ڕۆژنامەوانانی ژنی مەخمور هێرشی سەر کارمەندانی ژن تی ڤی شەرمەزار دەکەن
ڕۆژنامەوانانی ژن لە کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخمور)، هێرشەکەی دەوڵەتی تورکیان بۆ کارمەندانی ژن تی ڤی شەرمەزار کرد و بەڵێنیان دا بۆ درێژەدان بە ڕێگەی ڕاستی.
ڕۆژنامەوانانی ژن لە کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخمور)، هێرشەکەی دەوڵەتی تورکیان بۆ کارمەندانی ژن تی ڤی شەرمەزار کرد و بەڵێنیان دا بۆ درێژەدان بە ڕێگەی ڕاستی.
دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ٢٣ ی ئاب، بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان، ئۆتۆمبیلێکی ژن تی ڤی لەسەر ڕێگەی قامیشلۆ_عامودا کردە ئامانج، بەهۆیەوە کارمەندی ژن تی ڤی نەجمەدین فەیسەڵ حاجی سینان شەهید و پەیامنێر دەلیلە عەگید بریندار بوو.
ڕۆژنامەوانانی ژنی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخمور) بە ڕاگەیاندراوێک هەڵوێستی خۆیان دەربڕی بەرامبەر هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ئۆتۆمبیلێکی ئۆتۆمبیلێکی کارمەندانی ژن تی ڤی.
"ئێمە شوێنی ڕاستی دەکەوین"
ڕاگەیاندراوەکە بە خولەکێک وەستان بۆ تەواوی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی کوردستان دەستی پێ کرد. پاشان، ڕۆژنامەوان بێریڤان تونج، قسەی کرد. ئاماژەی کرد بۆ هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ئەندامانی چاپەمەنی ئازاد و گوتی: "وەک دەزانن، دوێنێ لە کاتژمێرەکانی نیوەڕۆ، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان، هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبیلی کارمەندانی ژن تی ڤی. ئێمە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید نەجمەدین دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ هاوپیشەمان دەلیلە عەگید دەخوازین. هاوڕێ پەیامنێرەکانمان لەسەر ئەرکەکەیان کرانە ئامانج. ئەمەش پیشاندەری ترسی دەوڵەتی تورکە بەرامبەر قەڵەم و کامێرای خەباتکارانی ژن. ئەو ڕۆژنامەوانانەی ئەمڕۆ دەسکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بە ڕای گشتی پیشان دەدەن، دەکرێنە ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک. دەیانەوێت بەم هێرشانە ڕۆژنامەوانان چاوترسێن بکەن. بەڵام با باش بزانن، ئەم هێرشانە لە کارەکانمان دوورمان ناخەنەوە. بانگەواز لە دەزگا چاپەمەنییەکان دەکەین، بەرامبەر ئەم هێرشانە هەڵوێست وەربگرن. ئێمە وەک ڕۆژنامەوانانی ژن، دووبارە بەڵێن دەدەین، ڕووماڵی ڕێگەی ڕاستی دەکەین".
ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "شەهید نامرن" کۆتایی هات.