محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ورمێ راگەیاندووە، تا ئێستا هەزار و ٧٥ برینداری بومەلەرزەکەی خۆی گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، کە هەندێکیان رەوانە شارەکانی دەوروبەر کراون.
گەرچی پارێزگاری ورمێ باس لەگەیاندنی خێمە، خۆراک و کەلوپەلی گەرمکەرەوە بە زیانلێکەوتووان دەکات بەڵام بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵوکراونەتەوە دانیشتوانی خۆی و دەوروبەری کە بەهۆی بومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە دژی دابیننەکردنی ئەو پێداویوستیانە و کەمتەرخەمی بەرپرسانی دەوڵەتی ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ بڵاوەپێکردن بە زیانلێکەوتووانی ناڕازی لە خۆی ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە بەکاردەهێنن و بە ئاو هەوڵی دوور خستنەوەی خەڵک دەدەن.
شەوی شەممە ٢٨ی کانونی دووەم بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٩ پلە بە پێوەری ریختەر لە قوڵایی ٩ کیلۆمەتری زەوی لە خۆی و دەوروبەری روویدا و بەهۆیەوە جیا لە گیانلەدەستدانی لانیکەم حەوت کەس و برینداربوونی سەدان کەسی دیکە، هەزاران خانوو و ئۆتۆمبێل و هەروەها تۆڕەکانی گواستنەوەی کارەبا، ئاو و گاز زیانیان بەرکەوت.
هـ . ب