ژمارەی نوێی رۆژنامەی سەرخۆبوون بڵاوکرایەوە

ژمارە ٥١٥ی رۆژنامەی سەرخۆبوون بە مانشێتی 'پەکەکە شۆڕشی مێشک و هزرە' بڵاوکرایەوە.

لە ژمارەی ئەم مانگەی رۆژنامەکەدا بەشێکی زۆری بابەتەکان بۆ ٤٦ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە تەرخان کراون. هەروەها بەشی دووەمی بابەتێک بە ناونیشانی 'بوون بە شەڕڤانی ئازادی گەلێک کە لەناو بازنەی پیلانگێڕیدایە' کە لە پارێزنامەکانی رێبەر ئاپۆ ئامادەکراوە، لەم ژمارەشدا بڵاوکراوەتەوە.

بابەت و نوسینەکانی دیکەی ئەم ژمارەیە بەم جۆرەن:

"ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پەکەکە دوران کاڵکان لە نوسینەکەیدا بە ناونیشانی 'لە ساڵی ٤٧ەمینی پەکەکەدا ئێمە زیاتر لە ئازادییەوە نزیکین' دەستنیشانی کردووە، کە ئاستی هەنوکەیی تێکۆشانی پەکەکە چیتر بە تەنیا تێکۆشانێکی گەریلایی نییە، ئیتر بەرخودانی ژنان، گەنجان و گەلە. کاڵکان ئەوەشی خستووەتەڕوو، تێکۆشانی پەکەکە گەورە بووە، لە سنوورەکانی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێپەڕیوە، گۆڕدراوە بۆ بزوتنەوە و تێکۆشانێکی نێونەتەوەیی.

کۆردیناسیۆنی پاژکیش بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم وتارێکی بە ناونیشانی 'هەر ژنێک دەکوژرێت، بانگەوازێکە بۆ شۆڕشی ژنان'ی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە هۆکارە سەرەکیەکانی شەڕی جیهانی سێهەم کرد کە لە هەرێمەکەمان و جیهان روودەدات.

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە هێلین ئومیدیش لە وتارەکەیدا بە ناونیشانی ' هێزی واتا و فەلسەفەی ئازادی پەکەکە جیهان ئازاد دەکات' باسی لە بنەما و پێودانگە بنچینەییەکانی پەکەکە کردووە.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پەکەکە سەبری ئۆک بە ناونیشانی 'سەرکەوتنی ئەفسانەیی رۆمانی پەکەکە، بۆ تایبەتمەندییەکەی وەک بزوتنەوەی رێبەرایەتی دەگەڕێتەوە' وتارێکی نوسی. ئۆک  دەستنیشانی کرد کە خۆگەیاندن بە راستی رێبەرایەتی و ئاستی جەنگاوەری پەکەکەبوون، بە دڵنیاییەوە سەرکەوتنی بەدواوە دەبێت.

لە ژمارە ٥١٥ی رۆژنامەکەدا نامەکانی ئاسیا عەلی و رۆژگەر هێلین کە بەر لە چالاکییە فیداییەکەیان نوسیبوویان، بڵاوکراونەتەوە.