زەكیە ئاڵكان: بەجەستەی ئاگری نەورۆزی لەپایتەختی مێژوویی كوردان داگیرساند

دەوڵەتی تورك لەچوارچێوەی چەند سەدە كۆمەڵكۆژی كوردەكان، بەتەنیا نكۆڵی له‌ زمان و شۆناسی كوردەكان نەدەكرد، بەڵكۆ جەژنە مێژووییەكانی ئەم گەلەی وەكو سەری ساڵ و جەژنی نەورۆزی بەزۆر و زۆرداری و كۆشتن و ئەشكەنجە ئاستەنگ دەكرد.

بەرخۆدان لەبەرامبەر بەرژێمی فاشیستی دەوڵەتی تورك، بە مه‌زڵووم دۆغان یەكێك لەدامەزرێنەرانی پەكەكە لەزیندان دەستی پێكرد. ئەو لەچاڵە تاریكەكانی زندانی ئامەد بەچەند دەنگە شقارتە لە ٢١ی ئاداری ١٩٨٢ بەئاگر بەردان لەجەستەی، ئاگری نەورۆزی داگیرساند. لەو رۆژەش بەدواوە، مه‌زڵووم دۆغان بوو بەكاوە هاوچەرخ و شۆڕشگێڕانی تریش ئەم ڕێگەیان بەردەوام كرد و یەكێكی تر لەو شۆڕشگێڕانەش زەكیە ئاڵكانە.

لەدوای شەهید مه‌زڵووم دۆغان، رۆژی ٢١ی ئاداری ١٩٩٠ ئەمجارە ژنێك لەپاڵ دیواری قەڵای دیرۆكی مادەكان، شاری ئامەد، ئاگری نەورۆزی بەئاگربەردانی لەجەستەی پیرۆز كرد. ناوی"زەكیە ئاڵكان"بوو و لەكاتێكدا درۆشمی"بژی نەورۆزی"ی دەوتەوە ئاگری لەجەستەی بەردا.

لەگەڵ ئەوەی كە هێزە ئەمنیەكانی دەوڵەتی تورك بەشداربووانی نەورۆزیان كۆمەڵكۆژ دەكرد. زەكیە ئاڵكان ووتی:"ئاگری نەورۆزێك كە نەتوانین بەدارو چڵ و بەرگی دارەكان داگیرسێنین، ئەو ئاگرە بەجەستەی خۆمان هەر رۆشن دەكەین".

زەكیە ئاڵكان له‌دایكبووی ساڵی ١٩٦٥زایینیە و لەگوندێكی سەر بە شاری گومۆشخانە لەتوركیایە لەدایكبووە. بنەماڵەكەی یەكێكیان لەخزمانی"عەلی شێر" كە لەساڵی ١٩٢٠ سەركردایەتی سەرهەڵدانی كۆچگێری دەكرد. سەرهەڵدانی كۆچگیری یەكەم سەرهەڵدانی كوردە عەلەوییە و زازاكانە لەبەرامبەر بە زۆڵم و ستەمی دەوڵەتی تورك. ئەو كاتەی حكومەتی ئەو سەردەمەی توركیا، سەرهەڵدانی كۆچگێری لەساڵی ١٩٢١دا بەشێوەیەكی وەحشیانە سەركۆت كرد، بنەماڵەی زەكیە ئاڵكانیش لەناو ئەو بنەماڵانەی سەرهەڵدێر دا بوو كە لەلایەن دەوڵەتەوە راگوێزرابوونەوە بۆ گومۆشخانە. دەبێ كەسێك باوەڕی ئەوەی نەدەكرد كە دوای ٦٤ساڵ، ژنێك لەبنەماڵەی عەلی شێر چالاكیەكی وەها بنوێنێ. چۆنكە دەوڵەتی تورك بەوەشەوە نەوەستا كە كوردە عەلەوی و زازاكان راگوێزی گومۆشخانەی كرد و لەوەش زیاتر ئەوانی بەشێوەیەكی وەحشیانە و لەژێر سیاسەتی هەژەمۆنگەری كەلتووری بۆ توانەوەی شۆناسیان هێشتەوە و بەرێوەی دەبرد.

كاتێك كە زەكیە ئاڵكان تەنیا منداڵێكی هەشت ساڵان بوو، بنەماڵەكەی لەگومۆشخانەوە دەچنە ئەرزەنجان و پاشانیش دەچنە ئەزمیر. ئەو دوابەدوای تەواوكردنی قۆناخەكانی خوێندن لەساڵی ١٩٨٧ەوە دەچێتە زانكۆی پزشكی لەشاری ئامەددا. گەڕانەوەی ئەو بۆ ئامەد، بوو بەزەمینەخۆشكردن بۆ گەڕانەوە بۆ شۆناسی كورد و كوردستانی بوونی. زەكیە ئاڵكان لەو كاتەدا پاش خوێندنی پەرتووكی"شەوی چوارم"، بەو بەرخۆدانەی مه‌زڵووم دۆغان و هاوڕێیانی لەزینداندا ئەنجامیاندابوو، دەزانێت.

لووتكەی توڕەبوونی زەكیە ئاڵكان ئەو كاتە دەست پێدەكات كە لە ١٤ی ئاداری ١٩٩٠ لەرێورەسمی ناشتنی گەریلایەكی"ئەرتەشی ئازادیخوازی گەلی كورستان ـ ئەرنەكە"، بەچاوی خۆی تیرۆریزمی دەوڵەتی تورك دەبینێت و لەهەمانكاتیشدا سەركۆتكردنی بەشداربووانی مەراسمی نەورۆز لەنسیبیندا دەبێت. ئەو كاتەیە كە ئەو بڕیار دەدات بەبەردانی ئاگر لەجەستەی، ئاگری نەورۆز دابگیرسێنێت.

جەستەی زەكیە ئاڵكان و ئەو فۆرمە بەرخۆدانە مێژووییە بووە سیمبۆڵێك بۆ نەورۆز و لەهەرێمی ئەزمیر لەخاك نێژرا.

هـ . ب