تابلۆکانی زایەڵەی دەنگی کۆمەڵگە و ژنانن

ئۆلین کالێی نیگارکێش بۆ گەیاندنی دەنگی ژنان لەدژی عەقڵیەتی پیاوسالاری بەشێوەی جیاواز تابلۆکانی دەنەخشێنێت و ئاماژەی بەوەدا سەختییەکان نابنە ڕێگری خەونەکانی.

لە هەموو سەردەمەکاندا هونەر بۆ دەرخستنی کێشەکانی کۆمەڵگە و نواندنەوەی کۆمەڵگە کاری کردووە. وێڕای هەموو ئاستەنگییەکان ژنانیش لە هەموو بوارەکانی هونەردا ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە. ئۆلین کالێی نیگارکێش یەکێکە لەو ژنە گەنجانەی لەبەرامبەر گوشارەکانی کۆمەڵگەدا وەستاوەتەوە و تواناکانی خۆی لە هونەری وێنەکێشاندا دەردەخات و هونەرەکەی کردووتە پێگەیەک بۆ خزمەتی ژنان.

ئۆلین کالێ ئاماژەی بەوەدا هەر لەتەمەنی منداڵییەوە حەزی بە هونەری وێنەکێشان کردوەوە و تا ئێستاش بەردەوامە لە پیادەکردنی حەزەکەی و وتی: "لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە هەوڵمدا پەرە بەم حەزی وێنەکێشانم بدەم. وێڕای هەموو دژوارییەکان بە پیشاندانی تابلۆکان بەشداری پێشانگاکان بووم و هەوڵمدا ئازاری گەلەکەمان بە جیهان نیشان بدەم."

گروپی ئۆرکید بوو بە هێزی ئۆلین

ئۆلین کالێ لە قسەکانیدا باسی کاریگەرییەکانی گروپی ئۆرکیدی کرد لە پەرەدان بە هونەرەکەی و وتی: "لەگەڵ دامەزراندی ئەو گروپەدا بەشداری کارەکانیان بووم. شتی هەرە سەرنجڕاکێشی ئەو گرووپە یارمەتیدانی منداڵانی شەهید بوو لە بواری هونەرییدا. هەموو ئەو داهاتەی لە تابلۆکاندا دەستمان دەکەوت تەرخانمان دەکرد بۆ یارمەتیدانی بنەماڵەی شەهیدان. وەک گرووپەکە لە پێشانگای 'چیرۆکی سەرکەوتن'دا بەشداربووین."

'ژن ڕەنگێکی جوان دەبەخشێت بە کۆمەڵگە'

ئۆلین کالێ ئەوەی دەستنیشانکرد وەک ژن توشی دژواری و تەنگوچەڵەمەی زۆربوون لەبەرامبەر عەقڵیەتی نێرسالارانەی کۆمەڵگەدا بەڵام وێڕای ئەمەش نەبووەتە هۆکاری شکستی تواناکانی ژنان و وتی: "وەک ژنێک کاتێک دەستم کرد بە کاری هونەری و وێنەکێشان لە لایەن کۆمەڵگەوە قبوڵنەدەکرا چونکە هونەرییان بە شایستەی ژنان نەدەبینی و ڕێگربوون لەوەی ژنان کولتوور و هونەری خۆیان پەرەپێبدەن. لە ڕوانگەی منەوە ژن ڕەنگی فرە جوانی کۆمەڵگەیە کە دەتوانێت ژیان ئاوادان بکاتەوە. وەک ژنان دەتوانین بە هەست و هونەری خۆمانەوە کۆمەڵگە بەهیزبکەین. بەڵام لە هەمان کاتدا لەلایەن عەقڵیەتی نێرسالارانەی کۆمەڵگەوە توشی زەحمەتی دەبین، چونکە ژنانی تەنها وەک کۆیلە دەبینی. بۆیە هەوڵدەدەین لە دژی ئەم عەقڵێتە تێبکۆشین و لە هەموو ڕووەکانی کۆمەڵگەوە ببینە پێشەنگ."