کەمپی گۆڤەندەکانی کوردستان کۆتاییهات

کەمپی گۆڤەندەکانی کوردستان کە لە ٢٠ی کانونی یەکەمەوە لە شاری بیلەفێڵدی ئەڵمانیا دەستیپێکردبوو، لە ٢٩ی کانونی یەکەمدا بە جۆش و خرۆشەوە کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

لە کەمپەکەدا ١٢٢ فێرخواز و ٢٤ مامۆستا لە شارە جیاجیاکانی ئەوروپاوە بەشداربوون و ئامانجی کردنەوەی کەمپەکە بۆ زیاتر ئاشناکردن و پابەندکردنی گەنجانە بە خاوەنداری و بەرەوپێشبردنی کولتوری کوردی.

گەنجان ئەمساڵ لە هۆڵەندا، ئەڵمانیا، سویسرا، فەرەنسا و نەمساوە بەشدارییان لە کەمپەکەدا کردبوو و تیایدا فێری هەڵپەڕکێکانی ناوچەکانی ئیدر، قەرەجداغ، گمگم، جۆلەمێرگ، رحا، ئامەد، بۆتان و قۆچگری بوون.

گەنجان هەموو رۆژێک کاتژمێر ٠٦:٣٠ دەستیان بە پەروەردە دەکرد و تا کاتژمێر ٢٢:٠٠ بەرنامەیەکی پەروەردەیی تێر و تەسەلیان بۆ ئامادەکرابوو. هاوکات لەگەڵ فێرکردنی هەڵپەڕکێ و گۆڤەند هەروەها لەبارەی جلوبەرگ و ئاواز و مۆسیقاشەوە وانەیان پێوترایەوە. گەنجان بە گەرمی و بە جۆش و خرۆشەوە بەشدارییان لە وانەکاندا دەکرد.

لەگەڵ بەرنامە پەروەردەییەکان لە ئێواراندا لەسەر بابەتەکانی ئەخلاق و کولتور سمینار ساز دەکرا. لە کۆتایی کارەکانی کەمپەکەدا شەوە ئاهەنگێک سازکرا. گەنجان لەو شەوەدا شانۆ، هونەری موزیک و هەڵپەڕکێی  خۆیان پێشکەش کرد. ئەندامانی گروپی ئامەدیش بە شێوەیەکی کتوپڕ و چاوەڕێ نەکراو بەشداری ئاهەنگەکە بوون و بەوەش گەنجان دڵخۆش بوون.

لە کۆتاییشدا گەنجان بڕوانامەکانیان وەرگرت و بە بڕوا و پێداگری لەسەر پاراستنی کولتوری کورد، بەرەو شارەکانیان گەڕانەوە.