گۆشەگیریی تووند لە ئیمراڵی و زەوتکردنی 'مافی ئومێد'

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ١٨ مانگە هەواڵی نازانرێت، لە ئیمراڵی لە سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەدا ڕاگیراوە. دەوڵەتی تورک بەوەش تێر نابێت و دەیەوێت "مافی ئومێد"یشی زەوت بکات.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ١٨ مانگە هەواڵی نازانرێت، لە ئیمراڵی لە سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەدا ڕاگیراوە. دەوڵەتی تورک بەوەش تێر نابێت و دەیەوێت "مافی ئومێد"یشی زەوت بکات.

لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا ئافرێنەری شۆڕشی کوردستان ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی لەلایەن هێزە جیهانیەکان و بە بەشداریی چەندین دەوڵەت، کە بەشێوەی چالاک بەشدارییان لەو پیلانگێڕییەدا کرد، لە نایرۆبیی پایتەختی کینیا ڕفێندرا و دیلکرا. ڕێبەری گەلی کورد لەو کاتەوە لە زیندانی 'ئاسایشی ئاستبەرز' لە دوورگەی ئیمراڵی ڕاگیراوە، کە زیندانەکە بە تایبەتی دروستکراوە.

ڕێبەری گەلی کورد ماوەی ٢٣ ساڵە لە دوورگەی ئیمراڵیدا لە هەلومەرجێکی سەختدا، کە لە جیهاندا نمونەى نییە، لە ناو شێ، دابڕاندن و گۆشەگیریدا بۆ ژیان تێدەکۆشێت. زیندانی جۆری تایبەتی ئیمراڵی، کە لە توخمە سەرەکیەکانی وەک دەنگ، ڕەنگ، ئاسۆ، ژینگە بێبەشکراوە، لەلایەن "ڕژێمی سزاکانی ئاسایشی باڵای قورسکراوە" بەڕێوەدەبرێت.

ئەم ڕژێمە، کە لە دژی ڕێبەری گەلی کورد دامەزراوە، چۆن دامەزراوە. لەم ساڵانەی دواییدا گۆشەگیریی لە ئیمرالی بە چ ئاستێک گەیشتووە؟ تورکیا چۆن ئەو پەیمانە یاساییە واژۆکراوەکانی پێشێل دەکات؟

پێشێلکاریی تایبەت لە ئیمراڵی

ڕۆژێک دوای ئەوەی عەبدوڵا ئۆجالان گەیەندرایە ئیمرالی، لە ١٧ی شوباتی ١٩٩٩ ئەنجومەنی وەزیرانی دەوڵەتی تورک بە بڕیاری ژمارە ١٢٤٠٨/ ١٩٩٩ ئیمراڵیی لە ئاستی دووەم دا وەک ناوچەیەکی قەدەغەکراوی سەربازی و دەریایی و ئاسمانی ڕاگەیاند. پاشان ڕژێمی ئەنقەرە دەستوور و یاساکانی پێشێلکرد و ئەرکی پەیوەست بە بەندیخانەی ئیمراڵی لە وەزارەتی داد وەرگرت و ڕادەستی نووسینگەى پەیوەندییەکانی قەیرانی بەندەری مودانیا کرد، کە ناوەندێکی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانە.

بەڕێوەبەرایەتیی زیندانی ئیمراڵی ڕادەستی ناوەندی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی سەرۆک وەزیران کرا. سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، کە لەو ساڵانەدا ئەو سەربازانەى لەناو سوپای تورک دا کاری سەربازییان کردووە، لەو بەڕێوەبەرایەتییەدا دایمەزراندن و بەوانەش کارەکانی بۆ هەماهەنگی و بەڕێوەبردنی سەنتەری بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی سەرۆک وەزیران بەڕێوەدەبرد و بەو شێوەیە بوو بە بەرپرسی دوورگەی ئیمرالی.

بەم شێوەیە هەموو بڕیارەکان سەبارەت بە ئیمرالی ڕادەستی سوپای تورک کران و دوورگەی ئیمراڵی بەپێی دۆخی 'زیندانی تاکە کەسی' لە هەموو بنەما مەدەنییەکان پاککرایەوە. دوورگەکە و دەوروبەری بەپێی بارودۆخێکی تایبەتی ڕێوشوێنی ئەمنی بەڕێوەدەبرا. هێشتاش لەو دۆخ و حاڵەتەدایە، لە ٥ میل (لە ٨ کیلۆمەترەوە) نزیک بوونەوە دەریا و هەواوەوە لە دوورگەکە قەدەغەیە.

هەروەها کارمەندان و بەڕێوەبەرانی زیندانی ئیمراڵی سەر بە سەرۆکایەتیی فەرماندەیی گشتیی دەوڵەتی تورکن. بەپێی مادەی ٣ لە خاڵی ١٥ی پەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا، دەبوو ڕژێم و سیستمی ئیمرالی، کە بە ئەنقەست لە دەرەوەی پەیماننامەکە ڕاگیراوە، بە سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی ئەوروپا ڕابگەیەندرایە، بەڵام دەوڵەتی تورک تا ئێستا ئەوەی بە سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئەوروپا  ڕانەگەیاندووە.

ئیمراڵی: هەموو بێ یاسایی و بێ مافییەکانە

دەوڵەتی تورک نەیتوانی سزای لەسێدارەدانی ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٩٩دا جێبەجێ بکات، لە ماوەی ئەو ساڵانەی ڕابردوودا بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە بارودۆخیی تایبەت بە زیندانی تێکدا، بەردەوام هێرش و شەڕی دەروونییان لە دژ ئەنجام دەدا، لە دژی  رێبەرێک، کە گەلێک پێی دەڵێت 'ئیرادەی من' و لە هەموو مافەکانی بێبەشکراوە و بەوەش دەستیان بە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی لەسێدارەدانی درێژخایەن کرد، بەرپرسانی دەوڵەتی تورک بە ئاشکرا لە گفتوگۆکانی پەرلەماندا دانیان بەوەدا نا و وتیان " ئێمە هەموو ئەو کارانە بە تایبەتی لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین". بەم شێوەیە دانیان بەوەدا نا، کە کار بە 'یاسایەک' و شێوازێک دەکەن، کە لە ڕاستیدا هیچ پەیوەندیەکی بە هیچ یاسا و بەهایەکی کۆمەڵایەتییەوە نییە.

لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٥ دەوڵەتی تورک لە خاڵی ٤٧ بە ناونشانی 'سزای زیندانی هەتاهەتایی قورسکراو' هەندێک گۆڕانکاریی ئەنجامدا. بەناو ئاماژەی پێنەکرا، بەڵام گۆڕانکارییەکە لە دژی ڕێبەری گەلی کورد بوو، لەبەر ئەو ڕاستییەش یاساناسان ناویان نا 'یاساکانی ئۆجالان'.

بەپێی ئەم خاڵە نوێ یاساییە "سزای زیندانی هەتاهەتاییی قورسکراو، تاوەکو کۆتایی تەمەنی سزادراوەکە بەردەوام دەبێت و بەپێی ئەو ڕژێم و سیستمی ئەمنی، کە لەیاساو پەیڕەوەکاندا دیاریکراون، جێبەجێ دەکرێت". لە بەندی دووەمی هەمان یاسادا هاتووە،  مافی ئازادکردنی مەرجدار نییە و ڕاشیگەیاندووە، "تا ئەو کاتەى گیان لەدەست دەدات هەموو ڕۆژێک بۆ ٢٢-٢٣ کاتژمێر لەژوورێکی تاکە کەسێکدا ڕادەگیرێت".

دەوڵەتی تورک بەم گۆڕانکارییە گۆشەگیری و ئەشکەنجەی تایبەتی لە دوورگەی ئیمرالی خستە سەر ڕێبەری گەلی کورد. ئەو ڕژێمە،  کە دەرفەتی ئازادکردنی مەرجداری لابردووە و تاوەکو گیان لەدەستدان زیندانیکردن دەسەپێنێت، بووە هۆی ئەوە سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ ژمارەیەکی زۆر لە داتا و ئامارەکان بکرێت.

بەم گۆڕانکارییە ئەوەیان سەپاند، کە کاتێک عەبدوڵا ئۆجەلان لەگەڵ پارێزەرەکانی لە چاوپێکەوتندایە، دەبێت فەرمانبەرێک لەلایەن دادگاوە ئەرکدار بکرێت و گوێیان لێ بگرێت و گفتوگۆکانیان تۆمار بکات. بەوەش رێگایان بۆ ئەو خۆشکرد، کە دەست بە لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە لە پارێزەرەکان بکەن. بەوەش گورزێکی تریان لە مافی چاوپێکەوتنی ئازادی زیندانیان لەگەڵ پارێزەرەکانیان دا.

چوونە ناو حەوشە و هەواگۆڕکێ پێشتر بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر بوو، پاشان کەمکرایەوە بۆ کاتژمێرێک. هەروەها سەرباری ئەوەی بۆ مافی بەکارهێنانی تەلەفون و تەلەفزیۆن هیچ بەربەستێکی یاسایی نییە، بەڵام بە بڕیاری ئیداری مافی بەکارهێنانی تەلەفزیۆن و تەلەفۆن لە ڕێبەری گەلی کورد قەدەغەکراوە.

ماوەی ١٨ مانگە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە رێبەر ئاپۆ نییە

لە ساڵی ٢٠١٣دا هەندێک لە قەدەغەکارییان لابران و تەلەفزیۆنێک، کە تەنها هەندێک کەناڵی دیاریکراوی تیادا بوو لە زیندانەکەدا دانرا. بەڵام تا ئێستا مافی بەکارهێنان و پەیوەندیکردن بە تەلەفونی لێ زەوت کراوە. عەبدوڵا ئۆجەلان دوای ٢١ ساڵ و لە ٧ی نیسانی ٢٠٢٠ توانیی بۆ یەکەم جار بە تەلەفۆن لەگەڵ بنەماڵەکەی بدوێت. پەیوەندیی دووەم بە تەلەفۆن لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢١ دروستکرا، بەڵام لە نیوەی قسەکاندا پەیوەندییەکە پچڕێنرا.

لە دوای ٢٥ی ئازاری ٢٠٢١ و لە دوای دواین پەیوەندی تەلەفۆنییەوە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە بەدەست نەگەیشتووە. پارێزەران لە ٧ی ئابی ٢٠١٩دا توانیان بچنە ئیمرالی. ئەوەش لە ئەنجامی بەرخۆدانی مانگرتن لەخواردن بوو، کە ماوەی چەند مانگێک لە کوردستان و تورکیا و ئەوروپا بەردەوام بوو. لەبەر ئەوەش پارێزەران توانیان تەنها چوار جار لەو ساڵەدا بڕۆنە ئیمراڵی و چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن.

ئەشکەنجەی سپی: سزای ژووری تاکە کەسی

هاوکات و لە نێوانەدا و دوابەدوای ڕاگەیاندنی یاسای ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٥، ڕێبەری گەلی کورد، کە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە لە زیندانی  دوورگەی تاکە کەسی دا ڕاگیراوە و لە ژووری تاکە کەسی دا ڕاگیراوە، چەندین جار 'سزای ژووری تاکە کەسی'ی بەسەردا سەپێنرا. بە پاساوی بۆچوون و تێڕوانین و دەستنیشانکردنەکانی لەبارەی جینۆسایدی کەلتووری، مافی پەروەردە بەزمانی دایک، پاراستنی ڕەوا، ئاگربەست، چارەسەریی ئاشتیانە و دیموکراسی و بارودۆخی سیاسی ڕۆژانە، سزای ژووری تاکەکەسیی بەسەردا سەپێنراوە.  بەندکراو.

لەڕێگەی ئەو سزایانەوە چاوپێکەوتنەکانی رێبەری گەلی کورد لەگەڵ بنەماڵەکە قەدەغەکرا، ڕادیۆ، کتێب، ڕۆژنامە و گۆڤار لێی وەرگیرایەوە و بەکورتی ڕووبەڕووی دیوارێکی ڕووت کرایەوە، کە بە "ئەشکەنجەی سپی" پێناسە دەکرێت. سەبارەت بەو سزایانە هیچ زانیارییەک بە بە پارێزەران نەدراوە.

ئاستی نوێی گۆشەگیری: قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە

لەم ساڵانەی دواییدا گۆشەگیری لە ئیمراڵی بە بیانووی بێهودە و پووچ و بە ناوی 'قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە'دا سەپێندراوە و بەوەش گۆشەگیریی لە ئیمراڵی توندتر کراوەتەوە. هەرچەندە قەدەغەی چاوپێکەوتنی ساڵی ٢٠٢١ لە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ کۆتایی پێهاتووە، بەڵام هیچ وەڵامێک لەلایەن داواکاری گشتی بورساوە بە داواکارییەکانی بنەماڵە بۆ چاوپێکەوتن نەدراوەتەوە. پارێزەران لە ٢٨ی ئازاری ٢٠٢٢دا، چەند جارێک سەردانی دادگای تاوانەکانی بورسایان کرد و داوایان کرد، کە بەربەستەکان بۆ سەردانی بنەماڵەکان لاببرێن و چاوپێکەوتنەکان ئەنجام بدرێنەوە، بەڵام دەستەی دادوەری لە ٢٩ی ئازاری ٢٠٢٢ وەڵامی دایەوە و داواکارییەکەی ڕەتکردەوە. پاساوی ئەو ڕەتکردنەوەیەش سەپاندنی سزای دیسپلین بوو بەسەر رێبەری گەلی کورددا.

ڕۆژی ٧ی حوزەیران قەدەغەی سێ مانگەی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە کۆتایی پێهات و جارێکیتر بۆ چاوپێکەتن داواکاری پێشکەشکرایەوە، بەڵام دەستەی دادوەری داواکاریی پارێزەرانی ڕەتکردەوە. دەستەی دادوەری بانگەشەی ئەوەی کردبوو، کە "سزاکانی دیسپلین هێشتا بەردەوامن". پارێزەران لەسەر ئەوە لە ١٥ی حوزەیراندا لە دادگای ژمارە ١ی سزا قورسەکانی بورسادا سکاڵایان تۆمارکرد.

دادگای دەوڵەتی تورک لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا وەڵامی دایەوە و سزایەکی نوێی دیسیپلینی ٣ مانگەی وەک پاساو هێنایەوە و سکاڵاکەى ڕەتکردەوە. لە ٢ی ئەیلولی ٢٠٢٢دا جارێکی تر بنەماڵە و وەسیی ڕێبەری گەلی کورد سەردانی داواکاری گشتیی بورسا و بەڕێوبەرایەتی زیندانی ئیمرالییان کرد، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.

کێشەی قورس و جدیی تەندروستی ڕویاندا

دەوڵەتی تورک بە گرتنەبەری ئەو شێوازە ویستی ئیرادەی ڕێبەری گەلێک بشکێنێت. بەهۆی ئەو ڕەفتار و پێشێلکارییانەی دەوڵەتی تورکەوە، کێشەی قورس و جدیی تەندروستی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان دروستبوو. تا ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ ئەو تەنها نەخۆشیی سینوزیت (جیوب)ی هەبوو، بەڵام بە درێژایی ئەو ساڵانە بەهۆی گۆشەگیری، دابڕاندن و ئەشکەنجە لە ئیمراڵی، ئەو نەخۆشییەی عەبدوڵا ئۆجالان لە ماوەیەکی کورتدا بوو بە نەخۆشییەکانی ئانژین (هەوکردنی لەوزەتێن)، فارانژیت (هەوکردنی قوڕگ)، ڕینیت (ئاوهاتن لە لوت بەهۆی هەستیارییەوە / هەڵامەت)، هەستیاری (هەوکردن بەهۆی هەستیار لە لەسەر پێست و بەشەکانی جیاجیاکانی جەستەدا) و نەخۆشیی ئاسم (ڕەبۆ). هەروەها چەندین کێشەی دیکەی تەندروستیش ڕوویاندا.

"ڕاڕەوی مەرگ" لە ئیمراڵی

ئەو هەلومەرجە، کە لە ئیمراڵی لە دژی ڕێبەری گەلی کورد ئامادە کراوە، هەلومەرجی 'مەرگە بە تێپەڕاندنی کات'. دەوڵەتی تورک سوودێکی زۆری لە بێدەنگیی ئەنجومەنی ئەوروپا وەرگرتووە و دید و کۆنسێپتی خۆی بەڕێوەدەبات. لەبەر ئەوەش سزای لەسێدارەدانی ساڵی ١٩٩٩ ، کە بە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا گۆڕدرا کرا بە سزایەک، کە بە واتای هێشتنەوە و ڕاگرتنی لە "ڕاڕەوی مەرگ" دا دێت و مەرگێکی سەخت و بە ئازار و لەسەرخۆی بەسەردا دەسەپێنن.

لە چەندین بڕیاری پێشووی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپادا بڕیار لەسەر دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو زیندانیانی تر درابوودا، کە  ناتوانرێت هەموو زیندانییەکان بە عەبدوڵا ئۆجالانیشەوە 'مافی ئومێدی'یان لێ زەوت بکرێت. ئەنجومەنی وەزیرانی ئەوروپا لەکۆبوونەوەی ڕۆژی ٣٠ی تشرینی دووەم دا بڕیاری ٢ ی کانوونی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بەعەبدوڵا ئۆجالان و هەروەها سەبارەت بە حەیاتی قەیتان، ئەمین گوربان، جڤان بۆڵتان هەڵسەنگاند و داوای لەتورکیا کرد تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٢ وەڵام بداتەوە.

لە دواین جاردا نووسینگەی مافەکانی سەدە لە ٩ی ئابی ٢٠٢٢ بۆ جێەجێکردنی بڕیاری 'مافی ئومێد' سەردان و داواکارییەکی نوێی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی ئەوروپا بەرزکردەوە. لەو سەردان و داواکارییەدا ئەوە بە بیرهێنراوەتەوە، کە هەموو هەوڵە یاساییەکان بۆ ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان ڕەتکراونەتەوە.

دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپەش چەند ڕۆژێک پێش ئێستا وەڵامی دایەوە. ڕژێمی ئەنقەرە هەوڵیداوە پاساوێک بدۆزێتەوە بۆ بێبەشکردن و زەوتکردنی 'مافی ئومێد' لە عەبدوڵا ئۆجەلان. لە وەڵامەکەیاندا هاتووە، "ئازادکردنی مەرجداری ئەو سزادراوانە، کە سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە، ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە، بەڵام هەندێک جیاکاری و ئیستیسنا لە دەرەوەی ئەوەش هەیە".

بایک: دەیانەوێت ڕێبەر ئاپۆ لەبیر ببەنەوە

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لەوبارەیەوە ئەم هەڵسەنگاندنەی لە بەرنامەیەکی ستێرک تی ڤی دا کرد:

"ئەو سیاسەتەی، کە ئێستا لە دژی ڕێبەر ئاپۆ پەیڕەو دەکرێت، لەسەر بنەمای تۆڵەسەندنەوەیە، چونکە ڕێبەر ئاپۆ خزمەتێکی گەورەی بە گەلی کورد، گەلان و مرۆڤایەتی کردووە و هێشتاش بەردەوامە لەو خزمەت، بۆیە تۆڵەی ئەوەی لێدەکەنەوە. ئەو سیاسەتەی لە دژی  ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد بەڕێوەدەبرێت، پێشتر لە دژی ئەرمەنی، ئاشوری، سریانی، عەلەوی و ئێزدیەکان پەیڕەوکراوە، واتە سیاسەتی جینۆساید و پاکتاوکردن و سڕین و لەناوبردن. ئەوەی بەڕێوەی دەبەن ئەم سیاسەتەیە.

ئەوان پێشتر دەیانوت 'کەشتی خراپە'. دەیانوت، بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە ناتوانرێت چاوپێکەوتن ئەنجام بدرێت. ئێستا ئیدی ئەوە ناڵێن. ئەی چی دەڵێن؟ دەڵێن، سزای دیسیپلینمان بەسەردا سەپاندوە، بۆیە چاوپێکەوتن نییە. بەپێی خۆیان گوایە وا نیشانی دەدەن، کە یاسا جێەجێ دەکەن، بەڵام بەمشێوەیە دەیانەوێت گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ هەمیشەیی بێت و پەیوەندیی رێبەر ئاپۆ لەگەڵ مرۆڤەکان، گەلان و بزووتنەوەکەدا ببڕن.

دەیانەوێت بە تەواوی ڕێبەر ئاپۆ بێدەنگ بکەن و کارێک بکەن لەبیر بچێتەوە. یانی دەیانەوێت کەس بیر لە ڕێبەر ئاپۆ نەکاتەوە و بە مێشکیدا نەیەت، کەس بۆی وەفادار و دڵسۆز نەبێت و لە بیر بکرێت. ئەمە ئەستەم و مەحاڵە. نە بزووتنەوەکەمان، نە گەلی کورد و نە ئەو کەسانەی دڵسۆزی بەها مرۆڤایەتییەکانن، ئەمە قبوڵ ناکەن".

ژ.ت