یەکەمین کۆنفرانسی زانستی نێونەتەوەیی مەولەوی-ناسی سازدرا
بە مەبەستی لێکدانەوەیی بەرهەمەکانی گەورە شاعیری گەلی کورد مەولەویی، لە شاری سلێمانی یەکەمین کۆنفرانسی زانستی نێونەتەوەیی مەولەوی-ناسی بەڕێوەچوو.
بە مەبەستی لێکدانەوەیی بەرهەمەکانی گەورە شاعیری گەلی کورد مەولەویی، لە شاری سلێمانی یەکەمین کۆنفرانسی زانستی نێونەتەوەیی مەولەوی-ناسی بەڕێوەچوو.
چالاكییەكە بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەدەبخوازانی ئەدەبیانی کوردی لە هۆڵی کۆنگرێس لە زانكۆی سلێمانی بە دەستپێشخەری زانکۆی سلێمانی و ماڵپەری مەولەوی ئەنجام دەدرێت و ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت، کۆنفرانسەکە لە هەشت پانێڵ پێک دێت كە تێیدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو توێژینەوانە دەكرێت كەلەسەر مەولەوی شاعیر ئەنجامدراون..
لە کۆنفرانسەکەدا د. کۆسار عەلی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لە وتەیەكدا ڕایگەیاند، شوێنکەوتوان و ئەوانەی کاریگەری مەولەویان لەسەرە ڕۆڵیان لە پەرەپێدانی شووناسی کورد و پێشخستنی کلتوری کوردیدا هەیە و بە دیدێکی پڕ بایەخەوە دەڕوانینە ئەم کۆنفرانسە زانستییە.
توێژەنەوەکان لەسەر ئاستی نێونەتەوەییە
دواتر د. محەمەد تاتانی سەرۆکی لیژنەی زانستی کۆنفرانسەکە وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بەوەكرد ئەو توێژینەوانەی لە کۆنفرانسەکەدا پەسەند کراون لە وڵاتی جیاوازەوە بۆمان هاتوە وەک ئەڵمانیا، میسر، جەزائیر، یەمەنەوە، ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە.
تاتانی وتیشی، لە ڕابردوودا زۆر مهیرەجان و لێکۆڵینەوە لەسەر مەولەوی کراوە، بەڵام ئەم کۆنفرانسە زانستی وردبین و هەمەلایەنترین کارە کە لەسەر مەولەوی کراوە، چونکە تەنها گرنگی بە شعرەکانی نەدراوە، بەڵکو گرنگی بە کۆی بەرهەمەکانی مەولەوی دراوە.
لە کۆتایی چالاکیەکانی ئەمڕۆدا، چەند پارچە هۆنراوەیەكی مەولەوی بە شێوەی مەقام و بەستە لە لایەن گروپی مۆسیقای ئاران پێشکەش بە ئامادەبوان کرا.