گوڵستانی ئێمە، گوڵستانی گەلەکەی و گوڵستانی هاورێیانی

بۆ ئەوەی گوڵستانەکانی ئەم وڵاتە تیرۆر نەکرێن و بۆ ئەوەی وڵاتمان بێ گوڵستان نەبێت پێویستە هەموو گەلی کورد، ڕۆژنامەوان، شۆڕشگێڕان، ژنان و هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز بەرەنگاری فاشیزمی دەوڵەتی تورک ببنەوە.

ئەم چەند ڕۆژە دەمویست دەربارەی گوڵستانی ئێمە، گوڵستانی وڵاتەکەی، گوڵستانی گەلەکەی و هاوڕێکانی بنوسم. بەڵام لەبەر ئەو ئازارەی کە لە دڵمدایە و لە سەرمدا دەخولێتەوە، بۆیە دەترسم قسەکانم لاواز بن لە ئاست ستایشکردن و باسکردنی گوڵستان. ئەوانەی گوڵستانیان ناسیوە بوون بە شاهیدی ڕاستی ئەو، بەڵام ئەوانەی کە نەیانناسیوە و نەیانبینووە لە زۆر شت بێبەش بوون. چونکە شانسی ناسینی مرۆڤێکی جوانیان لەدەستدا. سەختی پێناسەکردنی گوڵستان تەنیا لەبەر ئەوەنیە کە ژنە ڕۆژنامەوان، شۆڕشگێڕ و شەڕڤانی ئازادی ژنە.

تیرۆرکردنی گوڵستان زۆر سەختە، چونکە زۆر بەڕێز بوو. مرۆڤێکی پاک و بەویژدان و دلۆڤان بوو. لەم سەردەمەدا زۆر بەکەمی تووشی مرۆڤێکی لە جۆری گوڵستان دەبین. چونکو گوڵستان دەیزانی چی دەوێت. کارەکتەرێکی ڕووناکی لە ئامانجی ئازادی خۆیدا درووستکردبوو. کار و گۆڕەپانی کارکردنی دیاربوو، مرۆڤێکی لەوجۆرەبوو کە زۆر باش دەیزانی چی دەوێت و داوای چی دەکات. گوڵستان دەیزانی چۆن هاوڕێیەتی بکات، چۆن خەبات بکات و چۆن لە دژی نادادپەروەری بوەستێتەوە. دەیزانی چۆن توڕەییەکانی لە بەرامبەر ناداپەروەرییدا دەرخات. هەستەکانی گوڵستان زۆر قوڵ بوون. هەستی هۆشمەندی حەقیقەت و عەشقی ئازادی لە خۆیدا یەکانگیرکردبوو. گوڵستانەکەمان هەر بەڕاستی وەک ناوەکەی خۆی گوڵ و گوڵستان بوو.

وەک چۆن ئەوەی لەناو گوڵشەنێکدا گوڵی ڕەنگاورەنگ هەیە، گوڵستانیش مرۆڤێکی ڕەنگاوڕەنگی زۆر جوان بوو. بۆ هاوڕێکانی هەمیشە هاوڕێیەکی باش، گوێگر و ڕێپیشاندەربوو. هەندێک جار بە هەستی دایکایەتییەوە لە دڵەوە هەستی بە ئازاری دڵی هاوڕێکانی دەکرد، وێڕای ئەوەش هەرگیز لەبەرامبەر لاوازییەکاندا سازشی نەدەکرد. وەک شۆڕشگێڕێک بەسەر هەموو لاوازییەکاندا تێپەڕدەپەڕی و پیشانیدا کە مرۆڤ کەموکوڕییەکانی خۆی ببینێت. گوڵستان هەرگیز لە هێڵی خۆی پاشگەز نەدەبووەوە بەڵام مرۆڤێکی خاکی و بەخشندەبوو، هەربۆییە هەموو کاتێک جێگەی ڕازیبوونی هاوڕێکانی بوو.

لە کوردستاندا دیار نیە کەی و لەکوێ گەشتی ژیان کۆتایی دێت

گوڵستان کەموکوڕییەکانی خۆی قبوڵ دەکرد و دەیزانی چۆن داوای لێبوردن بکات. هەموو جارێک خۆی بە مافدار نەدەزانی و جەختی لێنەدەکردەوە و کەسێکی خاکی و بەخشندەبوو. هەرکاتێک دەیزانی هەڵەیەکی کردووە، هەڵەکەی خۆی قبوڵ دەکرد. گوڵستان نیگەران دەبوو بەرامبەر مرۆڤە ئاڵۆزەکان. لە ساڵی ٢٠١٠ەوە گوڵستان دەناسم. لەناو ئەم ساڵانەدا کاری هابەشمان پێکەوە نەبوو، بەڵام بۆ کاری رۆژنامەگەری یەکمان دەگرت. هیچ کاتێک هەستی ئەوەم تێدا دروستنەبوو کە پێکەوە ناژین، زۆر باش یەکدیمان دەناسی، هەموو کاتێک شتەکانی یەکترمان بۆیەک هاوبەش دەکرد. بە دڵێکی ئاسودەوە دەتوانم بڵێم کە تایبەتمەندی هەرە گەورەی بێگەردی و ڕووخۆشییەکەی بوو.

٢٠ رۆژ پێش هێرشەکە پێکەوەبووین. لەسەر لێکۆڵینەوەیەک کارمان دەکرد. دەمهەوێت یادەورییەکی ئەو کاتەی خۆمتان بۆ باسبکەم کە هەرگیز لە بیرم ناچێتەوە؛ هەڤاڵێکی ڕۆژنامەوانمان لەو بەرهەمەدا دوای سێ نوسینی سەرەکی لێکردم. لە کاتی نوسینەوەی بابەتەکەدا گوڵستان ویستی نوسینەکانم بخوێنیتەوە. زۆر گرنگی بە کاری هاوکارەکانی دەدا. دوای ئەوەی نوسینەکەی خوێندمەوە بە ڕوویەکی غەمگینەوە پێی گوتم؛ "ڕۆژێک نوسینێکم بۆ دەنوسی؟." پێکەنینێکم بۆکرد و پێمگوت؛ "هەر ئێستا بۆت دەنوسم." لێی پرسیمەوە و وتی؛ "هەر بەجدی دەربارەی من دەنوسی؟." پێمگوتەوە بەڵی بۆت دەنوسم تۆ هاوڕێی منیت، شاهیدی کار و ژیانمی. پێی گوتمەوە؛ "دەمەوێت ڕۆژێک بیخوێنمەوە." پێمگوتەوە کاتێک ئەم کارەم تەواو بوو پیشاندی ئەدەم. دواتر پێیگوتم؛ "گەر ڕۆژێک شەهید ببم، تۆ باشتر بینوسە." پێمگوتەوە نا، هیواخوازم ئەو ڕۆژە نەبینم و تۆش بۆ من شتێک بنوسی. دواتر دەستی گرتم وتی؛ "نا، نامەوێت ئەو ڕۆژە ببینم و هیواخوازم کە من و تۆ ماڵئاوای لە هاوڕێکانم نەکەین." ئاخ گوڵستانەکەم وا ئێستا بە دڵێکی غەمگین، بە چاوێکی پڕ لە فرمێسک و پێنوسێکی لەرزۆکەوە تۆ دەنوسمەوە...

چەند ڕۆژە وێنەی گوڵستان لەسەر میدیاکاندا کەم نابنەوە و پیشان دەدرێت. ئێستاش باوەڕناکەم، نا باوەڕ بە ڕۆشتنی گوڵستان ناکەم. پێش چەند ڕۆژێک پێکەوەبووین، ماڵئاوییمان لێکترکرد و بڕیاربوو یەکتر ببینینەوە. هیچ کاممان نەماندەزانی کە جارێکی دیکە یەکتر نابینینەوە. ئێستاش باوەڕ بە هەواڵی مەرگت ناکەم. بەڵام کاتێک بێری لێدەکەمەوە، بیرم دێتەوە ئەمە یەکەمجار نیە کە باشترین هاوڕێکانمان لەدەست بدەین، چونکە ئێرە کوردستانە دیار نیە سەفەری ژیان کەی و لەکوێ و چۆن کۆتایی دێت.

گەر دووژمن پەکەکە لەناوبەرێت، ئەوا مافی ژیان نادات بە هیچ کوردێک

هەڵبەتە ژیان و مردن ڕاستییەکەی ئەم ژیانەیە، هەموو گیانلەبەران ئەزموونی ئەو ڕاستییە دەکەن. بەڵام ئێمەی کورد مردنێکی سروشتی نامرین، ئێمە دەکوژرێین و تیرۆر دەکرێین. مرۆڤانێک کە ژیانێکی ئاسایی دەژین، بە مردنێکی ئاساییش گیان لەدەست دەدەن. بەڵام لە کوردستاندا لەبەرئەوەی مافی ژیانێکی ئاسایی بوونی نیە، بۆیە مردنیشمان نائاساییە. هەموو کاتێک بە پیلانگێڕی، تەڵە و خیانەتەوە تیرۆر دەکرێین. وێڕای ئەو مردنانەی بە هۆی توڕەیی و ئازاری لەشکرکێشی سەر وڵات و شارەکانمان ڕووبەروومان دەبێتەوە، بە فیشەک، بۆردوومانی فرۆکە و ئەشکەنجەش دەکوژرێین. منداڵێک دەچێتە دەرەوەی ماڵەکەی و بە فیشەکی دووژمن دەکوژرێت و تەرمەکەی دەکەوێتە ئامێزی دایکیەوە. شوانێک پێ دەنێتە سەر مینێک و جەستەی پارچە پارچە دەبێت. خێزانێک لەسەر خوانی سفرەیەک لە کاتی نان خواردندا بۆمبێکییان بەردەکەوێ و ناشزانن لە کوێ دابارییوە.

کاتێک ڕۆژنامەوانێک بە جۆشەوە دەچێتەسەر کارەکەی لە ئۆتۆمبێلەکەیدا هەموو جەستەی دەبێت بە خۆڵەمێش و هاوڕێکانی جەستەی کۆدەکەنەوە. هاوشێوەی گوڵستان تارا چەندین ڕۆژنامەوان و شۆڕشگێڕ بەم شێوەیە تیرۆرکران. یانی لە کوردستاندا پێش هەموو هۆکارێک بە هۆیی کوردبوونمانەوە دەکوژرێین. لە تیرۆکردنی گوڵستان تارادا جارێکی دیکە ئەم ڕاستییە دەرکەوتەوە و پێویستە هەموو کەسێک ئەم ڕاستییە باش بزانێت. بابەتەکە بابەتی پارت و لایەنێک نیە، هەموو ئەو کەسانەی واتێدەگەن ئەوا خۆیان فریوودەدەن، هەر خۆی هێزە خاینەکان و هاوکارەکانیان ئەمەیان دەوێت. ئەرێ، دووژمن هەموو کاتێک پەکەکە وەک پاساو پیشان دەدات، بەڵام ئامانجی سەرەکی دووژمن ئەوەیە نایەوێت هیچ کوردێک بەشێوەیەکی ئازاد بژێت. دووژمن بۆ ئەوەی پەکەکە لەناوبەرێت، دەیەوێت کوردانی خاین بۆ پلانەکانی خۆی بەکاربهێنیت، بەڵام 'گەر پەکەکەش بەکۆتابێت' ئەوا هیچ کاتێک دووژمن مافی ژیانێکی ئازاد نادات بە هیچ کورد و پارتێک. بوونی هەندێک کەس کە هێشتا لەم ڕاستییە تێناگەن، لە دڵەوە نیگەرانم دەکات.

بۆ ئەوەی گوڵستانەکانی ئەم وڵاتە تیرۆر نەکرێن و بۆ ئەوەی وڵاتمان بێ گوڵستان نەبێت پێویستە هەموو گەلی کورد، ڕۆژنامەوان، شۆڕشگێڕان، ژنان و هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز بەرەنگاری فاشیزمی دەوڵەتی تورک ببنەوە. یانی بۆ ئەوەی گوڵستانەکان تیرۆر نەکرێت، نەک بە تەنها کوردان، پێویستە هەموو کەسێکی بە وێژدان و ئازادیخواز، هەموو ڕۆژنامەوانانی جیهان بەرەنگار ببنەوە، دەنگیان بەرزکەنەوە و پێکەوە دنیای خۆیان بگۆڕن بۆ گوڵشەنێک بۆ گوڵستانێک.