''بکوژ منم، وەرن بمبەن''

ئەردۆگان بەردەوام هێرشی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات، کەچی داوا لە ئیسرائیڵ دەکات دەست لە کوشتنی خەڵکی سڤیلی غەززە بپارێزێت!

مرۆڤ دەزانێت کە ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرکۆماری دەوڵەتی تورکیا تاوانبار و 'بێدڵە'، بەڵام هەموو ڕۆژێک سەرنجی فەلەستینییەکان بۆ خۆی ڕادەکێشێت و خۆی وەک پشتیوانی خەڵکی غەززە نیشان دەدات. پەندێکی میسڕییەکان هەیە دەڵێت: ''کاتێک دەدوێیت، باوەڕ دەکەم، کاتێک ڕەفتارت دەبینم دەحەپەسێم.''

ئاشکرایە ئەردۆگان ئەو قسانەی بیر چووە کە مانگی پێشوو لە ئەستەنبووڵ لە بەردەم لایەنگرانی خۆیدا  کردنی، ئەردۆگان وتبووی: ''ئەوانەی فرمێسکی تیمساحییان بۆ ئۆکرانیا دەباراند، ئێستا لە بەردەم فرمێسکی غەززەییەکان بێدەنگن.'' ئەردۆگان ئێستا فرمێسکی درۆیین بۆ خەڵکی غەززە دەبارێنێت، لێ فڕۆکە جەنگییە بێفڕۆکەوانەکانی ئەو و فڕۆکەکانی بوونەتە هۆی کۆمەڵکوژیی منداڵ و کەسانی بەتەمەن. ئەردۆگان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە باکوور و باشووری کوردستان، لە قەرەباغ و لیبیا منداڵی زۆری هەتیو کرد، لەوەش تۆقێنەرتر چەکە کیمیاویی و فسفۆڕییەکانی زۆر کەسی پارچەپارچە و کەمئەندام کرد.

پرسیارێک دێتە پێشەوە: بۆچی کاتێک ئەردۆگان ئیسرائیل بە کوشتنی منداڵان  تۆمەتبار دەکات، لە بیری چووە کە خۆی مامۆستای کوشتنە، دەبێت ئەردۆگان بزانێت کە مستەفا ئەتاتورک چۆن ڕێبازی کۆمەڵکوژیی لە هیتلەرەوە فێر بوو، ئاواش ئیسرائیلییەکان بە ئامانجگرتنی منداڵان و بینا و بڕینی ئاو و کارەبا و سووتەمەنیی لە سەر غەززە لەوەوە فێر بوون، کە چۆن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و باشووری کوردستان و سەرچاوەی گاز و کارەبا و ئاو نەخۆشخانە و ناوچەی سڤیل بە ئامانج دەگرێت. 

مانگی پێشوو سەرۆکی ئەکەپە لە بەردەم لایەنگرانی خۆیدا وتبووی: تورکیا ئیسرائیل لە بەر هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر غەززە نابەخشێ، بەڵام ئایا هێرشە ئاسمانییەکانی خۆی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و باشووری کوردستان لە بیر کردووە؟

هەروەها ئەردۆگان وتبووی: ''ئیسرائیل دەوڵەتێکی داگیرکەرە، ئەوەی ئیسرائیل دەیکات خۆپاراستن نییە، بەڵکوو کۆمەڵکوژییەکی ڕوون و وێرانکەرە، ئامانجیشی کۆمەڵکوژی خەڵکی غەززەیە لە ڕێی برسیکردن و تینووکردن و وێرانکردنی خزمەرگوزارییە تەندرووستییەکان و وێرانکردنی ناوچەی نیشتەجێبوون، بەڵام هێرشە سەربازییە بەردەوامەکانی ئەو بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وزە دەبڕێ و گەنجینەکانی نەوت و کارەبا  و بەنداوەکان بە ئامانج دەگرێت.

ئاشکرایە ئەردۆگان ئەو پەندکە کۆنەکەی عەرەبەکانی بیر چووەتەوە کە دەڵێت: ''منی بکوژ ئەوەتام لێرە، وەرە بمبە.'' ئەم پەندە بۆ ئەو کەسانەیە وا چەوتییەک دەنوێنن و لە ترسی ئەو چەوتییە خۆیان ئاشکرا دەکەن.