ڕژاک کەمپەینی نامەناردن بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دژی گۆشەگیری ڕادەگەیەنێت

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک)، هەڵمەتی نامەناردن بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دژی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕادەگەیەنێت. ڕێکخراوەکە داوا لە هەموو ژنانی ئازادیخواز دەکات بەشداری کەمپەینەکە بکەن.

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، کەمپەینی نامەناردن بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دژی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیاند بە درووشمی «مافی ئومێد بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان». کەمپەینەکە لە سلێمانی دەستیپێکرد و تا ٢٥ ـی نیسان بەردەوام دەبێت.

پەیامەکان لەشێوەی نامەی دەستنووس و نامەی ئەلیکترۆنی و پەیامی ڤیدیۆیی کۆدەکرێنەوە. بەشداربووان دەتوانن بە زمانی کوردی و عەرەبی بەشداری بکەن.

ڕێکخراوی ڕژاک کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە هەڵمەتەکە بەست، ئەندامی ڕێکخراوەکە چرۆ شوانی ڕاگەیاندراوی کەمپینەکەی خوێندەوە و گوتی: «ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، ماوەی ٢٥ ساڵە لە دژوارترین هەلومەرجدا زیندانی کراوە. جێهێشتنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندان، مانای مەرگی مێژوو و گەلی کوردە و لێی بێدەنگ نابین. ئەو پارادایمەی لەسەر هزر و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دامەزراوە، ئازادی ژن دەپارێزێت و ژینگە و مرۆڤایەتی بە بنەما دەگرێت. هەروەها درووشمی «ژن، ژیان، ئازادی» سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیمراڵی و بۆتە ڕووناکییەکی گەش بۆ ئێمە. نەوەک هەر ژنانی کورد، بەڵکو سەرتاپای ژنانی جیهان بەم درووشمە ژیانەوە.

گۆشەگیریی سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لەم دوو ساڵەی دواتر سەختتر بووە. خێزان و پارێزەرەکانی ناتوانن چاویان پێ بکەوێت. ئێمە وەک ڕێکخراوی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، کەمپەینی نامەناردن بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ڕادەگەیەنین بە درووشمی «مافی ئومێد بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان»، دژی ئەم گۆشەگیریی توندە. داوا لە هەموو ژنانی ئازادیخواز دەکەین، بەتایبەت ژنانی باشووری کورستان، بێدەنگ نەبن لەم تاوانانە و ئەم گۆشەگیرییەی سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان و بەشداری کەمپەینەکە بکەن».