بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا)، پلاننامەی ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیاند. پلاننامەکە، بە دروشمی "دژی توندوتیژیی دەوڵەت - پیاو، بەرەو ژن، ژیان، ئازادی" لە ئامەد بڵاو کرایەوە.
لە شوێنی ڕاگەیاندنی بەیاننامەکە، پانکارتی، "دژی توندوتیژیی دەوڵەت - پیاو، بەرەو ژن، ژیان و ئازادی" و دروشمی "قەیوم کودەتایە لە دژی دەستکەوتەکانی ژنان" هەروەها وێنەی ژنانی کوژراویش هەڵواسرابوون.
لە پلاننامەکەی تەژەئادا هاتووە؛
"ئەم سەدەیە کە ئێمە لەوباوەڕەداین، سەدەی شۆڕشی ژنانە، تێکۆشانی خۆمان گەش دەکەین، بەو هێزەی لە خوشکانی میرابێلەوە وەریدەگرین، ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان پێشوازی دەکەین."
هەلومەرجی شەڕ، کە بەواتای شەڕی جیهانی سێیەم دەناسرێت، لە زۆر شوێنی جیهان و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەی سەندووە، بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر هەموو بەها کۆمەڵایەتییەکان هەیە، بەتایبەتی ژنان و منداڵان. ئەو شەڕەی لەژێر ناوی دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچن، بە عەقڵیەتی دەسەڵاتداری پیاو دەوڵەت نەتەوەکان ئەنجام دەدرێن. سیاسەتی شەڕ کە ژن، کۆمەڵگا و سروشت بە ئامانج دەگرێت، لە بەرزترین ئاستیدا بە شێوەیەکی دڕندانە بەڕێوە دەچێت. وەک ئاشکرایە شەڕ هۆکاری سەرەکی هەژاری، کۆچ و کوشتنی ژنانە. ئەو ئایدۆلۆژیایانەی کە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان پەنا بۆ هەموو جۆرە ئارگیومێنتێکی ئایدیۆلۆژی دەبەن، بە شێوەیەکی بێ سنوور خۆیان بەڕێکخستن دەکەن. بەتایبەت فاشیزم لە هەموو جیهاندا لەسەر بنەمای دژایەتی ژنان خۆی بەرەو پێش دەبات.
ڕژێمی تروژیلۆ کە خوشکانی میرابێلی کوشت، لەمڕۆشدا لە ژێر ناوی ڕەگەزپەرستی، نەتەوەپەرستی و ئایین بەردەوامە لە کوشتن و کۆمەڵکوژی دژی ژنان. هەروەها لە داگیرکردنی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە ژنان و منداڵان کۆمەڵکوژ دەکرێن، لە ئێران ژنان بۆ ئازادی تێکۆشان دەکەن و ژنانی وەک پەخشان عەزیزی و خوێندکارانی کچ لە زانکۆی توێژینەوەی زانستی تاران دەڕفێندرێن و ئەشکەنجە دەدرێن و سزای لە سێدارەدان بەسەریاندا دەسەپێندرێت. هەروەها بەهەزاران ژنی ئێزدی کە بەساڵانە لە لایەن داعشەوە دەچەوسێندرێنەوە پاڵنەری تێکۆشانی ئێمەی ژنانن. بەگشتی ژنان لە هەر شوێنێک بن لەبەر ئەوەی ژنن ڕووبەڕووی چەوساندنەوە، دەستدرێژی و کۆمەڵکوژی دەبینەوە. بۆیه ئێمە له سنووره کێشراوەکان تێدەپەڕین و بۆ تێکۆشانە گەردوونیەکانمان یەکدەگرینەوە و لەو باوەڕەداین کە هۆکاری ئازادیی یەکترین."
ئێمە دەزانین کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بە ئاژاوەگێڕیی و قەیرانە هەمەلایەنەکانی لە ڕێگەی دەوڵەت نەتەوەکانەوە هەوڵی ڕزگاربوونی دەدات. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئەمڕۆ بووەتە ناوەندی شەڕەکان، تاکە چارەسەر بۆ هەموو ژنان و گەلان، دامەزراندنی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکە. ئەمڕۆ هێزی چارەسەری لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی لەژێر گۆشەگیری ڕەهادایە. سیاسەتی گۆشەگیری کە لە ئیمرالیەوە دەستی پێکرد، بە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگادا بڵاوبووەتەوە. ئەوانەی زۆرترین کاریگەری گۆشەگیرییان لەسەرە، ژنانن.
ئەو دەسەڵاتەی کە ئەمڕۆ لە سەر شەڕی ئیسرائیل و فەلەستیندا باسی ئاشتی دەکات، بە سیاسەتی جەنگ هەبوونی خۆی دەپارێزێت و لە دامەزراندنی ئاشتی ناوخۆیی بەدوورە. ئێمەی ژنان ئازادی ژن لە شکاندنی گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالاندا دەبینین. هەروەها لە ٢٥ی مانگدا بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی گۆشەگیری، هەموو شەقام و گۆڕەپانەکان دەکەینە گۆڕەپانی چالاکیی.
بەرنامەی ناوەندی
*لەنێوان ١-١٠ی مانگ کۆبونەوە و وۆرکشۆپ و چالاکی لە سەرتاسەری کوردستان و تورکیا لەسەر بنەمای هۆشیاری بنەماڵەکان ئەنجام دەدرێن.
*لەنێوان ٥- ٢٥ی مانگدا هەموو شەقام و گەڕەکەکان دەکەینە ناوەندی چالاکی.
*ڕۆژی٢٥ی مانگ لە شارەکانی وان، ئەستەنبوڵ، سەمسور، مێرسین، ئامەد، ڕێنماییەکانی ژنولۆژی بۆ گۆڕانی عەقڵیەتی پیاوسالاری دەخەنە بواری کارەوە.
* لە نێوان١٥-٢٠ی مانگدا، بەیاننامەی جەماوەری لە بەردەم زیندانەکانی ئامەد، وان، ئەستەنبوڵ و مێرسین لە دژی گۆشەگیری و سیاسەتی توندوتیژی لە زیندانەکان ئەنجام دەدرێت.
* لە چوارچێوەی ٢٥ی تشرینی دووەم لە ئامەدا فێستیڤاڵی شانۆی ژنان بەڕێوەدەچێت.
* لە نێوان ٢٠-٢٥ی مانگدا ڕێپێوانی ژنان لە سەرجەم شارەکان بەڕیوە دەچێت.
*بۆ پەخشان عەزیزی لەسەر سنووری ئێران لە بازید ڕێپێوان و کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی سازدەکرێت.
* لە ٢٥ی مانگ کۆتایی ڕێپێوانەکان بۆ نارین لە ئامەد و لە وان بۆ ڕۆژین و لە دێرسیم بۆ گوڵستان دۆکو ئەنجام دەدرێن.
* پلانەکانی ٢٥ی تشرینی دووەمی سەرجەم شارەکان لە ڕێگەی راگەیاندنەوە بۆ ڕای گشتیدا بڵاو دەکرێنەوە."