە جگە لە ستەم، نکۆڵی و کۆمەڵکوژی هیچی تر بۆ ئێمە بە ڕەوا نابینێت. ١٥ی ئاب بووە بەرجستەترین نیشانەی شێوازی تۆڵەسەندنەوە لە ھێرشە مێژووییەکان. ١٥ی ئاب نیشانیدا، کە چۆن دەتوانین لەسەر هێڵی پاراستنی ڕەوا، شکۆمەندی، کەرامەت و ناسنامەمان بپارێزین. لە ٣٩یەمین ساڵیادی ئەو هەڵمەتە پیرۆزەی تۆڵەسەندنەوەمان، کە وانەی مێژوویی گەورەی تێدایە، لە هەموو پارچەیەکی کوردستان لە بەرزترین ئاستی تێکۆشانمان داین. ئەمڕۆش لەبەر ڕۆشنایی چالاکی ١٥ی ئاب، لە چیاکانی کوردستان، لەدژی سوپای تورکی تاوانکاری جەنگ، کە بە پێشکەوتووترین تەکنیکی سەردەم دەجوڵێتەوە، شکۆمەندترین بەرخۆدان لە مێژووی خۆماندا بەڕێوەدەبەین. لە هەموو سەنگەرەکانی گەریلا لە باکووری کوردستان، بەتایبەتی ھەرێمەکانی پاراستنی مێدیا، ھاورێیانمان بە هێڵی سەربازی و ڕۆحی فەرماندە عەگید سەرکەوتنی گەورە بەدەست دەهێنن. سوپای تورک بە پاڵپشتی ناتۆ و هەموو هێزە نێونەتەوەییەکان، بە هەموو تەکنۆلۆژیای شەڕی سەردەم، لە دژی گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی گەریلا شەڕێکی بێ پسانەوە ئەنجام دەدات و ناتوانێت ئەنجام بەدەست بهێنێت. بە دڵنیاییەوە ئەمە بەرجستەترین نیشانەی ئەوەیە، کە ڕۆحی فەرماندە عەگید لە سەنگەرەکانی گەریلادا بوونی ھەیە. سوپای تورک ٣٩ ساڵ لەمەوبەر لەبارەی ھەڵمەتەکەمان لە ١٥ی ئاب ڕایگەیاندبوو، 'ئەوە کاری چەند یاخیبوویەکە، لە دوو ڕۆژدا کۆتایی پيدەھێنین"، بەڵام سوپای گیانباز و جەنگاوەرانی فیداکاری ئەو ھەڵمەتە، ئەمڕۆ گەورەترین بەربەستن لەبەردەم پلانە مێژووییەکانی سوپای تورک. ئێمە وەک گەریلاکانی ڕێبەر ئاپۆ، لە هەموو گۆڕەپانەکانی شەڕ و بەرخۆدان زیاتر و زیاتر خۆمان بەشێوەی عەگید و زیلانەکان دەڕازێنینەوە. بە ڕۆحی سەرکەوتنی فەرماندە پێشەنگەکانمان، لە هەموو کاتێک زیاتر لە سەرکەوتن نزیک دەبینەوە. ئێمە شکۆمەند و سەربەرزین، چونکە ئەو نەریتە بنچینەیەی بەرخۆدانمان وەرگرتووە و شەڕڤانانی فەرماندە عەگیدین.
بەڵێنی سەرکەوتن دووپات دەکەینەوە
ئێمە لە سەنگەرەکانی بەرخۆدان، کە تێیدا شەڕی دژوار بەڕێوەدەچێت، پێشوازی لە ٣٩یەمین ساڵیادی ١٥ی ئاب دەکەین. بەڵێنەکەمان دووپات دەکەینەوە، کە ڕۆحی ڕاپەڕینی ھەڵمەتەکەمان بگەیەنینە سەرکەوتن. ھەربۆیە ڕایدەگەیەنین، بە هێزی ڕۆحی و هۆشمەندی کە لە فەلسەفەی ژیانی ئازادی ڕێبەرمان و فەرماندە عەگید، زیلان و شەهیدە قارەمانەکان، کە لەسەر هێڵی ئاپۆیی شەڕیان کرد و شەھید بوون وەردەگرین، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر گورز لە دوژمن دەدەین و لە ھێڵی سەرکەوتن لەشەڕدا خۆمان بەرجستە دەکەین. لەسەر ئەو بنەمایە پیرۆزبایی جەژنی گەریلا و ژیانەوەی ١٥ی ئاب لە ڕێبەر ئاپۆ، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرجەم هاوڕێیانمان دەکەین.

هـ . ب/ ژ. ن