هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق و ڕۆیشتنی فواد حسێن بۆ تورکیا

دوای هێرش و کۆمەڵکوژیی ساڵی ٢٠١٤دەتوانین بڵێین یەکەمجارە کۆمەڵگەی ئێزیدی دەست لەناو دەستی گەلی عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەدا کاندیدێکیان ڕەوانەی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ بکەن.

ڕۆژی ١٨ی کانونی یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ١٥ پارێزگای عێراق بەڕێوەچوو. ئەگەرچی ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمان نەبوو، بەڵام مرۆڤ دەتوانێ بڵێت هەنگاوێکی گرنگ و بنەمایەکی گرنگ بوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان. لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنەدا قائیممقام، پارێزگار و بەرێوەبەری ناحیەکان لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە هەڵدەبژێردرێن. هەر بۆیە پێویست بوو گرنگی پێبدرێت.

 نزیکەی ١٦ملیۆن دەنگدەر لە عێراق مافی ئەوەیان هەبوو بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. بەڵام کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی درۆی دەسەڵاتەوە زۆر متمانەیان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نییە. هەر بۆیە ٦ ملیۆن کەس لە کۆی ١٦ ملیۆن کەس هەڵبژاردنەکەیان وەک دەرفەتێک زانی و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ کرد و چوونە دەنگدان. ئەم ژمارەیە هاوتایە لەگەڵ لەسەدا ٤١ی دەنگدەران. ئەمە خۆی لە خۆیدا جێگەی نیگەرانییە. لە سەدەی بیست و یەکەمدا یەکێک لەو وڵاتانەی کە زۆرترین پێکهاتەی تێدایە، عێراقە. بەڵام بە پێی ڕێژەی پێویست نەچوونە سەر سەندووقەکان کە بابەتی قووڵبوونەوەی  هەموو هێزە عێراقییەکانە. هەندێکیان نزیکەی ٢٠ ساڵ لەمەوبەر دەیانویست بە وتنی 'دیموکراسی و ئازادی لە عێراق' پاساو بۆ خۆیان بهێننەوە. بەڵام دوای ٢٠ ساڵ ئەو شتانە چەندە ئاستی دیموکراسی و ئازادی، شوێنی قسەوباسە.

 پەدەکە لە عێراق و شەنگاڵ شکستی هێنا

یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم هەڵبژاردنە شکستی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و بەشێک لە هێزەکانی دەوروبەری بوو. پەدەکە هەوڵ دەدات خۆی وەک یەکەم لە عێراق نیشان بدات و ئەنجامەکانیش وەک سەرکەوتن دەخاتە ڕوو، بەڵام ڕاستیەکە ئەوە نییە کە پەدەکە دەڵێت. لە سەرتاسەری عێراق و بە تایبەتیش لە شەنگال، فێڵ و ساختەکاری زۆری کرد. پەدەکە لە گزی و ساختەکاریدا 'برا گەورەکەی' واتە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە نموونە بۆ خۆی دەبینێت. کڕینی دەنگ، بەڵێن دایین، دابەشکردنی کەلوپەل و ئامێری ئەلکترۆنی و هتد. هەروەها هەندێک کەسیان ڕەوانەی شەنگاڵ کرد بۆ ئەوەی گەنجانی ئێزدی تێکەڵ بە کاری پیس و بێ ئەخلاقی بکەن. ئەوانەی ئەم کارە نائەخلاقییانەیان ئەنجام دەدا، لەلایەن گەلەوە ڕووبەڕووی هەڵوێستی توند بوونەوە و دەستگیرکران و کۆتاییان پێ هێندرا. سەرەڕای هەموو هەوڵەکان، پەدەکە نە لە کەمپەکانی باشووری کوردستان و نە لە شەنگاڵ نەیتوانی پلانە چەپەڵەکانی لەسەر پێکهاتەی ئێزدی جێبەجێ بکات. پارتی ئەوەی چاوەڕێی دەکرد لە هەموو عێراقدا بەدەستی نەهێنا، هیواکانی شکستیان هێنا و لەو هەڵبژاردنەکاندا گورزی گەورەی بەرکەوت.

یەکگرتنی گەلانی نەینەوا بەسەر کەوت

لیستی "هاوپەیمانی خەڵکی نەینەوا"، بە پێشەنگایەتی پێکهاتە دێرینەکانی دەشتی نەینەوا، سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا، بەتایبەتی لە شەنگال و لە زۆربەی شارەکانی عێراق. بێ گومان سەرکەوتنی پادێ لەم یەکگرتنەدا دیار بوو. بە تایبەتی سەرکەوتنی کاندیدی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال قاسم کەشکۆ، خرۆشێکی زۆری لای کۆمەڵگەی ئێزدی و هەموو پێکهاتەکانی شەنگال دروستکرد، ئەم سەرکەوتنە بووە هۆی دڵخۆشی و ئاهەنگگێڕان لە سەرتاسەری شەنگالدا. گرنگە ئێمە نەڵێین بە سەرکەوتنی کاندیدێک لە ٢٩ کورسی موسڵ چی بکەین و چی بەدەست بهێنین. ئەم بۆچوونە لە دۆخێکدا نییە کە لە داهاتوودا مەترسی گەورەی لێبکەوێتەوە. بەپێی ڕاستییە دابەشبووەکان، سەرکەوتنی کاندیدێک ناتوانێت هیچ گۆڕانکارییەک لە ٢٩ کورسییەکە ئەنجام بدات. بەڵام ئێمە باش فێربووین کە ڕاستییەکان بە هیچ شێوەیەک دابەش ناکرێن و هەرگیز ڕاستی پێکهاتەی ئێزیدی، وەک حەقیقەتی ئاپۆگەری، یەکپارچەیە و دابەش ناکرێت.

 قاسم کشکۆ بە یەکگرتنی گەلان هەڵبژێردرا

 دوایین جار ساڵی ٢٠١٤هێرش و کۆمەڵکوژی بە سەر کۆمەڵگەی ئێزدیماندا ئەنجامدرا. دوای ئەو هێرشە چەندین هەڵبژاردن ئەنجامدرا، بەڵام هیچ سەرکەوتنێکی بەرچاو بەدەست نەهات. دوای هێرشەکەی ساڵی 2014 دەتوانین بڵێین یەکەمجارە پێکهاتەی ئێزیدی دەست لە ناودەستی گەلی عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە کاندیدێکیان ڕەوانەی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ کرد. قاسم کەشکۆ لە شەنگال ژمارەیەکی بەرچاو دەنگی بەدەستهێنا و هەڵبژێردرا. ئەم دەنگ و ژمارە و بەشداریکردنە بە دڵنیاییەوە بەس نییە. پێویستە لە ئێستاوە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەست پێبکرێت. پادێ پێویستی بەوەیە پێکهاتەکانی فراوانتر و دەوڵەمەندتر بکات. ئەم یەکگرتنە تا ئێستاش کەمە. چ لە ناوەوە یان لە دەرەوە؛ پادێ و ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی دیموکراتیکی شەنگال و هێزەکانی دیکە پێویستیان بە هاوپەیمانییەتێکی گەورەتر و قووڵتر هەیە.

سەرکەوتنی قاسم کەشکۆ بێ گومان سەرکەوتنی هەموو پێکهاتەکانی شەنگالە.ئەمە سەرکەوتنی بیرو فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانە کە کۆمەڵگای شەنگالی لە کۆمەڵکوژی ڕزگار کرد. ئەم سەرکەوتنە سەرکەوتنی ١٢هەمین سوارەی سەردەمە. سەرکەوتنی دەروێش و عەدولێن هاوچەرخە.

ڕۆیشتنی فواد حسێن بۆ تورکیا لە بەرژوەندی گەلدا نییە

سەرەڕای ئەم دۆخە، زۆر جێگای سەرنجە کە هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە تەواوی ڕانەگەیەندراوە، وەزیری دەرەوەی عێراق فواد حسێن کە لە پارتی دیموکراتی کوردستانە لەگەڵ وەفدێکی بە پەلە چوونە تورکیا. هەمووان دەزانن کە پەدەکە و دەوڵەتی داگیرکەری تورک، وەک دوژمنی گەل، تەنیا پرسی ئاویان باس نەکردووە. ڕێککەوتن لەسەر هێرش و گرێبەستەکانی دەرەوەی پێکهاتەکان گفتوگۆیان لەسەر کراوە و بڕیارەکانیان بە دوور لە بەرژوەندی گەلە. ئەم ڕێبازە مەترسییە و هەڵەی گەورەی تێدایە. سەرەتا پێویستە دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتی تورک و هەموو لایەن و ڕێکخستنە عێراقییەکان بەتایبەت بەرژوەندیخوازانی شەنگال بزانن کە هیچ پلان و ڕێککەوتنێک بەبێ بەشداریی گەلان جێبەجێ ناکرێت. شەنگال، عێراق و نەینەوا هی ئەو کەسانەن کە لە پێناو خاک و گەلەکەیاندا تێدەکۆشن. ئەم خاکە هی هەموو گەلان و بیروباوەڕەکانە.