باقرخان: هەرگیز قەیوم لە کوردستان سەرناکەوێت

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان، سڵاوی کرد لە بەرخۆدانی گەل دژی دەستبەسەرداگرتن، گوتی: "تاوەکو ئێوە خاوەنداری لە ئیرادەی خۆتان بکەن، هەرگیز قەیوم لە کوردستان سەرناکەوێت".

چالاکییەکان لەبەردەم شارەوانی مێردین بەردەوامە، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان و تولای حاتەم ئۆغۆللاری و سەرۆکی گشتی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل هاتنە مێردین.

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان سڵاوی لە بەرخۆدانی گەل کرد، ئاماژەی بە سیاسەتی دووڕووانەی دەسەڵات کرد، لەلایەک باسی چارەسەر دەکەن، لەلایەکی تر بەردەوامن لە قڕکردنی سیاسی.

"سیاسەتی قەیوم و نکۆڵی ئێوە، شکستی هێنا"

باقرخان ڕایگەیاند ڕێگە بە سیاسەتی قەیوم نادەن، گوتی: "سیاسەتی قەیومی ئێوە نەگەیشتە ئەنجام. لە هەڵبژاردندا، سیاسەتی قەیومتان شکستی هێنا، سیاسەتی نکۆڵیتان شکستی هێنا. ئێستە دەتانەوێت ئەو شوێنانەی لە هەڵبژاردن دۆڕاندتان، بە ساختەکاری و بڕیاری درۆینەی دادگا دەستی بەسەردا بگرن. بەڵێن دەدەین ئێمە ڕێگە نادەین بەم زیهنیەتی قەیومەی کە حیساب بۆ ئیرادەی ئێوە ناکات. ئێمەی کرێکاران و هەژاران و بندەستان زیهنیەتی قەیوم دوور دەخەینەوە. هەتا ئێوە لەگەڵمان بن و خاوەنداری لە ئیرادەتان بکەن، نە تاڵان و نە درۆ و نە قەیوم لە خاکی کوردستان سەرناکەون". 

"بەرخۆدان دەکەین"

باقرخان بەڵێنی تێکۆشانی دووپات کردەوە و ڕایگەیاند هەتا بەدیهێنانی دادپەروەری بەرخۆدان دەکەن، گوتی: "لە مێردینەوە بانگەوازەکەمان نوێ دەکەینەوە، دەست لە سیستەمی قەیوم هەڵبگرن، ئەم سیستەمی قەیومە بە کەڵکی کەس نایەت، ئەم سیستەمی قەیومە مایەپووچ بووە. دەست لە زیهنیەتی درۆینە و تاڵان و قەیوم هەڵبگرن، با هاوسەرۆکەکانمان ئەم شارە بەڕێوەببەن. ئێمە ناوەستین، شەڕدەکەین. بەرخۆدان دەکەین، بەڵێن دەدەین پێکەوە تێدەکۆشین، تا ئاشتی و دادپەروەری دەگاتە ئەم خاکانە و گەلەکەمان بە ناسنامەی خۆیەوە دەبێتە هاوڵاتییەکی یەکسان".

"تاکە چارەسەر ئازادی بەڕێز ئۆجالانە"

پاشان هاوسەرۆکی دەبەپە چیدەم کلیچگون ئوچار ڕایگەیاند حکومەت بە هێرشکردنە سەر دەسکەوتەکانی کورد، هەوڵدەدات ڕێگای خۆی بکاتەوە، تاکە چارەسەر ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە، جەختی کردەوە دەسەڵات لەڕێگەی سیاسەتی قەیومەوە پێشتر و ئێستەش هیچی دەست ناکەوێت، ئێشکگری لە ئێلح و مێردین و خەلفەتی و ئەسەنیورت بەردەوام دەبێت.