زۆزان چەولیک: مەترسیی لەناوبردنی جەستەیی لەسەر ڕێبەرایەتی هەیە

زۆزان چەولیک فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی یەژا ستار ڕایگەیاند، هێرشەکانی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و وتی: "ئەگەر ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە - مەهەپە نەڕوخێنرێت ئەوان لە ناوبردنی جەستەیی ڕێبەر دەکەنە ڕۆژەڤ".

زۆزان چەولیک فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی یەژا ستار ڕایگەیاند، هێرشەکانی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و وتی: "ئەگەر ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە - مەهەپە نەڕوخێنرێت ئەوان لە ناوبردنی جەستەیی ڕێبەر دەکەنە ڕۆژەڤ".

زۆزان چەولیک فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندیی یەژا ستار بەشداریی لە بەرنامەی تایبەتی ستێرک تیڤی دا کرد و وەڵامی پرسیارەکانی ئارژین فەرات-ی سەبارەت بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، دۆخی ئەم دواییەی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و ڕووداوەکەی خەلیفان دایەوە.

زۆزان چەولیک ڕایگەیاند، ماوەی ٢٣ ساڵە شەڕێکی تایبەت لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی ئەنجام دەدرێت و وتی: "ئەو سیاسەتەی شەڕی تایبەت لە ئیمڕاڵی هەیە نابێت بە جیاواز لە هێزە باڵادەستەکان هەڵناسەنگێنرێت. ڕەنگە سزای لە سێدارەدان لاببرابێت، بەڵام دەزانین کە دەوڵەتانی نێونەتەوەیی ڕۆڵی پاسەوانیان داوە بە تورکیا بۆ پاکتاوکردنی ڕێبەر ئاپۆ.

ماوەی ٢٣ ساڵە ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو مافەکانی بێبەشکراوە. ئەو بێ یاساییە تەنها لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی ئاکەپە - مەهەپەوە ئەنجام نادرێت. سی پی تی، ئەنجومەنی ئەوروپا، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و چەندین دامەزراوە، کە دەڵێن بەناوی مافی مرۆڤەوە کار دەکەن بێدەنگن لەم دۆخەدا. زۆرێک لە هێزە باڵادەست و بەڕێوەبەرەکان هاوبەشی ئەم سیستەمەن".

'هێرشەکان بۆ سەر ڕێبەرایەتی لە بەرزترین ئاستدان'

زۆزان چەولیک لە بەردەوامیدا وتی: "سیستمی یاسایی دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر تێکۆشانی رێبەرەکەمان، تەڤگەری ئازادی و گەلی کورددا داڕوخاوە. نەک تەنها یاسای تورکیا، بەڵکو یاسای ئەوروپاش مایەپووچ بووە. ئەمە ئاشکرایە. ئەگەر تا ئێستا لە ناوبردنی  جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدا سەرکەوتوو نەبوون، ئەوە لە ئەنجامی بەرخۆدانی ڕێبەرایەتی و گەلی کورد و بزووتنەوەکەمانەدایە. پێویستە ئەم ڕاستییە ببینین. ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە - مەهەپە ماف و یاسا بەرکارکانی ئێستاشی قبوڵ نییە. ئێمە ئەوە بە ڕووی ڕاستەقینەی دەوڵەتی تورک و ئاکەپە - مەهەپەی دەزانین.

ئێمە دەزانین ئەمە لە چوارچێوەی چ دید و چەمکێک دا ئەنجام دەدرێت. سیاسەتی پاکتاوکردن و لەناوبردن لەسەر گەلەکەمان بەردەوامە. بەندکراوان تەرمەکانیان لە زیندانەکانی شارەکانی ڕۆژئاوای تورکیا یەک لە دوای یەک دەهێنرێنە دەرەوە. دەوڵەتی تورک کە خاکی کوردستان بەردەوامە لە داگیری، هیچ یاسا و مافێکی قبوڵ نییە. هەمیشە گوشاری خستۆتە سەر کۆمەڵگا و ناچاری  برسێتیی کردوون. بەتایبەتی لەهەر شوێنێک خەباتێک بۆ ئازادی هەبێت هێرش دەکاتە سەر ئەو شوێنە. بێگومان ئەم دۆخە هیچ جیاوازیەکی نییە لە سیاسەتی گۆشەگیریی سەر ڕێبەرایەتی و هێرشەکانی سەر گەریلاکان. هەموو کەسێک لە تەمەنی حەوت تا حەفتا ساڵییەوە،  ڕۆژئاوا، مەخمور، شەنگال، سیاسەتمەداران، ئەکادیمیستەکان، ژنان و گەنجان گوشاریان دەخرێتە سەر.

هەروەها هێرشەکانی سەر ڕێبەرایەتی گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست و دەبێت ئێمە مەترسیەکە ببینین. پێویستە گەلی کورد، لاوانی کورد، ژنانی کورد، دۆستانی کورد و هەموو ئەوانەی کە بۆ ئازادی و یەکسانی تێدەکۆشن بزانن، کە مەترسییەکی جدی هەیە. هەڕەشەی لەناوبردنی جەستەیی بۆ سەر ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو کاتێک گەورەترە. ئێمە وەک گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار ئاگاداری ئەو مەترسییەین، ئێمە دەزانین، کە هەر گەریلایەک لە زاپ، مەتینا، ئاڤاشین و ناوچەکانی تر شەڕ دەکات ئەو مەترسییە دەزانن. هەموومان دەزانین، کە ئاسایش و تەندروستیی رێبەر ئاپۆ پەیوەستە بە تێکۆشانی ئێمەوە.

بە واتایەکی تر ئاسایش، ئازادیی جەستەیی و تەندروستیی ڕێبەر ئاپۆ تەنیا لە ڕێگەی تێکۆشانەوە دەستەبەر دەبێت. بەم شێوەیە دەتوانین ئازادیی جەستەیی، تەندروستی و ئاسایشی رێبەری ئاپۆ بپارێزین. کاتێک ڕێبەرایەتی، ژنان، گەلی کورد و چەوساوەکان دەبنە بابەت و ڕۆژەڤ، ڕژێمی فاشیستیی ئاکەپە - مەهەپە هیچ ماف و یاسایەکیان قبوڵ نییە. ئەگەر ئەم ڕژێمە فاشیستە نەڕوخێنرێت لەناوچوونی جەستەیی ڕێبەرایەتی دەکەوێتە ڕۆژەڤ و بەرنامەی کاریانەوە. پێویستە ئێمە ئەمە بزانین. دەبێت ئێمە ئەم  مەترسی و هەڕەشەیە لە هەموو کاتێک زیاتر ببینین".

'ئەگەری ئەوە هەیە بە ڕێوشوێنی فاشیستانە کودەتایەکی سیاسی ئەنجام بدەن'

زۆزان چەولیک فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی یەژا ستار باسی لە شەڕی دژی داگیرکاریی کرد و وتی:" ماوەی ٥ مانگە بەرخۆدان بەردەوامە. ئیدی ئێستا شەڕ گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ. لە شێواز و ڕێوشوێنەکانی شەڕدا پێشکەوتنێکی زۆر ڕوویداوە. دوژمن لە چوارچێوەی دید و چەمکی جینۆسایدکردنی کورددا هێرشی سەرتاسەری و هەمەلایەنە ئەنجام دەدات. لە ڕاستیدا ئەم شەڕە جارێکی دیکە دەمامکی ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپەی خستەخوارەوە. ئێمە دەزانین فاشیزم تا کۆتایی دەستبەرداری ئەو شەڕە نابێت. بەم زوانە دەستبەرداری سیاسەتی جینۆسایدکردن و پاکتاوکردنی خۆی نابێت. بەتایبەتی، کە هەڵبژاردنمان لە پێشە، بۆیە هەرچیان لەدەست ئەنجامی دەدەن بۆ ئەوەى بتوانن لە هەڵبژاردن و شەڕدا سەربکەون.

لە ماوەی پێنج مانگدا، تێکۆشانێکی قورس ئەنجامدراوە. سیاسەتی ئاکەپە - مەهەپە لە بەرامبەر بەرخۆدانی گەریلادا شکستی هێنا. بە دڵنیاییەوە ئەم شەڕەی ئێستا ناتوانێت ڕژێمی ئاکەپە - مەهەپە، واتە ئەردۆغانی دیکتاتۆر ڕزگار بکات، ئەم شەڕە کۆتایی بە سیاسەتی قڕکردن و پاکتاوکاریی ڕژێمی ئاکەپە - مەهەپە دەهێنێت. بێگومان فاشیزم هەر لە خۆییەوە لەناوناچێت، چونکە فاشیزم شتێکی وەهایە نییە. ئێستا هەموو کەس لێکدانەوە و خەمڵاندن لەسەر هەڵبژاردن دەکات، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە وەک هیچ کام لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا نابێت، لەوانەیە کودەتایەکی سیاسیش لە چوارچێوەی رێوشوێن و شێوازە فاشیستیەکاندا ئەنجام بدرێت. بێگومان ڕژێمی ئەردۆغان بۆ ئەوەی بتوانێت لەسەر پێ بمێنێتەوە دەتوانێت کارێکی لەو شێوەیە ئەنجام بدات".

'شاخی ئامێدی دەبێتە گۆڕی دەوڵەتی تورک'

زۆزان چەولیک ڕایگەیاند، سوپای تورک سەرەڕای بەکارهێنانی شێوازەی پیس و پێشێلکردنی ئەخەلاق و پێوەرەکانی شەڕ، تا ئێستا شکستی هێناوە لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکدا و وتی: "گورزی قورسی یەک لەسەر یەک لێدراوە. دەوڵەتی تورک لەو شەڕەدا ژمارەی راستەقینەی زیانەکانی دەشارێتەوە. بەمدواییانە هەلیکۆپتەرێکی تری سکۆرسکی-یان لە شاخی ئامێدی خرایە خوارەوە، کە ئەوە ١٠هەمین هەلیکۆپتەری سکۆرسکی بوو، کە لەلایەن گەریلاکانەوە خرایە خوارەوە. لەبەر ئەوەش ئیتر نەیدەتوانی نکۆڵیی لێبکات، بۆیە ناچار بوو دانی پیادا بنێت".

زۆزان چەولیک وتیشی: "دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەى بتوانێت لە ناوچەیەدا ورەیەک بە بەرهێزەکانیدا بکاتەوە هەوڵ دەدات بە هاوکاریی پارتی (پەدەکە) لە شاخی ئامێدی ڕێگایەک دروست بکات. واتە بەهەماهەنگی لەگەڵ پارتی (پەدەکە) دەیەوێت ئامێدی بخاتە دەستی خۆی، بەڵام شاخی ئامێدی دەبێتە گۆڕی دەوڵەتی تورک".

زۆزان چەولیک ڕاشیگەیاند، پارتی (پەدەکە) دەیەوێت بە دروستکردنی ڕێگاکە سوپای تورک بپارێزێت و دەوڵەتی تورک لەو دۆخە سەختەی ئێستا ڕزگار بکات.

'پارتی (پەدەکە) لە شەڕی مان و نەماندا چووەتە پاڵ دوژمنی داگیرکەر'

زۆزان چەولیک فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی یەژا ستار ئاماژەی بە هێرشەکەی سەر خەلیفان کرد و وتی: ئەگەر پارتی (پەدەکە) بۆسەی بۆ گەریلاکان دانەناوە، ئەوا دەبێت تەرمی هەڤاڵە شەهیدەکانمان و هەڤاڵە بریندارەکانیشمان ڕادەستمان بکاتەوە. گروپێک لە هەڤاڵانمان، کە لەسەر ئەرکی خۆیاندا بوون، لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکەوە هێرشی ئاسمانییان کرایە سەر. ئەو ڕووداوە بەدەر نییە لە هاوکارییەکانی نێوان دەوڵەتی تورک و پارتی (پەدەکە). خەلیفان و دۆڵی بالیسان سنووری پارتی (پەدەکە) و یەکێتی (یەنەکە)ن. ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی پارتی (پەدەکە)یە، لەسەرەتای ڕووداوەکەدا پێشمەرگەکانی پارتی دەچنە ناوچەکە. ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی گومان. چۆن دەکرێت لە شوێنێکدا، کە ئەوەندە کەسی مەدەنی و هاووڵاتییایی تیادایە و دوورە لە سنوورەکانی تورکیا هێرشی ئاسمانی بکرێتە سەر گروپێکی بچووکی گەریلا؟ ئەمە جێگای گومانە، ئەمە لەلایەن سیخوڕەکانی پارتی (پەدەکە)، یان هەندێک کەسی ترەوە ئەنجامدراوە، بەڵام دەزانین، کە شوێنی ئەو هەڤاڵانە لەلایەن کەسانێکەوە بە دەوڵەتی تورک دراوە.

دەوڵەتی تورک لە شوێنێکی وەک خەلیفان هێرش دەکاتە سەر هەڤاڵانمان. ئەگەر پارتی (پەدەکە) دەڵێت، لەو ڕووداوەدا سیخوڕیی نەکردووە، چونکا هەندێک لە بەرپرسانی پارتی (پەدەکە) وتیان: 'ئێمە ئەو کارەمان نەکردووە، هیچ تاوانێکمان نییە، بەڵام پەکەکە تاوانبارمان دەکات' باشە ئەگەر بەشدارییان لەم ڕووداوە نەکردووە با تەرمی هەڤاڵە شەهیدەکانمان و هەروەها هەڤاڵە بریندارەکانمان پێ بدەنەوە. ئەگەر هەڤاڵانمان ڕادەستی ئێمە نەکەن، ئەو کاتە ئێمە و گەلی کورد دەزانین، کە سیخوڕەکانی پارتی (پەدەکە) بەشداربوون لەم ڕووداوەدا".

زۆزان چەولیک ڕایگەیاند، لە پێنج مانگی ڕابردوودا بەرخۆدانێکی بێوێنە و شەڕێکی شکۆمەندانە بۆ ڕێگریکردن لە داگیرکردنی باشوری کوردستان ئەنجام دراوە و وتی، "بەڵام جێگەی ئازار و خەمە، بە سیاسەتی خائینانەى پارتی (پەدەکە) خاکەکەیان ڕادەستی دەوڵەتی تورک کراوە. بێگومان ئێمە لە سیاسەتی پارتی (پەدەکە) دەزانین و لێی تێدەگەین، بەڵام هەرگیز لەم ئاستەدا خاکی باشوور پێشکەش بە دەوڵەتی تورک نەکرابوو. هاوکاریکردن لەگەڵ سوپای تورک کۆتایی بە پارتی (پەدەکە) دەهێنێت. بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان کۆتایی بە داگیرکاریی دەوڵەتی تورک دەهێنێت. مێژوو هەرگیز بۆ پێشکەشکردنی خاکی کوردستان بە دەوڵەتی تورک لە پارتی (پەدەکە) خۆش نابێت، چونکە پارتی (پەدەکە) لەم جەنگەی مان و نەمانەدا لە پاڵ دوژمنی داگیرکەردایە".

'یەژاستا هێزی پێشەنگە لە شەڕدا'

زۆزان چەولیک فەرماندەیی بڕیارگەی یەژاستار سڵاوی لە گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار کرد، کە لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک گەروەترین بەرەنگاری و بەرخودان دەکەن و وتی: "ئێمە هێزمان لە بەرخۆدانی گەریلاوە وەردەگرین. ئەم شەڕە، کە پێنج مانگی تێپەڕاندووە، ئەوەی تیادا سەلمێنرا، کە ژنانی کورد، کە بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ خۆڕاگری و بەرەنگاریی دەکەن گەیشتوونەتە چ ئاستێکی بێ هاوتا. بەشداریی هەڤاڵانی ژن، بەرپرسیاریەتیان لەم شەڕەدا، چالاکییەکانیان و هێزی ژنانی ئاپۆییان سەلماند و ئەوەیان بە هەموو جیهان نیشان دا. ئێمەش هێز و ورە لەمەوە وەردەگرین".

زۆزان چەولیک ڕایگەیاند، یەژا ستار وەک ساڵی ڕابردوو ئەمساڵیش بە رێکخستنکراوی، بە بەهێزی و چالاکانە بەشداریی شەڕەکەی کردووە و وتی: "ئێمە لەم شەڕەدا نرخ و قوربانیی قورسمان داوە. ئێمە بۆ بەدیهێنانی ئامانجی شەهیدانمان و تێکشکاندنی فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە تێکۆشانێکی بەهێزتر بەڕێوەدەبەین".

ژ.ت