گروپی ئۆرکید لە ڕێگەی وێنەکێشانەوە هیوا لە نێو کۆمەڵگەدا گەشتر دەکات

دامەزرێنەری گروپی ئۆرکید، سامر کالۆ ئاماژەی بەوەکرد ئامانجیان ئەوەیە بە وێنەکێشان کولتوری کۆمەڵگە پیشان بدەن و هیواکان زیندووتر بکەینەوە.

گروپی ئۆرکید لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە شاری قامیشلۆ دامەزراوە، کاری ئاوەدانکردنەوەی شارەکەیان بە وێنەکێشان گرتووتە ئەستۆی خۆیان. بۆ ئەم بابەتە دامەزرێنەری گروپەکە سامر کالۆ بۆ ئاژانسمان قسەیرکرد و ئاماژەی بەوەدا بەو وێنانەی لەسەر دیواری شارەکەدا دەیکێشنن ئامانجیانە هیوا و جوانیەک ببەخشن بە گەل.

سامر کالۆ دامەزرێنەری گروپەکە لە ئێستادا وەک مامۆستایی هونەری چەندین فێرخواز فێری وێنەکێشان دەکات، لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لە بەرهەمەکانی گروپەکە کرد و وتی: "تا ئێستا زیاتر لە ٥٣ تابلۆمان لەسەر دیوارەکانی شاری قامیشلۆ نەخشاندوە. وەک گروپەکە بەشداری چەندین پێشانگای وێنەییمان کردووە و وێنەکانمان نمایش کردووە. دوای بەشداریمان لە چالاکیەکاندا گروپێکی ١٢ کەسیمان دامەزراند و بەشێوەی کاری هاوبەش لەسەر دیوارەکاندا وێنە دەکێشین. ئەندامانی گروپەکەمان لە هەموو پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایی تێدایە. دواتر گروپەکەمان فراوانتر بوو. لە ئێستادا زیاتر لە ١٠٠ ئەنداممان هەیە. لە گروپەکەماندا کەسانی شارەزا لە مکیاج، کاریکارتێرساز و دیکۆر سازی تێدایە."

وێنەکان بە گوێرەی چاندی ناوچەکە دەکێشرێن

سامر کالۆ باسی لەوەکرد وێنەکانیان بە گوێرەی چاندی ناوچەکە دەکێشن و وتی: "بەشێک لەو تابلۆیانەی کێشاومانە تایبەت بە ڕۆژە گرنگەکانی وەک جەژنی نەورۆز، ٨ی ئازار، سەری ساڵ و هەندێک بۆنەی تایبەتی هەرێمەکە. پرۆژەکانی گروپەکە کارکردنە لەسەر چیرۆکی سەرکەوتنی خەباتی هەرێمەکە. گروپەکە بە هێز و جۆشێکی زۆرەوە بەردەوامی دەدات بە کارەکانی، پرۆژەکانی دەخاتە خزمەتی گەلەوە، ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە لە ڕێگەی وێنەکێشانەوە هیوا لە نێو کۆمەڵگەدا ببەخشینەوە و چاندی کۆمەڵگە پیشان بدەین."