هۆشیار زێباری هەم خاوەن ماڵە و هەم دزی ماڵیشە

هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتب سیاسیی پەدەکە بەهۆی دزی و گەندەڵییەکانی ماوەیەکی زۆرە لە ڕۆژەڤی ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان و عێراقدایە. لەم دوایانەدا دوژمنایەتیی خۆی بۆ شەنگال و بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کورد یەکلایکردووەتەوە. زێباری دزی و گەندەڵی دەناسرێت...

هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتب سیاسیی پەدەکە بەهۆی دزی و گەندەڵییەکانی ماوەیەکی زۆرە لە ڕۆژەڤی ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان و عێراقدایە. لەم دوایانەدا دوژمنایەتیی خۆی بۆ شەنگال و بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کورد یەکلایکردووەتەوە. زێباری دزی و گەندەڵی دەناسرێت و ئەوە بووەتە یەکێک لە سیفەتەکانی، بۆیە پێناسەی خاوەنی ماڵ و دزی ماڵیشی زۆر جوان لێهاتوە.

لەم دواییانە دزی و گەندەڵیەکانی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی نەک تەنها بۆتە ڕۆژەڤی کوردان، بەڵکوو بۆتە ڕۆژەڤی هەموو جیهان. بەرپرسانی پەدەکە و بەتایبەتیش بنەماڵەی بارزانی بە دزیکردن و گەندەڵی و کڕینی ماڵ و موڵک لە دەرەوەی وڵات دە ناسرین.

بە تایبەتی موڵک و ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و  هەروەها مەسرور بارزانیی ئامۆزای، کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە شوێنکی تایبەتی هەیە لە ڕۆژەڤی ڕاگەیاندنەکانی جیهاندا و بوونەتە جێگای ناڕەزایەتی لە ناو گەلی باشوری کوردستان دا.

هۆشیار زێباری بەرپرسی پەدەکە، کە هاوکات ماوەیەکش وەزیری دەرەوەی عێراق بو و خاڵی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)یە بە دزی گەندەڵیەکانی لەسەردەمی پۆستی وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزیری دارایی عێراق دا بووە ڕۆژەڤێکی گەورە. هەر لەبەر ئەو هۆکارەش لە وەزیری دەرکرا و دادگای فیداراڵی عیراقیش کاندید بوونی هۆشیار زێباریی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق رەدکردەوە.

دزی و گەندەڵی

لە دوای ئەوەی ئەمریکا لە ٢٠ی مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٠٣ دەستێوەردانی لە عێراق کرد و ڕژێمی بەعسی ڕووخاند،  بۆ ئەوەی عێراق بەرێوە بەرێت دەستیان بە هەوڵکرد تاوەکو حکومەتێکی نوێ لەسەر هاوسەنگی نەتەوەیی دروست بکەن.

لەسەر بنەمای ئەوە هاوسەنگەیە نەتەوەیە و تەوافقەی کە ئەمریکا پێشی خست لە نێو نەتەوەکانی عێراق دا هۆشیار زێباری وەک کاندیدی پەدەکە لە ساڵی ٢٠٠٤ تا ساڵی ٢٠١٤ بوو بە وەزیری دەرەوە و وەزیری دارایی عێراق، لەو کاتەدا هۆشیار زێباری هەم بوە خاوەنی ماڵ و هەم بوە دزی ماڵیش.

بە گوێرەی ئەوە زانیارییانەی تامارا چەلەبی کچی سیاسەتمەداری ناوداری عێراقی ئەحمەد چەلەبی بڵاویکردووەتەوە هۆشیار زێباری کاتێک وەزیری دەرەوەی عیراق بووە ١١٩ ملێۆن دۆلاری لە پارەی دەوڵەتی عیراق بۆ شەخسی خۆی بردووەتە دەرەو و لە بانكێکی بەریتانی بە ناوی HSBC دایناوە.

هاوکات لەو کاتەی زێباری وەزیر بووە لە حکومەتەکەی عەبادی ناوبراو ٥٢٧ پاسەوانی هەبوو. خاوەنی فڕۆکەیەکی تایبەت بوو، کە نرخەکەی نیو ملیۆن دۆلار بوو، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی قەسرێکە لە سوێسرا نرخکەی ٢٧ ملێۆن دۆلارە.

زێباری بۆ پارەی بلیتی گەشتی فڕۆکەکەی و پاسەوانەکانی مانگانە ١ ملێۆن ٨٠٠ هەزار دۆلاری لە پارەی دەوڵەت خەرج کردوە، پارەی کرێی مانگانەی خانوی سکرتێر و جێگرەکانی مانگانە ١٨٨ ملێۆن دیناری عێراقی بووە. ئەوە لە کاتێکدایە بەپێی یاسا نابێت هیچ وەزیریک لە ٣٦ ملێۆن زیاتر بدات بە کرێ خانوو.

لەگەڵ ئەوەش باس لەوە دەکرێت مانگانە ٣ ملیۆن  ٥٠٠ هەزار دیناری عێراقی تەنها بۆ پاکردنەوەی حەوزی مەلەوانیی ماڵەکەی خۆی تەرخان کردوە لە پارەی دەوڵەت.

سەرۆک وەزیرانی پێشوی عیراق حەیدەر عەبادی  بڕیاریدابوو، کە دەبێت هەر وەزیرێک تەنها ٨ پاسەوانی هەبێت، وێرای ئەو بڕیارە هۆشیار زێباری زیاتر لە ٥٠٠ پاسەوانی هەبوو لە هەولێر و بەغداد، موچەکەشیان لە پارەی دەوڵەت دەدرا.

لە لایکی تر تێچووی مانگانەی ئۆتۆمبیلەکانی زێباری مانگانە نزیکەی ١٠٠ ملێۆن دینار بوو، جیاواز لەوانەش ساڵانە بڕی ٢٠ ملێۆن دۆلاری بەناوی پارەی پاسەوان لە دەوڵەت دەبرد.

زێباری دوای ئەوەی لەگەڵ ژنێک بەناوی هنا عبدولستار دلێمی هاوسەرگیری دەکات، ژنەکەی دەنێرێت بۆ خولێکی سەرەتایی پەیوەندیەکان و دواتر وەک کارمەند لە کۆنسوڵخانەکانی عێراق لە ئەوروپا دای دەمەزرێنێت.

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، باوكی “هناء”ی هاوژینی زێباری، لە دوای پرۆسەی ئازادیی ‏عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، ناوی لە لیستی ئەو ٢٠٠ كەسەدا بوو، كە لەلایەن ئەمریكا و پۆڵ ‏بریمەر حاكمی مەدەنیی ئەوكاتی عێراقەوە بەهۆی ئەوەى بەرپرسێکی باڵای بەعس بوو، داواكراو بوون.

جگە لەوەش زێباری ٤ خوشکی خۆی وەک کارمەند لە باڵیۆزخانە جیاوازەکانی عێراق لە ئەورپا دامەزراندوە.

دەربارەی گەندەڵی و دزی هۆشیار زێباری دەنگۆی زۆر زیاتر لەوانە هەیە.

 لەبەر دزی و گەندەڵی لە پۆستەکەی لادرا

لە کابینەی حکومرانی حەیدەر عەبادی، کە ئەو کاتە هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق بوو، لە ٢١ ئەیلولی ٢٠١٦ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران سەلیم جبووری، هۆشیار زێباری بە هۆکاری گەندەڵی و دزی پۆستی وەزیریی لێسەندرایەوە.

لە پەرلەمان بەرگریی لە خۆی نەکرد و دانی بەوەدا نا، کە ئەو کارانەی کردوە

هۆشیار زێباری ئەوكات لەبری ئەوەی بەرگری لە خۆی بكات و بیسەلمێنێت گەندەڵیی ‏نەكردووە، بەرپرسانی دیكەی بە گەندەڵی تۆمەتبار كرد، بێ ئەوەی ناوی كەس ئاشكرا بكات.‏

ئەنجومەنی نوێنەران و لیژنەی دەستپاكیی ئەوكاتی ئەنجومەنەكە، دۆسیەكانی گەندەڵیی ‏هۆشیار زێباری-یان نارد بۆ دەستەی دەستپاكی و تائێستا دۆسیەكان لە دەستەكەن، ‏بڕیاریش بوو بنێردرێن بۆ دادگا، بەڵام نەنێردراون.‏

ئەوكات كە هۆشیار زێباری لەسەر گەندەڵی متمانەی لێسەندرایەوە، ترس دروستبوو ‏كاریگەریی هەبێت لەسەر پەیوەندیی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و وڵاتانی كۆمەكبەخش ‏لەگەڵ عێراق، بەوەی متمانەیان بە وڵاتەكە نەمێنێت لە پێدانی یارمەتی و كۆمەكە ‏داراییەكان.‏

دانانی بەعسی لە باڵیۆزخانەكانی عێراق

لە مانگی شوباتی ٢٠١٨دا، دووبارە لیژنەی دەستپاكیی ئەنجومەنی نوێنەران دۆسیەی ‏هۆشیار زێباریی هێنایەوە بەرباس، ئەوكات بەوە تۆمەتباركرا، كە كاتێك وەزیری دەرەوە ‏بووە لە كابینەكەی نوری مالكیدا، خەڵكانێكی بەعسیی لە باڵیۆزخانەكانی عێراق لە وڵاتان ‏داناوە.‏

لەبەر فشارەکانی پەدەکە دۆسیەی لێکۆڵینەوەکانی هۆشیار هەڵندراوەتەوە

لە دوای ئەوە مستەفا کازمی بوو بە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستەی دەستپاکیی پەرلەمان دۆسیەی گەندەڵیی هۆشیار زێباری ئاراستەی دەستەی دەستپاکیی گشتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە، بەلام لە بەر فشاری پەدەکە لەسەر مەستەفا کازمی لێکۆڵنەوە لە گەندەڵیەکانی هۆشیار زێباری ڕاوستا.

بۆ ئەوەی کەیسی گەندەڵی پەردە پۆش بکەن کردیانە کاندیدی سەرۆک کۆمار

لە کاتێکدا چەندین تۆمەتی دزی و گەندەڵیی لەسەر زێباری هەبوو، بەڵام جاریکی دیکە خۆی دەکاتەوە ڕۆژەڤ و دێتەوە پێشی مرۆڤەکان، بەپێی ڕێکەوتنی یەکێتی و پارتی لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە پشکی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە لە ناو کوردەکان، بەڵام پەدەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەو پۆستە لە دەستی یەکێتی وەر بگرێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کەوتە ڕێکەوتن و کۆبوونەوەی بۆ ئەوەی ئەو پۆستە بۆخۆی بەریت. بۆ ئەوە مەبەستە هۆشیار زێبارییان کاندیدکرد بۆ ئەو پۆستە.

گەندەڵ و دز ناتوانن ببنە سەرۆک کۆمار

بەڵام زۆری پێ نەچوو  دادگای فیدراڵی عێراق لە ١٣ شوباتی ٢٠٢٢ دەرباری کاندید بوونی هۆشیار زێباری کۆبوویەوە و ئەو دادگایە بریاریدا، کە ناوبرا مافی ئەوەی نییە ببێتە سەرۆک کۆمار. بە هۆکاری ئەوەی ناوبراو تۆمەتبارە بە دزی و گەندەڵی.

پشتیوانیکردن لە سوپای عێراق و هێنانی بۆ سەر کوردستان

لە دوای هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا، عێراقیش بە هاوکاری پەدەکە و لەژێر فشاری تورکیا هێرشی کردە سەر شەنگال. لە کاتێکدا بە درێژایی دامەزراندنی حکومەتی عێراق و لە ماوەى ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا هیچ هێزێکی کوردستانی داوای هاتنی سوپای عێراقیان نەکردووە بێتە سەر کوردستان، چونکە ئەو سوپایە بۆ کورد جگە لە داگیرکەری و سەرکوتکاری هیچی تری نەبووە و مێژوو و رابردووی ئەو سوپایە زۆر ڕوونە بۆ هەموو ئازادیخوازن، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا سوپای عێراقی هێنایە سەر کوردستان و شاری هەولێر و پەرلەمانی بە دەبابەی بەعس داگیرکرد. ئەوە یەکێک لە گەورەترین خیانەتە نیشتمانییەکانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی و مەسعود بارزانییە بەرامبەر بە گەلی کوردستان. لە درێژەی ئەو خیانەتکارییانەدا ئەمجارە هۆشیار زێباری خوشکەزاکەى مەسعود بارزانی و دزی ماڵەکە، پشتیوانیی لە هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر شەنگال کرد و داوای لەو سوپایەیە کرد شەنگال داگیر بکات. بەوەش کەوتە دژایەتیکردنی ئاشکرای خەڵکە تێکۆشەر و شۆڕشگێڕەکەى شەنگال و ئەوانەى بە خوێنی خۆیان شەنگال و ئێزدییەکانیان بۆ ماوەى ٨ ساڵە لە هێرشەکان و داگیرکەری و چەتەکانی داعش و تەعریب پاراستووە. بنەماڵەى بارزانی هەمیشە بە کارەکانیان و وتەکانیان و کردارەکانیان پشتیوانییان لە داگیرکەران کردووە و لە کوردستاندا ڕۆڵی ئەسپی ترۆی بۆ داگیرکەران دەگێڕن.

دز پشتگیری ئەو ماڵە دەکات کە پێشتر دزی لێکردبوو

لە کاتی هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر شەنگال هۆشیار زێباری لە پەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ڕایگەیاندبوو "ئێمە بە توندی پشتگیری ئۆپراسێۆنی سوپای عێراق دەکەین بۆ کۆنترۆڵکردنی شەنگال لە لاین هێزەکانی عێراقەوە لە دژی گروپە (تیرۆرستیەکان)-ی پارتی کرێکارانی کوردستان" بەو شێوازە هۆشیار زێباری ئیرادە و هێزی ئیزدیەکان بە "تیرۆرست" دەناسێنێت و پشتگیری لە فەرمانێکی تر دەکات کە بەسەر ئیزدیەکاندا بێت.

ژ.ت