زیلان بۆتان گەریلای یەژاستار: دەبێت خەڵکی زاگرۆس پشتیوانی لە بەرخودانی گەریلا بکەن
گەریلا زیلان بۆتان رایگەیاند، "دەبێت گەنجانی جۆلەمێرگ نەهێڵن چەکی فەرماندە سەرحەد گراڤی و ئەکین تلۆرا لە زەویدا بێت و بخرۆشن بۆ ناو ریزەکانی گەریلا".
گەریلا زیلان بۆتان رایگەیاند، "دەبێت گەنجانی جۆلەمێرگ نەهێڵن چەکی فەرماندە سەرحەد گراڤی و ئەکین تلۆرا لە زەویدا بێت و بخرۆشن بۆ ناو ریزەکانی گەریلا".
زیلان بۆتان گەریلای یەژاستار لە یەکەم رۆژی ئۆپراسیۆنە داگیرکەرییەکەوە بەشداری هەڵمەتی هەڵۆکانی زاگرۆس بووە و بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، سوپای تورک بە گرتنەبەری شێوازی تاڵانکردن و کاولکردنی سروشت دەیەوێت ناوچەکانیان داگیربکات، بەڵام لە ئەنجامی بەرخودانی گەریلا بە پێشەنگایەتیی گەریلاکانی یەژاستار تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە شتێک بە دەست بهێنێت.
زیلان بۆتان سەرنجی خستەسەر گرنگیی پشتیوانیکردنی گەل لە بەرخودانی گەریلا و وتی، "لە ٢٣ی نیسانەوە ئۆپراسیۆنێکی داگیرکەری لەلایەن دوژمنەوە بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەستی پێکردووە. دوژمن دەیەوێت زاگرۆس لە هەموو لایەکەوە داگیر بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا بە ئامانجەکەی نەگەیشتوە. دوژمن بە هەواڵی درۆ پڕوپاگەندە بۆ خۆی دەکات، بەڵام لە راستیدا هیچی بە دەست نەهێناوە و ئێمە خۆشمان چاودێریی هەواڵەکان و جموجوڵەکانیان دەکەین. هەموو شەوێک بە کۆپتەرە سکۆرسکییەکان هێزەکانیان ئاڵۆگۆڕ دەکەن و ئەوەش نیشانەى ترسی دوژمنە".
زیلان بۆتان وتیشی، "هەڤاڵانمان بە شەو و رۆژ هەم لە تونێلەکانی شەڕدا و هەم لە گۆڕەپانەکاندا بە ئیرادە و ورەیەکی گەورەوە شەڕ دەکەن. هەلومەرجی گریلا و جوگرافیای کوردستانیش دیارە، بەڵام سەرباری ئەوانەش بەرخودانێکی زۆر گەورە بەڕێوەدەچێت. دوژمن دەتوانێت بڕواتە ناو تونێلەکانی شەڕ و نەدەتوانێت خۆی لە ناوچەکەدا جێگیر بکات. ناشتوانێت بە ئاسانی جموجوڵ بکات. بۆ ئەوەش قورسایی خستووەتە سەر تەکنیک و تەکنەلۆژیا، بەڵام هەر زوو تەکنیک و تەکنەلۆژیای دوژمن پووچکرایەوە. ئەوە ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوانە، بەڵام گەریلا بە چالاکی و هەڵوێستە زۆر گەورەکەى بەرەنگاری و بەرخودان دەکات. با هەموو کەس ئەوە بزانێت، هیچ کەس ناتوانێت بە ئاسانی بێتە ناو چیاکانی زاگرۆس. ناتوانێت لێرە بمێنێتەوە. تەنها ئەوانەى لێرە دەژین لە توانایاندایە لێرە بمێننەوە".
ئەوەشی وت، "بێگومان ئەو بەرخودانە تەنها سنووردار نییە بە ئاڤاشین، بەڵکو لە زاپ بەرخودانێک بە پێشەنگایەتیی هەڤاڵ مەلسا و هەڤاڵ رۆستەم و هەڤاڵ باوەڕ و لە دژی دوژمن شەڕێکی زۆر چڕ و بەهێز بەڕێوە دەچێت، کە وێنەى نییە. مرۆڤ بەرخودانی ئەو هەڤاڵانە بە نمونە دەزانێت و هێز بە ئێمە دەبەخشن. لەهەمان کاتدا هەر شەهادەتێک توڕەیی ئێمە بەرامبەر بە دوژمن زیاتر دەکات. لە کوێ هێرشی دوژمن هەیە لەوێ بەرخودانێکی گەورەش هەیە. لە هەمان کاتدا لە ناو ئەو ئۆپراسیۆنەدا چالاکییەکانی هەڤاڵانی ژن زۆر کاریگەر و چارەنووسسازن. گەریلاکانی یەژاستار پێشەنگایەتیی خۆیان سەلماندووە و ژمارەیەکی زۆر چالاکیی نیشانەشکێنی و چالاکیی هێرشکردن بە چەکی قورس لەلایەن ژنانەوە ئەنجام دەدرێن و ئەو چالاکییانە بە شێوەی سەرکەوتوانە بەڕێوەچوون و لە ئامانجەکانیان داوە".
زیلان بۆتان باسی ناوچەى زاگرۆسی سەر بە جۆلەمێرگی کرد و وتی، "مێژوویەکی کۆن و دێرینیان هەیە. ئێستا دوژمن دەیەوێت لەو شوێنانەدا خۆی جێگیر بکات، بەڵام گەریلا بەرەنگاری دەکات. هەڤاڵانمان لەو پێناوەدا هەموو رۆژێک خوێنی خۆیان دەبەخشن و شەهید دەبن. بۆ ئەوەش پێویستە گەلی جۆلەمێرگ بە تایبەتی گەلی شەمزینان، گەڤەر و چەلێ راپەڕن و پێشەنگایەتی بۆ ناڕەزایەتییەکان بکەن. پێشتر بەو شێوەیە بووە و پێشەنگایەتییان کردووە، دوژمن لە کوێ هێرشی دەکرد سەرەتا گەل رادەپەڕی و وەڵامی دەدایەوە. دوژمن ئێستا دەیەوێت ناڕەزایەتیی گەل بێدەنگ بکاتەوە. پێویستە گەلەکەمان لێیان نەترسن".
زیلان بۆتان لە کۆتایی وتەکانیدا رایگەیاند، "نمونەى پێشەنگایەتیی سەرحەد گراڤی لە شەڕی زاگرۆسەکاندا زۆر روون و لە بەرچاوە. تاوەکو دوا هەناسەی قارەمانانە فەرماندەیی کرد. هەڤاڵێکی خەڵکی جۆلەمێرگ بوو. هەروەها فەرماندە ئەکین تلۆرا، کە بە پێشەنگایەتی و زیرەکییەکەی دەناسرا لە دژی دوژمن شەڕ و بەرەنگاریی قارەمانانەیان کرد، بۆیە پێویستە گەنجانی جۆلەمێرگ رێگا نەدەن چەکی هەڤاڵ سەرحەد و هەڤاڵ ئەکین لەسەر زەویدا بمێنێتەوە. کاتێک خوێن ڕژا، پێویستە گەنجانمان تۆڵەی ئەو خوێنە بکەنەوە. پێویستە هەموو کەس چەکی شەهیدەکەى خۆی هەڵگرێت. ئەوە نەریت و میراتی هەڤاڵانمانە و بووەتە نەریت و میراتێکی کوردستان. ئەو هێرشە تەنها بۆ سەر گەریلا نییە، بۆیە هێرشێکی گەورە و هەمەلایەنە لە دژی گەلی کورد بەڕێوەدەچێت. پێویستە لە هەموو لایەکەوە بەرخودان بکرێت. ئێمە وەک گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار هەموو کات خاوەنداری لەو بەرخودانە دەکەین".
ژ.ت