هەفتەی شەرم، هەفتەی ئەتککردنی رۆحی کوردایەتی
رۆژمێری مانگی ئاب کە سەرەتاکەی بە خیانەت لە ئێزدییەکان و کۆتاییەکەشی بە ناپاکی بەرامبەر هەولێر و راپەڕین بوو، بەو پێشوازییەی بەرپرسانی پەدەکە لە هاکان فیدان پەڵەیەکی رەشتر و قێزەونتری هاتە سەر.
رۆژمێری مانگی ئاب کە سەرەتاکەی بە خیانەت لە ئێزدییەکان و کۆتاییەکەشی بە ناپاکی بەرامبەر هەولێر و راپەڕین بوو، بەو پێشوازییەی بەرپرسانی پەدەکە لە هاکان فیدان پەڵەیەکی رەشتر و قێزەونتری هاتە سەر.
ئابی شانازی و ئابی سەرشۆڕی
چەند مانگێکی سەیرە ئاب! سەرەتا و کۆتاییەکەی ناپاکی و سەرشۆڕی و ناوەڕاستەکەشی شانازی.. ئەمە رێک چیرۆکی کوردە، چیرۆکی دوو هێڵی هاوتەریبی قارەمانێتی لەلایەک و خیانەت و داردەستەیی لەلاکەی ترەوە.
ژیاندنەوە و هەستاندنەوەی نەتەوەیەک لەلایەک و چەماندنەوە و نوشتاندنەوە و بە کوشتدانی لایەکی نەتەوەیەک لەو لاوە.
ئەگەر ئەملا کورد بێت و لاکەی دیکەش هەر کورد، کەواتە ئابیش هەرچەندە ناوەڕاستەکەی و بە هۆی یەکەم فیشەکی عەگیدەوە مانگی شەرەف و شانازییە، بە ٣ و ٣١ ی مانگەکەش، مانگی شەرم و سەرشۆڕییە.
پەڵەیەکی دیکەی رەش لە ئاب
لە رۆژانی ٢٣ و ٢٤ی ئابدا هەولێر میوانداری دوژمنێکی سوێندخواردوو، تیرۆریستێکی بێ بەزەیی، کوردێکی لە باو و باپیران هەڵگەڕاوە کرد، تا ئاستی چەمینەوە و نوشتانەوە لەبەردەمیدا دەسەڵاتدارانی پەدەکە و حکومەتی باشوور پێشوازییان لە هاکان فیدانی خوێنمژ کرد.
لێستنەوەی چەقۆی جەلاد
کوشتن، کۆمەڵکوژی و جینۆساید ئەوپەڕی کارەسات نییە، بەڵکو لوتکەی کارەسات ئەوەیە قوربانی لەبەردەم جەلاد بچەمێتەوە و چەقۆکەی بلێسێتەوە، یان قوربانیەکی دەستدرێژی کە خۆی بەقوربانی دەستدرێژیکارەکە بکات، ئارەقەی بسڕێت و ماندوونەبوونی و دەستخۆشی لێبکات.
لە خیانەت زیاتر
٣١ی ئاب و هێنانەوەی بەعس بۆ سەر هەولێر نە سەرەتا و نەکۆتایی خیانەتەکانی پارتی دیموکرات (پەدەکە)یە، بەڵکوو لوتکەی کارنامەی پڕ لە خیانەت و ناپاکی ئەو حزبەیە. کاتێک شتێک دیاردەیەک دەگاتە لوتکە، دەبێت چەمک و دەستەواژەی دیکە بۆ کردەوەکانی دابنرێت، ئەوەی لە ٢٣ و ٢٤ی ئابدا روویدا لە پێشوازیکردن لە هاکان فیدان، لە چەمینە و کوڕنوش لە بەردەمیدا روویدا، ئەتککردنی رۆحی کوردایەتیە. هەمان ئەو کوردایەتیەی چەندین ساڵە پەدەکە خۆی پێهەڵواسیوە. بەڵام کەس هێندەی ئەو سوک و تڕۆی نەکردووە.
ئەتک کردن لە ناو ئەتک کردندا
پێشوازی لە تیرۆریست و بکوژ و خوێنمژێک ئەگەر لە ژێر ناوی سیاسەت و دیپلۆماسیدا تۆزێک رەوایەتی پێبدرێت –کە هەموو ئەوانەش بە پێوان و پێودانگی شکۆمەندانە دەکرێن- بەڵام ئەوەی کە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، دووجار ئەتک کردنی خانەخوێیە، رێک لە کاتی سەردانەکەدا لە سیدەکانەوە تا پێنجوێن لەلایەن میوانەوە دەستدرێژی دەکرێتەسەر خاکەکەی و خانەخوێش متەقی لێنایات.
چیتر خزمەت بە (پەدەکە) نەکرێت
هەموو ساڵێک لە ٣١ی ئابدا خەڵک و رکابەرەکانی پارتی (پەدەکە) بیری خیانەتەکانی دەکەونەوە، وەک ئەوەی ئەو حزبە تەنیا یەک پەڵەی رەش بە ناوچاوانیەوە هەبێت، ئەوەتا چەند ساڵێکە روو قایمانە ئەو خیانەتەشی بە شانازی بە خەڵک دەفرۆشێتەوە، واتە نەیار و رکابەرەکانی پەدەکە بە کورتکردنەوەی خیانەتەکانی لە ٣١ی ئاب، گەورەترین خزمەتیان پێکردووە.
خیانەتەکانی پەدەکە لە ٧٧ ساڵی تەمەنیدا بەشی هەموو پەڕەکانی رۆژمێر و هەموو ساڵەکان دەکەن، بەڵام بەزاندنی ئاستی خیانەت وادەکات لەسەر دەستی ئەو حزبە هەفتەی ئەتککردنی رۆحی کوردایەتی، رووشاندنی کەرامەتی تاک و نەتەوەیەک بێتە ناو رۆژمێرەوە و حەقە ساڵانە لە نێوان ٢٤ و ٣١ ئابدا بەو جۆرە و وەک هەفتەی سەرشۆڕکردنی نەتەوەیەک بهێنرێتەوە یاد و نەفرەتی لێبکرێت.
ناوێک و چوار درۆ
پەدەکە یان پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کە هەر چوار بڕگەی ناوەکەی درۆیەکی زەق و گەورەیە، لە راستیدا خێڵی دیکتاتۆری ناکوردستانی و تورانییە. بستێک خاکی کوردستان و پشتی هیچ تێکۆشەرێکی کورد نەماوە خەنجەری پەدەکەیە بەرنەکەوتبێت و ناوەکەی دوانەیەکی لەیەک دانەبڕاوە لە خیانەت.
رۆژانە گەورەترین درۆکان لە دەمی پەدەکەوە دێنەدەر و مەکینە زەبەلاحە میدیاییەکەشی بە پارەی پیسی نەوتی رەش رووی رەشی سپی و پاک دەکەنەوە، بەڵام ئەوەی لە هەفتەی سەرشۆڕی و ئەتککردنی رۆحی نەتەوەیی روویداوە، بەسە بۆ پسانی پەتی هەموو درۆکانی و فڕێدانی پەدەکە بۆ دەرەوەی بازنەی کوردبوون و کوردایەتی.
هـ . ب