بە سەدان ساڵە کە گەلی کورد و پێشەنگانیان تیرۆر دەکرێن و لەسەر دەستکەوتەکانیان، نەیاران خۆیان بەخێو دەکەن. بە سەدان ساڵە زوڵم و زۆرداری لەسەر ئەو گەلەی پەیجۆری سەربەخۆیی بووە؛ بەڕێوەدەچێت. بەسەدان ساڵە داگیرکەران کوردستانمان، خاکمان و گەلەکەمان داگیر دەکەن و هەتا ئێستاکەش هەر بەردەوامن لە کردەوە داگیرکەرانەکانیان.
لە ساڵی ١٩٩٦ وەک لە مێژوودا زۆر جار دیترابوو ئەمجارەشیان نەیارانی کورد بۆ لەناو بردنی بزوتنەوەی ئازادی کوردستان دەستیان بە داڕشتنی پیلانگێڕییەک لە دژی رێبەری گەلی کورد، رێبەر ئاپۆ کرد. بەڵام خۆشبەختانە لەو کاتەدا نەیانتوانی کە پیلانە چەپەڵەکەیان بە ئاکام بگەیێنن. هەڵبەتە ئەگەر بەرپەرچی پیلانگێڕییەک نەدرێتەوە ئەو کاتە رێخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی جارێکیتر بوێری ئەوە بکەن کە پیلانگێڕییەکیتر پێکبێنن. لەو کاتەدا شەڕڤانی ئازادی و گەریلای رێگەی حەقیقەت زەینەب کناجی ناسراو بە زیلان لەم شتە تێگەیشت و بۆ ئەوەی بە داگیرکەران بڵێت ئەوەی دەستی درێژی رێبەرتی و رێکخستن بکات، دەستی کورت دەکەینەوە؛ هەستا بە ئەنجامدانی چالاکییەکی گیانبازی لە مەراسیمی سەربازی ئەرتەشی داگیرکەری تورکیا. فیدایی گەل و خاک هەڤاڵ زیلان بەو گوتنانەوە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی ئەم چالاکییە: "بانگەشەی ژیانم گەلێک گەورەیه . دەمەوێت ببمه خاوەنی ژیانێکی به واتا و چالاکیەکی گەوره . لەبەر ئەوەی ژیان و مرۆڤەکانم زۆر خۆش دەوێت، هەڵدەستم به ئەنجامدانی ئەم چالاکیه ".
گەورەبوونی بانگەشەی ژیان ئاخۆ دەبێ چۆن بێت کە تۆ بۆ ئەم بانگەشەیەت بەپیری مردنەوە دەچی؟! بۆ ئەوەی ژیان بدەیتە ژیانکردن گیانی خۆت فیدا دەکەی! بەواتا ژیان کردن ئەو شێوازە ژیان کردنەیە کە تەنیا پەیجۆرانی حەقیقەت بەدواوەیوەن. بە وێنەی پەپوولەی چوارەم کە بۆ تێگەیشتن لە حەقیقەتی ئاگر خۆی تێدا تواندەوە و تەنیا ئەو تێگەیشت کە حەقیقەتی ئاگر چۆنە. ژیانێکی بەواتا ئەو ژیانەیە کە لە پێناو پاراستن و سەرفیرازی گەل و خاکەکەت، گیانت فیدا بکەی. ئەگەر خۆشەویستی ژیان و مرۆڤەکان لە دڵتدا ئەوەندە مەزن بێت کە جەستەت بکەیتە بەسەدان پارچە بۆ ئەوەی نەیارانت لەناو ببەی و وانەیەکی مێژووییان بدەیتێ؛ چ خۆشەویستی و ئەوینێک هەیە لەوە مەزنتر و بەهێزتر بێت.
لەدوای ئەم چالاکییە گیانفیداییە قۆناخێکی نوێ لە مێژووی کورداندا ئاوا بوو. دوژمنانی گەلی کورد ئەمەیان بینی کە تاوانی دەستدرێژیکردن بۆ سەر پێشەنگانی گەلی کورد بێ سزا نامێنێت. رێبەر ئاپۆ لە دوای ئەم چالاکییە هەڤاڵ زیلان وەک مانیفێستۆی ژیان بەناو دەکات و زیلان دەبێتە خوداوەندی ئازادی. ئەو خوداوەندەی کە بۆ ئەوەی بە ئازادی بگەی پێویستی بە کڕنۆش نییە و تەنیا پێویستە ببیە پەیجۆری ئەو عەشق و ئەوینەی بەرامبەر بە ژیان و گەلەکەی هەیبوو. ببیە پەیجۆری ئەو رێگەیەی کە ئەگەر پێویست بکات بۆ گەلەکەت و وڵاتەکەت لە گیانتەوە مایەدانێی. نەک وەک ئەو کەسانە کە بەخۆیان دەڵێن پارێزەری کوردستان و خاکیان دوودەستی پێشکەشی دوژمن دەکەن و رێگە بە کوشتنی رۆڵەکانی ئەم خاکە دەدەن.
لە دوای چالاکی، هەڤاڵ زیلان بوو بە سەمبووڵی ئازادی و هەموو شۆڕشگێڕانی رێگەی ئازادی بە ژن و پیاوەوە بوونە پەیجۆری ئەو. بە دەیان رۆڵەی کورد، بە دەیان پەیجۆرانی رێگەی زیلان بە فیداکردنی گیانیان لەبەرامبەر بە داگیرکەرانی خاک و گەلەکەیان راوەستان و پاراستنیان لێکردن. لە ساڵی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ بەرخۆدانییەک کە لەلایەن گەریلایانی ئازادی بە تایبەت هێزەکانی یەژاستارەوە بەڕێوەچوو ئەمەیان نیشانماندا کە رۆح و رێگەی زیلان هەر بەردەوامە. سەرەڕای هەموو جۆرە بەکارهێنانی شێوازی هۆڤانەی شەڕەوە لە لایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکیاوە گەریلایانی ئازادی بە ورەیەکی پۆڵایین و بە رۆحێکی فیداییەوە بەرگریان لە خاک و گەلەکەیان کرد و گیانیان پێشکەشی نیشتمانیان کرد. شەڕێک کە لە مێژووی کورددا لە نمونەی نەبوو و لە مێژووی بەرخۆدانی کورداندا لاپەڕەیەکی نوێی کردەوە. ئەو بەرخۆدانییە لە مەزڵوم و زیلانەکانەوە هات و ئێستاکە لە ناخی هەر یەک لە رۆڵە ئازادیخوازەکانی ئەم وڵاتەدا ببوەتە شتێکی دەست لێبەرنەدراو و بەم رۆحەوە خۆڕاگرییەکی مەزن بەڕێوە دەبەن.
لە ٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢دا ئەو چالاکییە گیانبازییەی کە لە لایەن گەریلایانی یەژاستار روکەن زەلال و سارا تۆڵەهەڵدانەوە لە مێرسین پێکهات؛ لە دژی هێرشە هۆڤانەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بۆسەر گەریلایانی ئازادی و گۆشەگیری قەتیس کراوی سەر رێبەر ئاپۆ وڵامێکی هەرە بە واتا بوو. روکەن و سارا پەیجۆرانی رێگەی زیلان و تۆڵەسێنەری هاوڕێیانی شەهیدیانن. ئەوان دیسانەوە بە دوژمنیان وت کە ئێوە هەرگیز بۆ تاوانەکانتان بێسزا نامێنن. ئەمەیان نیشانی دوژمنانیاندا کە ئەگەر دەستیان درێژی هاڤاڵانیان بکەن لە ناخی ئەواندا لە شوێنێک کە شێمانەی ناکەن گورزیان لێدەوەشێنن و سزایان دەدەن. ئەم چالاکییەش بەوێنەی چالاکی هەڤاڵ زیلان ترسێکی مەزنی لە دڵی دوژمنانی بزوتنەوەی ئازادیدا ئاوا کرد. داگیرکەران هەتا بمێنن ئەم چالاکییانە لەبیرناکەن. ئەوان هەمیشە بەترسی ئەوەوە دەژین کە کەنگێ و لەکوێ گەریلایەک پەیدابێت و ئەوان بە سزای تاوانەکانیان بگەیێنن.
لە هەمان مانگدا واتا لە مانگی ئەیلولدا بە پێشەنگایەتی ژنان لەدوای کوشتنی کچەکوردی سەقزی ژینا ئەمینی سەرهەڵدانی گەلەکەمان لە رۆژهەڵات و گەلانی ئێران دەستی پێکرد. ئەگەر باش بڕوانینە ئەم سەرهەڵدانانە و سەرهەڵدانەکانی پێشووتری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەبینین کە رۆحی فیدایی و تۆڵەسەندنەوە لە زیلان، ڤیان، سارا و لەیلا قاسمانەوە گەیشتۆتە سەرانسەری گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان. سەرهەڵدانەکانی رۆژهەڵات و ئێران بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەستی پێکرد و هەتا رۆژی ئەمڕۆشمان ئەم دروشمە بۆتە وێردی سەر زمانی هەموو ئەو کەسانەی دژی رژێمی سێدارەن و لە دژی سیاستەکانی ئەم رژێمە داگیرکەرە خۆڕاگری و سەرهەڵدان دەکەن. ئەم دروشمە لە لایەن رێبەر ئاپۆوە ئافرێندرا و بەم دروشمەوە نیو سەدەیە کە تێکۆشانی ئازادی ژن بەڕێوە دەچێت و ژنان پۆل بە پۆل بەشداری ریزەکانی ئازادی بوو و لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیای ئازادی ژن تێکۆشانیان بەڕێوەدەبەن. سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی وایکرد کە هەر کەسێک راستی رژێمی سێدارە ببینێت و ئەم دروشمە لە جیهاندا دەنگ بداتەوە. هەڵبەتە ئەم دروشمە و تێکۆشانی ئازادی ژن لە ساڵەکانی ٧٠ـوە هەتا رۆژگاری ئەمڕۆمان بە بەردیلی زۆر مەزنەوە هاتووە و بە سەدان ژنی ئازادیخواز لە دژی زیهنییەتی پیاوسالار و داگیرکەر شەڕیان کرد و بە قارەمانێتی پاراستنیان لە دەستکەوتەکانی ژنانی کورد و ژنانی ئازادیخواز کرد و لەم پێناوەدا گیانیان فیداکرد. ئەوان بوونە پەیجۆرانی زیلان، ڤیان، سارا و هەموو ئەو ژنانەی لەم رێگەیەدا بەوێنەی پەپوولەی چوارەم گەیشتن بە واتای حەقیقەت و لەناو ئەم حەقیقەتەدا خۆیان تواندەوە. ئەم خۆڕاگرییە هەتا رۆژگاری ئەمڕۆمان هاتووە و لەمە بۆدواوەش هەر رۆژ بەهێزتر لە دوێینێ تێکۆشان درێژەی دەبێت و پەیجۆرانی رێگەی زیلان هەتا پێکهێنانی شۆڕشی ئازادی ژن درێژە بە رێبوارتییان دەدەن.
هـ . ب