گەریلا لە هێڵی پێشەوەی شەڕ لە دژی فاشیزم

گەریلا بە تەنیایی و بەرامبەر تەنگەژە و قەیرانەکانی ناوچەکە و جیهان شانی داوەتە بەر بارێکی قورس، هەربۆیە بووەتە جێگەی هیوای هەموو ئازادیخوازانی جیهان لەسەرتاسەری جیهان.

لەسەرەتای ئەم مانگەوە و بەگوێرەی ئامارەکانی گەریلا، لە ئەنجامی هێرشە داگیرکەرییەکانی سوپای تورک بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان زیاتر لە ١٢٠ سەربازی ئەو سوپایە کوژراون. ئامارەکە زۆر لەوە زیاترە، بەڵام گەریلا تەنیا دەتوانێت ئەو ژمارەیە پشتڕاست بکاتەوە، یاخود گەیلا تەنیا ئامارێک کە لە رێگەی بەڵگەوە بیسەلمێنێت پشتڕاستی دەکاتەوە.

لەمشەڕەدا زۆر جار سوپای تورک ناچاربووە لە رێگەی سوتاندن، بۆردومانی و تۆپبارانەوە تەرمی سەربازەکانی بسوتێنێت، بۆ ئەوەی نەبنە بەڵگەیەک بۆ شکستەکەی بەرامبەر بە گەریلا. بەپێچەوانەی ئامارە ناڕاستەکان و بانگەشە بێ بنەماکانی سوپای تورک، تاکە ئامارێکی متمانە پێکراو کە لەبارەی زیانە گیانیەکانی شەڕەکەدەخرێتەڕوو، ئامارەکانی گەریلایە.. ئەمە جیا لەوەی زۆرجار سوپای تورک بانگەشەی داگیرکردنی ناوچەیەک دەکات، بەڵام دیسان دەبینن کە هەر لەو ناوچەیە گەریلاکانی ئازادی کوردستان گورزی گەورە لە سوپای داگیرکەر دەوەشێنن.

گەریلاکانی یەژاستار لە چیائازادەکانی کوردستان سەلماندیان کە بە ئیرادە و بڕواوە دەکرێت دووەم سوپای ناتۆش چۆکی پێدابدرێت. لە رۆژانی رابردوودا تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان وتارێکی دور و درێژیدا. تەنانەت لە قسەکانیدا ئەردۆغان داوای لەو وڵاتە فرەنەتەوەکان کرد کە بە ئاشتیانە و بە هێمنی کێشەکانیان چارەسەر بکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە وڵاتەکەیدا زیاتر لە سەدەیەکە سوود لە هەموو شێوەیەک بۆ جینۆساید و کۆمەڵکوژی کوردان وەردەگیرێت و خودی ئەردۆغانیش تورکیا لە ئاگری شەڕێکەوە گلاندووە، کە ئەو وڵاتەی بەرەو شکستی گەورەی ئابووری و کارەساتێکی بێهاوتا ئاراستە کردووە.

ئەم شەڕە داگیرکارانەیە کە راستەوخۆ ئەردۆغان لە دژی کورد فەرماندەیی دەکات، جگە لە درۆ و کارەسات هیچ دەستکەوتێکی دیکەی بۆ ئەو وڵاتە نەبووە کە لافی جەندرمەیی ناوچەکە لێدەدات. تەنانەت ئەردۆغان لە بەشێک لە قسەکانیدا هەڕەشەی لە وڵاتانی رۆژئاوایی کرد، بۆ ئەوەی بتوانێت لەپێناو بە زیندوویی قوتاربوون لەم شەڕە هاوکاری زیاتریان لێوەربگرێت. هەموو ئەم هەوڵ پەلەقاژانەی ئەردۆغان لە پێناو هاتنەدی خەونێکە کە لە هەنگاوە سەرەتاییەکانیدا چەقیوە و نەیتوانیوە لە مێشکی ئەردۆغان و هاوبیرەکانیەوە بترازێت. خەونی لەناوبردنی جەستەیی و کولتوری کورد. بەڵام لە هێڵی پێشەوەی ئەم شەڕەدا گەریلا بەرگریی دەکات و ئاراستەی شەڕەکە دیاری دەکات. ئەوە بەدی دەکرێت کە ئەگەر داواکارییە تازەکانی ئەردۆغانیش جێبەجێ بکرێن، سوپای فاشیستی تورک ناتوانێت لەم شەڕەدا هیچ دەستکەوتێکی هەبێت. ئەنقەرە کە زۆر بە باشی ئاگاداری ئەمەیە، دەستەودامێنی خائینانی بە ناو کورد لە باشووری کوردستان بووە و لە رۆژانی رابردوودا و پاش دیداری نێوان هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورک و بنەمالەی بارزانی پەڕەی نوێ لە مێژووی خیانەتی ئەو بنەماڵەیە هەڵدرایەوە.

هێزەکانی سەر بە بنەماڵەی بارزانی لە ژێر ناوی پاسەوانی سنوور و لە ژێر ئاڵای سوپای عێراقدا بە بیانووی چۆڵکردنی ناوچە سنووریەکان لە پێشمەرگەکانی رۆژهەڵات دەستیا بە لەشکرکێشی بۆ ئەو ناوچانە کرد، کە پێشتر پێشمەرگەکانی رۆژهەڵات جێیان هێشتبوون. لە بنەڕەتدا ئەو ناوچانە بەردەوام لە ژێر کۆنتڕۆڵی گەریلادابوون و ئێستا بە فەرمانی ئەنقەرە و گوێڕایەڵی بنەماڵەی بارزانی پلانی نوێ بۆ داگیرکردن و پێشکەش کردنی ئەو ناوچانە بە ئەردۆغان لە ئارادایە.

شەڕی نێوان گەریلا و سوپای داگیرکەری تورک گەیشتووەتە ئاستێک کە چاوی دۆست و دوژمنی لەسەرە. بەتایبەتی لەگەڵ سەد ساڵەی لۆزاندا، لە نێوان کوردەکاندا هەنگاوی ئەرێنی لە بواری سیاسیدا هەڵگیران بۆ ئەوەی بتوانرێت بەشێک لە باری سەر شانی گەریلا سوک بکەن. بەڵام بنەماڵەی بارزانی کە درێژەی هێڵە خیانەتە هەمیشەییەکەیدا هەوڵ دەدات تەواوی کوردستان و دانیشتوانی لەسەر دەستی دەوڵەتی تورک رووبەڕووی کۆمەڵکوژی و لەناوچوون بکات. ئەنقەرە کە لە بەرامبەر گەریلادا خۆی بە شکستخواردوو دادەنێت، دەیەوێت لە ناوچەکەدا کوردەکان بە گژ یەکدا یاخود گەلانی دیکەدا بکات، یان ئەگەر بۆی بکرێت وڵاتانی دیکەش لە شەڕەکەوە بگلێنێت. لەم چەند مانگەی دواییدا نائارامی و هێرشی جیاجیا لە ناوچەکە بینران، کە سەرەداوی هەر هەموویان دەگەڕێتەوە بۆ کاربەدەستانی تورک، لە راستیدا دەوڵەتی تورک لەم ساڵانەی دواییدا لە نانەوەی پشێوی و ئاژاوە لە ناوچەکەدا، رکابەری ئێران دەکات. خەونی ئەنقەرە ئەوەیە کە رەنگە بتوانێت لەم رێگەوە بەر بە بزوتنەوەی ئازادی کوردستان بگرێت.

گەریلا لەبەرامبەر هەموو ئەم تەنگەژەوە و ئاڵۆزییانەی ناوچە و جیهان بە تەنیا وەستاوەتوە و شانی داوەتە بەر بارێکی قورس، هەربۆیە گەریلا هیوای لە دڵی هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز لە سەرتاسەری جیهان بەزیندوویی راگرتووە. لەم شەڕەدا کە هاوکات لەگەڵ شەڕی ئۆکرانیا و روویا بەڕێوەدەچێت، بە روونی دەبینرێت کە ئەو هێزەی شەڕ دەکات لە سەرووی چەک و تەقەمنیەوە و چەکدارەوە پێویستی بە ئیرادە هەیە. گەریلا سەلمێنەری ئەوەیە، هەروەک دەبینرێت کە سوپای ئۆکرانیا بە بێ پاڵپشتی بەردەوام و لەڕادەبەدەر کە پێیدەگات، ناتوانێت لە بەرامبەر روسیا بوەستێت، بەڵام گەریلا تەنیا پاڵپشت بە ئیرادەی خۆی توانیویەتی بۆ ماوی هەشت ساڵ دووەم سوپای ناتۆ بچەقێنێت.

لە راستیدا ئەمە بەرخودانی گەریلایە کە وای لە ناتۆ و جەمسەرەکانی دیکەی جیهان کردووە کە لە هاوکێشەکانیاندا فاکتەری زۆر بگونجێنن. ئەم شەڕە لەنێوان گەریلا و سوپای تورکی داگیرکەردا وانەی زۆری بۆ سەرجەم ئازادیخوازان تێدایە و بەرخودانی ەگریلا ورەی بە زۆر کەس بەخشیوە. ئەمە تەنیا بانگەشەیەکی بێ بنەما نییە، سادەترین رێگە بۆ سەلماندنی پەیوەست بوونی ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی ناوچە جیاجیاکانی جیهانە بە ریزەکانی گەریلاوە، یاخود بەڵگەیەکی دیکە دەستپێکردنی هەنگاوی رادیکاڵە لە هەناوی دیکتاتۆریەتە خوێنڕێژەکانی وەک ئێران لە رێگەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادییەوە. گەریلا بەتایبەتی ژنە گەریلاکان بە درێژایی ساڵانی تێکۆشانیان تائێستا بەشێکی زۆر کە نەگۆڕترین شێوازەکانی سیستمەکانیان گۆڕیوە. دروشم و شێوەی ژیان کە لەلایەن عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەی کورد خراوەتەڕوو، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یە کە لەئێستادا لە سەرتاسەری جیهان هاوار دەکرێت و چەخماخەی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی لە سنوورەکانی ئێران تا رێپێوانی هەزاران کەسی لە ناوجەرگەی ئەوروپا دەرخەری ئەم راستیەیە کە ئەردۆغان سەرباری هەموو فشە و چەواشەکارییەکانی نەیتوانیوە بزوتنەوەی ئازادی سەرکوت بکات، بەڵکوو بزوتنەوەی ئازادی بە پێی ناوەرۆک و تایبەتمەندیەکەی رووی لە گەشە کردووە. دەتوانرێت بوترێت کە ئەم شەڕەی گەریلا بە بێ وەستا لە ماوەی هەشت ساڵدا ئەنجامیداوە، نەک هەر شەڕێکە لە بەرامبەر ئەنقەرە، بەڵکوو شەڕێکە لە نێوان جیهانێکی کلاسیکی و جیهانێکی نوێ کە رێبەری گەلان مژدەی هاتنەدی ئەو جیهانە نوێیەی داوە.

راگرتنی جیهانی نوێ نە لە دەستەڵاتی فاشیزمی ئەردۆغان و نە لە دەسەڵاتی سیستمی سەرمایەداریدا نییە. لەئێستاشدا کە خائینانی بارزانیش بە لیستی دوژمنانی ئازادی زیادبوون، ئەوانیش ناتوانن بەر بە سەرکەوتنی گەلانی چەوساوە بگرن. بە تێڕوانینێکی راست و دروست دەکرێت ئاسۆی سەرکەوتن گەلانی ستەملێکراو ببینرێت.

هـ . ب