زیندانەکانی 'جۆری بیر' شوێنی ئەشکەنجەدانی نوێن
بە هەزاران زیندانی لە زیندانەکانی جۆری Y و S کە چالاکوانانی مافی مرۆڤ بە 'جۆری بیر' وەسفی دەکەن، لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراون. وەزارەتی داد زانیاری گشتی بڵاو ناکاتەوە.
بە هەزاران زیندانی لە زیندانەکانی جۆری Y و S کە چالاکوانانی مافی مرۆڤ بە 'جۆری بیر' وەسفی دەکەن، لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراون. وەزارەتی داد زانیاری گشتی بڵاو ناکاتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی زیندانەکانی جۆری S و ئەمنی باڵا لە ساڵی ٢٠٢٥ی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (İHD) ، نەک تەنها لەڕووی جەستەییەوە بەڵکو لەڕووی دەروونیشەوە دژی زیندانییەکان، ستراتیژێکی تایبەت جێبەجێ دەکرێت.
بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی ئەنجومەنی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سیستەمی سزادان، بە گشتی٤١٦ هەزار و ٩٢٧ زیندانی لە ٤٠٠ زیندان کە توانای ٣٠٤ هەزار و ٦٠٨ زیندانی هەیە ڕادەگیردرێن. ئەم ژمارەیە ڕۆژانە لە زیادبووندایە. دەوڵەتی تورک لەبری ئەوەی لە سیستەمی دادوەریدا هەموارکردنەوە بکات، خەریکی دروستکردنی زیندانی نوێیە. بەتایبەت لە ساڵانی ڕابردوودا زۆرترینی ئەو زیندانانەی دروستکراون و سەرنجی هەمووانی ڕاکێشاوە، زیندانەکانی جۆری Y و S ـە کە بە 'زیندانەکانی بیر' دەناسرێن. لە تورکیا ئێستا ١٣ زیندانی جۆری Y و ٢٢ زیندانی ئەمنی باڵا و ٧ زیندانی جۆری S هەیە. لەم زیندانانەدا بەشێوەیەکی سیستەماتیک زیندانییەکان لە ژێڕ گۆشەگیرییەکی چڕدان.
ئەو شوێنانەی کە گۆشەگیری تێدا زۆرترە
ڕاپۆرتی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣ی کۆمەڵەی پارێزەرانی هاودەم، بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتن لەگەڵ سێ زیندانی لە زیندانی جۆری Y ژمارە یەک لە شاری دوملوی ئەرزرۆم، ئەم زانیاریانەی خوارەوە ڕادەگەیەنێت:
* زیندانەکە سێ نهۆمە
* شوێنی کۆبوونەوەی پارێزەران بە تەواوی داخراوە
* زیندانییەکان لە ژووری تاکەکەسیدا دەهێڵرێنەوە و شوێنێکی هاوبەش بۆ خواردنی گشتی نییە
* بەهۆی دیزاینی بیناکەوە، شوێنی نانخواردنەکە بە تەواوی لە تاکەکەسیەکان جیاکراوەتەوە؛ بۆیە زیندانییەکان ناتوانن بە ئاسانی بچنە حەوشەی زیندانەکەوە.
* ئەو زیندانیانەی کە لە ژووری تاکەکەسیدا ڕادەگیردرێن، بە تەنیا ڕێگەیان پێدەدرێت بچنە حەوشەی زیندانەکەوە.
* مافی گفتوگۆی بە شێوەی گشتی لە گەڵ زیندانیانی دیکە سنووردارە.
* مافی کتێب وەرگرتن و خوێندنەوە سنووردارە و ناردنی کتێب لە زیندانەکانی دیکەوە ڕێگری لێدەکرێت.
* لە کۆتایی هەفتەدا ڕۆژنامە دابەش ناکرێت.
* خواردن هیچ باش و تەندروست نییە.
* مافەکان بە گشتی پێشێل دەکرێت.
ئەو زیندانیانەی لەم زیندانانەدا ڕاگیراون ڕایانگەیاندووە کە بە تەنیا رادەگیردرێن و تەنانەت دەنگی زیندانیانی دیکە بابیسن. هەندێک لە دۆخەکانی گۆشەگیری بەم شێوەیەن:
* مانەوە لە ژووری تاکەکەسی
* خواردنەوەی چا یان نووسینی نامە لە حەوشە شوێنی هەواگۆڕکێ قەدەغەیە.
* تاکەکەسیەکان پەنجەرەیان نییە.
* لەناو حەمامەکاندا کامێرا دانراوە.
* هەموو شتێک لە ڕێگەی سیستمی ئۆتۆماتیکیەوە ئەنجام دەدرێت و پاسەوانەکان هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ زیندانیەکاندا نییە.
* پەیوەندیکردن لە ڕێگەی بڵندگۆوە ئەنجام دەدرێت.
* حەوشەی هەواگۆڕکێ بەتەلی ئاسنین پەردە پۆشکراوە ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ڕووناکی و تاو کەمتر دەگاتە حەوشەکە.
* شوێنی هەواگۆڕکێ وەک قەفەس دروستکراوە و لەژێر چاودێری بەردەوامدایە.
ستراتیژی گۆشەگیری جێبەجێ دەکرێت
لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٥ی کۆمەڵەی مافی مرۆڤدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە زیندانییەکان تەنیا بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە تاکەکەسیەکان ڕێگەیان پێدەدرێت دەربچن و تەنانەت ئەم کاتەش زۆر سنووردارە. هەروەها سڵاو و ئەحواڵپرسین لە ژووری تاکەکەسیدا بە "تاوانی دیسپلین" دادەنرێت و سزا دەدرێت.
هەروەها مافی تەندروستی سنووردارە. زیندانییەکان پێویستە ڕۆژانە داواکارییەک پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بچنە لای پزیشک، تەنانەت زۆرجاریش بێ وەڵام دەمێنێتەوە. کاتێکیش دەبرێنە لای پزیشک کەلەپچە دەکرێن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، زۆرجار گەیاندنی کتێب و گۆڤار و نامە ڕێگری لێدەکرێت. کۆمیتەکانی دیسپلین، بە هەڵسەنگاندنی بابەتیی وەک "پەشیمان نەبوونەوە"، پەیوەندی تەلەفۆنی و سەردانەکان لەسەر زیندانیەکان قەدەغە دەکەن.
ئەم بارودۆخە قورسانەی گۆشەگیری بە تێپەڕبوونی کات زیانی دەروونی و جەستەیی بۆ زیندانیەکان دروست دەکات. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەندێک لە زیندانییەکان دوای ماوەیەکی زۆر لە گۆشەگیریدا تووشی نەخۆشیی دەروونی بوون و تەنانەت هەندێکیان ناچار بوونە خۆیان بکوژن. ئەو کەسانەی کە لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی قسەکردن، پەیوەندیکردن یان بیستنی دەنگی کەسانی دیکە بێبەشن، بە تێپەڕبوونی کات هەموو شتێکیان لەدەست دەدەن.