هونەرمەند بەرزانی قاڵەی خەڵووز بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد

ئەمشەو هونەرمەندی دیاری بواری کۆمیدیا بەرزانی قالەی خەڵووز، پاش ململانێ لەگەڵ نەخۆشی لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

ئەمشەو لە شاری سلێمانی، پێشمەرگەی دێرین و هونەرمەند و ئەکتەری سەرەکی "بەرنامەی بەرنامە" بەرزانی قالەی خەڵووز بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

ئەم هونەرمەندە لە ساڵی ١٩٦١ لە گەڕەکی کانی ئاسکان لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، تا ئاستی ناوەندی خوێندووە و لە تەمەنی ١٨ ساڵی بووەتە پێشمەرگە. لە دوای ڕاپەڕین بەشداری لە بەرنامەی کەشکۆڵ کرد. هاوسەرگیری کردووە و دوو کوڕ و کچێکی هەبووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧ یەکێک لە کوڕەکانی کۆچی دوایی کرد.

ماوەیەک بەڕێوەبەری ڕادیۆی خاک بووە. هەروەها یەک لە دامەزرێنەران و ئەکتەری سەرەکی "بەرنامەی بەرنامە" بوو کە ئەم بەرنامەیە بەشێوەیەکی تەنزئامێز ڕەخنەی لە دیاردەکانی نێو کۆمەڵگە دەگرت، بینەرێکی بەرچاوی لەخۆی کۆکردەوە، بەرزان قالەی خەڵووز لەڕێگەی ئەم بەرنامەیەوە زیاتر ناسرا. پاش وەستانی "بەرنامەی بەرنامە" لە ساڵی ٢٠١٠، لەوکاتەوە بەرزانی قالەی خەڵووز لە شاشەکان دابڕا. تاوەکو لە سەرەتای ئەمساڵدا لەگەڵ دەستپێکردنەوەی بەرنامەکە دیسانەوە لە شاشەکان دەرکەوتووە.

پاش ئەوەی چەند ساڵێک گیرۆدەی نەخۆشیی بوو، ئەمشەو لە نەخۆشخانەیەکی شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.