بێده‌نگی و ملدان

"به‌ گشتی له‌م قۆناغه‌دا ئێمه‌ له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌داین تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێست و ئاكاره‌ ئه‌و دوو چه‌مكه‌ی به‌ درێژای هه‌زاران ساڵ دوژمنه‌كانمان ده‌یانه‌وێت لێمانی داشۆرن".

 بێده‌نگی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی باشورو رۆشنبیران و پیاوانی ئاینی له‌ هه‌رێمی كوردستان  ده‌رهه‌ق به‌و هه‌موو سته‌مه‌ی توركیا له‌ ڕۆژئاواو باشور به‌ڕێوه‌ی ده‌بات جۆرێكه‌ له‌ ملدان و رازامه‌ندی ، من باوه‌ڕ ناكه‌م نه‌توانرێت هیچ بكرێت ، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ندێك ده‌ڵێن ئێمه‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ زله‌ چیمان پێده‌كرێت ، هه‌ر بۆ خۆی ده‌نگهه‌ڵبڕین و له‌قاودانی ئه‌و سته‌مه‌ هه‌ڵوێسته‌ ، هه‌روه‌ها ده‌توانین له‌ڕێگه‌ی جیا جیاوه‌ په‌یامی هه‌موو چین و توێژه‌كان بده‌ین به‌ گوێی باڵیۆزخانه‌و كونسڵیه‌كاندا له‌ عیراق و كوردستان و وێنه‌ی قوربانیه‌كانمان هه‌موو ڕۆژێك نیشانی ئه‌وان بده‌ین ، كوشتنی ژن و مناڵ به‌ درێژای ده‌ساڵ له‌ باشورو ڕۆژئاوا به‌ بیانوی په‌كه‌كه‌وه‌ ، جۆرێكه‌ له‌ جینۆساید كردن ، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كه‌رته‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانی ڕۆژ ئاوا به‌ بێ‌ ده‌ستپاراستن له‌ نه‌خۆشخانه‌و كاره‌باو ئاوو كۆگای دانه‌وێڵه‌و فێرگه‌و شوێنه‌ گشتیه‌كان لێدانه‌ له‌ له‌ هاوكاری و پشتیوانیه‌كانی وڵاتانی ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وانه‌ی به‌ دروستكردنی قوتابخانه‌یه‌ك ، یان نه‌خۆشخانه‌یه‌ك هاوكاری ڕۆژئاوایان كردووه‌ ، ناكرێت به‌ فه‌ڕه‌نسیه‌كان یان ئه‌مه‌ریكیه‌كان نه‌ڵێین ئه‌و پاڵاوگه‌یه‌ی تۆ دروستت كرد توركیا ڕوخاندی ، یان فه‌ڕه‌نسیه‌كان نه‌خۆشخانه‌یه‌كیان دروستكردو توركیا بۆردومانی كرد ، ئه‌مانه‌ پێویسیان به‌ به‌دوادا چون و گردبونه‌وه‌ی زۆرو كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و خستنه‌ به‌رده‌ستی ئه‌وانه‌ ، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت خه‌ڵكانی باشور به‌ سیاسی و جیڤاكیه‌وه‌ ئه‌رێنی تر بێنه‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌وه‌ ، ئێمه‌ بۆ كارێكی وا ده‌بێت ڕێگه‌ی جیا جیا بگرینه‌ به‌ر ، ئایه‌ ئه‌گه‌ر 100 پزیشكی كورد له‌ كۆی هه‌زاران پزیشكی هه‌رێمی كوردستان بێنه‌ سه‌ر جاده‌و بچنه‌ به‌رده‌م باڵوێزخانه‌و كونسڵگه‌ریه‌كانی ئه‌مه‌ریكاو فه‌ڕه‌نساو پێیان بڵێن ئه‌ندامێكی ناتۆ كه‌ ئێوه‌ش له‌و رێكخراوه‌دان ئه‌وه‌ی ئێوه‌ ده‌یكه‌ن ئه‌و وێرانی ده‌كات كاریگه‌ری نابێت بێگومان ده‌یبێت .

هه‌زار مناڵ له‌ هه‌ولێر یان سلێمانی و دهۆك بێنه‌ سه‌ر جاده‌و هاوار بكه‌ن نا بۆ ڕوخاندن و وێرانكردنی فێرگه‌و قوتابخانه‌كانی ڕۆژ ئاوای كوردستان ،كاریگه‌ری زۆری ده‌بێت ئێمه‌ ده‌بێت ئه‌و زنجیره‌ به‌ندیه‌ گیانیه‌ دروست بكه‌ین ، تا مناڵانی خۆرئاوا هه‌ست بكه‌ن له‌ باشور مناڵانی ئه‌وێ‌ خاوه‌ندارێتیان لێده‌كه‌ن ، كاتی چوونی پێشمه‌رگه‌ بۆ كۆبانی ، ئه‌گه‌ر له‌ مه‌یدانی شه‌ڕیشدا كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بووبێت ، بێگومان وره‌و وزه‌یه‌كی زۆری به‌ كورد بوون و هاوخه‌می یه‌كدی به‌خشی ، ئه‌م بێده‌نگیه‌ به‌ هه‌ر بیانویه‌ك بێت نیشانه‌ی ملدان و كه‌وی بوونه‌ ،ده‌بوو ئێستا به‌ر له‌ زۆنی سلێمانی له‌ هه‌ولێرو دهۆك خه‌ڵك ڕژابانه‌ سه‌ر جاده‌كان ، چونكه‌ توركیا به‌ سه‌دان بنكه‌و باره‌گاو میت و جاسوسی به‌رداوه‌ته‌ وێزه‌ی ئه‌و دوو پارێزگایه‌و ڕۆژ نیه‌ زه‌ره‌و زیان له‌ گوندێك و ناوچه‌یه‌ك و وه‌رزێرێك نه‌دات .

به‌ گژا چوونه‌وه‌ی ئه‌و سته‌مه‌ به‌ ده‌نگ هه‌ڵبڕین و هه‌ڵوێست ده‌بێت نه‌ك به‌ ملدان و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌ سبه‌ی باشتر بێت توركیا له‌ ڕووی ئه‌خلاقی سیاسیه‌وه‌ ده‌وڵه‌تێكی بێشه‌ره‌فه‌ ناكرێت چاوه‌ڕێی باشی لێبكرێت ، ئێوه‌ سه‌یری ئه‌ردۆغان بكه‌ن ڕێك له‌و كاته‌ی له‌ ڕۆژئاواو مه‌خمورو قه‌ندیل بۆردومانی خه‌ڵكی سڤیل ده‌كات و ئه‌وه‌ش به‌ شه‌ڕی تیرۆر ناوده‌بات ، له‌ كۆنگره‌ی پارته‌كه‌یدا ئاماده‌یی ئه‌وه‌ ده‌رده‌بڕێت كه‌ ناوبیوانی جوله‌كه‌و فه‌له‌ستین بكات ، ئه‌مه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ شه‌یتان پڕۆژه‌ی ئاشتی بۆ خه‌ڵكی تر هه‌بێت ، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌و نوێنه‌ره‌كانی حزبه‌كانی باشور میوانی كۆنگره‌كه‌ی ئاكه‌په‌ بوون ، بێئه‌وه‌ی كه‌سیان بوێری ئه‌وه‌ بكه‌ن بڵێن " تۆ ئه‌وه‌نده‌ خه‌می ئاشتیته‌ ، بۆ ناته‌وێ‌ له‌ گه‌ڵ كورد له‌ باشورو ڕۆژئاواو نێو توركیا ئاشتی بكه‌یت و ئه‌و هه‌موو ڕقه‌ له‌ كورد له‌ چیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ ، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ سه‌رانی كورد به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی دۆستایه‌تیان تا ئه‌م ساته‌ له‌ گه‌ڵ ئاكه‌په‌ هه‌یه‌ خۆ ده‌توانن لانی كه‌م ئایه‌ ئه‌وه‌ كێسه‌ ژن و مناڵی كورد ده‌كوژێت و كێیه‌ ده‌رگای به‌ ڕوی ئاشتیدا داخستوه‌ ، قسه‌كه‌ له‌ سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ی جیا جیاو هه‌ڵوێسته‌ ، هیچ بیانوویه‌ك نیه‌ بۆ ئه‌و بێده‌نگیه‌ ، توركیاش هه‌ر به‌وه‌نده‌ لێتان ڕازی نابێت ، ئه‌وه‌ی به‌ وردی توركیا بناسێت زۆر باش ده‌زانێت هه‌میشه‌ زیاتر له‌وانه‌ داوا ده‌كات كه‌ ملی بۆ شۆڕ ده‌كه‌ن .

به‌ گشتی له‌م قۆناغه‌دا ئێمه‌ له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌داین تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێست و ئاكاره‌ ئه‌و دوو چه‌مكه‌ی به‌ درێژای هه‌زاران ساڵ دوژمنه‌كانمان ده‌یانه‌وێت لێمانی داشۆرن ، ئایه‌ ده‌توانین له‌م قۆناعه‌شدا به‌رگری له‌ پاراستن و ئه‌رێنی بوونی زیاتری هه‌ڵوێست و ئاكاری خۆمان بكه‌ین یان ده‌بینه‌ هۆیه‌ك بۆ به‌دیهێنانی خواسته‌كانی ئاكه‌په‌و ئه‌ردۆغان ، ئه‌مه‌ ئه‌و بابه‌ته‌یه‌ كه‌ ناكرێت نادیده‌ی بكه‌ین و بیده‌ینه‌ ده‌ست ڕۆژگاره‌وه‌ ئایه‌ ئاینده‌ چۆن ده‌بێت ، نه‌خشه‌ی ئاینده‌ بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌به‌رده‌م سڕینه‌وه‌و جینۆسایدایه‌ به‌ لێگه‌ڕان چاره‌سه‌ر نابێت ، به‌وه‌ده‌بێت خۆی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ دیاری بكات و كاری له‌ سه‌ر بكات ، ئه‌مه‌ش ته‌نیا ڕێگه‌ی مانه‌وه‌یه‌ .